حەمەسوار عەزیز : زۆرێک لە ھاوڕێکانم و خەڵکی سادە زۆرجار ئەو پرسیارەم ئاراستە دەکەن، “کەی بەشی سێیەمی گەردەلول نیشان دەدرێت؟”، ڕەنگە بەشێوەیەکی زۆر بەرفراوانتر ئەم پرسیارە رووبەڕووی جەلیل زەنگەنەو ستافی دراماکەش ببێتەوە، کە لە ڕواڵەتدا پرسیارێکی سادەو ئاساییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ھەڵگری کۆمەڵێک دەرەنجام و پرسیاری ترە.
لەڕاستییدا ئەگەر ئەم پرسیارە بۆ زۆر کەس وەک چەمکی پرسیار دەرکەوێت ئەوە بۆ من تێگەیشتنێکی جیاوازی ھەیەو چەمکی پرسیاربوون لەدەستدەات و دەبێتە دەرەنجام، دەرەنجامی ئەو گوتارە جیاوازەی کە گەردەلول توانی ئاراستەی بینەرو وەرگری بکات، ئەویش گوتاری گەیاندنە، گەردەلول توانی وەک درامایەکی جیاواز گوتارێک بۆ بینەر بگوازێتەوە کە تێپەڕاندنی گوتاری چیرۆک و نمایش بوو، گوتارێک کە توانیویەتی کۆمەڵێک خاڵی پەیوەندی لەگەل بینەر بنیاد بنێت و لەوێوە تەجاوزی چێژی بینین و بیستن بکات و بگوازرێتەوە بۆ نێو دونیای نەستی بینەرو پانتاییەک لەو بۆشاییە داگیربکات کە ئامادەکراوە بۆ جێکردنەوەی ئەمجۆرە گوتارە.
بینەر کە پرسیار لە بەشی سێیەمی گەردەلول دەکات ھێشتا لەژێر کاریگەری چەمکەکانی ئەو گوتارەیە کە لە بەشەکانی یەکەم و دووەمی ئەم درامایە فڕێدرانە نێو دونیای جیھانبینی و خەیاڵ و چیرۆکە ئەزەلیەکەی بینەر کە زانین و وەرگرتن و چێژبینینە، بەڵام لێرەدا نابێ لە کاریگەری زەمەن بێ ئاگابین، ئەو زەمەنەی چەند ساڵێکە بەسەر بەشی دووەمی گەردەلول تێپەڕیوە و لەگەل خۆییدا دەیان و سەدان چەمک و تێگەیشتن و دیدگای تازەی ھێناوەتە بوون، بەشێوەیەک کە کاریگەرییەکەی ئەوەندە خێرایە ڕەنگە ئەوەی دوێنێ ئێوارە لامان جوان بووە بەجوان پێناسەمان کردووە، ئەمڕۆ بۆچوونی زۆر جیاواز و لاسارمان لەسەری ھەبێت و ئەگەر زەمەن قابیلی گەڕانەوە بووایە ئێمەش جارێکی تر بە دیدگاو دونیابینی خۆماندا دەچووینەوە.
ھەمیشە ئەو دراماو کارە ھونەرییانەی کە زیاتر لە بەشێکیان ھەیەو لەماوەیەکی زەمەنی بەدوای یەکدادێن، بەرپرسیارێتی زیاتریان دەکەوێتەسەر، جەلیل زەنگە ئەگەر لەبەشی دوووەمی گەردەلولدا بەشێوەیەکی بەرچاو تەجاوزی بەشی یەکەمی نەکردبووایە، ھەرگیز ئەمڕۆ بینەری کورد چاوەڕوانی بەشی سێیەمی گەردەلولی نەدەکردو لە زەین و یادەوەری نەدەمایەوە بەتایبەتیش کە نمایشکردنی بەشی دووەم زەمەنێکی بەسەردا تێپەڕیوە کە خۆی لە چەند ساڵێک دەبینێتەوە. لەدروستکردنی بەشی سێیەمی گەردەلول جەلیل زەنگەنە وەک یاریکەرێکی چاونەترس یاری بەھەموو سەرمایەکەی دەکات، چونکە ئەو دەزانێت نوشستی بەشی سێیەمی گەردەلول ھەموو ئەو بیناجوانە دەسڕێتەوە کە لە نزیکەی پەنجا زنجیرەی بەشی یەکەم و دوووەمدا دروستیکرد، ئەمە یاریەکی ترسناکە تەنھا دووکەس دەتوانن ئەو یارییە ئەنجام بدەن، یەکەمیان کەسانێک کە ھیچ سەرمایەکی ھونەری و ڕەسیدێکی ئیبداعیان لای بینەر نەماوە بۆیە لەڕێگەی ئەم یارییکردنە چانسی خۆیان تاقیدەکەنەوە بەھیوای ئەوەی دەرگای بەخت بۆیان بکرێتەوەو بتوانن بیبەنەوە، کە من پێموایە جەلیل زەنگەنە بەھیچ شێوەیەک لەم جۆرە نییەو زۆرینەی کاتەکانیش ئەوانەی وابیر دەکەنەوە دوایین تەقەی بەزەیی بەکاروانەکەی خۆیان دەنین و شەھادەتنامەی کۆتایی خۆیان ئیمزا دەکەن.
جۆری دووەمیان کەسانێکن کە زۆر بەچاکی لە بنەماکانی یارییەکە گەیشتوون و زۆر دڵنیاشن لەو وەرەقانەی کە لەنێو دەستیانەو دەزانن کە ھێشتا دەتوانن بردنەوەی زیاتر بخەنە سەر بردنەوەکانی ڕابردوویان و دەتوانن لە خەرمانەی خەیاڵ و داھێنەکانیان زیاترو زیاتر ببەخشن، بۆیە ئامادەن ئەو جۆرە یارییە بکەن چونکە بەشێوەیەکی وورد زەمینەسازییان بۆ ووردو درشتی کارەکە کردووەو ھیچ شتێکییان بۆ ڕیکەوت و بارودۆخ بەجێنەھێشتووە، ئەمانە ئەو کەسانەن کە بەئاگایی یارییەکە بەڕێوەدەبەن و سوود لە ھەموو بنەماو یاساکانی ئەمجۆرە یارییە وەردەگرن ، من پێموایە جەلیل زەنگەنە یەکێکە لەمانەیە یا ھەر ھیچ نەبێت ئەوەی لێ ڕەچاو دەکەم کە بەو شێوەیە بێت دەنا بەھیچ جۆرێک بەو متمانە بێسنوورە دەست ناخاتە نێو ئەو یارییە کە ڕەنگە لەھەر کەوتنێکدا ھەموو دەسکەوتەکانی پێشووتری بسڕێتەوە.
ھەموو دەزانین زەمەن و ڕۆژگار گەورەترین مامۆستان و ھەمیشە چەمکەکانی بیست و بینین و بەریەککەوتن لە گەورەترین قوتابخانەکانی جیھان زیاتر خەڵک فێردەکەن، ھەر بۆ نمونە ئەوەی لەو چەند ساڵە کەناڵی کوردسات لەڕێگەی نمایشکردنی دراما کۆرییەکان بە بینەری بەخشیوە، ڕەنگە لە حاڵەتێکی جیاوازدا بینەری ئێمە پێویستی بە ساڵانی زۆر زیاتر ھەبووایە تا ئاشنایەتی ئەو چەمکانە بێت، ھەر بۆ نمونە لۆکەیشن و سینۆگرافیا کە دیکۆرو جلوبەرگ و ھەموو ڕەنگە بینراوەکان دەگرێتەوە.
