بەداخەوە لەمانگی رابردوودا ٨٠٠ نوسخەی تازە لەکۆی ھەزار نوسخەی توێژینەوەی (راگەیاندنی سەربەخۆ لەھەرێمی کوردستان..) سوتێندرا، لەلایەن رێکخراوی کۆمەڵەی خەڵک بۆگەشەپێدان P.D.A، ھەروەھا ستافێکی میدیایی ئەو رێکخراوەش کە بۆ ماوەی سێ ساڵ سەرنوسەری سایتی چاوی خەڵک بوو، کارەکەی لەدەستدا لەبەرئەوەی رەخنەی گرتو ھەڵوێستو ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بەسوتاندنی نوسخەکانی ئەو توێژینەوەیە؟! (ھەر کەس بیەویت بەڵگەکانی ئەم پرسەی بۆ دەنێرین)
توێژینەوەکە لەساڵی ٢٠٠٧دا، لەلایەن رێکخراوی P.D.A بەھاوکاری رێکخراوی N.P.A ئەنجامدراوە، لەو توێژینەوەیەدا راپرسی کراوە لەگەڵ ١٤٥٢ رۆژنامەنووس لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستانداو راکانیان بەشێوەیەکی زانستی لە دووتوێی ئەو توێژینەوەیەدا خرابوونەڕوو.
کارە مەیدانیو تیۆرییەکانی توێژینەوەکە نزیکەی دووساڵی پێچووە، بەتێمێکی نۆ کەسیو سەرپەرشتیاری زانستی توێژینەوەکە کراوە لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستان، پاش تەواوبوونی لەساڵی ٢٠٠٩دا چاپکراوەو ژمارەی سپاردنی بریتیە لە ١٦٣٣ی ساڵی ٢٠٠٩.
توێژینەوەکە بە تیراژی ھەزار دانە چاپکرا، بەقەبارەی ١٠٠ لاپەڕەی ئەیفۆر، بەڵام تەنھا دووسەد نوسخەی لێ دابەشکرا، ٨٠٠ نوسخەی کە مابوەوە لەمەخزەنی رێکخراوی P.D.A، لەمانگی رابردوودا سوتێندران لەناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، ئەویش بە بڕیارێکی دەستەی تەنفیزی رێکخراوەکە؟!
چاپی ھەر نوسخەیەک لەو توێژینەوەیە نزیکەی سێ دۆلاری تێچوبوو، واتە تەنھا کۆی تێچوونی چاپی ئەو ھەشتسەد نوسخەیە ٢٤٠٠ دۆلار بوو، ئەوە جگە لەوەی کە بۆماوەی نزیکەی دووساڵ تیمێکی نۆ کەسیو سەرپەرشتیاری زانستی لەو پرۆژەیەدا کاریان کردووە.
دوای ئەوەی دەستەی تەنفیزی رێکخراوی P.D.A نوسخەکانی توێژینەوەکەیان سوتاند، لەھەڵوێستێکی “مەدەنیو دیموکراتییانەدا” بە نوسراوی رەسمی کارمەندێکی رێکخراوەکەشیان لەسەر کارەکەی دوورخستەوە، ئەویش لەبەرئەوەی کە ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە سوتاندنی نوسخەکانی توێژنەوەکە؟! (وینەی ئەم نوسراوەش لەبەردەستدایە بۆ ھەر لایەنێک بیەوێت)
ئەو کارمەندەی کە بەھۆی دەربڕینی ناڕەزایی کارەکەی لەدەستدا، بۆماوەی سێ ساڵ کارمەندی رێکخراوەکەو سەرنوسەری سایتی چاوی خەڵک بوو، کە ئەو سایتە یەکێکە لە پرۆژەکانی رێکخراوەکە.
سوتاندنی ٨٠٠ نوسخە توێژینەوەی میدیا، کێشەیەکی رێکخراوەییو میدیاییە،و زۆر بێ مانایە، لەوەش بێماناتر ئەوەیە کە ستافێکی رێکخراوێک کارەکەی لەدەست بدات لەبەرئەوەی ناڕەزایی دەربڕیوە، بەراستی ئەوەش پرسیار زۆر ھەڵدەگرێت.
