دوای ئەوەی لەم رۆژانە هونەرمەندی گۆرانیبێژ (ئەژدەر وەهبی) بەسەردانێک گەڕایەوە بۆ کوردستان، بە مەبەستی سازدانی چەند کار و پرۆژەیەکی هونەری، هەر لەو گەڕانەوەیی دا (ئەژدەر وەهبی) داوای لێکراوە دوو کۆنسێرت لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی ساز بکات، بە مەبەستی ریکلام کردن بۆ ئەو لیستە بەڵام هونەرمەند ئەو کارەی رەتکردۆتەوە، لە میانەی لێدوانێکدا بەم شێوەیە باسی لە ناوەرۆکی هاتنەوەکەی و رەتکردنەوەی ئەو دوو کۆنسێرتە کرد :..
(ئەژدەر وەهبی) هونەرمەند لەسەرەتایی لێدوانەکەی دا گوتی : لەهاتنەوەکەی ئەم جارەمدا بەنیاز بووم چەند کۆنسێرتێک لە شارەکانی کوردستان ساز بکەم، لەگەڵ چەند پرۆژەیەکی تری هونەرییم، بەڵام لە بار و دۆخی ئێستادا کە دەبینم کوردستان لە قۆناغێکی هەستیار دایە و هەڵبژاردن بەڕێوەیە، بۆیە پێم باش بوو ئەو کۆنسێرتانەم بۆ کاتێکی تر دوابخەم، هیواردارم لە دوای هەڵبژاردن بتوانم ئەو کارە بۆ جەماوەرەکەم بە ئەنجام بگەینم لە کوردستان.
ئەژدەر لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی دا گوتیشی : هەر لەو گەڕانەوەیەمدا لەلایەن لیستێکی بەشدار بووی هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان، کەنامەوێ لێرەدا ناوی بهێنم و رێزم بۆ هەموو لیستەکان هەیە، داوام لێکرا دوو کۆنسێرت لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ هەڵمەتی هەڵبژرادن ساز بکەم، لە بەرامبەر سازدانی ئەو کۆنسێرتانە بڕی ( 000 200) دوو سەد هەزار دۆلارییان بۆ دانابووم، کە دەم توانی بەو پارەیە (3) ئەلبومی گۆرانی بەرهەم بهێنم لەگەڵ چەند ڤیدیۆ کلیپێک، بەڵام من لەبەرامبەر ئەو کارەدا هەڵوێستی خۆم یەکلایی کردەوە و رەتم کردەوە، چونکە من هونەرمەندم گۆرانی بۆ هەموو خەڵکی کورد دەڵێم بە بێ جیاوازی، ئێستا من ئەو کارە بکەم جەماوەری لیستەکانی تر لێم دڵگیر دەبن، چونکە پێم وایە هونەرمەند تەنها موڵکی یەک حیزب و یەک لیست نیە بەتەنیا بەڵکو موڵکی میلەتەکەیەتی، بەڵام خۆزگە ئەو کارە بۆ هەموو کورد بوایە نەک بۆ تەنها لیستێک، یاخوود بۆ کارێکی خێرخوازی بوایە بۆ مناڵان یاخوود بۆ مادەی (140)ی شاری کەرکوک بوایە ئەو کات بە خۆشحاڵیەوە بەشدارییم دەکرد بەبێ دوو دڵی شانازییم پێوە دەکرد، بەڵام ئەم کارە لە ئێستادا بۆ ئەو قۆناغە کە سەرجەم لیستەکان لە مل ملانێکی سەخت دان بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان، من بە پێویستی نازانم بەشداریی لەو کارە بکەم، داوا لەسەرجەم هونەرمەندایش دەکەم خۆیان بەدوور بگرن لە بەشداریی کردنی کاری لەو جۆرە بۆ هەڵبژاردن چونکە هونەر پەیامێکی گەورەو جوانە پێویستە بپارێزرێت، پێویستە بە شێوەیەکی تر بەشداری لەو پرۆسەیە بکەین خەڵک هان بدەین بە شێوەیەکی تر بۆ هەڵبژاردن، ئێمە پێویستە پشتکگیری لە ئەزموونی کوردستان بکەین.
هونەرمەند(ئەژدەر وەهبی) هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد و گوتی : هیواخوازم پەرلەمانی داهاتووی کوردستان، ببێتە مایەی پێشکەوتنی وڵاتەکەمان، هەروەها ئومێدەوارم پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە بەشێوەیەکی دیموکراسی خوازانە بەڕێوە بچێت، دوور لەهەموو کارێکی ئاژاوە گێری و ناشرین کردنی هەڵبژاردن خوانەخواستە، هیوام وایە هەموو لیستەکانی بەشدار بووی هەڵبژاردنی ئەم جارەی کوردستان، دەست لەناو دەست بە بەرنامەی جوانتر و باشتر کار بۆ پێشخستنی ئەزموونی کوردستان بکەن و دوژمانانمان پێ خوۆش نەکەن، چونکە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگ و هەستیارە هیواردارم خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی جوان پێشوازی لەم هەڵبژردنە بکەن و هەر کەسە و دەنگ و بۆچوونی خۆی بۆ کام لیستە بە ئازادانە دەنگی خۆی بۆ بدات.
ئەژدەر لە کۆتایی لێدوانەکەی دا سوپاسی پێشوازی گەرمی جەماوەری کرد لە بەرهەمە تازەکەی و لەم بارەیەوە گوتی : سوپاسی جەماوەر و گوێگرانی گۆرانی کوردی دەکەم، کە بەشێوازێکی فراوان پێشوازییان لە ئەلبومە تازەکەم کرد، بە گوێرەی ئەو سەر ژمێرەیەی لە بازاڕەکاندا کراوەو هەروەها ستافی کۆمپانیا کۆرەک میوزیک یەکەم ئەلبومی گۆرانی بووە لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا بە شێوەی ئۆرجیناڵ ئەو رێژە گەوەرەی لێفرۆشرا بێت، هیواردرم جەماوەری هونەر دۆستی کورد لەمەو دوا بە شێوەی ئۆرجیناڵ گۆێ لەبەرهەمەکانما بگرن بۆ ئەوەی ئێمەش بەردەوام بین لە کار کردن و بەرهەمی جوانتریان پێش کەش بکەین، لەو گەڕانەوەیەمدا کاری کلیپی گۆرانیەکی ترم تەواو کردووە، کە ئەویش گۆرانی (ماچ)ە یەکەم تراکی ئەلبومە تازەکەمەو لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەوێتە بەرچاوی بینەران.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا