بورھان شێخ ڕەئوف
کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئەبو مھدی موھەندیس جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی عێراق لە ٣/١/٢٠٢٠ لە پەلامارێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بووە ھۆی ئاڵۆزی و گرژ بوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق تا ڕادەی ھەڵچوون و کوڵان .
کارگەیشتە ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێکی کتوپڕو نا ئاساییدا لە ٥/١/٢٠٢٠ بە ئامادەبوونی عادیل عەبدولمھدی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوەو کار بەڕێ کەر و بەبێ ئامادەبوونی دوو پێکھاتەی گرنگ و سەرەکی عێراق ئەوانیش سوونەو کورد و جگە لەوەی ھەندێک لایەنی شیعەش لەوێ نەبوون , بڕیاری دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا بدات , داوا لە حکومەت بکات کە کۆتایی بە ھەموو ھەماھەنگی و ھاوکارییەک لە گەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە عێراق بھێنێت وداوایان لێ بکات بە زووترین کات خاکی عێراق بە جێ بھێڵن .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەلای خۆیەوە نیگەرانی و بێ ئومێدی خۆی لەم ھەنگاوەی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندو خوازیار دووبار پیاچوونەوەی تێداکرد , ھەروەھا ڕایانگەیاند کە ئەمریکا ناخوازێت ھێزەکانی لە عێراق بکێشێتەوە , بەڵکو لە ئاوا حاڵەتێکدا بیر لە سزادانی عێراق دەکەنەوە بە سزای ئابووری زۆر قورس وەکو ئەوەی ئێران کە ئابوری عێراق ھەڵدەتەکێنێت .
لێکەوتەکانی دەرکردنی ھێزە کانی ئەمریکا لە عێراق
ھەرچەندە ھەر ھێزی ئەمریکا لە عێراقدا نیە , بەڵکو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھێزی زۆر وڵاتی تری تێدایە و ھێزی تورکیاش لە عێراقدا ھەیە و ئێرانیەکانیش لە ڕێگەی ھاوپەیمانەکانیان لە حەشدی شەعبی کاریگەرییان لە ھەموو لایەنەکانی تر زیاترە , بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە ھێشتا سوپای عێراق و سیستمی بەرگری وڵات لە ئاستێکدا نیە کە بەرگری لە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری و سەروەری زەوی و ئاسمانی عێراق بکات و , جموجووڵی تیرۆریستەکانی داعش تا ئێستاش لە زۆر شوێنی عێراق بە دی دەکرێت , لەوەش خۆشتر نیە وڵات سەربەخۆ بێت و دەستی دەرکی تێدا نەبێت و خۆی خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆی بێت و مل کەچی ھیچ وڵاتێک نەبیت .
١. یەکەم کاردانەوەو لێکەوتەیەک کەلە ئەنجامی سزادانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە دێتە ئاراوە ئەوەیە عێراق دەچێتە ژێر عابای ئێرانەوەو و بێ بەش دەبێت لە ھەموو ھاوکاری و کۆمەکەکانی ڕۆژئاواو ئەمریکا بە تایبەتی .
٢. بێ بەش کردنی عێراق لە تاکە سەرچاوەی داھاتی کەنەوتە .
٣. کشانەوەی ھەموو کۆمپانیا نەوتیە ئەمریکی و جیھانیەکان کە ئەمەش کاریگەری کارەستبار بە دوای خۆیدا بۆ عێراق دەھێنێت .
٤. کۆتایی ھێنان بەو چاوپۆشی و لێبووردنە کە عێراق گازو غاز لە ئێران بکڕێت بۆ وێستگەکانی کارەبا کە لەوەرزی ھاوینی داھاتوودا دۆخی عێراق زیاتر شپرزە دەکات .
٥. لەلایەکی ترەوەجگە لە پێگەی جیۆسیاسی گرنگی عێراق ئەمڕۆ عێراق وڵاتێکی گەورەی بەرھەمێنی نەوتە لە سەرئاستی ئۆپێک و جیھان , ئەگەر بەم شێوە بەردەوام بێت و ھێزەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی بمێننەوە ئەوە عێراق دەتوانێت کەڵک لەو سامانە سروشتیەی خۆی وەربگیرێت و خۆی بنیات بنێتەوە و ببێتە وڵاتێکی گەشەسەندوو .
جگە لە مانەش مانەوەی ھێزی ھاوپەیمانەکان ھاوکارو یاریدەدەر دەبێت بۆ کۆتاییی ھێنان بە پاشماوەکانی داعش و تاقم و گروھە تیرۆریستەکانی تر , بە پێچەوانەوەش ئەگەر ئەمریکاو ھاوپەیمانان بکشێنەوە لە عێراق ئەوا عێراق دەبێت بە گۆڕەپانی ململانێ یزیاتری تاقم و گروھەتوندئاژۆکان و ئێران زیاتر ھەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا دەسەپێنێت و سوود لە سامانو داھاتی عێراق وەردەگرێت .
لە کۆتاییدا ئەگەر ئەمریکیەکان عێراق بە جێ بھێڵن بەھۆی کوژارانی قاسم سلێمانیەوە ئەوا ئەو ئامانجەی سەردار سلێمانی بەدی دێت کە ئەو لە ژیانیدا بۆی جێ بەجێ نەکرا ئەمڕۆ بەمەرگی دێتەدی کە ئەمە قسەی ناوەندە ئەمریکیەکانە , لە ھەمان کاتیشدا شکستێکی سیاسی و سەربازی گەورەیە بۆ ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەگشتی نەک ھەر لە عێراق .