سەدیق سەعید ڕواندزی
ھیچ شۆڕشێک نییە لە دنیادا، ھەموو ئامانجەکانی خۆی بێنێتە دی. ئەگەر ئەو ئامانجانە خەونی گەورە و لە پێشینەی کارەکتەرەکانی شۆڕشیش بێت. مرۆڤەکان بەو خەیاڵەوە بەشداری شۆڕش دەکەن، کە دواجار شۆڕش دنیای پێشوویان بۆ بڕوخێنێت و دنیایەکی دیکەیان بۆ بونیاد بنێ. بەڵام نازانم کامە بیرمەندە دەڵێت:_( شۆڕشەکان زیندانێک دەڕوخێنن بۆئەوەی زیندانێکی دیکە بونیاد بنێن) گەلێک جار شۆڕشەکان لە بری ئەوەی خەونی ھەموومان بێننە دی، بە پێچەوانەوە ئەو خەونانەش دەژاکێنێ، کە بە شۆڕشەوە دەیانبینین، تا ئەو ڕادەیەی جۆرێک لە پەشیمانی دامان بگرێت. بەڵام بە بڕوای من ھەڵەی گەورە لەوە دایە، کە ھەموو شۆڕش ڕەت بکەینەوە، یان کورت بکەینەوە لە گەندەڵی بەرپرسێک و کوشتنی مرۆڤێک. ھەمیشە ئێمە دیوێکی شۆڕش دەبینین و دیوەکەی تری فەرامۆش دەکەین. شۆڕشی کوبا، کاسترۆی بەرھەمھێنا و گیڤاراش، بەڵام ئایا ئەو دوو کارەکتەرە وەک یەک لە یادەوەری مرۆڤەکان ماونەتەوە؟ لە دوای ڕاپەڕینەوە، ڕەخنەکردنی شۆڕشی شاخ و خەباتی چەکداری ، بەشێک بووە لەو نووسینانەی لە چوارچێوەی گێڕانەوەی یادەوەریەکاندا باسکراون. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، ئەو ڕەخنەکردنە بە ئەندازەیەکی قووڵ و بریندارکەر لەلایەن کەسانێکەوە دەگیرێت، کە خۆیان کارەکتەری واقیعی و بکەری دیاری ئەو خەباتە و بڕوا پێھێنەری یەکەم و کۆتایی ئەو شۆڕشە و ئەو خەباتەش بوونە. ئەمەش دروست ئەو پەندە کوردییەم دێنێتەوە یاد کە (مرۆڤ ئاوی لە کانییەک خواردەوە، نەنگییەکی گەورەیە دواتر بەردی تێ بگرێت) نووسینی ئەو کارەکتەرانەشم وەک ئەوە دێتە بەرچاو. چونکە ئەوانیش لە ڕابردوو، لە مێژووی خۆیان ھەڵدەگەڕێنەوە، دروست وەک ئەوەی مەلا بەختیار لە کتێبی ( لە بری بیرەوەریدا) کردوویەتی. بەڵام ئاخۆ ئەمە دەتوانێ قەناعەت بە کەس بێنێ؟ گومان دەکەم!
ئەم کتێبە، دیدی مرۆڤێکە بۆ شۆڕش کە خۆی وەک شۆڕشگێڕێک تیایدا بەشداربووە و خەونی گەورەی لە سەر ھەڵچنیوە. بۆیە بە بڕوای من ئەو ناتوانێت تەپوتۆزی ئەو مێژووە لە خۆی دابتەکێنێت کە ئەگەر مێژووەکە ناشرینیش بێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە نووسەری کتێبەکە بکەری سەرەکی، یان بەشداری ئەو ڕووداوە تراژیدیانە بووبێت کە ئەو دوای چەندین ساڵ، تازە بە بیری دێنەوە و ڕەخنەیان دەکات و (کۆنە کا) بە با دەکات! بەڵکو بەو مانایەی کە ئەویش لە شۆڕشەکە دابووە و بەرھەمی شۆڕشەکەش ھەر چییەک بووبێت، بە شکست و دۆڕان و ناشرینی، یان سەرکەوتن و دەسکەوت، ئەویش ھاوبەشە. ئیدی پشت کردنە ئەو ڕابردووە، ھەوڵدان بۆ نادیدەگرتنی و بە تەلخ نیشاندانی لە دیدی ھەموواندا، ھەوڵێکی بێھوودەیە، چونکە لە بەرای نووسەری کتێبەکە خۆی، ھەموومان مێژوو، ماھیەتی شۆڕش، خەون و خەوش و جوانیی و دەسکەوتەکانی ئەو شۆڕەشمان بینیوە و دەزانین کە لە ھەڵو مەرجێکی ھێندە نائومێد و پڕ لە شکست و دۆڕان سەریھەڵدا، کە خامۆشییەکی گەورە ھەمووانی گرتبووەوە.
