کامەران حاجی ئەلیاس
دەنگ و جەستە دوو توخمی سەرەکی ئەکتەرەن لە نواندنی شانۆ و سینمادا، دەتوانین بڵێین تەواوکەری یەکتەرین بۆ ئەوەی ئەکتەر رۆڵەکەی بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەرجەستە بکات، بە تایبەتی لە شانۆدا ئەکتەری سەرکەتوو ھەموو توانستەکانی خۆی بەکار دەھێنێت بۆ ئەوەی لە ئەکتەرەکانی تر جیاوازتر بێت، ئەمەش زیاتر لە رێگەی دەنگ وجەستەوە دەبێت چەمکی جەستەی ئەکتەر لەسەر شانۆ لە ھەموو جۆرەکانی شانۆگەری جێگیر نییە بەڵکو لەپێشڤەچوون و گۆرنکاری دایە لەگەڵ پێشڤەچوونی یاساکانی کۆمەڵایەتی ژیانە وە بەپێی ئەو روداوانەی لە شانۆگەرییەکەدا روودەدەن، ئەکتەری شانۆ کاتێ کردارەکان لە چوارچێوەی کەسایەتیەکە دیار دەکات و داھێنان دەکات بەپێی کردارە جەستەیی و دەرونی بەم شێوەیە کەسایەتیە درامییەکان لەسەر تەختەی شانۆ بە جوڵەو دەنگ دەردەکەون.
دوای بێدەنگییەکی زۆر ، لە جوڵەی شانۆیی لە شاری ھەولێر،لە رۆژانی ١٢- ١٨-١١-٢٠٢٢ حەفتەمین فێستێڤاڵی نێوەدەوڵەتی ھەولێر بۆ شانۆ ،لەلایەن بەرێوەبەرایەتی رۆَشنبیری ھونەر- ھەولێر بەرێوەبەرایەتی ھونەری شانۆ سازکرا، سەرەتای فیستێڤاڵ بە وتاری کردنەوەی فێستێڤاڵ لەلایەن سەرۆکی فێستێڤال ھونەرمەند “ھیوا سوعاد” دەستیپێکرد ، پاشان وتاری ھەریەک لەبەرێزان “ئومێد خۆشناو” پارێزگای ھەولێر و” د.سالار عوسمان” بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان پێشکەش کران ،لە کۆتایی وتارەکان دا پەیامی بەرێز “تۆبیاس بیانکۆنی” سەرۆکی ئینستیتویەتی جیھانی شانۆ پێشکەش کرا، ئەنجا رێز لە شانۆکاری پێشەنگی کورد (سەباح عەبدولڕەحمان) نراو خەڵاتی ئاڵتوونی پێشکەش کرا.
لە فێستێڤاڵەدا (١٥) نمایشی شانۆیی پێشکەش کران ، کە چەندین گروپی شانۆیی لە ھەرێم و دەرەوەی ھەرێم بەشداربوون وەکو (میسر، ئێران ، عومان ،تونس،روسیا، ئۆکرانیا،ئوردن،عێراق) لە ھەرێمی کوردستان لە شارەکانی (ھەولێر، سلێمانی ، ھەڵەبجە) بەشدار بوون، لە میانی بەرێوەچوونی فێستێڤاڵدا رێز لە شانۆکاری پێشەنگی کورد (سەباح عەبدولڕەحمان) نرا لەگەڵ بەرێوە چوونی چەندین کۆڕی رەخنەیی و تەوەری ھزری ، لەلایەن چەنیدین شانۆکارانی کورد و عەرەب .
دوای ھەڵسەنگاندنی بەرھەمەکانی فێستیڤاڵ لەلایەن لیژنەی دادوەران، خەڵاتی باشترین ئەکتەر، دەرھێنەر، سینۆگرافیا و باشترین نمایش بەم شێوەی خوارەوە بوو:
باشترین ئەکتەری کچ درا بە “رەیحانە رەزی” لە شانۆگەری “مانستەر” لە وڵاتی ئێران.
