پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ کچە فێرخوازێکی سەنتەری چالاکی گەنجانی رانیە کرایەوە. بەشی شێوەکاری سەنتەری چالاکی گەنجانی رانیە رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ١٤/٦/٢٠١١ کاتژمێر ٣ دوای نیوەرۆ لە باخچەی سەنتەر و لە ژێر ناوی ( مەئواکانی خەیاڵ) ھەڵسا بەکردنەوەی پێشانگایەکی شێوەکاری تایبەت بۆ کچە ھونەرمەندی بەتوانای بەشی شێوەکاری سەنتەر( ھەڵاڵە حمدئەمین محمود).
ئەم پێشانگایە کە یەکەمین کاری ھونەریەیی ئەو خاتونەیە بوو, چەند تابلۆیەکی جوانی لە خۆ گرتبوو کە تێیدا بەشێوەیەکی سەرکەوتوو (ھەڵاڵە) خەونء خولیاو نیگاکانی خۆی وێنە کێشابوو.
ھەڵاڵە, لەگەڵ ئەوەی کە کچێکی بەھرەمەندء دەسترەنگینە, لەھەمانکات رێبوارێکی وێڵی دنیای جوانییە, بۆ ئەم پێشانگایەش دەڵێت: مەئواکانی خەیاڵ ھەڵدانەی لاپەرە سپیەکانی کتێبێکی کە لاپەرەکانی پڕن لە راز .
جێگای ئاماژەیە شریتی پێشانگاکە لە لایەن ھونەرمەند خۆیەوە لە ناو چەپڵە رێزانی گەنجاندا پچرێنرا. کە تێیدا ئامادەبوان کە بریتیی بوون لە رێژەیەکی زۆری گەنجانء ھونەرمەندانی ناوچەکە بینەری تابلۆ شێوەکارییەکان بوون. بەمەش دەستخوشیان لە بەشی شێوەکاری سەنتەر و خاتوونی ناوبراو کردء ھیوای بەردەوامیان بۆ خواست.