یەکێک لەو پرسیارانەی خوێنەر لە میانەی خوێندنەوەی ئەو کتێبەدا لە ھزریدا دروست دەبێت ئەوەیە، کە بۆچی نووسەر ئەو کتێبە دوای چەندین دەیە دەنووسێت؟ بە تایبەتی کە ئەو خۆی لە پێشەکیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە بە کەمتر لە مانگێک لە کاتی کەرەنتینەدا، ئەو کتێبەی نووسیوە ؟ ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، بۆچی نووسەر ڕەخنە لە ڕەمزەکانی ئەو شۆڕشە بە تایبەتی ( نەوشیروان مستەفا و مام جەلال) دەگرێت کە لە ژیاندا نەماون؟ ھەمووشمان دەزانین باسکردنی مرۆڤانێک کە مردوون و لە ژیاندا نەماون، ھەم لە ڕووی ئایینی و کۆمەڵایەتی و کەسییەوە، ھەمیش لە ڕووی سیاسی و فیکری و حزبییەوە، نەنگییەکی زۆرە و ھاوکات نابێتە جێگەی یەقینی ھیچ کەسێکیش، ئەگەر سەد لە سەد ئەو باسکردنە ھیچ گومان و زێدە گۆیەکیشی تێدا نەبێت. ئەمەش لە بەر یەک ھۆکاری سادە ئەویش ئەوەیە، کە ئەو سیاسی و سەرکردانە، لە ژیاندا نەماون تاکو ڕاستی ڕووداوەکان باس بکەن و دەرفەتی وەڵام و بەرگریکردنیان لە خۆیان ھەبێت. کوردیش وتەنی مرۆڤ کە مرد، شەیتان دەستی لێ ھەڵدەگرێت و دەچێتە خانەی قسە ھەڵبەستن بە دەمی مردووەوە. ئیدی باسکردنی کەسەکان دوای مەرگییان، ئاکارێکی کۆمەڵایەتی و کەسی جوان نییە، بە تایبەتیش کاتێ ئەو باسکردنە کەسانێک دەکاتە ئامانج، کە ھاوڕێ و ھاوخەبات و ھاوبیری نزیکی ڕەخنەگرەکە خۆی بێت.
کتێبی لە بری بیرەوەری، ڕووبەرێکی گەورەی بۆ ڕەخنەگرتن و ناشیرین نیشاندانی خەباتی چەکداری و بە تایبەتیش یەکێتی تەرخانە. نووسەر ھەموو ئەو ڕووداوانە دەگێرێتەوە کە لە میانەی خەبات و تێکۆشانی شاخدا ڕوویانداوە و ساڵانێکی زۆر بە سەریاندا تێپەڕیوە. لەو گێڕانەوانەیدا، تەنانەت تاڵەبانیش نەبوێردراوە، کە ھەتا دوا کۆنگرەی یەکێتی، مەلا بەختیار بە (جەنابی مام) ناوی دەھێنا. بێگومان ئەمە گرفتەکە نییە، چونکە ئاساییە کەسانێک ڕەخنەی حزبایەتی و شۆڕش و ژیانی پێشمەرگایەتی بکەن و پشت بکەنە سەرکردەکانی ئەو شۆڕشە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە، ئەو کەسە سیاسییەکی وەک مەلا بەختیار بێت. چونکە ئەو ھەموو تەمەنی خۆی لە ڕێی ئەو شۆڕشە بە خەباتی نھێنی، ناو شار، شاخ و دوای ڕاپەریندا، لە نێو یەکێتی بردە سەر. ئەگەر گریمان یەکێتی خاوەنی ئەو ھەموو خەوش و ناشرینییە بووە، بۆچی لە نێو یەکێتی دەمایەوە؟ ئەگەر پاساوی ئەوە بێت، ئاڵای شۆڕشی دامەزراند و لە سۆنگەی ئەوە زیندانیکرا و لە سەردەمی شاخدا نەوایەکی نەبووە پەنای بباتە بەر، بۆچی لە دوای ڕاپەڕینەوە جارێکی تر لە زەحمەتکێشانەوە چووەوە نێو یەکێتی و تا پۆستی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی ڕۆیشت؟ ھیچ دیمانەیەکی ناوبراویشم نەدیوە، دەیان و سەدان جار دەستەواژەی ( جەنابی مام) دووبارە نەکاتەوە. کە واتا ئەمت لەچی و ئەمەت بۆ؟ ئەگەر یەکێتی دیلی کوشتبێت، لە سەر خۆشەویستی سزای ژنی دابێت، کەسانی بێ تاوانی زیندانی کردبێت و کوێخا و دەرەبەگ و ئاغای لە ئامێزی خۆی گرتبێت، وەک ئەوەی نووسەر لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی، بۆچی ئامادە بووە ھەر یەکێتی بێت؟
بۆیە ھەموو ئەو ڕەخنانەی ناوبراو لە یەکێتی، بە بڕوای من ھیچ بەھایەکی سیاسی، فیکری، مەعریفی و مێژووییان نییە. بەڵکو یەکێتی بوون مۆرکێکە بە مەلاوە نووساوە و تا دەشمرێت خەڵک بە یەکێتی دەزانێت. ئیدی ھەر ڕەخنەگرتنێک لە یەکێتی و سەرکردە و کادیر و پێشمەرگەکانی، نووسەر پێی بزانێت یان نا، حەز بکات یان نا، لە دیدی من ڕەخنەکردنی خۆیەتی. ئەو کتێبە، ئەو کاتە بە ھای دەبوو، ئەو کاتە ڕەخنەکان شوێنی خۆیان دەگرت و لۆژیکی دەبوون، کە نووسەرەکەی لە دەرەوەی ئەو شۆڕشە و ناشرینییەکانی بوایە، وەک ئەوەی خۆی وێنای دەکات. دەنا کارەکتەرێکی سیاسی، کە تەمەنی خۆی لە نێو شۆڕش و یەکێتی و کۆمەڵە بردبێتە سەر و ھاوکات داکۆکیکەرێکی سەرسەختی ( جەنابی مام ) یش بووبێت تا ژیان ئاوایی نەکردبوو ، ئیدی نازانم خوێندنەوە بۆ ئەو مێژووە، بە شێوەیەکی لنگە و قووچ ، یاخود تاوانبارکردنی مام بە بێدەنگی و بە ئاگابوون لە بەشێک لەو ڕووداوە تراژیدیانە، چ مانایەکی ھەیە؟ بەشێک لەو ڕەخنانەی نووسەر لە شۆڕشی کوردی و خەباتی شاخ دەیانگرێت، بۆ خوێنەر جێگەی سەمەرەن، چونکە وەک ئەوە وایە کەسێک لە دوورەوە ڕوانیبێتییە ئەو خەباتە و دژی ئەو ڕێبازە سیاسییە بێت کە شۆڕشەکەی لە سەر ھەڵچنراوە. بۆ نموونە:_ نووسەر لە لاپەڕە (٤٥) ی کتێبەکەیدا دەنووسێت:_(حزبە سیاسییەکانی کورد، کاتێک لە قۆناغی ژێر زەمینی گواستویانەتەوە بۆ خەباتی چەکداری، بەو ژمارە کەمەی کادر و ئەندامانییان کە بە نەھێنی پەروەردەیان کردوون، دەرەقەتی لەشکرێک چەکدار و ئەندام ولایەنگری کۆنەپارێز نەھاتوون) سەرنج بدەن، لە جیاتی پێشمەرگە چەکدار بەکار دێنێت، واتا بە مەبەست دەیەوێت پیرۆزی ئەو شوناسە بگۆڕێت. لە ڕاستیدا، ئەمە بۆچوونی ھەر کەسێک بوایە جێگەی لە سەر وەستان نەبوو، بەڵام بۆ سیاسی و ڕۆشنبیرێکی وەک مەلا بەختیار، جێگەی ھەڵوەستەکردنە، چونکە نابێ ئەو ھێندە لە واقیعی سۆسیۆلۆژی و سیاسی و فەرھەنگی و مێژوویی کۆمەڵگەکەی بێ ئاگا بێت.
