بورھان شێخ ڕەئوف
دوێنێ ١٩/١٢/٢٠١٨ لە کۆتا ڕۆژەکانی ئەمساڵەدا سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە بڕیارێکی کتوپڕو لە ناکاودا فەرمانی دا کە ھێزەکانی ئەمریکا کە زیاتر لە ٢٠٠٠ (دووھەزار) کەسن لەماوەی شەست تا سەد ڕۆژ بنکەو بارەگاکانیان چۆڵ بکەن و بکشێنەوە وەکو باس دەکرێت بۆ ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان .
ئەگەرچی ئەم بڕیارە زۆر بە کتوپڕی و چاوەڕوان نەکراوو بە لێدانی خەنجەری ژەھراوی لە پشتەوە لە لایەن دۆستەکانی ئەمریکا لە سوریا کە بەشی زۆریان کوردن وەرگیرا ھەروەھا لەلایەن ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو ڕۆژھەڵاتی ناوین و جیھان و تەنانەت بەشێک لە برپرسانی ئیدارەی ئەمریکاولەلایەکی تریشەوە بۆ نەیارانی سیاسەتەکانی ئەمریکاش ھەر بە کتوپڕ ناوزەدکرا.
بۆ ئەم بڕیارە بە کتوپڕ ناوبرا؟
ئەم بڕیارە بەبێ ھیچ ھەماھەنگی و ڕاوێژێک لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتی دژی تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامی (داعش ) و ھەروەھا بە بێ ئاگاداری دامەزراوە سەربازییەکانی خودی ئەمریکاش دراوە ھەروەھا بەبێ ڕاوێژ لە گەڵ کاراترین و بە ھەڵمەتترین ھێزی جەنگاوەر کە خۆیان لە ھێزەکانی سوریای دیموکراتدا دەبیننەوە (ھەسەدە) کە بە ھەزاران لە ئەندامەکانیان خوێنی خۆیان بەخشی و بوونە قوربانی .
کاریگەری ئەم بڕیارە بۆ ئایندەی پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکا
ئەگەرچی ترەمپ لە ماوەی دووساڵی ڕابردووی فەرمانڕەوایی لە کۆشکی سپی زۆر بڕیاری سەرپێ ی و کتوپڕی وای داوە و بووەتە جێگەی نیگەرانی زۆرێک لە ئەندامانی کۆنگریس و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی ئەمریکا وتەنانەت تاکەسەرۆکێکە لە مێژووی ئەمریکادا لە ماوەیەکی کورتی فەرمانڕەواییدا ھێندە وەزیرو ڕاوێژکارو بەرپرسانی ئیدارەکەی دەستیانلەکارکێشابێتەوە و یان لەکاری خستوون , بۆیە ئەم جۆرە بڕیارو ھەڵوێستانە زیانی گەورە بە ھەیبەت و شکۆی ئەمریکا وەکو ھێزێکی گەورە لە سەرئاستی جیھاندا دەدات و متمانەی لەلای وڵاتان و گەلان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش وەکو پێویست نامێنێت .
ئەگەرچی ترەمپ ڕایگەیاندووە کە کۆتایی بە شەڕی داعش و تیرۆر لە سوریا ھاتووە وە ھێزەکانی ئەوان بۆ ئەو ئامانجە چوونەتە سوریا , ڕاستە ڕەقەی پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی ئازادکرا بەڵام ھەموو پاساوەکانی سەرھەڵدانی ڕەوتە توندئاژۆ تیرۆریستەکان ھەرماوون لە سوریا و عێراق و تەنانەت ناوچەکەش ھەر چەند خولەکێک پێش توێتەکەی ترەمپ لە مەڕ کشانەوە ی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە شاری ڕەقە داعش تەقینەوەیەکی ئەنجامدا و قوربانی لێکەوتەوە ھەر لەم شەڕانەی دوایی دا بۆ ئازاد کردنی چەند شارۆچکەیەک لە ڕۆژھەڵاتی سوریا ٧٠٠ کەس لە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا کە ئێستا بە جێیان دێڵێت بە بێ ھیچ ڕاوێژێک بوونە قوربانی ئیتر داعش چۆن تەواو بووە ترەمپ ئەم زانیارییانەی لە کێ وەرگرتووە ؟
وا دیارە لە ئەردۆگان چوونکە ھەردوای پەیوەندی تەلەفۆنیەکەی لە گەڵ ئەودا ئەم تویتەی کردووەو بووە بە بڕیار ئێستا باسی بۆندێکی گەورەی ڕۆکێت و سیستمی پاتروێت ی ئەمریکی دەکرێت لە نێوان ئەمریکاو تورکیادا بە بەھای سێ ملیار دۆلارونیو دۆلار تەنانەت باسی ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گویلەنیش کراوە بە تورکیا کە ئێستا لە ئەمریکایە .
لە لایەکی ترەوە سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی نیسانی ڕابردووش نیازی ھەبوو بڕیارێکی وا بدات بەڵام ئەوکات بەشێک لە ڕاوێژکارو ئەندامانی تیمەکەی لە کۆشکی سپی قایلیان کرد بۆ ئەوەی جارێک پەلە لەو بڕیارەدا نەکات تاوەکو کۆتایی بە شەڕی داعش دێت و زەمینەسازی ئەکرێت بۆ لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانە ھەربۆیە ئەمریکا ئەوکات ھاوکاری و ھەماھەنگییەکانی زیاترکرد بۆ ھەسەدەو بنکە سەربازییەکانی فراوانکرد و ھانی وڵاتانی تری وەکو فەرەنساو ئیتالیای دا تاوەکو ئەوانیش ھێزو شارەزای تر ڕەوانەی باکوری سوریا بکەن تا قەبارەی ئەو ھێزە گەیشتە زیاتر لە دوو ھەزار کەس .
ئەگەرچی ئامانجی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریابۆ سێ مەبەست بوو ئەوانیش ئەمانەن :
کۆتاییھێنان بەداعش و بەرگرتن لە ھەژموونی ئێران و یارمەتیدانی سیاسەتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ماتیس بۆ ئەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا بدۆزنەوە بە گوێرەی بڕیاری (٢٢٥٤ ) ئەنجومەنی ئاسایش .
بەڵام ئەوانەھیچی وەکو پێویست ئەنجام نەدران و ئەم بڕیارە نیگەرانی زۆری لێکەوتووەتەوە ھەوڵێکی زۆر دەدرێت لە لایەن ھاوپەیمانانەوە بۆ ئەوەی ھەرچۆنێک بێت بۆ ماوەیەک ئەم بڕیارە دوابخرێت تاوەکو چارەیەکی سیاسی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە دێتە ئاراوە و ئەو مەترسیەی کە بۆ کوردەکانی سوریا دروست دەبێت ئیتر ناوچەیەکی دژە فڕین بێت یان ھەر میکانیزمێکی تر یان بۆ فەراھەم بکەن .