( جەمالى دەلاک ) : ڕۆژى ( 26/6) (38) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچى دوایى هونەرمەندى نەمر و هەمیشە زیندوو ( حەسەن زیرەک ) ، حەسەن زیرەکى دەنگخۆش و بەهرەمەند و داهێنەر ، هونەرمەندێک بە هەموو واتایەک ( عاشق ) ، عاشقى هونەرو میوزیک و گۆرانى ، عاشقى جوانى ، سرووشت ، زمان و فەرهەنگ و کلتوورى نەتەوەکەى ، عاشقى شارو گوندو کێو بەندى کوردستان ، هونەرمەندێک لەدواى ئەو ماوە دوورو درێژە کە بەجەستە لەنێوماندا نەماوە ، بەڵام دەنگ و ئاوازو تێکستى گۆرانیەکانى ڕۆژ بەڕۆژ خۆى نوێ دەکاتەوە ،
حەسەن زیرەکى نەخوێندەوار کە وانەیەکى لەقوتابخانەى کوردى نەخوێندووە ، بەڵام لەفێرگەى کۆمەڵگاکەیى و کلتورە پڕاو پڕەکەیى و زێدەکەیى و زمانە پاراوە کوردییەکەى ناوچەى موکریان بووە بلیمەتێکى داهێنەرو ئوستادێک لە خوێندنى گۆرانى کوردى ، دەنگى زیرەک چێژبەخشى ڕووحى هەردوو ڕەگەز و هەموو تەمەنەکانە ، کاتێک بەگەرووە پاراو و کوردییەکەى دەچریکێنێ گۆرانیەک لەگەڵ گۆرانى دواتر هەست و سۆزى گوێگر زیاتر پەلکێش دەکات ، بۆ سرووشتە جوانەکەى کوردستان ،دونیاى ئەویندارى ،کاتێک گوێڕادێرى تێکستى گۆرانیەکان و ووشە بەووشەى گۆرانى حەسەن زیرەک دەبیت سیناریۆیەکى جوان دەبەخشێتە هەستى گوێر ئەو سیناریۆیە دوور نیە لەژیان و کلتوورى نەتەوەى کورد بەڵکو هەڵقوڵاوى شارو گووند و ڕەشماڵ و شەنگەبێرى و کاکى جوتیار و هاژەو قەڵبەزەى چۆم و ڕووبارو قاسپە قاسپى کەوى کێوەکان و شایى ڕەشبەڵەکى کیژو کوڕو شیو و دۆڵ و کێوە سەرکەش و زەنوێرەکانى کوردستان دەخاتە بەردەم دییەى گوێگر ،
حەسەن زیرەک ئەگەر خوێندنەوەیەکى تەواو لەسەر ژیانى هونەرى و کۆمەڵایەتى بۆ بکرێت ، بێگومان لەو بوارانەدا هەژارنى یەبەڵکو زۆر دەوڵەمەندە دەتوانرێت توێژینەوەى زانستى زۆر ووردى لەسەر بکرێت ، خەسڵەتەجوانەکانى ئەم هونەرمەندە نەمرە گەلێک فرەن ، وەک : گۆرانبێژ و دەنگخۆش ، کانییەکى فراوان و سازگار لە وشەى کوردى ، گەروویەکى کوردى جگە لەو گۆرانیانەى کە موڵکى ئەم میللەتە بوون زیرەک خوێندوونى ،هەندێک ئاوازى ئازەرى و تورکى و عەرەبى کردووە بەکوردى و خوێندوونى ، ئافەرین و سەد ڕەحمەت لە گڵکۆکەت ئەو ئاوازانەى لەناو گەروویدا تواونەتەوە و سەرلەنوێ
بە مۆرکى کوردى چێژ و ئاوازێکى کوردیەوە خوێندوونى و کردوونى بەموڵکى کورد ، یەکێک لەشاگردەکانى قوتابخانە پڕ هونەرییەکەى زیرەک و سەرەتا بەڕێچکەى ئەو بلیمەتەنەمرە ڕێگاى هونەرى گرتەبەر هونەرمەند ناسرى ڕەزازى سەبارەت بەچڕینى ئەو گۆرانیانەى کە ناکوردین دەڵێت (( جگە لەو گۆرانیە کوردییانەى کە چڕیونى هەر گۆرانیەکى ناکوردیشى کە گوتۆتەوە وا لەدەنگیدا جێگەى گرتووە کە نەناسراوەتەوە وەکو ئەو چەند سترانە تورکى و ئازەرى و عەرەبى و ئەرمەنى و ئاسوورییەى کەبە کوردى گوتوونیەوە وەک : ( وەرە قوربان ، دەوەرە گوڵم نێوى دڵم ، بۆت دەڵێم تۆزە تۆزە ، دوگمەت داخە و خانباجى ) لەڕاستیدا گۆرانى لەداڕێژگەى دەنگى ئەم هونەرمەندەدا قاڵبى گرتووە و بووە بە کوردى ، هیچ کات دەنگى نەچۆتە داڕێژگەى گۆرانییەوە ،گۆرانییەکە بۆ خۆى بووە کە لەدەنگیدا جێى گرتووە و داکاسراوە ، بۆچى ؟؟