ھەموومان دەزانین ئەوانەی نووسەر بە کۆنە پارێز ناویان دەبات، ئەو چینە ھەژار و چەوساوە و شۆڕشگێڕەن، کە پانتایەکی گەورە لە شۆڕش و بزوێنەری خەباتە چەکدارییەکە بوون. ئەوانە، لە ڕووی پێکھاتە و ناسنامەی کۆمەڵایەتییەوە، ئاماژە بن بۆ ھەر شوناسێکی کۆمەڵایەتی، ھیچ لەوە ناگۆڕێت کە بەشدار و قوربانیدەر و درێژە پێدەری سەرەکی و ھەمیشەیی خەباتی شاخ بووینە، ھاوتەریب لە گەڵ بژاردە سیاسی و ڕۆشنبیریەکەی شۆڕش. پاشان ھیچ شۆڕشێک و خەباتێکی چەکداری ھەیە لە دنیادا، نوخبەیەکی سیاسی و ڕۆشنبیر بە تەنھا سەری خستبێت؟ گومانم نییە نووسەری کتێبەکە، کە بە وردی ئاگاداری مێژووی سیاسی جیھانە، مەبەستی لەو بۆچوونە، تەنھا لێدانە لە یەکێتی و خەباتی شاخ و کارەکتەرەکانی، دەنا دیسانەوە بۆچی ئامادە بووە ھاوسەنگەری ئەو کۆنە پارێزانە بێت؟ لەلایەکی دیکەوە، دەکرێ بپرسین، ئاخۆ مام جەلال و نەوشیروان، ماھیەتی ئەو چینە کۆمەڵایەتیەیان نەناسیوە و نەزانیوە؟ بێگومان زۆر زیاتریش لە مەلا بەختیار، بەڵام جیاوازیەکەیان لەوە دایە، کە ئەوان سیاسی دووربین و خوێنەوەی وردیان بۆ کۆمەڵگەکەی خۆیان کردووە و دەشیانزانی خەباتی شاخ بە تەنھا، بە مەلا بەختیار و کادیر و خوێنەوارەکانی کۆمەڵە سەر ناکەوێت، بەڵکو دەبێ کرێکار، مامۆستا، کادیر، کوێخا، بگرە سەرۆک ھۆز و عەشیرەتیشیان لەگەڵ دابێت. ئەمە واقیعی سۆسیۆلۆژی کۆمەڵگەی ئێمەیە و دەبێ قبولمان بێت. تەنانەت ئێستا ئەگەر یەکێتی یان ھەر حزبێکی تر، بچێتە ھەڵبژاردنەوە و ھەموو نووسەران و ڕۆشەنبیرانی کوردیش دەنگی پێ بدەن، ناکاتە نیو کورسی پەرلەمان. بۆیە ئەوەی مەلا بەختیار دەیڵێت، بە داخەوە شکانەوە و گاڵتەکردن و بەکەم سەیرکردنی ھەموو ئەوانەیە، کە بەشداری خەباتی شاخ بووینە و دڵنیاشم زۆرینەیان ھاوڕێ و ھاو ڕێبازی نزیکی ئەو بوونە. ئیدی ئەو جۆرە باسکردنە، تەنھا ڕشتنی کینەیەکی سیاسییە، کە دەرھاوێشتەی دەرەنجامەکانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتییە و ھیچی تر.