پێش چەند ساڵێک کە درامایەک نمایشدەکرا بینەر نەیدەتوانی لە مانای لۆکەیشن و سینۆگرافیا تێبگات، چونکە ئەزموونی بینینی ئەزموونێکی ھەژار بوو، بەڵام بینەری ئەمڕۆ کە ئەو زنجیرە درامایەی کوردسات و دراما ئێرانییەکانی وەک (یارانی ئەشکەوت و مەریەم و یوسفی پەیامبەر ) دەبینێت، زۆر بە ئاسانی ئاشنای لۆکەیشن و سینۆگرافیا دەبێت، ئیتر ھیچ دەرھێنەرێک ناتوانێت فێڵ لە چاوەکانی بکات و لۆکەیشنێکی درۆزنانەی پێبفرۆشێت، بۆیە ھەر بۆ نمونە ئەگەر دراماکانی (رەیحانەو رۆژگارە تەریبەکان و خانەکەی حاجی ئاغا) دە ساڵ پێش ئەمڕۆ نمایشکرابان، ئەو کاتە پێشوازیکردنی بینەر زۆر جیاواز دەبوو لەو کاردانەوەیەی ئێستای بەرامبەر ئەم درامایانە.
دەرھێنەرو سینارێستی بە توانا دەبێ ھەمیشە بەدوای ئەو گوتارە بێت کە بتوانێت بیانگەیەنێت بە بینەرو وەرگر، گوتارێک کە ھەرگیز لەسەر درۆو فێلکردن بینا ناکرێت، من زۆرم پێ سەیرە کە لە ھەندێ دراما کەلاوەیەک بە کۆن نیشان دەدەن، وەکو ئەوەی ئەو برادەرانە جیاوازی نەبینن لەنێوان کۆن و وێرانەدا، بۆیە دەبینین لە زۆرێک لە دراماکانی وەک رەیحانەو نامەکانی ئەشرەف و خانەکەی حاجی ئاغا، دەرھێنەر پەنا بۆ چەند کەلاوەیەک دەبات گوایە ئەوە وێنای ڕۆژگارە کۆنەکان بۆ بینەر دەکات.
ئەو دەرھێنەرە ئازیزانە لەبیریان دەچێت کە کۆن بە مانای کەلاوە نایەت و ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە بە کۆنی دەبینین بۆ کاتی دراماکە زۆر تازەو پێشکەوتوو بووە، بۆیە دەبێ ئەو لۆکەیشنانە کە ئەو دەرھێنەرانە بینای دەکەن زۆر تازەو جوان بێت بەڵام ستایڵ و شێوازی دروستکردنەکەی ھی ئەو سەردەمە بێت و تێگەیشتن بە زەمەنی دراماکە ببەخشێت، نەوەکو ئەکتەرەکان بخەیەتە نێو چەند کەلاوەیەکی ڕوخاو گوایە تۆ باسی ٥٠ ساڵ پێش ئێستا دەکەیت، وەک ئەوەی خەڵکانی کۆن ھەموو ژیانیان لەنێو کەلاوە بەسەر بردبێت.
کارەساتەکە گەورەترە کاتێ لە درامایەکی وەک رەیحانە دوو دەسەڵاتداری تیایە کە حکومی ھەموو شارەکە دەکەن و وەک فیرعەون باسیان لێوەدەکرێت کەچی ماڵەکانیان لە کەلاوەیەکی ڕوخاو زیاتر نییە و بینەر وەک گەدا دەیانبینێت، من بیستوومە لە کۆنەوە بە ماڵی ئاغاو پیاوە دەوڵەمەندەکانیان دەووت قەسر(کۆشک)، جا ئەگەر ئەوە ئەو کۆشکە بێت کە دەرھێنەرەکانی ئێمە نیشانی دەدەن، ئەوە قوڕبەسەر ھەژارو بێدەرەتانەکان.
جارێکی تر لەوە دڵنیام کە جەلیل زەنگە زۆر بەووردی کاری لەسەر ئەم گۆڕانکارییە گەورانە کردووە کە لە دونیابینی بینەر دروست بوون و چونکە ئەو باش دەزانێت ھەرگیز ناتوانرێت جارێکی تر بینەر بۆ دواوە بگەڕێنینەوە، ئەوانەش کە شێتانە کار لەسەر ئەوە دەکەن تەنھا نوشستی و فەشەل چاوەڕێیانە و دەبێ جارێکی تر بەووردی فۆرماتی تێگەیشتنی خۆیان بکەنەوە تا بتوانن ئەو گوتارە بدۆزنەوە کە دەتوانن لە ڕێگەیەوە بە بینەر بگەن و کۆدەکانی وەر گرتنی شیتال بکەن.