سەدیق سەعید ڕواندزی
بڕوانکەم، تاکی ھیچ نەتەوەیەک وەک تاکی کورد (مەبەستم باشووری کوردستانە) ھەڵگری ھەندێک خاسیەت و تایبتمەندی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کەسی سەیر و سەمەرە بێت. بە جۆرێک ھیچ کرانەوە و پێشکەوتنێک، گۆڕانکاریی و ھوشیارییەکی ھزریی و کۆمەڵایەتی، ناتوانێت یاخود ئەستەمە کاریگەریەتی لە سەر ئەو تایبەتمەندییانە، بە ئاراستەیەکی دیکەی جیاواز و نوێ دابنێت. یەکێک لەو خاسیەتانە، لاساییکردنەوە و شوێنکەوتن و مۆدێلخوازییە. لە باشووری کوردستان، ھەرئەوەندە شتێک دەبێتە مۆد، ئیدی ھەمووان وەک بە بەغا، چاو لە یەکتری دەکەن و لاسایی یەکتری دەکەنەوە. وەک ئەوەی دەڵێن:_( لەگە عامێ بڕۆ شامێ) سەرنج بدەن، ئێستا وەرزشی شاخەوانی لە کوردستان بۆتە مۆدێل، لە پیرەمێردێکی ھەفتا ساڵییەوە بیگرە، بۆ ئافرەتێکی سەد کیلۆیی، بۆ منداڵ و نەوجەوان و فەرمانبەر و نەخوێندەوار و سیاسی و کادیر و مامۆستای زانکۆ و یزیشک تا بە ھەمووان دەگات. کەسانێک ئەو وەرزشە دەکەن، کە نەخۆشی ( بەرزی پەستانی خوێن، پەرکەم، سستی گورچیلە، شەکرە، ڕەبۆ، دڵ) و چەندان نەخۆشی دیکەیان ھەیە، لەکاتێکدا ھەر کەسێک کەمێک ھوشیار بێت، دەبێ بزانێت نابێ ئەو کەسانە ماندووبن، چونکە دەمرن.
لەو ماوانەی ڕابردوودا، چەندان کەس بە تەقینەوەی مین، ھەڵدێران لە شاخ، نۆرەی دڵ، بەرزی پەستانی خوێن، نزمبوونەوەی شەکرە، لە میانەوەی ئەو بە ناو وەرزشە شاخەوانەیەی لە باشوور دەکرێت گیانیان لەدەستدا. بگرە کەسێک لە ڕواندز، لە شوێنێک بە ھۆی شاخەوانییەوە بەرمین کەوت، کە دەیان ساڵە لەوەڕگەیە. ئایا ئەمانە، نیشانەی ناھوشیاریی و نەزانین نییە لە کردنی کارێک کەھی خۆیان نییە. بێگومان لە ھەموو دنیادا، وەرزشەکان تایبەتمەندن و ھی ھەموو کەسێک نین، مەگەر چەند محمەد عەلی کلایی و زێدان و مارادۆناو لە جیھاندا ھەن؟ بۆیە ئەوەی بە ناوی شاخاوانی دەکرێت، لە ڕاستیدا گاڵتەجارییەکە ئەوسەری دیار نەبێت.
کە دێتە سەر ھوشیاری تەندروستی، کورد ھەموویان دەبن بە پزیشک. پێت دەڵێن: گەر دەتەوێت لەش ولارێکی ڕێک و ساغڵەمت ھەبێت، ئەوا وەرزش بکە، شەکر مەخۆ، برنج مەخۆ، نانی سپی مەخۆ،،شیرینی و شوکۆلاتە مەخۆ! باشە، کەس ھەیە ئەمانە نەزانێت؟ دواتر با بپرسین مرۆڤ ئەگەر ئەمانە نەخوات چی بخوات؟ مەگەر سندووقێک سێو، جێگەی سەد گرام گۆشتی ئاژەڵ دەگرێتەوە؟ مەگر دە کیلۆ لالەنگی، جێگەی جێگەی یەک شۆکۆلاتەو چوکلێت دەگرێتەوە؟
کە دێتە سەر ئایین، ھەموویان مەلای دوانزە عیلمن و خۆیان پێ ئایینداری برێفێکتە، کەچی ھەر ئەو کەسانە درۆ دەکەن، ناپاکی دەکەن، دوو ڕوو بێ بەڵێن و ھەڵپەرستن و بە ئارەزووی خۆیان نرخ نزم و بەرز دەکەنەوە. سەرنج بدەن، عەمڕە کردن بۆتە مۆدێل، ھەرچی ھاووڵاتی ئەم باشوورەیە، ڕووی کردۆتە ماڵی خودا. کەسانێک ھەن، بە درێژایی ژیانییان، ناوی خوایان نەھێناوە، مەیان خواردۆتەوە، مەگەر خوا بزانێت چەند کاری خراپ و لادانییان بە درێژایی ژیانیان کردووە، کەچی لە ئاخیر و ئۆخری عومریان، دوای ئەوەی دەزانن ھیچیان پێ نەماوە و ھەر دەمرن، دەگەڕێنەوە لای خوا، وەک ئەوەی ئایینداری گاڵتەی منداڵان بێت! تۆ کە خۆت پێ گەڕاوە و خوداپەرستە، بۆچی لە تەمەنی بیست ساڵی ناگەڕێیتەوە لای خواو لە تەمەنی ھەشتا ساڵی ئەمە دەکەیت؟ باشە ئەو ھەموو تێچووە مادییەی لە عومڕە خەرج دەکرێت، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، باربۆی منداڵانی شەھید و کەمدەرامەتی پێ بکرێت، خێری زیاتر نییە؟ ھەمومان دەزانین لە ئایینی ئیسلامدا، سوننەت و واجب ھەیە، واجبەکان دەبێ ھەر بکرێن، بەڵام ئاساییە، زۆریش ئاسایە سوننەتەکان بە جێ نەگەیێندرێن، چونکە لە بەرنبەردا، مرۆڤ ھیچ گوناھێکی بۆ نانووسرێت.