بۆچوونەکانی نووسەر لەو کتێبەدا، پارادۆکسی زۆریان تێدایە، کە دەلالەت لە گۆڕینی ھەڵوێست و پاشگەزبوونەوە لە بنەمای خەباتی سیاسی لە ڕابردوودا، بە تایبەتیش یەکێتی بوون دەکات. ئەمجارەیان لە لاپەڕە (١٠٥) دا دەنووسێت:_( کە مفاوەزاتی یەکێتی و حکومەت لە ساڵی ١٩٨٤کرا، خۆم ھەر باوەڕم بەوە نەبوو کە بە عس مافی کورد بدات) نووسەر لە کاتێکدا، دوای سی و شەش ساڵ ئەمە دەڵێت، کە خۆی ئەندامی ئەو وەڤدە بووە و دەیان وێنەشی لەو مفاوەزاتە بۆ یادگاری گرتوون! لە وێنەکانیشدا، نەمبینیوە نیگەرانییەک بە ڕووخساری مەلا بەختیارەوە دیاربێت کە بڕوای بەو دانیشتنانە نەبووە. ئیدی حاشاکردن لەو مێژووە تاکوێ بڕ دەکات؟ ئەمە ئەو کاتە شوێنی خۆی دەگرت و دەبووە مێژووێکی سیاسی و دەسکەوتێکی کەسی و تایبەتی بۆ ئەو، کە لە ساتی مفاوەزاتەکە بوایە نەک ئێستا ئەمە بڵێت. گەرچی نووسەر، لە پێناو ساغکردنەوەی ئەو بۆچوونەی، مام جەلال دەکاتە گەواھیدەر، بەڵام ئەو لە ژیان نەماوە، ھەر کەسێکیش لە ژیان نەمابێت، ناتوانرێت بکرێتە گەواھیدەر بە سەر ھەر ڕووداوێکەوە بێت.
مەلا بەختیار توندتریش دەدوێت و ئەمجارەیان ھەرپەیوەست بەو مفاوەزاتە لەلاپەڕە (٢٢٠) دا دەنووسێت:_( مام جەلال لە مفاوەزاتی ١٩٨٣_ ١٩٨٥سەرنەکەوت) نووسەر لە کاتێکدا تاڵەبانی وەک کەسێکی سەرنەکەوتوو لەو مفاوەزاتە دەناسێنێت، کە خۆشی ئەندامی ھەمان وەڤد بووە. ئەمە تەنھا بە ئامانج گرتنی تاڵەبانییە. چونکە ھەموومان دەزانین مام جەلال بە تەنھا مفاوەزاتی نەکردووە و شاندێکی مەکتەبی سیاسی کە لە (مەلا بەختیار و ملازم عومەر و فەریدون عەبدولقادر و فوئاد مەعسوم) پێکھاتبوون، ئەندامانی شاندەکە بوون. لە سرووشتی کاری دیبلۆماسی و دانوستانی نێو شاند و وەڤدەکانی دوو لایەنی نەیار و ناکۆکیشدا، ھیچ کاتێک شکست، یان سەرکەوتنی دانوستانەکان، ناخرێتە ئەستۆی تاقە کەسێک، بۆیە ئەوەی نووسەر دەیڵێت نا لۆژیکی و نا بابەتییە. بێگومان خوێندنەوەی نووسەر بۆ ڕووداوەکانی ئەوکات، لە کڵاوەڕۆژنەی ئێستاوە و بەو تێگەیشتنەوە، جۆرێک لە شێواندنی مێژوویی دروست دەکات، چونکە ھەموو ڕووداوێک، پەیوەستە بەو زەمینە و زەمەنەی تیایدا ڕوودەدات، بۆیە ئەو ڕووداوانە، ڕەنگە بۆ ئەو کاتی شۆڕش دروست ببن، بەڵام کاتێ بە ڕوانگەی ئێستا دەیانخوێنینەوە و دەیانبەستینەوە بە واقیعی ئێستا، ئەوا خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنێکی بابەتییانە نییە. لەو ڕوانگەیەشەوە، ئەگەر مەلابەختیار ھەزاران جار ڕەخنە لەو واقیعە و لەو ڕابردووە بگرێت، ھیچ بەھایەکی نییە، چونکە خۆی لە نێو ئەو واقیعە بووە و ھەڵوێستێکی کرداریشی نەنواندووە وەک پەرچەکردارێک، کە بۆچی بە نموونە یەکێتی دیل دەکوژێت؟ ئەو نەک ھەر ئەمەی نەکردووە، بگرە لە دوای ڕاپەڕینەوە، یەکڕاست سەنگەر دەگوازێتەوە نێو یەکێتی.
