ئەلبومە تازەکەی (نەریمان بابان) لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاودەبێتەوە
ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (نەریمان بابان) ماوەیەکە کاری تۆمار کردنی ئەلبومە تازەکەی تەواو کردووە، بەڵام ئەو ئەلبومە ماوەیەکی بەسەردا تێپەڕیووەو تا ئێستاکە بڵاو نەکراوەتەوە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کۆمپانیایەک نەبووە ئەرکی چاپکردنی بگرێتە ئەستۆ، لەمبارەیەوە (نەریمان) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە “ھەولێر”ـی راگەیاند: “کاری ئامادەکاریی و بەرھەم ھێنانی ئەلبومە تازەکەم تەواو بووە، ماوەیەکی زۆر ھەوڵمدا لەگەڵ چەند ناوەندێک و سەنتەرێکی ھونەریی قسەم کرد، بەڵام نەگیشتمە ھیچ رێکەوتنێک بۆیە بڕیارمدا خۆم کاری چاپ و بڵاو کردنەوەی لە ئەستۆ بگرم”.
گوتیشی : “ئەلبومەکەی پێشووتریشم بەھەمان شێوە خۆم کاری چاپ و بڵاوکردنەوەیم بۆ بە ئەنجام گەیاند، ئەلبومەکەی ئەمجارەشم بە ھەمان شێوە خۆم کاری چاپ و بڵاوکردنەوەم لە ئەستۆ گرت، ئیتر ئێمەی ھونەرمەندی کورد لە تاراوگەو لە ناو ئەو ھەموو نەھامەتیە بەو ھەموو زەحمەتیە کار بۆ ھونەرەکەمان دەکەین، کەچی بەداخەوە دەبێ خۆمان کاری تۆمار کردن و چاپکردن و ناردنەوەشی بۆ کوردستان لە ئەستۆ بگرین، پاشان لە بازاڕەکان کۆپی دەکرێت و سەنتەری سیدی فرۆشەکان و تۆمارگەکان دەبنە خاوەنی داھاتەکەی!”.
ھەر دەبارەی ئەلبومە تازەکەی (نەریمان) روونتر گوتی : “سیدیەکەم لە (٨) تراکی گۆرانی پێکھاتووە، بە شێوازێکی زۆر چاک، لەگەڵ کۆمەڵێک موزیکژەنی ئەڵمانی و سویدی کاری موزیکیم بۆ ئەنجامداوە، سەرجەم ئاواز و ھۆنراوەکان خۆم ئامادەم کردووە، ھەر گۆرانییەک شێوازێکەو باسی بابەتێک دەکات، ئەلبومەکەی ئەمجارەم ناو لێناوە ٢٢ لەسەر / ٧ واتە (ڕێژەی نەگۆڕ)، ئەو ناوەشم بۆیە لێناوە، چونکە پێم وایە ھیچ شتێک لەم دوینایەدا ناگۆڕێ، ھەژاران ھەر ھەژارن دەوڵمەندەو خاوەن سەرمایەکان ھەر باڵادەستن، واتە ئەوەی نەگبەت و بێچارەیە ھەر نەگەبەتە، ئیتر دونیا ھەر دووبارە دەبێتەوە، بۆیە منیش لەو روانگەی خۆمەوە بۆ ئەو بێ ئومێدیەی تێکەوتووم لەم دوینایە ئەو ناوەم کردۆتە ناوی سیدیە تازەکەم”.
(نەریمان بابان) دەربارەی گۆرانییە تازەکانی ناو ئەلبومەکەی زیاتر گوتی : “گۆرانییەکانم لەسەر چەند شێوازێک گوتووە، لەسەر ھەژاری و نەداری گۆرانییم گوتووە، لەسەر بێ ئومێدی و بێتاقەتی مرۆڤەکان بە دەست کۆمەڵێک نا یەکسانی گۆرانییم گوتووە، ھەروەھا لە سەر بارودۆخی ئێستای کوردستان و غوربەت و ژیانی ئەوروپا بۆ گەنجان و ڕوەندی کورد لە تاراوگە گۆرانییم گوتووە، بە شێوەیەکی گشتی ئەلبومەکەی ئەم جارەم زیاتر بەلای سیاسەتدا ڕۆیشتووە!!”.
لە کۆتایی دا ھونەرمەند (نەریمان بابان) گوتی : “ماوەی چەند ساڵێکە خەریکی ئامادەکاری ئەو سیدیە تازەیە بووم، ھیوادارم جەماوەر گوێگرانی گۆرانی کوردی رێز لە بەرھەمەکەم بگرن گوێ لە نووسخەی ئۆرجیناڵ بگرن و کۆپی نەکەن، چونکە بە شێوازێکی زۆر چاک کاری چاپ و دیزانی ئەلبومەکەم ئەنجامداوە، بە باشترین کولێتی چاپ و دیزاینم بۆ ئەنجامداوە، ئێستاکە ئەلبومەکەم بە تیراژی (١٥٠٠٠) دانە چاپ کردووە لە چەند رۆژی داھاتوودا دەگاتە کوردستان بڵاوی دەکەمەوە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا