توانا تەھا : رۆژی ھەینی لەژێر دروشمی “یەکەمین نەتەوەی دۆستی گوڵ” بە ئامادەبوونی ٣٠ پرۆفیسۆرو شارەزای نێودەوڵەتی لە بواری ژینگە لە ناوخۆو دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، وۆرکشۆپی نەخشە رێگەی پڕۆژەی ناشناڵ پارکی ھەڵگورد-سەکران لە پارکی گەشتیاریی رواندز بەڕێوەچوو.
ھەر لەم وۆرکشۆپەدا، د.مسڵح مستەفا، سەرۆکی زانکۆی سۆران، ئاماژەی بە گرنگی ناشناڵ پاڕک کرد وەکو پڕۆژەیەکی ستراتیژی نیشتمانی گرنگە، بەو مانایەی پەیوەستە بە ژینگەیەکی تەندروست بۆ کۆمەڵگە و پێشخستنی ھەرێمی کوردستان و بەشداری پێکردنی ئەو ھەرێمە لە پارێزگاریکردنی ژینگەی جیھانی”. لای خۆشیەوە سەرۆکی زانکۆی سۆران، پشتیوانی زانکۆی سۆرانیشی بۆ ئەو پڕۆژە نیشتیمانیە دووپاتکردەوەو باسی لە دەسکەوتە ئەکادیمیەکانی زانکۆی سۆران کرد”.
ناشناڵ پاڕکی ھەڵگورد- سەکران، پڕۆژەیەکی ستراتیژی گرنگی نەتەوەییە، دامەزراوەیەکی سەربەخۆی نیشتیمانیی ژینگەپارێزی کولتوورییە، ئەو دامەزراوەیە لە چەند بەشێکی گرنگ پێک ھاتووە، لە پێناو پێشخستنی بواری ژینگەپارێزی و پاراستنی سامانی نیشتمانی کار دەکات، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان بەشداریی پێ دەکات بۆ چارەسەرکردن و پاراستنی ژینگەی دنیایی”.
د. رۆبێرت سپێندلینگویمەر رێکخەر لە ئەنیستیوتی تەکنەلۆژیای نەمسا، لە وتەیەکدا باسی لە توێژینەوەی پڕۆژەکە کرد لەلایەن دامەزراوەکەیان لەبارەی ھەڵکەوتەی جوگرافی و کەش و ھەواو سروشت و پێکھاتەی خاکی ناوچەکەو گووتی “شوێنگەی ناشناڵ پارک خاوەنی گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی سامانی سروشتیء ژینگەیی و رووەکی جۆراو جۆرە، ئەوەش پێویستی بە پارێزگارییء گەشەپێدان ھەیە”. ئاماژەشی بەوەش کرد، لە رووی بایۆلۆجییەوە، ھۆکارەکانی جیۆلۆجی و تۆبۆگرافی و ھایدرۆلۆجی و کەشوھەوا، فاکتەری دەوڵەمەندن لە گەشەکردنی ئاژەڵی کێوی و زیندەوەر ( fauna)ی جۆراوجۆر و رووەک (flora)ی ھەمەچەشن.
وەک سەرۆکی زانکۆی سۆران، د.مسڵح مستەفا، ئاماژەی پێدا “ناشناڵ پاڕک پڕۆژەیەکی ستراتیژی نیشتمانی گرنگە، بەو مانایەی پەیوەستە بە ژینگەیەکی تەندروست بۆ کۆمەڵگە و پێشخستنی ھەرێمی کوردستان و بەشداری پێکردنی ئەو ھەرێمە لە پارێزگاریکردنی ژینگەی جیھانی”. سەرۆکی زانکۆی سۆران، پشتیوانی زانکۆی سۆرانیشی بۆ ئەو پڕۆژە نیشتیمانیە دووپاتکردەوەو باسی لە دەسکەوتە ئەکادیمیەکانی زانکۆکە کرد، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ھێمای بۆ ئەوەشکرد “توانای زۆری ئەکادیمی و چەندین بەشی زانستی گرنگ لە بۆ زانکۆی سۆران بەڕێوەن، ھەموو ئەمانەش دەبنە ھۆکاری پێشوەچوونی زیاتری ناوچەکەو لە تەک خزمەتکەکانی دیکە، لە بەرژەوەندی ئەو ناشناڵ پارکە تەواودەبن”.
