هونەرمەندی ناوداری فارس (موعین ئەسفهانی) دوای ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا گەییشتە هەولێری پایتەخەتی هەرێمی کوردستان، لە هوتێل شیراتۆن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی بە هاوڕێیەتیی لەگەڵ هونەرمەندی کورد (جەمشید) بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ساز دا، ستافی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـیش لە ئامادەبووانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە بوون.
دوای ئەوەی هونەرمەند (موعین) بە خێرهاتنی دەزگا راگەیاندنەکانی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە ئاست ئەو پێشوازییە گەرمەی، کە لە هەولێر لێی کراوە، ئینجا دەرگای پرسیاری بۆ رۆژنامەوانانی نوێنەری دەزگا راگەیاندنەکان کردەوە.
لە میانەی وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەی “هەولێر” هونەرمەند (موعین ئەسفهانی) لە سەرەتای پرسیارەکاندا و لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا (موعین) ئاشنایەتی لەگەڵ هونەر و موزیکی کوردیدا هەیە..؟ ئایا لە بەرنامەیدا نییە گۆرانی بە زمانی کوردی بڵێت و نزیکی یاخوود ئاشنایەتی لەگەڵ کام هونەرمەندی کورد هەیە ..؟ لەوەڵامدا گوتی: ” بەڵێ ئاشنایەتیم لەگەڵ هونەر و موزیکی کوردیدا هەیە و گوێبیستی گۆرانی و موزیکی کوردیش بووم، لە بەرنامەیشمدایە لە ئەلبومی داهاتوومدا گۆرانییەک بە زمانی کوردی بڵێم، لە ئاهەنگەکەیشمدا گۆرانیتان بە زمانی کوردیی بۆ دەڵێم، دەربارەی ئاشنایەتیم لەگەڵ هونەرمەندانی کورد من ئاشنایەتیەکی زۆرم لەگەڵ موزیکژەنی بە توانای کورد (موچتەبای میرزادە) هەبوو، هەروەها هونەرمەند (ناسری رەزازی) دەناسم، هەروەها تیپی (کامگاران)ـیش دەناسم.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا دەربارەی ئەوەی بۆچی تەنیا بڕیاری دا لە شاری هەولێر کۆنسێرت ساز بکات، لە کاتێکدا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا خاوەنی جەماوەرێکی فراوانە؟. لە وەڵامدا ئەسفهانیی هونەرمەند گوتی: “بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی لە نێوان من و ئەو کۆمپانیایەدا کراوە، ئەویش لە ڕێگەی هاورێی ئازیزم (جەمشید) جێبەجێ کراوە، دیارە تەنیا بۆ شاری هەولێر بووە جارێ، چونکە دەرفەتی مانەوەکەم زۆر کورتە و کار و پرۆژەی دیکەم هەیە و دەبێ بە ئەنجامیان بگەیەنم، بەڵام لە دوای ئەو کۆنسێرتە لە بەرنامەمدایە جارێکی دی بگەڕێمەوە بۆ کوردستان و لە شارەکانی دیکەدا کۆنسێرت ساز بکەم، بە تایبەتی لە شارەکانی (سلێمانی و دهۆک).
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەیشدا، کە لە لایەن رۆژنامەنووسی هاوکارمان (ئەرسەلان عەبدوڵڵا) ئاڕاستەی هونەرمەند کرا، ئەویش ئەوە بوو دەڵێن گوایە تۆ بەر لەوەی دەست بکەی بە کاری هونەری گۆرانیگوتن، قورئان خوێن بووی لە شاری ئەسفهان. (موعین) زانیارییەکەی پشتڕاست کردەوە و گوتی: “من لە سەردەمی قۆناغی خوێندنی ناوەندییدا قورئانم خوێندووە و ئاشنایەتیم لەگەڵ قورئانخوێندندا هەبووە.”
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا هونەرمەند (موعین ئەسفەهانی) ئاگاداری ئەوەیە کە لە لایەن هونەرمەندانی گۆرانیبێژی کوردەوە سوود لە هەندێک لە ئاوازەکانی ئەو وەردەگیرێت؟. ئەو لە وەڵامدا گوتی: “هەر هونەرمەندێک سوودی لە ئاوازی من وەرگرتووە، یاخوود وەردەگرێت ئاساییە لەلام و پێم ناخۆش نییە.”
ئینجا هونەرمەندی گۆرانیبێژ (جەمشید) وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و لە پرسیارێکی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـدا، کە ئایا سازدانی کۆنسێرتەکە لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە یان لەلایەن حکوومەتی کوردستانەوە ئەنجام دراوە؟ (جەمشید) گوتی: “هێنانی هونەرمەند (موعین ئەسفهانی) بۆ کوردستان لەسەر داوەتی کەرتی تایبەت بووە، کە ئەویش بە سەرپەرشتی کۆمپانیا بووە، هیچ پێوەست نییە بە حکوومەتەوە، بەڵام ئێمە سوپاسی حکوومەتی هەرێم دەکەین، کە ئاسانکارییان بۆ کردووین لە ڕووی دابینکردنی ئاساییش و یاریگە بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکەی ڕۆژی پێنج شەممە، کە ئاهەنگێکی جەماوەری دەبێت.
دەربارەی نرخی بلیتی ئاهەنگەکە و کۆنسێرتەکەیش، کە زۆرێک بڕوایان وایە نرخەکەی گرانە و لەگەڵ بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان و لاوانی کوردستان گونجاو نییە و ڕەنگە زۆربەیان نەتوانن ئامادەی کۆنسێرتەکەی تۆ و (موعین) بن. هونەرمەند (جەمشید) گوتی: “نرخی بلیتەکانی ئەو کۆنسێرتەدا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر زۆر کەمە، بۆ نموونە کۆنسێرتی (موعین) لە وڵاتانی تورکیا و دوبەی (300) دۆلار بووە، هەروەها لە ئەرمەنستان سەرووی (80) دۆلار بووە، ئەو نرخەی کە بۆ کۆنسێرتەکەی شاری هەولێر دانراوە زۆر هەرزانە کە 30 دۆلارە، دوایش هێنانی هونەرمەندێکی ئاوا و جێبەجێکردنی کاری کۆنسێرتەکەی وابزانم پارەیەکی زۆری گەرەکە، جگە لەوانە هێنانی ئەو هونەرمەندە بەناووبانگانەی دونیا لە ڕووی بازرگانی و نیشاندانی ڕووی گەشی شارستانییەوە وابزانم کارێکی یەکجار گرنگە و بۆ کاری گەشتوگوزاریش سوودی هەیە، چونکە ئێستا لە وڵاتی ئێرانەوە بە سەدان کەس بۆ ئامادەبوون بۆ کۆنسێرتەکەی هونەرمەند (موعین ئەسفهانی) هاتوون.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە یاریگەی شەهید فڕەنسۆ لە هەولێر، ئاهەنگێکی گەورە بۆ هەردوو هونەرمەند موعین ئەسفەهانی و جەمیشد ساز بکرێت، دواتریش هەردوو هونەرمەند کۆنسێرتێکی تایبەتی ئەنجام دەدەن.