نووسینی :بورھان شێخ ڕەئوف
ھەروەکو ھەموو ئاگادارین ڕۆژی ٢٤ /١١/٢٠١٥ فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا کە جۆری f١٦ ئەمریکی بوون فڕۆکەیەکی ڕوسیان لە جۆری سیخۆی ٢٤ لە سەر سنووری نێوان تورکیاو سووریا خستە خوارەوە ئەمە وەکو ئاکامی پێشووەچوونێکی قەیرانی سووریابوو کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا شەڕێکی خوێناوی و کاولکاریەکی بێسنووری لە گەڵ خۆیدا ھێناوە , کە زۆر لایەن و ھێزی جیھانی و ئیقلیمی دەستیان تێوەرداوەو پەلی بۆ شوێنی تریش ھاویشتووە لەوانە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستانیش .
بێجگە لەوەی سەدان ھەزار قوربانی و ٩ ملێۆن کەسی لە خەڵکی ئەو وڵاتە ئاوارە کردووە .
ئێستا ئەو ڕووداوە بووەتە سەر دێڕی ھەموو ھەواڵەکانی جیھان لە میدیای بینراو و بیستراو و نووسراو ھەریەکێک بە جۆرێک لێکدانەوە و شرۆڤەی بۆ دەکات , بەڕادەیەک ھەندێک لە چاودێران پێیان وایە تەشەنەکردن و پەرەسەندنی ڕووداوەکانی سوریا فاکتەرێکە بۆ بەرپابوونی جەنگی سێ یەمی جیھانی .
لەلایەکی تریشەوە ترسی ئەوە ھەیە کە ناکۆکی و ململانێکانی نێوان وڵاتانی بەشداری نێو ھاوپەیمانێتی نێو دەوڵەتی دژی داعش لە ئاکامدا بە ئاکارێکدا بڕوات کە پێکدانی خوێناوی لێبکەوێتەوە لە بەر ئەوەی ھەریەک لە ئەمریکاو فەرەنساو ڕوسیاو بۆچوون و ڕای جیاوازیان لەسەر ئایندەی سوریا ھەیە , بۆیە ئەگەر ھەریەکێک لەو وڵاتانە لە بەرژەوەندی لایەنێک لە لایەنەکانی ناوخۆی سووریا دەستێوەردان بکات کە بەلایەوە باشترە , ئەوە لەو کاتەدا پێدەچێت دۆخەکە زۆر بە خێرایی ئاڵۆزو گرژ بێت و شەڕی خوێناوی کارەساتی گەورەی لێبکەوێتەوە لە نێوان وڵاتە گەورەکان ودواتر پەل بھاوێژێ بۆ تورکیا و عەرەبستانی سعودیە و ئێران و دواتر بۆ چەند شوێن وناوچەیەکی تری جیھان .
ئەگەر سەیرێکی بارودۆخی سووریا بکەین لە ئێستادا ململانێکان زیاتر وا خەریکە لە نێوان تورکیا و ڕووسیادا چڕ دەبێتەوە بەو پێیەی کە پارتی دادو گەشە پێدان کە باکگراوندێکی ئیسلامی ھەیە و بە عوسمانیە تازەکان ناسراون و خوازیاری ئەوەن سەروەریەکانی ڕابردویان زیندووبکەنەوە وڵاتانی ناوچەکە بە قووڵایی ئیستراتیجی خۆیان دەزانن لە سەر زارو نووسینەکانی دکتۆر ئەحمەد داود ئۆغلوی سەرۆکی ئاک پارتی و سەرۆک وەزیرانی تورکیاوە ئاماژەی پێدراوە .
بۆیە ھەر ڕوسەکان نین کە تورکیا تاوانبار دەکەن بە ھاوکاری کردنی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بەڵکو ھەندێ لە دۆستەکانیشیان جارێک بەوە تاوانباریان دەکەن کە وەکو پێویست ھاوکاری ناکەن بۆلەناوبردنی تیرۆری داعش و لە لایەکی تریشەوە بریندارەکانیان بۆ چارەسەر دەکەن و ئاسانکاری دەکەن بۆ پەڕینەوەو گواستنەوەی چەکداران بۆ سوریا .