باشترین ئەکتەری کوڕ درابە ” محەمد شوقی ” لە شانۆگەری “روبە” لە وڵاتی تونس.
باشترین سینۆگرافیا دەرابە “شیراز ” لە شانۆگەری “شەوگار گۆرانی خۆی ئەڵێت” ھەولێر، کوردسان.
باشترین دەرھێنان درا بە “ڕاڤیار نەوزاد و ھێدی ئیسماعیل” لە شانۆگەری ” سروودێک بۆ ئێکاروس” ھەڵبجە ،کوردستان
باشترین نمایش درابە “ئەلبێرت کامۆس” لە شانۆگەری “کالیگۆلا” لە وڵاتی ئۆکرانیا.
بێگومان من ئەوە باش دەزانم ، لیژنەی دادوەری و بینەرانی شانۆی لە کاتی ھەڵسەنگاندن و بینینی شانۆگەرەیان ،ئەوان ھیچ پەیوەندیان بە بارودۆخی دەروەی نمایشەکەکان دا نییە،ئاخۆ تپیپە شانۆییەکە تووشی چ گرفتێک بۆتەوە یان تووشی ھەرکێشەیەک دەبێتەوە لە کاتی نمایشکردن دا ، بەھەمان شێوەش بۆ ئەکتەرەیش ، چونکە کەشێکی گونجاو بە تایبەتی باری دەروونی پێش نمایش بۆ ئەکتەر زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی رۆڵەی بە جوانی بەرجەستە بکات، بەڵام من کاتێ دەبینم ئەکتەرێک لەو رۆژەی باوکی کۆچی دواییکرد بێت لە ھەمان رۆژ دا بێتە سەر تەختەی شانۆ رۆڵ بگیرێت وسەرکەوتووش بێت ،ئەوە لەلای من زۆرگرنگە بەتایبەتی ئەگەر رۆڵێکی بەزمەساتیش ببینێ ، من (ئەژی حەمەنوری )م لە شانۆگەری “شالیرو جادوگەرانی ماکبێس” لە سەرتەختەی شانۆ وەکو ئەوەی رۆڵەکەی (بەھلول) داوای لێدەکات پێدەکەنێت بەڵی بۆ چەندین جاریش پێدەکەنێت بێ ئەوەی کۆچکردنی باوکی کاریگەری نەرێنی لەسەر نواندنەکەی بکات ،من پرسیار دەکەم چ ئەکتەرێک دەتوانێت ئازیزترین کەسی کۆچی دوایی بکات لە ھەمان رۆژ بێتە سەر تەختەی شانۆ رۆڵی کارکتەرێکی کۆمیدی ببینێت و پێبکەنێت “ئەژی حەمە نوری” ھونەرمەند لەپێناو خۆشەویستی بۆشانۆ لەپێناو رێزگرتن لە ھاورێکانی لە ستاڤی شانۆگەری (شالیرو جادوگەرانی ماکبێس) ئەو قوربانییەیدا ئەو بۆنمایشەکە ئێوارەکەی لە شاری سلێمانییەوە گەیشتە شاری ھەولێر ،دوای نمایشەکەشی بەشەو گەرایەوە شاری سلێمانی.
بۆیە دەڵێم ھونەرمەند “ئەژی حەمە نوری” باشترین ئەکتەری کوڕە، لەحەفتەمین فێستێڤاڵی ھەولێری نێودەوڵەتی بۆ شانۆ ،لە باوەڕەم کە خەڵاتی باشترین ئەکتەریشی لەلایەن بینەرانەوە، بەدەستی ھێناوە، لێرەوە لەو کاتەی دەست خۆشی لە تەواوی بەشداربووانی فێستێڤال دەکەم بەتایبەتی بۆ ستاڤی شانۆگەری (شالیر و جادووگارانی ماکبێس) رێز و خۆشەویستی بێ پایانم ئاراستەی ھونەرمەند “ئەژی حەمە نوری” دەکەم بەھیوای بەرھەمی باشتر و سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازم دوور بێت لە ھەموو ناخۆشییەک.
Discussion about this post