عەزام عەلوش، سەرۆکی دامەزراوەی سروشتی عێراقی لە وتارەکەیدا باسی لە پەیوەندییەکانی دامەزراوەکەیان و ئامادەیی کاری ھاوبەش لەگەڵ ناشناڵ پارکی ھەڵگورد – سەکران کرد. ئەو پسپۆرەی ژینگە، چەندین شوێنی گرنگی ژینگەیی لە کوردستان بە ناشناڵ پارکی بێ بەڕێوەبەرایەتی زانین. عەلوەش ئەوەشی گووت “ھەبوونی ئەو ھەموو شوێنە گەشتیارییەی عێراق، ئەگەر کاری بۆ بکرێت لە داھاتوو دەبێتە ھۆکاری راکێشانی گەشتیاران و بەرزکردنەوەی داھاتی ئابووری، ھیوادارین منداڵ و نەوەکانمان عێراقێکی گەشەکردوو ببینن”.
د. ئەنوەر عەبدوڵلا پسپۆری رووەکناسی توێژینەوەیەکی لە بارەی ناوچەی پڕۆژەی ھەڵگورد-سەکران و مێژووی پەیوەندی کوردو رووەک پێشکەشکردو گووتی “لە توێژینەوەکەمدا بە پشت بەستن بە چەندین بەڵگەی زانستی و مێژوویی و ئارکیۆلۆژیی، کورد یەکەمین نەتەوەی دۆستی گوڵە لە دونیادا” ئەمەشی بە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ ئەو میللەتە لێکدایەوە و گووتی “پەیوەندی کوردو گوڵ پەیوەندییەکی لەمێژینەی پێش ھەموو گەلانی دونیایە و جێی خۆیەتی کورد شانازی بەو دۆستایەتییەی لەگەڵ گوڵ بکات، چونکە ئەمە مانای ژیاندۆستی و جواندۆستی ئەو گەلە پێشاندەدا”.
ئەو پسپۆرەی بواری رووەکناسی لە بارەی بایەخی ناشناڵ پارک بە گشتی دواو ئاماژەی بە گونجاوی شوێنگەی پڕۆژەی ناشناڵ پارکی ھەڵگورد- سەکران کرد. باسیشی لە ئامادەکاری و گرتنەبەری رێوشوێنە یاسایی و جێبەجێکارییەکان و ئامادەکاری نەخشە و رێگا گرتن لە تێکدانی ژینگەی سروشتی شوێنەکە کرد.
لە ١٤ئەیلوول-سێپتێمبەری ٢٠١٠ دا، بە پاڵپشتی و ھاوکاریی ئەنیستیتۆتی نەمسایی بۆ تەکنەلۆژیا، لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر گرێبەستی جێبەجێ کردنی واژو کراوە، بەڵام وەک بیرۆکە لە ساڵی ٢٠٠٤ ھاتۆوەتە ئاراوە، ناوچەی پڕۆژەی ناشناڵ پارکی ھەڵگورد_سەکران، خاوەن ھەڵکەوتەیەکی جوگرافی و دیمۆگرافی گونجاو ژینگەیەکی دەوڵەمەندو کەشوھەوای ھاوسەنگە، پێدەشت و شاخی بەرزەو سەرچاوەی جۆراجۆری ئاوی تێدایە، لە رووی بەرزو نزمیشەوە کەوتۆوەتە ناوچە ھەرە بەرزەکانی ھەرێمی کوردستان، کە بەرزترین لوتکەی دەگاتە ٣ ھەزارو ٦٠٧ مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریا”. زنجیرە چیاکانی سەکران و ھەڵگورد، کەوتوونەتە ١٤٧ کم باکوری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر، لە رووی ھەڵکەوتەی جوگرافی و دیمۆگرافی گرنگیەکی زۆریان ھەیە، رووبەرێکی فراوان دەگرنە خۆ، ئەو شوێنە بەھۆی بوونی گەنجینەیەکی دەوڵەمەند لە سامانی سروشتی و ژینگەیی و رووەکی جۆراوجۆر، پێوستی بە پاراستن ھەیە.