دوێنێ ئێوارە نمایشی چوارەم ڕۆژی دوا ڕۆژەکانی بابلۆم لە هۆڵێکی پڕ لەبینەردا لەهەولێر بینی، ویستم بەدیدێکی ڕەخنەیی دوور لەو فشارە میدیاییەی هەبوو، لەهەقیقەتی نمایشەکە بگەم و خوێندنەوەیەک بۆ ئەو بەرهەمە بکەم، کە تا ئێستا لە ڕووی میدیاییەوە دەنگۆیەکی گەورەی ناوەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی نزیکەی 25هەزار بینەر لەسلێمانی شانۆگەریەکەیان بینی.
ئەو پرسیارەی بەر لەهەموو شتێ جێگەی سەرنجە و دوای بینینی نمایشەکە دێتە پێشەوە، ئەوەیە ئاخۆ سیحری ڕاکێشانی ئەو ژمارە زۆرەی بینەر چیە بۆ ئەونمایشە؟ هۆکارەکانی چین؟
بێگومان کرۆکی نمایشەکە خۆی لەسێ تەوەری سەرەکی نیشان دەدا.
هەر یەک لەو تەوەرانە کاریگەری تایبەتی خۆیان بەسەر نمایشەکەوە جێ دێڵن،
یەکەمیان: نمایشەکە فۆرمێکیی کۆمێدی سووکی خێزانی هەیە، ئەوەندە ئەو فۆرمە بەهێمنی و هاوسەنگی دوور لە هەڵچوون و زێدە ڕۆیی خۆی نیشان دەدات، بینەر لەڕێگەی هەندێ دیالۆگ و بزووتنەوەی کۆمێدی دەهێنێتە پێکەنینێکی هاوسەنگ و دەبێتە سەرچاوەیەکی بەهێزی چێژ وەرگرتن .
لەچوارچیوەی نواندنێکی پڕ ئامانجی دوور لەهیچ نیشانەو مۆرکێکی تەهریجی.
ئەکتەرێکی وەک ڕێشان حەمۆش کە ڕۆڵی سەرەکی کۆمێدیاکە دەبینێ، توانایەکی تایبەتی خۆی هەیە بەهاوکاری دوو ئەکتەری سەرەکی ، نمایشەکە زیندوو ڕادەگرن و ڕێگە نادەن ڕیتمی نمایشەکە هاوسەنگی خۆی لەدەست بدات.
بۆیە لایەنی ئەو فۆرمە کۆمێدیە وەک لایەنێکی زاڵ بەسەر ڕووبەری نمایشەکەوە دیارەو نرخ و بەهایەکی زۆریان بە سەنگی نمایشەکە بەخشیووە،
فۆرمی کۆمێدی لەهەلوەرجێکی سەخت و ئڵۆزی وەک ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردی، فۆرمێکی مەقبولە ئەگەر بەو ئاست و ئامانجە بەرجەستە بکرێت کە لەدواڕۆژەکانی بابلۆ بەرجەستەکرا.
2. گۆرانی و موزیک لایەنێکی زۆری پانتایی نمایشەکەی داپۆشیووە، کە بەهاوکاری گروپێکی موزیک ژەنی بەتوانا ، چەندین گۆرانی بەسۆزی کوردی بەفۆرمێکی ڕاستەوخۆی زیندوو نمایش کرا.
ئەم ڕاستەوخۆییە بۆ موزێک و گۆرانیەکان ، تەنانەت بۆ موئەسراتی دەنگیش، وای کردبوو ڕیتمی نمایشەکە هەر بەزیندوویی بمێنێتەوە، جگە لەوەی بینەر لەو ڕاستەوخۆێیە چێژی زیاتری وەڕ دەگرت، چونکە ببوو بەبەشێک لە نمایشەکە.
خۆ ئەگەر هەمان ئەو موزیک وگۆرانیانە بەتۆمار کراوی بونایە، چێژو ڕیتمی نمایشەکە وەک ئێیستا نەدەبوو.
هونەری دەرهێنەر لەوە دابوو کە توانیبووی سوود لەسیناریۆی تێکستەکە وەربگرێت کە دەڵێ بابلۆ ئارەزوو مەندێکی گۆرانی و موزیک بوو دووچاری واهیمەیەک ببوو وای دەزانی ئەو لەم بارەیەوە بلیمەتە، کەسیش ئەو ڕاستیەی پێ نەدەگوت کە ئەو نەخۆشەو لە وەهمدا دەژیت چونکە لەهونەردا کەسێکی فاشیلە.
دەرهێنەڕ زۆر زیرەکانە کۆمەڵێ ئاوازو گۆرانی جوانی دەست نیشان کردوە کە گوایە بابلۆ بەرجەستەیان دەکات، لە کۆتایی گۆرانیەکان بەنەشازی دەیانڵێتەوە.
