دیــــدار نانەکەلی: ئــــاو وەکو سەرچاوەی سەرەکی ژیان و ئاوەدانی ، پتر لە دەسەڵاتی حوکمڕانی و ئاینپەروەری و ھەرمەسەلەیەکی دیکە ھۆکاری سەرەکیە بۆ بەرفراوانبوون و سەرھەڵدانی شۆرشێک بۆ نوێبوونەوە و گۆڕانکاری و بەختەوەری ھەر میللەتێک کە چاوی لە ئەفراندن و ئاوەدانیە.
لەگەڵ ئەو جموجۆلە بازرگانیەی ئەمرۆ کوردستانی گرتۆتەوە و وەبەرھێنەرانی دونیا چاویان خستۆتە سەر سروشتی پڕلە رەحمەت و بەرەکەتی ناوچەکە، بەڵام شارەزایانی بواری جیۆلۆجی و دەرھێنانی ئاوی ژێر زەوی لە کوردستان ئاماژەی مەترسیدار دەخەنە روو سەبارەت بە پاشخان و گەنجینەی سروشتی ئاو لە ھەرێمی کوردستان .لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی حوکمڕانی نەیتووانیووە بەشێوەیەکی سەرەتایش ھەوڵ بدات بۆ سوود وەرگرتن لەو ئاوەی کە لە رێگەی رووبار و زێیەکانەوە لە ووڵاتانی دراوسێوە رێڕەویان بە کوردستاندا رەت دەبێت.تەنانەت ھەردوو ووڵاتی تورکیا و ئیران لە پلانێکی درێژخایەندا توانیوویانە سەرچاوەی ئەو ئاوەی کە بۆ کوردستان دێت بیبڕن و ووشکی بکەن و لەلایەن خۆیانەوە زۆرترین سوودی لێوەرگرن و بەو ئاوەی کە پێشتر بە سنوورەکانماندا رەت دەبوو ئەمرۆ چەندین کۆمپانیای بەرھەمھێنانی ئاوی نێو بوتڵیان دامەزراندووە و بە پارە دەیفرۆشنەوە کوردستان. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەی سەرەکی ئاو لە کوردستان کە ئیستا ئاوی ژێر زەویە بە (دەریای ژێرزەمین) ناسراوە ھاوشێوەی زۆرینەی ووڵاتانی دونیا روولە کەمی کردووە و پێشبینی دەکرێت بەھۆی ئەو ھەموو سوود وەرگرتنە بەردەوامەی بە درێژایی مێژوو لەو سەرچاوەیەی ئاو وەرگێراوە خەریکی ووشک بوونە و لە ماوەی ٢٠ ساڵی داھاتوودا ئەو ھەرێمە دەکەوێتە بەر گەورەترین ھەڕەشەی بێ ئاوی کە تاوەکو ئیستا ھیچ لایەنێک بایەخی بەو مەسەلەیە نەداوە. چونکە ئیستا دەزانرێت جیا لەوەی ئەو ھەموو پاڵە پەستۆیەی خراوەتە سەر ئاوی ژێر زەوی ئێمە لە کوردستان بە ھیچ شێوەیەک نەمانتووانیووە سوود لە ئاوی بەفر و بارانیش وەربگرین. ئەو شارەزایانەی کە نەیانتووانیووە تا ئیستا ئازادانە ئەو مەترسیە بە خەڵکی کوردستان رابگەینن، ھۆکاری ئەو مەسەلەیە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە کوردستان بەشێوەیەکی ھەرەمەکی و بەبێ پلان ساڵانە زیاتر لە ١٠٠٠ بیری ئیرتیوازی بە شێوەیەکی نایاسایی ھەڵدەکەنێت و ھەر بەرپرسێکی حیزبی و حکومی لەنێو مال و باخچە و مەزرەعەکانی خۆی بیری ئیرتیوازی ھەڵکەندووە و بۆتە ھۆی ووشک بوونی ئاوی بیرەکانی دەوروبەری. لە لایەکی دیکە ھۆکاری ھەرەسەرەکی کەمبوونەوەی ئاو بۆ دەست پێوەنەگرتنی دەگەرێننەوە لەلایەن خەڵک.کە تا ئیستا لە بەرەکەت و نیعمەتی خودایی بۆ ئینسان لە رێگەی ئاو نازانن و زیادەرۆیی پێوەدەکەن. تەنانەت بە سەدان ھەزار ماڵی ئەو کوردستانە تاوەکو ئەمرۆ (بەلوعە) رێگرتنەوەی ئاوی لە ماڵەکەیدا نیەو بە بەردەوام ئەو ئاوە سازگارە بەفیرۆ دەدات.لە کاتێکدا ئاگادارنین لەوەی کە لە ووڵاتانی دراوسێ و تەنانەت لە شارەکانی باشووری عیراقیش خەلک تامەزرۆی خواردنەوەی ئاوێکی سازگارن وەکو ئەوەی کەلە کوردستاندا ھەیە.چونکە سەرچاوەی ئەو ئاوەی کە بۆ ماڵەکانیان دەچێت پاککراوەی ئاوی پیسە و تەنھا بۆ مەبەستی شۆرین و پاککرنەوە بەکاردێت نەوەک خواردنەوە.ھۆکاری ئەوەش خەمساردی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە دابینکردنی ئاوە بۆ خەڵک لە کوردستان کە نەیتووانیووە بە شێوەیەکی یاسایی و بەھێز پاڵەپەستۆ بخەنە سەرھاووڵاتیان بۆ ئاگاداربوون لەو سەرمایە نیشتیمانیەی کە بەھیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە.لەسەر مامۆستایانی ئاینیش پێویستە کە لە ووتاری ھەفتانەیان ھاوڵاتیان ئاگاداربکەنەوە لە مەترسی زیادەرۆیی لە رووی ئاینیەوە و دەست پێوەگرتنیان بە ئاوەوە. کە دروستبوونی ھەر کەموکوریەک لەو بارەوە خەڵک تووشی گەورترین کارەساتی مرۆڤایەتی دەکاتەوە کە تا چەندین ساڵی دیکەش قەرەبووی زیانەکانی ناکرێتەوە.