دوای ئەوەی شوقەکانی (ناز ستی) کە بەشوقەکانی (زەکەریا عەبدوڵڵا)ـی گۆرانیبێژ ناسراوە، بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ئاگری گرت و مەترسیەکی یەکجار زۆری خستە دڵی ئەو ماڵانەی کە لەو شوقانە ژیان بەسەر دەبەن، ئەگەر تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە نەبوایە چەندان کەس لەژن و منداڵ توشی کارەساتێکی گەورە دەبوون.
من یەکێک بووم لەو شایەت حاڵانەی لەوێ ئامادەبووم و رووداوەکەم بەچاوی خۆم بینی، لەناکاو بینیم کامێرای کەناڵی ئاسمانی کوردستانtv لەوێ ئامادەبوو، بە شێوەیەکی ئاسایی دەستیان کرد بەوێنەگرتنی رووداوەکە، کەچی لەناکاو کوێکی باڵابەرزی قەڵەوی چوارشانە بەرەو کامێرای کوردستان tvی و (رزگار کۆچەری) ئامادەکار و پێش کەشکاری بەرنامەی (zmn) زووم ئین و هات و بەشێوەیەک چۆن کەسێک رووبەرووی دوژمنەکەی دەبێتەوە ئاوا کاردانەوەیەکی زۆرناشرینی ئەنجامدا و چەند جنێوێکی بە (رزگار) و کامێرەمانەکەدا، لەپاشان بەوەش نەوستاو بانگی چەند پاسەوانێکی کرد و لەبەرچاوی ئەو خەڵکە کامێراکەی کوردستانtv یان شکاندو کاسێتی کامێراکەش لەلایەن ئەو کورە قەڵەو چوارشانەی رێبەرایەتی ئەوانی دەکرد بردرا، ئیتر بەدەنگێکی بەرز بە رزگار کۆچەری دەگوت بڕۆ لە کوێ شکایەت دەکەی بیکە، دەچیە لای کام مەسئول منەتی بە قۆندەرەکانم، ئیتر خوێنەرە بەڕێزەکان دوور لەرووی ئێوە دەستی بۆ قۆندەرەکانی درێژ دەکرد و هاوار هاورێکی بوو نەبێتەوە!!!
منیش پرسیم ئەوە کێە ئاوا بەو شێوەیە ئەو جۆرە تەسروفاتە دەکات ؟! بۆچی کەسێک نیە پێی بڵێ بۆ وا دەکەی و رێگای پێنەدا ؟! یەکێک لەخاوەنی ئەو ماڵانەی لەوێ نیشتەجێیە لە شوقەکانی (زەکەریا) پێی گوت ئەوە بەرێوەبەری کارەکانی (زەکەریا عەبدوڵڵا)یە و هەروەها بەرپرسی پاسەوانەکانی (زەکەریا)یە!!
ئیتر من زۆرم پێ سەیر بوو باشە بەڕێوەبەری کاری (زەکەریا)یە ئاساییە بەڵام بۆ بەو شێوەیە رەفتار دەکات لەگەڵ رۆژنامەنووسان وێنەگران؟؟!
گوتی کاکە ئەوە بەهەموو شێوەیەک لەلایەن خودی (زەکەریا)وە سەبەست کراوە و چەندیین تەسروفاتی دیکەشی کردووە لێرە، راستەوخۆ بە (زەکەریا عەبدوڵڵا)مان گوتووە، بەڵام سوودی نەبووە، ئیتر منیش گوتم باشە زەکەریا ئەو هەموو پاسەوانەی هەیە بۆچیەتی ؟!
ئەویش گوتی بروابکە مەگەر تەنها ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو هەموو پاسەوانەی هەبێت، ئیتر منیش لەلای خۆمەوە زۆر بێتاقەت بووم، گوتم سەیرکە ئەم وڵاتە چی لێهاتووە، ئاخر گۆرانیبێژێکی وەک (زەکەریا) ئەگەر بە پێ لەناو ئەو شارە بسورێتەوە کەسێک هەیە یەخەی بگرێت؟! ئاخر زەکەریا چی لەو خەڵکە زیاترە ئەوەتا من هونەرمەندێکی وەک (عومەر دزەیی، مەزهەری خاڵقی، مامۆستا کەریم کابان، ئەحمەد سالار) سەدان هونەرمەندی دیکەم لەو بازارەی هەولێر و سلێمانی بەچاوی خۆم بینیومە وەڵاهی ئێواران سەیری چایخانەی مەچکۆ لەهەولێر و شەعب لە سلێمانی بکە، سەدان کەڵە هونەرمەندی ئەو دووشارە زۆر بەسادەیی دانیشتووە و چا دەخواتەوە و رۆژنامە دەخوێنێتەوە، ئەرێ پێم ناڵی (زەکەریا) لەکام لەو هەموو هونەرمەندانە خۆی بەگەورە تر دەزانێت!!!
ئاخر ئەو (بەخیتارە) دوێنێ ئەوەی من بەچاوی خۆم بینیم چی کرد، ئەگەر ئێوە بتان بینیبوایە بروابکەن هەموو شتێکیتان لەبەرچاو دەکەوت، ئیتر نازانم بۆ دەبێ رۆژنامەنووسانی ئەم وڵاتە هەر لەژێر دەستی دەسەڵاتی خەڵکانی وەک (بەخیتار و زەکەریا) بناڵێنن، ئاخر ئەو رزگارە من لەرێگەی زووم ئینەوە زانیوومە ناوی رزگارە ئەگەرنا بەژیانم نەم ناسیووە، بەڵام بروابکەن ئەو سوکایەتیەی دوێنێ بەرزگار و کامێرەمان و خودی کوردستانtv کرا، هیچی کەمتر نیە لەو سوکایەتیانەی کە چەندیین ساڵە بە رۆژنامە نووسانەوە دەکرێت، ئیتر نازانم خودی کوردستان tv کە راستەوخۆ سەربە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئایا دەتوانن بەرگری لە کارمەندانی ئەو تەلفزیۆنە بکەن، کە بەخیتار بەدەنگێکی زۆر بەرزەوە بەبەرچاوی خەڵک دەیگوت بڕۆ لەکوێ شکایەت دەکەی بیکە، ئایا سەندیکای رۆژنامەنووسان دەتوانێ هەوڵێستێک بەرامبەر ئەو کردەوەیە وەربگرن یاخوود دەبێ بێدەنگ بین نەبادا (زەکەریا عەبدوڵڵا) دڵی گەر بگرێ و ئێمەش لەکۆتایی دا دەبێ داوای لێبوردن لە کاک بەختیاری سەرۆکی بۆدی گارد بکەین ؟؟؟!!!!!!!!!!!!!!!!!!
سەنگەر ئەحمەد کۆیی