ئایا ئەکرێت رێکخراوێک ٨٠٠ نوسخە توێژینەوە بسوتێنیت بە بیانووی ئەوەی دوو ساڵە لە مەخزەن دانراوە؟ ئەی بۆ لەمەخزەن دانراوەو بۆ دابەشی نەکردووە؟
(دەبوایە رێکخراوی دۆنەر، بەھۆی راپۆرتی سەرپەرشتیو مۆنیتەری خۆیەوە بەوەی بزانیایە، کە ئەو توێژینەوانە دوو ساڵە لە مەخزەنی رێکخراوەکەیەو دابەشنەکراوە؟!)
دەکرا بەدواداچوون بکرێت بۆئەوەی بزانرێت کێ بەرپرسە لەمانەوەی توێژینەوەکەو سزابدرێت، نەک توێژینەوەکان بسوتێنیت.
ئاخر خۆ توێژینەوەکە موڵکی تاکە کەسێک نەبووە، تا بسوتێندرێت، موڵکی گشتیو رۆژنامەنوسان بوو، چونکە بوجەی رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی تیاسەرفکرا، رێکخراوەکە بوجەی وەرگرتووە بە پاساوی خزمەتکردنو گەشەپێدانی کۆمەڵو پێشکەشکردنی بەرھەم بە کۆمەڵگا، ئیتر چۆن دەکرێت بەرھەمەکە بسوتێنیت.
سوتاندنی نوسخەکانی ئەو توێژنەوەیە، وەک ئەوە وایە، کاتێک لەکۆمەڵگاکەماندا کێشەیەکی کۆمەڵایەتی رووبەرووی ئافرەتانو ژنان دەبێتەوە، لەبری ئەوەی بچن چارەسەری گونجاوی کێشەکە بکەن، دەچن ئافرەتەکە دەکوژن یان دەیسوتێنن.. ئاخر ئێستا ئەم عەقڵیەتە ھاتووەتە ناو رێکخراوەی مەدەنییەوە، لەبری ئەوەی کێشەی دابەشنەکردنی توێژینەوکە چارەسەربکات، دەچێت توێژینەوەکە دەسوتێنیت.
ئەمە چ عەقڵیەتێکە، لەکوێی دونیا کتێبی مێژووی سوتێندراوە؟ لە کوێی دونیا توێژینەوەی زانستی سوتێندراوە؟ مەگەر لە زەمانی مەغولو ھۆلاکۆ کتێب ستونێندرابێت، ئایا ئێمە لە چ زەمەنێک دەژین، تا توێژینەوە بسوتێنیت؟
ئەویش توێژینەوەیەک کە بەدوو ساڵو بە تیمێکی نۆ کەسی ئەنجامدرابێت لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستانو تیادا ١٤٥٢ رۆژنامەنوس راپرسی لەگەڵ کرابێت ..
ئەگەر سوتاندنی نوسخەکانی ئەو توێژنەوەیە لە وڵاتێکی پێشکەوتوو بوایەە، ئەوا سەرجەم ئەوانەی بڕیاری سوتاندنیان داوە، داوای لێبوردنیان دەکردو راستەوخۆ دەستیان لەکار دەکێشایەوە، بەڵام لێرە کەوتونەتە پاساوی مناڵانەو دەرکردنی کارمەند، تا خۆیان بھێڵنەوەو ئەو دۆلارانەیان لەکیس نەچێت کە مانگانە وەریدەگرن.
درۆ بەدوای درۆ و پاساو لەدوای پاساو دەیکەن بۆ پەردەپۆشی ئەو کارەیان، (ھەر کەس داوای بەڵگەکانی کرد، دەتوانین بەڵگەکانو ئیمەیڵی پاساو دوای پاساویان بۆ بنێرین.)
چەند ناشرینە بە درۆو پاساوی مناڵانە پەردەپۆشی کاری سوتاندی توێژینەوەکان بکرێت.. ئەمەش وەک ئەو چیرۆکە وایە کە دەگێڕنەوە: رۆژێک راستیو درۆ لەبەرگی مرۆڤدا دەگەن بەیەکتر، درۆ داوا لە راستی دەکات کە فێری مەلەی بکات، بەڵام راستی نازانێت کە ئەوە درۆیە، بۆیە متمانەی پێ دەکات، بڕیاردەدات فێری مەلەی بکات،
ھەردووکیان جلەکانیان دادەکەننو دەچنە ناو دەریاچەیەکەوە بۆئەوەی فێری مەلەی بکات، دوای ئەوەی شێوازو تەکنیکەکانی مەلەکردن فێری درۆ دەکات، درۆ دوای ئەوەی فیچری مەلەکردن دەبێت، زووترو خێراتر لە ئاوەکە دێتە دەرەوەو جلەکانی راستی لەبەردەکاتو ڕادەکات… راستیش دەڵێت کورە مەڕۆ ئەوانەی لەبەرتکرد جلی منە، فێڵ و خیانەت مەکە.
