زانا دڵشاد دزەیی : ھیچ ئەکتەرێکی کورد ئەوەندەی نواندنی سەعدون یونس سەرانجی رانەکێشاوم، من نیوەڕۆی رۆژی ٢٥/٩/٢٠١٢ سەعاتێک بەدیار وێنەگرتنی درامای “کەونە دەرکە” بووم، لە
پارکی شاندەر لە ھەولێر، کە لە سیناریۆ و دەرھێنانی ھونەرمەند سەعدون یونسە، ھەروەھا خۆیشی رۆڵی جەلیل خەریتەجی تێدا دەبینێ، کە تەواوکەری تەمسیلی “کەونە دەرکە”ـیە.. ھەمان توانای نواندن و جوانییەکەی ساڵانی حەفتا و ھەشتاکانی تێدا ماوە، نازانم نھێنی ئەوە چییە کاتێک سەعدون تەمسیل دەکات من ھەست ناکەم تەمسیل دەکات.. حیوار ورد دەکاتەوە، زمان راستەقینەکەی ھەولێر دەخاتەوە ناو خەڵک، وشە و رستەی کۆمیدیای جوانمان نیشان دەدات، ئەگەر لە ھەولێر چەند ئەکتەرێکی دیکەی ھاوشێوەی ئەو ھەبوایە باوەڕناکەم دراما و شانۆی ھەولێر تووشی ئەم قەیرانەی ئێستا بووایە…
بێگومان سەعدون یونس یەکێکە لەکەسایەتییە جوانییەکانی شاری ھەولێر، لەسەر دەستی ئەو و ھونەرمەند سەباح عەبدولرەحمان و تەڵعەت سامان سەردەمی زێڕینی شانۆ و درامای ھەولێریان تۆمار کرد، بەڵام بەداخەوە ھەریەک لەوانە دنیایەک گلەیی و گازاندەیان لەحکومەت و کاربەدەستانی ئێستای ھونەر ھەیە و جۆرێک لەدوورکەوتنەوە و وازھێنانیان پێوە دیارە، تەڵعەت سامان چەندین ساڵە وازی ھێناوە و سەباح عەبدولرەحمان چەند ساڵێکە دوورکەوتۆتەوە، سەعدون یونس تازە دەیەوێ دەست پێبکاتەوە.
حەیف ئەگەر سەرۆکی حکومەت و وەزیری رۆشنبیری ئەو گەورە ھونەرمەندانە ئاشت نەکاتەوە و بۆئەوەی دووبارە کارە جوانییەکانیان دەست پێ بکەینەوە، چونکە توڕەبوونی ئەوان توڕەبوونێکی ئاسایی نابێت.