کە دێتە سەر سیاسەت، ھەموویان چاودێری سیاسین و دەبنە شڕۆڤەکاری سیاسی لەم کەناڵ و ئەو کەناڵ. کە دێتە سەر پەرەپێدانی مرۆیی و پەروەردەیی خێزان و کێشە کەسی و تایبەتییەکان، ھەمووان دەبنە ئۆشۆ. جوبران و لوقمانی حەکیم. ڕێنماییت دەکەن، وەعزت بۆ دەدەن و پێت دەڵێن بەختەوەر بژی، خەم مەخۆ، چێژ لە ژیان ببینە، ھەست بە ئاسوودەیی بکە، ژیان ئەو ساتانەیە کە تیایدا دەژیت. ئەوانە، ھێندە کاڵفامن، نازانن خەمی ھەر مرۆڤێک لە ناخی مرۆڤەکە خۆی دایە و کەس ناتوانێت لە بری کەس ھەست بە خۆشی و کامەرانی بکات. ئەوانە، لە سۆنگەی ژیانی خۆیانەوە، ژیانی ئەوانیتر دەبینن. دەی باشە، کێ دەتوانێت گەشبینی و بەختەوەری لای عاشقێک دروست بکات، کە مەعشوقەکەی لەدەست داوە؟ کێ دەتوانێت، درک بە خەمی گەورە و پەنھانی مرۆڤێکی دڵشکاو و تێکشکاو لە خۆشەویستی بکات، کێ دەتوانێت ببێتە حەکیمی مرۆڤێکی خەمبار، کە دایک، برا، باوک، ئازیزترین کەسی لە دەست داوە! بە ڕاست، گاڵتەجاڕی لەو شێوەیە، جگە لە نێو ئێمە، لە ھیچ شوێنێکی ئەم دنیایە ھەیە؟ کەس ھەیە لە یەک کاتدا، خۆی بە جۆرەھا شێوە بناسێنێت و نماییشی ماسکاویی بکات؟
ھەندێک جار، ئەم جاڵەتانە دەگەنە ئاستێکی ھێندە کاریکاتۆری، مرۆڤ نازانێت پێ بکەنێت یان بگریت! لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، لە یادی ڕۆژی کرێکاراندا، وێنەی نووسەرێک بڵاوکرایەوە و تۆڕەکانی تەنییەوە کە گوایا کرێکارە، من نازانم ئەو نووسەرە بە پیشە چییە، بەڵام زۆرباش ئەوە دەزانم، ئەم نووسەرە، کەم بەرپرسی ئەم ھەرێمە ھەیە نەیبینێت و نەیانناسێت و ھەرکاتێکیش ئارەزووی کرد نەیانبینێت. ھەر لە سەرۆک کۆمارەوە بۆ سەرۆکی ھەرێم و وەزیران و وەزیر و سکرتێری حزب و تا بە ھەر کادیرێک دەگات. باشە ئەمە بۆ کرێکارێکی داماو دەچێتە سەر؟ ئەم نووسەرە، کەی ئارەزووی کرد، لە شاشەی تیڤی ئەو بە ناو کەناڵانە دەردەکەوێت: کە بەپارەی دزاراوی نەوتی ڕەشو و ڕووتانی ئەم ھەرێمە، پەخشی بەرنامەکانییان دەکەن و لە چرکەیەکدا سەدان گەڵا لە پەخشی ڕاستەخودا خەرج دەکەن، کەچی منداڵی پێشمەرگەیەکیش، لە ژێر نایلۆن و جەمەلۆن و دار و پەرتوودا دەژیت. باشە کرێکارێک، لە خەونیش سەرۆک کۆمار، سکرتێری حزب، ستۆدیۆی یەک لەو کەناڵانە دەبینێت؟ ئیدی کوێوی ئەم برادەرە لە کرێکارێکی داماو دەچێت؟ بە داخەوە ئەم تایبەتمەندییانە و سەدان دیکەی نەشاز و نەشیاو، لە مرۆڤی کورد ھەنە و دەرخەری ئەو ڕاستییەن، کە ئێمە تەنھا بە ناو پێشکەوتووین، دەنا ھێشتا زۆرینەی ھەرە زۆرمان، بە ئەقڵی سەدەکانی ناوەڕاست بیر دەکەینەوە. مرۆڤ ھیچ کاتێک نابێت لەگە عامی بچێتە شامێ، ھەموو جیاوازییەکان، داھێنانەکان، ئاگایی و ھوشیاریی و درککردنی تاکانە، لەوە سەرچاووە دەگرن، کە مرۆڤ خۆی لەمێگەل جیا دەکاتەوە، لەدەرەوەی کولتووری باوە، ھەڵگڕی ھەمان عەقڵییەتی ڕەشۆکی و ھەمووەکی نییە، بەڵام مرۆڤ چ کاتێک دەتوانێت بەم شێوەیە بێت؟ بێگومان کە ھوشیار بووە وە، کە خوێندییەوە، بۆیە گرنگە مرۆڤ ھەمیشە ھاوشێوەی ھەمووان نەبێت و ھەرگیز بڕوای بەو پەندەی سەرەوە نەبێت.
Discussion about this post