لەھەڵبژاردنا داد پەروەری دەسەپێ یا درۆ کردن ؟ یا پەرلەمان تارەکان دەبنە یاری زان و بوتڵ دەگرنە سەرۆک پەرلەمان ، سەرۆکیش دەبێتە گۆڵچی و دەی گرێتەوە
کارزان کۆیی: گۆرانی بێژە میلیەکان شاباش باران دەکرێن و تازە دەرچوان وەعدی دامەزراندنیان پێ ئەدرێ و مەسئولە تۆراوەکانیش بەدەمانچەو مۆنیکا خەڵات باران دەکرێن . جا خەندە بەخشەکان دێنەوە سەر شانۆ و دەرگا سەختەکان دەکرێنەوە و پرسگەی بەر پرسان دەتوێتەوە . ئەو دەمە ئەتەکێتی میوانداری بەرجەستە دەبێت و وشەی ناو ناکرێ نغرۆ دەبێت وشەی بەسەر چاو سەرکردایەتی لێدوانی ھەمو بەر پرسان دەکات. سمێڵی گاشەبەردەکانیش رەش دەبنەوە و چاوە سورە خوێناویەکانیش سەوزو شین دەبن ، حوکمی قامچی دەپسێ و نەرمو نیانی دێتە سەر تەختی پاشایەتی ئیدی بەقودرەتی ھەڵبژاردن حورمەت تەشەنە دەکاو لێ پرسینەوە نامێنێ تەنانەت کامیرای پۆلیسی ھاتوچۆش لە سەر خیابانەکان کەم دەبێتەوە ، جاشەکانیش رابردویان ئوێل دەکرێ و لەمیوانداریا پێش دەخرێن . عەشایەر گەریش سەر لەنوێ لەدایک دەبێتەوەو خانوادەی شەھیدانیش بەسەر دەکرێنەوە ، حیزبە بازرگانەکانە کانیش دەبنە پارتی سیاسی و کۆتەڵ (*) دەگێرن بۆ شەھیدانیان . لەھەموی خۆشتر لەبری ھاوڵاتی ماستاو بۆ بەر پرسان بکات ، بەر پرسان دەکەونە ماستاو بارانی ھاوڵاتیان ئەی ئەوە نیە لەھەڵبژاردنەکانا مزگەوت و ھۆڵی بۆنەکان پڕدەبن لە بەر پرسان جا باوی ئێوارە خوان دێتەوە و سفرە لەبەر دەمی ھاوڵاتیاندا دە رازێتەوە ئەو دەمە ھاشو ھوشی ھەڵبژاردن سەرمان لێ تێک ئەدا راستیەکانمان لێ چەواشە دەکات ، ئاخر چۆن توشی شۆک نابین ئەو کارانەی حکومەت ئەرکی سەر شانیەتی و ئەنجامی ئەدا کۆمیتەو مەڵبەندو ناوچەو لقەکان خۆیانی پێوە با ئەدەن , لەو لاشەوە برایانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن ئەوە دەر ئەنجامی فشاری ئێمەیە لەسەر دەسەلات !!! وەک دەزانین ھەمیشە حیزبەکان دەیانەوێ ببنە بینراو میلەتیش بینەرێکی دانەبراو بێت ، بەڵام لەھەڵبژاردندا پێ چەوانە گوزەر دەکات بەر پرسەکان دەبنە سەماکەرو بلیاد شۆ ئێمەی میلەتیش دەبینە بینەرێکی ڕێز لێ گیراو , جا لەبەر ئەو ھۆکارانە دەبێ ئێمە گەشبین بین وە بەئارامیشەوە بڕوانینە روداوەکان، ئەی ئەوە نیە ئەو بەڵێنانەی لە گەڵبژاردنی فڵان عەیاما پێمان درا لە کابینەی شەشدا بڕیاری لەسەر درا ، لەم ھەڵبژارنەشدا وا دەچێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە. ئیدی دەبێت ئاسایی بێت لامان گەر لەسەرەوە باس باسی سازدان بێت و لەژێرەوە باز بازێن بێت ھەموشی بۆ ساز کردنی گیرفان بێت نەک بۆ سازدان ھە ر ئەو ھۆکارانەیە بۆتە فاکتەرێ بەرپرسانی ھەموو پارتە رکابەرەکان دەبنەوە دوژمنی یەک و چەقۆ لەیەک دەسون و چاو لەیەک سور دەکەنەوە و تەنھاو تەنھا ئەو دەمە ڕێز لەمیلەت دەگرن وە شەڕی خۆیان وەک کاری ھەمیشەیان بە منداڵی ھەژار دەکەن . لەدوای ھەڵبژاردنیش ھەمویان دەبنەوە براو لەسەر مێزی بەرژەوەندی دادەنیشنەوەو ئەوەی حساب بێت بۆ میلەت و منداڵانی ھەژاری ناکەن . من لێرەوە زۆر سوپاسی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەکان دەکەم کە ھەمو ناعەدالەتیەک قبوڵ دەکەن لەسەرو بەندی ھەڵبژاردندا بۆ بەرژەوەندی گشتی ، ئەی ئەوە نا عەدالەتی نیە بەرامبەر پەرلەمان کرا ، سەرۆک و ئەندام پەرلەمانەکان ماوەی سەرۆکایەتیان بۆ سەرۆک درێژ کردەوە ، بەڵام سەرۆک بۆ ئەوانی درێژ نەکردەوە !!!!! ھەر لە ھەڵبژاردندا پیاوە دوو روەکانیش ئەوانەی بۆ بەرژەوەندی گیرفانیان چەند جارێ سەنگەریان گواستۆتەوە کامیراکانیان روو بەروو دەکرێنەوە دە بەقەد بەھای ئەو پارەیەی پێیان دراوە دەڕشێنەوە بەسەر ماڵ و سەنگەری ڕابردوی خۆیان و ھەمو ھەڤاڵە دێرینەکانی پێشویان دەکەنە دزو جاش و خۆفرۆش و گەندەڵ بۆشاردنەوەی شکستەکانی خۆیان لەم باز بازێنەدا بەڕێزان گرفت لەوەدا نیە ئۆپۆزسێۆن لەدیدی دەسەڵاتدا بە ھیچ رازی نابێت یا دەسەڵات ستەم کارە لە دیدی ئۆپۆزسیۆن بەڵکو کێشەکە لەوەدایە مەبەست لە ھەڵبژاردن لەم ھەرێمەدا بەدەست ھێنانی دەسەڵاتە بۆ دەست بەسەراگرتنی داھات و ژێر خانی ئابووریە بۆ بەرژەوەندی پارتەکان وە دابین کردنی موچەو ئیمتیازاتی موفتیشە بۆ ئەندام پەرلەمانە قوڕمیش کراوەکان تا مردنیان جا ئەم ھۆکارانەیە دەبینین ئەندام پەرلەمانەکان دەبنە یاری زان و بوتڵ دەگرنە سەرۆک پەرلەمان ، سەرۆکیش دەبێتە گۆڵچی و دەی گرێتەوە بەبێ ئەوەی بیکاتە فاوڵ لەسەر ئۆپۆزسیۆن کە گەورەترین پەناڵتیشە لەسەر ئۆپۆزسیۆن یەکسەر لێ یان خۆش دەبێت بێ ئەوەی بیخاتە دەنگ دانەوە ، چونکە بەرژەوەندی بەرێ کردنی بڕیارێک زۆر گەورەترە لە قودسیەتی پەرلەمان وە شکاندنی موم تەلەکاتی گشتی کە لە قوتی ئێمەی ھاوڵاتی بەھای دراوە ، ئافەرین بۆ ڕێز گرتن لەقوتی ئێمە ، ئافەرین بۆ ڕێزگرتن لە قودسیەتی پەرلەمان ، ئافەرین بۆ ھەڵبژاردن
.
awaolives@yahoo.com
facebook/ awaolives
https://www.facebook.com/groups/٣٦١٥٠٢٧٥٧٢٠٨٨٨٦/
کۆتەڵ : جاران لەکۆیە پیاوچاکان کەدەمردن کۆتەڵیان بۆ دەکرا ، بەجل و بەرگی دەیان رازاندەوە و لەسەر ئەسپێکیان دادەنا ، ھەر لەخۆیی دەچو ، لەدیوەخان رایان دەگرت پیاوانی جگەر سۆزی و کەس و کاری و خۆشەویستانی بەدەنگی خۆش دەیان لاوانەوە و بەکردەوە چاکەکانی ھەڵیان ئەدا ، ئەگەر ژن بوایە سەرو کڵاوەکەیان بەشتێکا ھەڵئەواسی وەخشڵەکانیان پێوە دەکرد و ژنان سەردولکەیان پیا ھەڵدەگوت , بەدەنگی وا کەس نەبوو خۆی پێ بگیرێ و نەگری .