نووسەر بەردەوام دەبێت لە قێزەوەن نیشاندانی خەباتی شاخ و ئەمجارەیان دەنووسێت:_( ھەرێمەکان لە گەشەکردنی عەسکەری دابوون و ھاوکات سەرانەسەندن، وەک کۆیلە سەیرکردنی خەڵکی، ئازاردان و لێدانیش برەوەی دەسەند. لا٣٤٩) ڕەنگە زۆربەمان بزانین کە ئەم دیاردە ناشرین و نا شۆڕشگێرییانە، لە پەراوێزی شۆڕشی شاخدا بوونیان ھەبووە، بەڵام پرسیارە جەوھەریەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی نووسەر وەک سەرکردە و پێشمەرگەیەک، ئێستا کۆنە کا بەبا دەکات و ئەوکات ھەڵوێستی نەبووە؟ کە دەیزانی ئەمە ماھیەتی ڕاستەقینەی خەباتی شاخە بە بڕوای ئەو، بۆچی ئامادەبوو ھاوسەنگەر و ھاو ڕێبازی ئەو(جەلادانە) بێت وەک ئەوەی ئەو وەسفیان دەکات؟ بۆچی وازی لە ژیانی شاخ و پێشمەرگایەتی نەھێنا و وەک پەرچەکردارێک نەچووە دەرەوە؟ بۆیە ئەمە ھەڵخەڵەتاندنی خوێنەر و فریودانی خەڵکە لەلایەک کە شۆڕش و خەباتی شاخ لەمەدا کورت بکاتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە، دوای چل ساڵ زیاتر تازە بێت ڕەخنە لەو دیاردانە بگرێت. ئەو لەکاتێکدا ئەم کردار و ڕەفتارانەی بینیوە و بە چاوی ئێستا و بە تێگەیشتنی ئێستای خۆی ڕەخنەیان لێ دەگرێت، کە ھەرخۆی دان بەوە دا ئەنێت کە لە نێو چەقی ڕووداوەکان بووە. بە بەڵگەی ئەوەی لەلاپەڕە (٣٦٦) دا دەنووسێت:_(بەندە لە ساڵی ١٩٧٦ وە نەک ھەر ئاگام لە ڕووداوەکانە، بەڵکو لە نێویشیان دابوومە) ئەمەش خۆی لە خۆیدا پووچەڵکردنەوەی ئەو بۆچوون و ڕەخنانەی خۆیەتی. بێ دەنگ بوون لە سەر ھەڵە و تاوان لە ڕووی یاساییەوە، ھاوبەشیکردنە. بەشێکی دیکەی کتێبەکە، قسەکردنە لە سەر ئاڵای شۆڕش و ئەو ھەڵوێستانەی ڕووبەڕووی نووسەر بوونەتەوە، لە میانەی ڕاگەیاندنی ئەو ڕەوتە و جیابوونەوەی. ھەڵبەتە ئەمە مێژووە و دیارە و زۆریشی لە بارەوە نووسراوە، بەڵام ئەوەی نا لۆژیکییە ئەوەیە، کە نووسەر جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش لە یەکێتی، ھاوشێوەی جیابوونەوەی گۆڕان لە زەمەنی دوای ڕاپەڕیندا دەبینێت. بە بڕوای ئەو، نەوشیروان و یەکێتی کە دژی جیابوونەوەی ئەوان بوون، خۆی لە یەکێتی جیابووەوە و گۆڕانی دامەزراند و مام و یەکێتیش قبولیان کرد. نووسەر کە سیاسییەکی بە ئاگاو ڕۆشنبیرە، دەبوو