دیدار نانەکەلی/ زانکۆپرێس : سەنتەری بلوی شاری ھەولێر بە مەبەستی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتی جامی جیھانی یاری تێنسی سەرمێز پێشوازی لە ھەڵبژاردەکانی (عیراق ، ئەردەن، سوریا ،لوبنان ، میسر ، سوید ،ئێران، پۆرتریکۆی ئەمریکای ناوەڕاست)کرد.
ئەو پاڵەوانیەتیە بەسەرپەرشتی یەکێتی تێنسی سەرمێزی جیھان و بە ھاوکاری یەکێتی تۆپی سەرمێزی عێراق و کوردستان بۆ یەکەمجار لە عێراق و کوردستان یاریەکانی دەستیپێکرد.
سەبارەت بە پاڵەوانیەتیەکە ئەیاد تاھیری ئەندامی یەکێتی تێنسی سەرمێزی عیراق و کوردستان بە زانکۆ پرێس ی راگەیاند کە یەکەمجارە پاڵەوانیەتی گەورەی لەو شێوەیە لە کوردستان ساز دەکرێت،یاریەکان لەسەرئاستی تازەپێگەیشتوان و بەچکەشێران بەڕێوەدەچن. سەبارەت بە ژمارەی ھەڵبژاردە بەشداربووەکانیش دەڵێت “بە ھۆی مەترسی رەوشی نالەباری عیراق ژمارەی ھەڵبژاردە بەشداربووەکان تەنھا ٨ ھەڵبژاردەبوو،بەڵام بەھۆی ئەو پێشوازیە گەرمەی ھەولێر لە میوانانی کرد چاوەڕوان دەکرێت ساڵی داھاتوو زیاتر لە ١٥ ھەڵبژاردە بەشداری ئەو پاڵەوانیەتیە بکەن”
ھەرچەند ئاستی یاریزانەکان تا رادەیەک جیاوازی پێوەدیاربوو، بەڵام
سیلێنا سترامی کچە یاریزانی تەمەن ١٤ ساڵەی ھەڵبژاردەی سوید بۆ فایلی وەرزشی زانکۆ پرێس روونیدەکاتەوە کە ئەوان وەکو ھەڵبژاردەی سوید ھەرچەند لە پاڵەوانیەتیەکە رکابەریان نیە بەڵام ئەو بەشداریکردنەیان بە پێویست دەزانێت و لەو بارەیەوە دەڵێت : “ئێمە لە بەشداریکردنمان سودێکی زۆرمان بینی و بەچەندین یاریزانی لێھاتوو ئاشنابووین، بۆ ئێمە دەبێتە ئەزموونێک لە داھاتوودا”
سەبارەت بە رێکخستنی پاڵەوانیەتیەکەش خالید حوسێن ئەمینی راھێنەری ھەڵبژاردەی عێراق سەرەڕای ئەوەی ئەنجامێکی باشی بەدەست نەھێنابوو بەڵام دەیگوت”بۆ ھەولێر شانازیەکی گەوروبوو کە ئەو پاڵەوانیەتیە مەزنەی خستە ئەستۆی خۆی، ھەموو ھەڵبژاردە بیانیەکانیش سەرسامبوون بەو ئامادەکاریە باشەی کە بۆ چاڵاکیەکە ئەنجامدرابوو”
بەر لەوەی جلوبەرگەکەی بگۆڕێت و بچێتە نێو گۆڕەپانی یاریکردن پێمان باشبوو لە “لانە ھەڵکۆ”ی کچە یاریزانی کوردی ھەڵبژاردەی بەچکەشێرانی عیراق بپرسین
خۆ ئامادەکاری و ئەنجامەکانت لەو پاڵەوانیەتیە چۆن بوو؟
لانە لە وەڵامدا گووتی” ھەرچەند من پێشتر ٢جار بە سێیەمی عیراق ھەڵبژێردراوم، بەڵام ھەست دەکەم ئەو پاڵەوانیەتیە زۆر بەھێزترە لە بەشداریکردنەکانی پێشووترم. بۆیە زۆر بە زەحمەتی دەزانم ئێمە کە شوێنی مەشقکردنمان نیە بتوانین رکابەری یاریزانێکی سویدی بکەین”
لەبەرامبەریشدا ھیوام ھایمی راھێنەری لاوی ھەڵبژاردەی سوید پێی وابوو کە رێکخستنی پاڵەوانیەتیەکە وەکو سەرەتایەک زۆر باشە و چاوەڕوان دەکرێت لە داھاتوودا بەرفراوانتربێت، بۆیە لە زانکۆ پرێس ناشارێتەوە و دەڵێت ” زۆر سەرسام بووم کە دەبینم ھەولێر لە توانای دایە بەو شێوەیە جوانە پێشوازی لە پاڵەوانیەتیەکی جیھانی بکات، کوردستان زۆر خۆشە و خەڵکێکی میوان دۆستی ھەیە “.