بەڵام دەرهێنەر لەو کاتەی بابلۆ وەک کەسێکی واهیمەدار لای بینەر پێناسە دەکات لەکاتی ژەنینی جاس دەبێتە جاس ژەنێکی کارامەو لێهاتوو، بەمەش دووچاری دژایەتی بوونێک دەبێت لەنیشاندانی کەسایەتی بابلۆ.
دەرهێنەر لەدیمەنی جاس لێدانەکە کە بۆتە بەڵایەک بەسەر نمایشەکەو کۆمەڵێ کێشەی تەکنیکی و هونەری لەگەڵ خۆیدا دێنێ، تووشی جیاوازی لە فۆرمی گۆرانی و موزیک دەبێتەوە لەگەڵ گۆرانیەکانی تر، ئەوە جگە لەکێشەی بەرز بوونەوەی ڕیتم و تێکچوونی ئەتمۆسفیری نمایشەکە، هەموو ئەوانە دەرهنەر تەنیا دەیەوێ بەبینەر بڵێ ڕیشان لە بواری جاس ژەنیندا لێهاتووە.
ئەگەرچی دەرهێنەر ئەو ئامانجەی نەپێکاو زۆر بەگران لەسەر بەرهەمەکە کەوتەوە
3.لایەنی تراژیدی لەو قۆناغەدا دەست پێدەکات کە بابلۆ لە ئاکامدا ڕاستیەکانی بۆ ئاشکرا دەبێت و بەدەم ئازارەکانیەوە شێت دەبێت و دوا ڕۆژە تاڵەکان بەچاوی خۆی دەبینێ.
لەو قۆناغە تراژیدیەدا هاوسەنگی نمایشەکە لەنگ دەبێت، بە هۆی دیالۆگی دوورو درێژی خیتابی، کە ڕاستەوخۆ ڕووی لەبینەرە.
بە پێچەوانەی پەردە سەرەتاییەکان جۆرە ساردییەک هۆڵەکە داگیر دەکات و بینەر لەناو ئەو هەموو شەپۆلە پێکەنینە دەکەوێتە نێو ئەتمۆسفیرێکی تراژیدی دژ بەئەتۆسفیری کۆمێدی پێشوو.
بۆیە بینەر هەست دەکات هەردوو فۆرمە کۆمێدی و تراژیدیەکە بەشێوەیەکی سروشتی تێکەڵ بەیەکتر نابن.
بۆیە بۆ دەرهێنەر سەخت دەبێت هەر سێ فۆرمی کۆمێدی وموزیک و سترانسازی و تراژبدی بەیەکەوە بەڕێوە ببات.
بەمە دەرهێنەر هاوسەنگی لەفۆرمەکاندا لەنگ کردووە زێدەڕۆییەکی زۆرتر لەپێویستی بەتراژیدیا کردووە، دەبوا لە پانتایی تراژیدیاکە کەم کاتەوە، بەتایبەت لەخیتابە دوورو درێژەکەی دوا دیمەنی، کە مەترسیەکی زۆری خستە سەر نمایشەکە.
لەدیمەنەکانی دواییدا ئەکتەرێکی زۆر دێنێتە سەر شانۆ، هەموو ڕوداوی نمایش و کاراکتەرەکان لەگەڵ یەکتردا کۆ دەکاتەوە.
دەرهێنەر ویستی ئامانجێک لەپرسی جانتاکەو فڕوفێڵ و خواز بینیەکان دەر بخا، بەڵام نەیتوانی ئەو پەیامە بگەیەنێتە بینەرو بۆشاییەک لەو نێوانەدا دروست بوو ببێتە هۆی لاوازی فەلسفەی نمایشەکەو ئامانجەکانی.
هەروا کۆ کردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئەکتەر، وای کرد بینەر دەرفەتی ناسینی کارکتەرە لاوەکییەکانی نەبێت جگە لەسێ کاراکتەری سەرەکی نەبێت.
لەڕووی ڕیتمیشەوە لەو دیمەنەی کە خزمەتکار ڕاکێشی شێتخانە دەکەن، ئەویش بەدەستیانەوە ڕادەکاو دەڵێ من نیم و گەڕانەوەی زاوا بەجانتای نیو ملیۆن دۆلاری کە پڕە لە جلی ژنان و هاتنی تیمی شێتخانەو ڕاکردنی هەر یەکەو بەئاراستەیەک و ئەو ئاژاوە تێک چرژاوەی ئەو کۆمەڵگا بێ سەرو بەرە، باشترین دەرفەت بوو بۆ کۆتایی و بەجێ هێشتنی ئەو واقیعە تاڵە کە ئێستاش بەردەوامی هەیە.
بەڵام شێت کردنی بابلۆو خیتابەکانی کۆتایی ئەو دەرفەتەی لە دەست داو لە ڕیتمێکی مردوودا نمایشەکە کۆتایی هات.
Discussion about this post