لە لایەکی ترەوە ھەروەکو دیارە ئێرانیش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت بۆ چارەسەی سیاسی قەیرانی سووریاو ھەوڵدەدات کە لە قۆناغی ڕاگوزەریدا ڕۆڵێک بە بەشار ئەسەد بدرێت ,
لە ھەمان کاتدا تورکیاش شکستی ھێناوە لە دروستکردنی ناوچەی ئارام بۆ ئۆپۆزەسیۆنی سوریای سەربە خۆی واتە سەربە تورکیا لە ناو سوریادا و لە لایەکی تریشەوە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش کە لە باکووری سوریان توانیویانە بە حوکمی بەرەڤانی و خۆڕاگریان لە شەڕی داعشدا سۆزو ھاوپشتی وڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمریکا بۆ خۆیان بە دەست بھێنن و دەستەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەری دابمەزرێنن .
ھەموو ئەوانە لە گەڵ خواست و ئامانجەکانی پارتی دادو گەشە پێدان یەکناگرنەوەو پاڵنەرو ھۆکارن بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی ڕووسیا .
لە ھەمان کاتدا ھەوڵێکە لە ئەردۆغان و حکومەتەکەی بۆ ئەوەی بە ھاوپەیمانەکانی لە ناتۆ بڵێت کە ئامادەیە بەرامبەر بە پشکداری لە لەناوبردنی داعش پرۆسەیەکی گۆڕینەوە بکەن دەست بەسەر ناوچە کوردیەکانی باکووری سوریادا بگرێت و بۆ لەباربردنی ھەر پێشکەوتنێک کە پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە ) بە دەستی بێنێت کە بە لقی سووری pkk دەزانێت و ئەوان لە داعش بە مەترسی تر بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت .
لە لایەکی تریشەوە ڕووسیا کە ئێستا گۆشەگیر بووە بە ھۆی سزای ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە ھۆی دەستێوەردانی سەربازی لە ئۆکرانیا دەیەوێت ئەو بەستەڵەکەی کە دەوری داوە بیشکێنێت لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانیەوە و بەرگریکردن لە ڕژێمەکەی ئەسەدو مانەوەی لە لێواری ئاوە گەرمەکان بە کەڵک وەرگرتن لە ھەڵوێستی ئەمریکا کە نایەوێت ڕاستەوخۆ زەمینی کێشەی سوریا یەکلایی بکاتەوە . ھەروەھا جگە لە ترسی مۆسکۆ لە گەشەکردنی بزوتنەوە ئیسلامیە سونیەکان و ڕێگرتن لێیان بۆ گەیشتن بۆ ناو ڕووسیا کە زیاتر لە بیست ملێۆن موسڵمانی تێدا نیشتەجێیە .
بۆ یە بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی تورکیاو ڕووسیا لە سووریا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەردەکەوتن و ڕووسیا بەشێکی زۆری پێگەی ھێزەکانی ئۆپۆزەسیۆنی سووریای سەربە تورکیا بۆردوومان دەکرد ڕۆژانە بۆیە تورکیاش بەکەڵک وەرگرتن لەو کەشە فڕۆکە ڕووسیەکە تێکشکاند و بۆ ئەوەی سەرنجی ھەموو جیھان بۆ ئەوە ڕابکێشێت و بە دیاریکراوی بە ئێران و ڕووسیا بڵێَت کە ئەمیش تورکیا ھێزێکی ئیقلیمی مەزنەو ناکرێت بەرچاو نەگیرێت .
سەرەڕای ھەموو ئەوانەی لە سەرەوە باسم کردن تا ئێستا ھیچ ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سەربازی ڕاستەوخۆ ڕووی نەداوە لە نێوان تورکیاو ڕووسیادا , لەوەش ناچێت پوتین ھیچ پرۆسەیەکی سەربازی ڕاستەوخۆ دژی تورکیا ئەنجام بدات بەڵکو دەستەوەستانیش ناوەستێت بەڵکو لەوەڵامدا بۆ تێکشکاندنی فڕۆکەکە یارمەتی زیاتر پێشکەش بە ڕژێمەکەی ئەسەد و بۆمبابارانکردنی زیاتری ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیاو ئەو ھێزانەی سەربە تورکیان زیاتر دەکات و دوورنیە کۆمەک و یارمەتی سەربازی بە pkk ەش بکات .
بۆیە لە کۆتاییدا ئەوە ماوە بیڵێین کە پێکھاتەکانی سوریا بە ھەموو ڕەنگەکانیەوە زەرەرمەندی یەکەمی ئەم ململانێ و ئاڵۆزیانەن و لە ھەمووی ناخۆشتر دەبێتە ھۆی درێژەکێشانی قەیرانەکەو ئاوارەبوونی زیاتر و خوێن ڕشتنی زیاتر و مانەوەی زیاتری ئەسەد و داعش .