بەڵام ئەوەی درکی پێدەکرا ئامادەنەبوونی ھاندەر و جەماوەری وەرزشی نێو ھۆڵی یاریەکان بوو، سەبارەت بەو مەسەلەیە ئەرسەلان عەبدوڵلای ئەندامی لیژنەی راگەیاندنی پاڵەوانیەتیەکە دەزگاکانی راگەیاندنی تۆمەتبارکرد و بۆ زانکۆ پرێس دەڵێت “دەزگاکانی راگەیاندن زۆر کەمتەرخەمبوونە لە گواستنەوەی ئەو رووداوە گەورەیەی وەرزش لە کوردستان،چونکە بایەخێکی تەواویان بەو چاڵاکیە مەزنە نەداوە ”
پاڵەوانیەتیەکە لەماوەی ٥ رۆژی خۆیدا توانی لێک نزیکبوونەوە و ئاشنایەتیەکی تەواو لەنێوان یاریزانانی ئاسیا ، ئەفریقا ،ئەوروپا و ئەمریکادا دروست بکات.
ھەربۆیە ژیکال محەمەدی کچە یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق لەوکاتەی کە خەریکی وێنەگرتن بوو لەگەڵ یاریزانانی ھەڵبژاردەی سوید بە زانکۆ پرێس ی گووت ” زۆر خۆشحاڵم کە ھاوشانی چەندین یاریزانی ناودار بەشداری ئەو پاڵەوانیەتیەمان کردووە،بۆ ئێمە کەلەسەرەتاداین ئەزموونێکی تازەیە”
مریەم ئیبراھیمی کە کچە یاریزانێکی ھەڵبژاردەی ئێران بوو بەھەمان شێوە ئەو ئاشنایەتیەی لەنێوان یاریزانەکان دروست بووە بە پێویست دەزانێت و ئەنجامی یاریەکانی ھەڵبژاردەی ئێرانیش بە مێژووی ناوزەند دەکات.
بە بڕوای توانا مستەفا رەسولی راھێنەرە ھەڵبژاردەی کچانی عیراقیش ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی دیاری وەکو رائول کلیمیندی سەرۆکی یەکێتی پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکانی تۆپی سەرمێزی جیھان و خالید ساڵحی سەرۆکی یەکێتی تۆپی سەرمێزی کیشوەری ئەفریقا و محەمەد بەسونی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی عەرەب نیشانەی بایەخ پێدانی ھەموو لایەکە بەو پاڵەوانیەتیە.
لە کۆتایشدا کازم خەزعەلی سەرۆکی یەکێتی تۆپی سەرمێزی عێراق بە زانکۆ پرێس ی راگەیاند” ئەو پاڵەوانیەتیە وەکو تێستێکە بۆ عیراق، ئێمە ویستمان رەوشی ئارامی کوردستان بە ھەڵبژاردەکان نیشان بدەین تا لە داھاتوودا بتوانین چەندین پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی بخزێنینە ھەولێری پایتەخت”
ھەڵبژاردەکانی سوید و ئێران و پۆرتریکۆی ئەمریکا توانیان ھەڵبژاردەکانی بەرامبەریان بە پێشکێشکردنی ئاستێکی زۆر بەرز سەرسام بکەن و زۆرترین بردنەوە بەدەست بھێنن و ببنە پێشەنگی پاڵەوانیەتیەکە.