لەدوای خنکانی هەڵەبجە
سکاڵایەکی درێژم نوسی بۆ خوا
بەر لە خەڵکی
بۆ درەختێکم خوێندەوە
درەخت گریا
لە پەناوە باڵندەیەکی پۆستەچی وتی :
باشە کێ بۆت ئەبا ؟
گەر بەتەمای منی ، بیبەم
من ناگەمە عەرشی خودا !
بۆ شەو درەنگ
فریشتەی ڕەش پۆشی شیعرم
وتی : تۆ هیچ خەمت نەبێ
من بۆت ئەبەم هەتا سەرێ ، تا کەشکەڵان
بەڵام ، بەڵێنت نادەمێ
خۆی نامەکەم لێ وەرگرێ
خۆت ئەزانی ، خودای گەورە کێ ئەیبینێ ؟
وتم : سوپاس
تۆ هەڵفڕە
فریشتەی ئیلهام هەڵفڕی و لەگەڵ خۆیا سکاڵای برد
ڕۆژی دوایی کە هاتەوە
سکرتێری پلە چواری خودا
عوبێد ناوێ
هەر لەسەر هەمان سکاڵا و لە دامێنا
بە عەرەبی بۆی نوسیبوم :
گـــــەوجــە
بیکە بە عەرەبی
کەس لێرە کوردی نازانێ و نایبات بـــۆ خـــوا
شێرکۆ بێکەس
Discussion about this post