چونکە گوێى حەسەن زیرەک بەلاى لایەى کوردى و بەند و بالۆرەى کوردانە گۆچ کراوە لەبەر ئەوەش کە نەخراوەتە بەر فێرگەى فارسى و نەنێردراوەتە ژێردەست مامۆستاى فارس و کورد ماوەتەوە و نەگۆڕاوە هەربەو پێودانە دەنگێکى کێویى و دەستەمۆنەکراو و کوردیى هەبووە )) *(1) ، حەسەن زیرەک هونەرمەندێکى قسە خۆش و خۆش مەشرەب هەمیشە کۆڕو کۆمەڵى بەقسە خۆش و نوکتەکانى جۆش داوە ،و پابەند بووە بە تێکەڵاو بوون و هاوڕێیەتى لەگەڵ ئەو کەسایەتیانەى ئەو سەردەمە لەگەڵیدا ژیاون ، ئەو نەمرە ڕاستە زادەى ناوچەیەکى فراوانى کوردستانە کە زۆر دەوڵەمەندە لە هونەرو فۆلکلۆر و وشەى کوردى ،خاوەنى فۆنەتیکێکى شیرینى زمانى کوردین ، بەڵام هەرکاتێک حەسەن زیرەک گۆرانى خوێندووە ، بەزاراوەیەک خوێندوویەتى کەلەتەواوى ناوچەکانى کوردستان بە هەموو دیالێکتەکانیەوە لێى تێبگەن و ،هونەرەکەى سنوورى بەزاندووە و لەناوچەکەى خۆیدا قەتیس نەماوەتەوە ، هونەرو دەنگى زیرەک لەناخى زاراوەکاندا جێگەى گرتووە و بۆ هەمیشە دەنگى ئەو بلیمەتە بەبەرزى و نەمرى دەمێنێتەوە ،
حەسەن زیرەک بەهۆى بارودۆخى ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسى لەو سەردەمەى تیایدا ژیاوە ، بەردەوام لەگەڕاندا بووە لە جێگەیەک بۆ هەمیشە جێگیر نەبووە ، لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشوورى کوردستاندا هات و چۆى کردووە ، ئەو گەڕان و جێگیرنەبوونە و چەشتنى تاڵییەکانى ژیان زیاتر هەست و هزرى زیرەکى فراوان کردووە و ئاشنایەتى زیاترى لەسەر جوگرافیاى کوردستان و ژیان و کلتوورى نەتەوەکەى پەیداکردووە کە لەگۆرانیەکانیدا ڕەنگى داوەتەوە ، زیرەک عاشقى هونەرى میوزیک و گۆرانى بووە ئەو حەزو خولیا و عەشقە هەمیشە لەناخیدا وەکو کورەیەکى ئاسنگەر جۆشى گرتووە تائەو جێگەى بۆى کرابێت بەدواى شوێندا وێڵ بووە کەئەو حەزو ئارەزووەى خاڵى بکاتەوە ، لەهەرشوێنێک تروسکایەکى بەدى کردبێت خۆى گەیاندۆتێ و بە هەگبەیەکى پڕەوە هەنگاوى هەڵگرتووە و کۆمەڵێک بەرهەمى نوێى تۆمارکردووە ، هەرکات دەنگ و ناوى زیرەک دەبیسترێ بێگوومان دەبێت ئاوڕێک ،یادەوەرییەک لەباکگراوندى ئەو بلیمەتە نەمرە بکەینەوە کە کۆمەڵێک کەسایەتى و گروپى میوزیک و چەند ئیزگەیەک پشکى خۆیان هەیە لەبەردەوام بوون و هاوکارى و سەرخستنى حەسەن زیرەک و گەیشتنى بەم لوتکە هونەرییە ، ناکرێت ڕۆڵى ئیزگەى بەغداو کرماشان و تاران و مەهاباد و تەورێز و هەروەها میوزیک ژەنانى بەتواناى گەلەکەمان وەک ( موشتەباى میرزادە ، عبدالێمدى ،حەسەنى کامگار، حەسەنى یوسف زەمانى ، فەرەیدوونى مورادى و مەسقەتى …تاد ) لەڕادیۆى کرماشان و حەسەنى نەى و شەوکەت ڕەشید و قادردیلان و ولیەم یوحەننا و فەرەنیسیس داوود و ئەنوەر قەرەداخى و سەلاح ڕەشید و هەموو ئەو کەسایەتیانەى هاوکارى حەسەن زیرەکیان کردووە ناکرێت فەرامۆشیان بکەین یادیان بەخێر ،