ئەو دوو ھەڵًومەرجە سیاسی و بابەتی و شۆڕشگێرییەی بەراوردی یەکتری کردبا، کە گۆڕان و ئاڵای شۆڕشی تیادا دامەزران. ئاخر جیابوونەوەی ڕەوتێک، لە ھەناوی حزبێکی سیاسیدا، ئەو حزبەش لە یەک کاتدا لەگەڵ دەیان نەیاری خۆی لە شەردا بێت، وێرای ئەمەش لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و خەباتی چەکداری دابێت، لە ھەمووشی سەختتر لە بەرامبەر ھێزێکی شۆفێنی وەکو بەعس وەستابێتەوە، چۆن وەکو جیابوونەوەی ڕەوتێکە لە زەمەنی دوای ڕاپەڕین، کە زەمەنی ئازادی و خۆ بەڕێوەبەری فرەیی سیاسی و حزبییە؟ ئەم بەراوردکارییە، ھەر کەسێک بیکات بڕوام وایە لە بێ ئاگایە، بەڵام ئەوەی مەلا بەختیار زۆرتر پاسا و ھێنانەوەیەکی سیاسییە لەوەی بێ ئاگایی بێت. دەنا خۆی باش دەزانێت ئەم دوو جیابوونەوەیە، لە ھەموو ڕووێکەوە زۆر جیان لە یەکتری و ھەر بەراوردیش ناکرێن.
ئەم کتێبە، گەرچی بەشێکی زۆری وەڵامدانەوەی کتێبیەکەی(برایم جەلال)ە، ، بەڵام ئەمەیان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بەڵکو تەنھا دەمانەوێت وەک خوێنەرێک بپرسین، کە بۆچی و لە بەرچی ئەو کتێبە لە ئێستا دەنووسێت و بڵاو دەکاتەوە؟ کە وەڵامەکەی ڕوونە، چونکە یەکەم: پێگە و دەسەڵاتی لە نێو یەکێتی نەماوە، دووەم: ھەریەک لەمام جەل و نەوشیروان مستەفا لە ژیان نەماون.
نووسەر گەرچی بە کەسێکی ورد لە ڕووی نووسین خۆی دەناسێنێت، بەلام گەلێک ھەڵەی لەو کتێبەدا کردووە وەک:_
* لا٣٨ نووسیویەتی:_( مەحمەد حەلاق و ھاوڕێکانی لە ساڵی ١٩٩٤ شەھید کران) بێگومان ئەم بەروارە ھەڵەیە، چونکە ئەوان لە ٢/١١/١٩٩٥ لە ڕووداوێکدا کوژران.
* لا٦٣ نووسیویەتی:_( شەڕی قرناقاو پشت ئاشان لە ساڵی ١٩٨٢بوو) ئەمەش ھەڵەیە، چونکە ئەو شەڕە لە ١/٥/١٩٨٣ڕوویدا.
* لا ٩٨ (نووسەر سەید کاکەی بە شەھید داناوە) لە کاتێکدا ئەو ھێشتا لە ژیاندا ماوە.
*لا ١٢١ نووسیویەتی:_(مەنەلۆگ، گەڕانەوە بۆدیالۆگ و ڕووداوی ڕابردوو) بەڵام گەڕانەوە بۆ ڕابردوو فلاشباکی پێ دەگوترێت، مەنەلۆگ بە مانای خۆدواندن لە ناخەوە.
* لا ١٩١ ( نووسەر ڕەخنە لە ئەحمەد بانیخێلانی دەگرێت کە چۆن بە پێشمەرگە دەڵێت چەکدار) بەڵام ھەر خۆی پێشتر لە لاپەڕە ٤٥ دا چەکداری نووسیوە. ئەمەش نەبوونی ئاگاییە لە ڕەخنەگرتن.
* لا ٢١٣ نووسیویەتی:_( شیعری ھەوارەی سەیدا ساڵحی نەمر لەلایەن تیپی مۆسیقای سلێمانی کراوەتە سروود) ئەمە ھەڵەیە، چونکە ئەو سروودە کە بە دەنگی ھونەرمەندان (ئاراس محەمەد شەوقی) و(کامل مستەفا) گوتراوە، لەلایەن تیپی مۆسیقای زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٧٧ کراوەتە سروود.
* لا٢٧٢ نووسیویەتی:_( ناحیەی سەید سادق) ئەمەشیان ھەڵەی تێدایە، چونکە ناحیە نییە و قەزایە.
* لا٣٤٠ نووسیویەتی:_( بەیاننامەی ٢٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧) بەڵام ساڵەکە ١٩٦٦ بوو. چونکە ئەم بەیاننامەیە، لە ژێر کاریگەریەتی ئەو شکستە ڕاگەیاندرا کە سوپای عێراق لە شەڕی ھەندرێن مانگێک پێشووتر تووشی ببوو.
* لا٤٥٠ نووسیویەتی:_(خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتی ٢٠١٢) ئەمەش ھەڵەیە، چونکە ساڵەکە ٢٠١١بوو.
دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، گەرچی نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەیدا، باس لە ڕقی سایکۆلۆژی و کینەی سیاسی دەکات و ھەوڵدەدات شرۆڤەی ئەو حاڵەتە بکات و خۆشی لە نووسینەوەی ڕووداوەکان نەکەوێتە ژێر کاریگەریەتی ئەو ھەستە سایکۆلۆژییە، بەڵام بە داخەوە زمانی ئەویش لەوکتێبەدا، لە گەلێک شوێن زمانێکە لە ژێر کاریگەریەتی ئەو کینە سیاسییەی ڕابردوو دایە و گەلێک وشە و دەستەواژەم کەوتنە بەرچاو، کە توندوو لە دەرەوەی زمانی نووسینی سیاسییانەن. بۆ نموونە وەک دەستەواژەی: ( سووکی وەکو خۆی لا ١١٤) ئەمەش دەلەلاتە لەوەی کە ئەو خۆشی تا ڕادەیەک ھەڵگری ئەو زمانەیە، کە بارگاوییە بەو کینەیە. لە مەش سەیرتر و کارەساتر ئەوەیە، کە نووسەر لە ڕابردووی خۆی ھەڵگەراوەتەوە و بە شێوەیەک باسی یەکێتی و کادیر و تەنانەت سکرتێرەکەشی دەکات، وەک ئەوەی خۆی ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ چرکەیەکیش یەکێتی نەبووبێت. ئیدی نازانم نووسەر کێ چەواشە دەکات و فریوی دەدات؟ دەیەوێت مێژووێک باس بکات، وەک ئەوەی ئەوەی دەیەوێت و مەبەستیەتی، نەک وەک ئەوەی ھەیە و ڕوویداوە و دەبینرێت و ماوەتەوە. ھەر چییەک و ھەر چۆنێک بێت، مەلا بەختیار لە کتێبەکەیدا، لە بری ستایش دادەبەزێتە سەر یەکێتی، خۆی وا وێنا دەکات کە تەماشاکەرێکی ئەو مێژووە و ئەو ڕووداوانە بووە. دواجار ئەم کتێبە بە بڕوای من، ھیچ ئەرزشێکی سیاسی و مێژوویی نییە. چونکە لە سەردەمێکدا نووسراوە و بڵاو دەکرێتەوە، کە نە تاڵەبانی، نە نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا نەماون. ئەمەش تەنھا یەک ئاماژە دەگەیەنێت، ئەویش نابوێری نووسەرە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان، پێش مەرگی ئەو دوو سەرکردەیە. ئەمە بڕوا و تێگەیشتنی منە دوای خوێنەوەی کتێبەکە.
* پەراوێز :_ لە بری بیرەوەری: نووسینی: مەلا بەختیار، بڵاوکراوەی: ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر_٢٠٢٠سلێمانی.