ئەم بابەتی سوتاندنی توێژینەوەیە زۆر لەو چیرۆکەوە نزیکە، ئێستا درۆ جلی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبەردایەو ھەرجارەی پاساوێک دێنێتەوە بۆ پەردەپۆشی کارە نامەدەنییەکەی، ئێستا درۆ بەرگی بەڕێوبەری پرۆژەی میدیاو پرۆژەی ژنانی لەبەردایە.
وا دەزانن بەدەرکردنی کارمەندو ریزکردنی پاساوی منداڵانەو درۆکردن دەتوانن پەردەپۆشی کارە نامەدەنییەکەیان بکەن، نازانن کە بەڵگەکان ھەن، ھەروەھا شاھیدەکان ھەن ئەوانەی کە توێژینەوەکانیان بەوان سوتاند، کە ئەگەر نەترسێندرێن، ئەوا بەرگی درۆیان لەبەر دادەکەنن.
چەند ناشرینە بە درۆکردنو دەرکردنی کارمەند بتەویت پارێزگاری لە موچەکەت بکەیت؟!
سوتاندنی نوسخەکانی توێژینەوەکە پەلەیەکی ناشرینە بەسەر رەوشی میدیاو کاری رێکخراوەیی لە ھەرێمی کوردستان، دەشێت بپرسین، چۆن رێکخراوێک دێت ٨٠٠ نوسخە لەکۆی ھەزار نوسخەی توێژینەوەیەکی خۆی دەسوتێنێت، ئەم بەھەدەردانە لەپای چی؟
بەھەدەردانی ئەو پارەیەی لەو توێژینەوەیەدا سەرفکراوە، بەھەدەردانی جوھدی ئەو ھەموو ستافەی لەو توێژینەوەدا کاریان کردووو ماندووبوون؟
دەپرسین: بۆچی رێکخراوێکی ناوخۆیی پارە لە رێکخراوی بیانی وەربگرێت بۆ ئەنجامدانی پرۆژەو پێشکەشکردنی بەرھەم بە کۆمەڵگە، بەڵام دواتر بەرھەمو پرۆژەکەی بسوتێنیت… بەراستی ئەمە نیشانەی پرسیارو سەرسورمانە.. ئایا تەنھا مەبەست وەرگرتنی پارەکەیەو بەس؟! ئیتر کێشە نیە با بەرھەمو پڕۆژەکە بچێت بۆ زبڵدانی تانجەرۆ؟!
جێی خۆیەتی بپرسین: بۆچی لەم وڵاتەدا رێکخراوی ناوخۆیی گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە بەرھەمو توێژینەوەکانی خۆی بسوتێنیتو ئامادەش بێت ستافی ڕەخنەگر لەسەر کارەکەی دووربخاتەوە؟؟!!
سوتاندنی توێژینەوەکانو دوورخستنەوەی ستافی میدیای رێکخراوەکە دوو پێشێلکاریی بواری رێکخراوەییو میدیاییە لە ھەرێمی کوردستان.
داواکارین مەحکومی ئەم دوو کارە نامەدەنییەی بەرپرسانی رێکخراوی P.D.A بکەن.
ھەر لایەنێک دەیەوێت زانیاری زیاتر لەسەر ئەم پرسە وەربگرێت، ئەوا بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەو ئیمەیڵو نوسراوەکانی پەیوەست بەم پرسە دەتوانیت پەیوەندی بکات بەم ناونیشانانەی خوارەوە:
Hadi.ameen@gmail.com
ژمارەی مۆبایل: ٠٧٧٠٢٢٠١٨٩٨
ھادی ئەمین ـ سەرنوسەری پێشووی سایتی چاوی خەڵک لە رێکخراوی P.D.A
وینەی ھاوپێچ بریتیە لە بەرگی توێژینەوە سوتاوەکە.