هونەرمەندى نەمر حەسەن زیرەک تا لەژیاندا بوو گەلێک جاران ڕووبەڕووى سوکایەتى و لێدان ئازار چەشتن بۆتەوە ، هەموو تاوانەکەشى ئەوەبووە کە ئەم هونەرمەندە ( عاشق ) بووە ، عاشقى هەموو شتێکى جوان بووە ئەو عەشقەى لە گۆرانیەکانیدا ڕەنگى داوەتەوە ، هەمیشە بەدەنگە خۆشەکەى خۆشى و شادى بەخشیوە تە دەوروبەرەکەى ، بەداخەوە قەدرى نەگیراوە و ئێستاشى لەسەربێت لێرەو و لەوێ هەندێک قسەو قسەڵۆک لەبارەى زیرەکەوە دەکرێت ،تەنها مەبەست شکاندنى کەسایەتى و هونەرکەیەتى ، ئەوەش مەحاڵە چونکە دەنگ و هونەرکەى بەزۆر خۆى سەپاندووە ،
شاکارە هونەرییەکانى حەسەن زیرەک گەلێک زۆرن ، بەڵام یەکێک لەو شاکارانە سروودى (( نەورۆز )) ە ، لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێم هۆنراوەى نەورۆز ، هۆنراوەى فەیلەسووفى نەمر ( پیرەمێرد ) و ئاوازەکەشى شاعیرى نیشتمان پەروەرو هونەرمەندى دەنگخۆش ( حەمەێاڵح دیلان) ە ، یەکەم جار دیلان بە دەنگە خۆشەکەى دیلان خوێندراوە ، بەڵام کاتێک یادى جەژنى نەتەوەیى نەورۆز دەکرێتەوە لە هەموو شوێنێکەوە ئەو سروودە بەدەنگى حەسەن زیرەک دەبیسترێ ،
بەداخەوە کات و ساڵەکەى بەباشى نازانم بەڵام پێدەچێت لەشەستەکانى سەدەى پێشوو حەسەن زیرەک ئەو سروودەى لەپایتەختى وڵاتێکى داگیرکەرى کوردستان کەبە هیچ شێوەیەک مافى نەتەوەیەکى بندەستى وەکو کوردى نەداوە و هەموو جوانیەکان و ژیانى ئەو نەتەوەى زەوت کردووە ، بەڵام زیرەک دەچێت لەو پایتەختەوە ئەو سروودە دەخوێنێ ، کەئەمڕۆ بۆتە مارشێکى نەتەوەیى ، لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن باشە ئەو سروودەى لەتاران خوێندووە بەڵام بەشان وباڵى شاهەنشا و کوڕى شادا هەڵیداوە ، ڕاستە زیرەک هۆنراوەکەى دەستکارى کردووە بەڵام دڵنیام کە زیرەک مەبەستى بووە ئەو سروودە تۆماربکات وناچار ئەو کۆپلەیەى خستۆتە نێو سروودەکەوە ،ئەگەر ئەوەى نەکردبا ئەو سروودە بوونى نەدەبوو ، کاتێک کە لە باشوورى کوردستانە حەسەن زیرەک سروودى ((ئەى نەتەوەى کاوەى دلێر، ئەى کوردەکە ئەى بەچکە شێر ) دەخوێنێ بەڵام کە گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵات وژێردەستى حوکمى شاهەنشایى دەبوو هیچ نەڵێت ، بەڵام ناکرێت هەموو شتە جوانەکانى ئەو بلیمەتە نەمرە بسڕینەوە و سوکایەتى پێبکەین ، یادى حەسەن زیرەک و موشتەباى میرزادەو هەموو ئەو کەسە دڵسۆزانەى کەخزمەتیان بەحەسەن زیرەک و هونەرى نەتەوەکەمان کردووە یادیان بەخێرو گڵکۆکانیان پڕ نوور و ڕووحیان شاد بێت .
سەرچاوە / * (1) هونەرمەندى بلیمەت ( حەسەن زیرەک ) _( ناسرى ڕەزازى ) گۆڤارى بەربانگ ژمارە ( 77) مانگى (9/1990) ل: ( 37) گۆڤارى بەربانگ ،گۆڤارى فیدراسیۆنى کۆمەڵە کوردستانیەکانە لەسوید