ک.پاوستۆڤسکی
لەفارسیەوە: ئازاد نەجم
ئێمە ، بەھۆی نەخشەیەکەوە – کە لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا کێشرابو – بەڕێدا دەڕۆیشتین. لەگۆشەیەکی نەخشەکەدا نوسرابو: ( ئەم نەخشەیە ، لەسەر بنەمای پرس و ڕاوێژ کردن بە خەڵکی ناوچەکە دروست کراوە). ئەم ڕاستگۆییە شتێکی دڵٍخۆشکەر نەبو بۆمان. ئێمەش پرسیارمان لەخەڵکی ناوچەکە دەکرد. بەڵام زۆربەی جاران ڕێنماییەکانیان نادروست بون.
(خەڵکی ناوچەکە) ، ماوەیەکی زۆر ، بەگەرمی دەیانکردە ھات و ھاوار ، قسەی نەشیاویان بەیەکتر دەگوت و ناوی زۆر شوێنیان دەبرد.
ڕێنماییەکانیان ھەمیشە بەم شێوەیە بو: ( ھەرکە گەیشتنە جۆگاکە ، بەرەو لای جەنگەڵەکە بسوڕێنەوە و لەوێ لەتەنیشت جادەکە ، لەسەرەتای بنارە سوتاوەکەی جەنگەڵەکە ، تا کەندەڵانەکە بچنەپێش ، دوای ئەوەی لەکەندەڵانەکە تێپەڕین ، دەبێ ڕاستەوخۆ بچنە سەر گردەکە ، گردەکە لەوێوە دیارە ، دواتر ڕێگایەکی سادەیە ، لەوێڕا بڕۆن تا دەگەنە دەریاچەکە).
ئێمەش بەدروستی بەپێی ئەو ڕێَنوێنیەی ئەوان ، دەڕۆیشتین. کەچی ھێشتا دەریاچەکەمان لێوە دیار نەبو.
ئێستا ئیدی بەپێی نەخشەکە دەڕۆیشتین ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ، لەنێو قوڕی وشکەوەبوی زەلکاوەکەدا – کە ئیدی بۆ خۆی ببوە جەنگەڵێکی پڕ لەداری گچکە و بێَھێز – ڕێگامان ھەڵە کرد و ون بوین.
ڕۆژێکی وەرزی پایز بو. دەنگی خشە خشی گەڵا وشک و وەریوەکان ، دەھات. دواتریش بارانێکی بەخوڕ باری ، کەش و ھەوایەکی ساردی ھەبو.
دەوروبەری کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ ، لەنێو زەلگاوەکەوە بەسەر گردۆڵکەیەکی بەرداویدا ، کە گیا سورخسێکی زۆری لێ ڕوابو ، سەرکەوتین. ڕۆژیش بەخێرایی خەریکبو ئاوا دەبو و تا دەھات دنیای تاریکتر دەکرد. لەژێر ئەو ئاسمانە گرژ و توڕەیەدا ، وردە وردە تادەھات دنیا تاریکتر دەبو. شەو نزیک بۆوە ، شەوێکی تاریکی نێو زەلکاوی پڕ لە خشەخشی گەڵای وەریوی درەختەکان و چکە چکی دڵۆپە باران و ھەستی تەنیایی و کەشێکی لەتوانای دان بەخۆداگرتن بەدەر .
ھاوارمان دەکرد و پاشان گوێمان ڕادەگرت. لەوەڵامدا: ڕەشەبا ، لەشوێنێکی دورە دەستی نێو جەنگەڵەکەوە ، گڤەگڤی دەکرد و قیڕقیڕی قەلەڕەشەکانی لەگەڵ خۆیدا دەھێنا.
دواتر ، لەوەڵامی ئێمەدا لەشوێنێکی ئەوسەری کۆتایی زەوی و زەلگاوەکان ، ھاوارێکی درێژ و لاوازمان کەوتەبەر گوێ.
تادەھات دەنگەکە نزیکتر دەبۆوە ، خشەخشێکی زۆریش دەبیسترا ، دواتر لەنزیکی خۆمانەوە ھەستمان بەدەنگەکە کرد.
کوڕیژگەیەک ، لەنێو دارستانە چڕەکەوە ھاتەدەرێ. تەمەنی ، ھەر نزیکەی دوانزە ساڵێک دەبو. پێڵاوە کۆنەکانی بەدەستەوە گرتبون و بەپێخواسی و بەوریاییەوە بەسەر لق و گەڵا وشکەکاندا ھەنگاوی دەنان. لێمان نزیک بۆوە و بەشەرمەوە سڵاوی لێ کردین. پێکەنی و گوتی: گوێم لێبو یەکێک بەردەوام ھاواری دەکرد ، زۆر ترسام ، چونکە لەم کاتانەدا ھیچ کەسێک ڕێی ناکەوێتە ئێرە ، تەنیا وەرزی ھاوین نەبێ کە ژنان بۆ چنینی میوەی جەنگەڵ دێنەئێرە. بەڵام ئێستا لەم کاتانەدا ھیچ میوەیەکی لێنیە ، چیە؟ ڕێگاتان ھەڵە کردوە؟
ئێمەش وەڵاممان دایەوە: بەڵێ ون بوین.
کوڕیژگە گوتی: بەڵێ ئەگەر مرۆڤ لێرە زۆر وریا نەبێت بزربون شتێکی ئاساییە. پار ھاوین ، ژنێک بۆ کۆکردنەوەی میوە ھاتبوە نێو ئەم جەنگەڵە و بزر بو ، ئیدی ئەوەندەی بەدوایدا گەڕان نەیاندۆزیەوە ، ئیدی ئەوەبو بەھارێ ئەمجار دیتیانەوە ، تەنیا ئێسک و پروسکەکانی مابونەوە.
: ئەی تۆ لێرە چ دەکەی؟
کوڕیژگە ، وەڵامی دایەوە: لێرە دەژین ، لەدەریاچەی مالویە. بەدوای گۆلکێکدا دەگەڕێم.
کوڕیژگە ئێمەی گەیاندە دەریاچەی مالویە. کاتێ بەنێو زەلکاوەکاندا تێپەڕین و گەیشتینە زەویەکی سفت و پتەو ، بەترێکی شەو تێپەڕیبو ، بەنێو ڕێگایەکی پڕ لەگژوگیادا دەچوینە پێش.
با ، ھەورەکانی بەرەو باشور ڕادەماڵی. ئەستێرەکان ، لەسەروی لق و پۆپی دار سنەوبەرەکانەوە تروسکە تروسکیان بو. بەڵام وێنەیەکی ئاشنای ئاسمان ، لەپشت لقە سیس بوەکانەوە ، نامۆ دەھاتە بەرچاوان. تەنانەت بینینی ( ورچی گەورە*) ش کارێکی ئەستەم بو.
کوڕیژگە ، دوای بێدەنگیەکی درێژ ، گوتی: ڕاستیەکەی من بەدوای گۆلکدا نەدەگەڕام ، ئەم قسەیەم ھەر لەخۆمەوە ھەڵبەست.
: ئەدی لەنێو ئەو جەنگەڵ و زەلکاوەدا بەدوای چیدا دەگەڕای؟
کوڕیژگە ، وەڵامی دایەوە: ئەستێرەیەک داڕژا ، پێرێ شەوێ لێرە ، لەپشت تەپۆڵکەکەوە ئەستێرەیەک کەوتە خوارەوە ، شەوێ لەناکاو لەخەو ھەستام ، دیتم مانگاکەمان – مانکا – خۆی ڕادەپسکێنی و ھار بوە و دەبۆڕێنێ و قۆچ دەوەشێنێ ، دەتگوت گورگ چۆتە نێو ھۆڵەکە. منیش خێرا چومە نێو حەوشە و ویستم بزانم چی ڕویداوە؟ لەناکاو بینیم شتێک لەئاسمانەوە بڵێسەی دا ، سەیرمکرد بینیم نەیزەکە ، بەنزمی بەسەر ئاسمانی جەنگەڵەکەدا دەکشا ، لەولای جەنگەڵەکەوە کەوتە خوارێ ، وەک فڕۆکە دەنگی دەھات.
: ئەگەر دۆزیباتەوە چیت لەو نەیزەکە دەکرد؟
کوڕیژگە ، وەڵامی دایەوە: دەمبردە قوتابخانە ، دەبێ تاوتوێ بکرێ ، ئەرێ ئێوە نازانن ئەستێرە لەچی دروست بوە؟
ئیدی بەڕێگاوە گفتوگۆیەکی باشمان لەبارەی ئەستێرەکان و کەرت بون و دابەش بونی ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینەوە ، کرد.
لای نیوەشەوێ ، گەیشتینە سەر دەریاچەکە. ئەستێرەکانی ئاسمانی ئەو شەوە پایزیە ، خۆیان لەنێو ئاوی دەریاچەکەدا نمایش دەکرد و ورینجەیان دەدایەوە. چەند کوختێکی چکۆلە ، لەکەناری دەریاچەکە بون. جگە لەیەکێکیان – کە ئاگری چرایەکی کزی تێدا دایسا – ئەوانی تر ھەمویان تاریک بون.
کوڕیژگە لەدەرگایدا.
ژنێک ، بەتوڕەییەوە لەژورێڕا گوتی: ھەی شەیتان ، تا ئێستا لەکوێ دەگەڕای؟ تەنیا لەھیچ و خۆڕایی پێڵاوەکانی خۆت دەدڕێنی.
کوڕیژگە ، وەڵامی دایەوە: نا دایە گیان پێڵاوەکانم دانابون.
دەنگی ترقە ترقێک ، لەکڵۆمی دەرگاکەوە ھات و دەرگاکە کرایەوە ، ئێمەش بەکوێرە کوێر خۆمان بەژورێدا کرد.
بۆنی پوش و پەڵاش و شیری تازە لەژورێ دەھات.
ئیدی ئەوشەوە لەماڵی کوڕیژگەدا – کەناوی لیۆنکا زۆێف بو – ماینەوە و لەگەڵ باوکیدا ، کە پیرەمێردێکی کەم قسە بو و چاویلکەیەکی لەچاودا بو ، جگەرەمان کێشا و بەتەنیشت سۆبەکەوە لەسەر پوش و پەڵاشەکە ڕاکشاین.
دەنگی سیسرکە و لەنێو حەوشەکەش دەنگی قرخە قرخی خەوتنی مریشکەکان دەھات.
لای نیوەشەوێ لەخەو ھەستام گوێم لە دەنگێکی ژنانەی بەھێز و توند و لەھەمان کاتیشدا غەمگین بو کە کۆپڵەیەکی ئاشنای ئۆپێرای ( بی بی پیک) ی دەچڕی ، نەوای سەدان تاری ئۆرکێسترا ، دەنگی دەدایەوە.
ئەستێرەکان ، لەودیو شوشەی تەم گرتوی پەنجەرەکەوە ، دەلەرزین. سیسرکەکەش بەبیستنی ئەم ئاوازە ، وازی لە سیڕە سیڕ ھێنا و بێدەنگ بو.
دایکی لیۆنکا ، لەسەر سەکۆی نێو ژورەکەوە ، گوتی: دەنگی ئەم ڕادێویە ھەراسانت ناکا؟ ئەمە لیۆنکا خۆی دروستی کردوە ، پێموایە ناھێڵێ بنوی؟ من نازانم چۆن دەکوژێتەوە! ناچارم لیۆنکا ھەستێنم.
: نا پێویست ناکا ، لێی گەڕێ بابنوێ.
ژنە گوتی: بەڵام ئێمە بۆخۆمان حەزمان لێیە – لێرەدا بڕێک دەنگی ئارامتر بۆوە – زۆر حەزمان لێیە بزانین ئاخۆ گۆرانیەکانی مۆسکۆ چۆنن؟ ھەم لێڵ و ناڕۆشنن ھەم غەمگین و شادی بەخشیشن ، ھەرچەندە بەدرێژایی ڕۆژێ حەجمینم نیە ، بەڵام جاری وایە تا کەڵەبابی بەیانی دەقوقێنێ ، چاو لێک نانێم.
ئیدی بێدەنگ بو.
پێدەچو کە لەو کاتەدا زەردەخەنەیەک ھاتبێتە سەر لێوی – گوتی: ھەمو ئەمانە کاری لیۆنکان ، ھێند بزێوە دەیەوێ ھەمو شتێک بزانێ ، چۆتەوە سەر باوکی.
لەژنەکەم پرسی بۆ باوکی چۆنە؟
ژنە پرسیارەکەمی دوبارە کردەوە: سیمۆن چۆنە؟ سیمۆن لەساڵی ١٩١٨ وە ئەندامی حیزبە. ھەمو شتێکی ھەر بۆَ خەڵکە … ئامادەیە پاروی دەمی خۆی بکاتە دەمی خەڵکەوە و بۆخۆیشی خۆی بەکتێبان تێر بکا.
لای بەربەیان لە سەربردەی ژیانی سیمۆن زۆێف ، ئاگادار بوین. لەسەردەمی لاویەتیدا لەکارخانەی ڕستن و چنینی (لیسۆف) ، لەشاری (ڕیازان) ، کاری کردوە و کە لەو سەردەمەدا بەباشترین کارخانەی شار ئەژمار دەکرا. جل و بەرگی بۆ پارێزگار و ئەفسەران و نوێنەران و پارێزەران دەدوری. پارێزەرەکان جل و بەرگی تایبەت بە خۆیان دەویست و زۆێفیش شریتێکی ئاوریشمی بەپانتۆڵەکانیانەوە دەدوری. سەرەنجام بەھۆی ئەو کارەوە چاوەکانی توشی گرفت بون ، ئەو کارە حەوسەلە و توانا و وردبینیەکی زۆری دەویست.
لیسۆف ، پیرەمێردێکی خواناس بو ، ڕوخسارێکی مەیلەو سەوزی – کەدەتگوت ڕۆنی چرایە – ھەبو. ڕۆژ تا ئێوارێ سەرگەرمی خوێندنەوەی کتێبی ئاینی یان کتێبی ( مێژوی وڵاتی ڕوسیا) ی (کارامزین) بو. ھەزار ڕۆبڵی بۆ نوسین لەسەر چەندین پارچە تابلۆی چەدەنی تەرخان کرد ، کورتەیەک لە (مێژوو) ە کەی کارامزینی لەسەر تابلۆیان دەنوسی و پاشان بەدیواری ماڵەکانی نێو گەڕەکە پڕ لە تۆز و خۆڵەکانی شاردا ھەڵیدەواسی. لەژێر ھەموشیاندا نوسرابو: بڕوانە کتێبی (مێژوو) ی کارامزین ، بەرگی ئەوەندە ، لاپەڕەی ئەوەندە.
سیمۆن گوتی: من لە کتێەکانی کارامزینەوە دەستم پێکرد و لەکۆتاییشدا کەوتمە خوێندنەوەی وتارەکانی (لینین). دەکرێ بڵێی کە بانگەوازی لینین ، تەنانەت لەدورەدەست ترین شوێنی تەریک کەوتو ولاچەپەکدا بەھێز و کاریگەیەکی گەورەوە خۆی دەچەسپێنێ. ئەگەر مرۆڤ شەوێ بەرھەمێکی بخوێنێتەوە ، ئەوا بەیانی بێ دودڵی ، ناڕازیە و دێتە سەر شەقام. تۆز و خۆڵ ، قازەکان بەرەو لای جۆگە ئاوەکان دەچن ، دیواری دوکانی مەشروب فرۆشیەکە بە (لاک*) سور بوە ، دەنگی ناقوس لەکلیساکەوە دێتە بەرگوێ ، سواڵکەرەکان بەوپەڕی خۆ بەھەق زانینەوە لەسەر کۆبیکێک دەیکەنە ھەرا و یەکتر دەدەنە بەر گۆچان. بەکورتی ئیدی ئەمە ڕوسیای سەردەمی دەقنانوس بو ، بەڵام وتەگەلێکی تازە ، بەوێنەی بڵێسەیەکی نور ، لەبارەی ئایندەیەکی ھاوشێوەی خۆی لە مێشک دایە.
سمیۆن ، دوای سەرکەوتنی شۆڕش ، ھاتبوە ئەم گوندە کەناریە و لەکەناری دەریاچەکە کوختێکی بۆخۆی دروست کردبو. کەوتبوە ئاوەدان کردنەوە و پاک کردنەوەی بەشێکی زەویە جەنگەڵیەکە ، ئیدی ئێستا پێنج خێزان لەکەناری ئەم دەریاچەیەدا دەژین.
سبەی بەیانی ، لیۆنکا تا سەر جادەیەکی گەورە ڕێنمایی کردین.
خۆری سپی بەسەر جەنگەڵەوە – کە سەرتاپا ڕوت ببۆوە و گەڵای دارەکانی ھەڵوەریبون – دەدرەوشایەوە. بەھۆی ڕوناکیە ساردەکەیەوە ، گەڵا ھەڵوەریوەکان و سپیدارە کەوتوەکان ، دەبینران. ھەرکاتێ بایەکیش ھەڵیکردبا ، گەڵای دارەکان چەشنی بارانێکی بەخوڕ بەسەرماندا دەبارین.
دوای چەند ڕۆژێک ، لیۆنکا بە ھانکە ھانک و بەپەلە خۆی گەیاندەوە ئاواییە چکۆلانەکە و پارچەیەکی بچوکی تیژ و سوتاو و دوکەڵاوی (ئەستێرە کەوتوەکە) ی بەدەستەوە بو. ئەو پارچەیەی لەوسەری تەپۆڵکەکەوە ھێنابو.
ئیدی لەوکاتەوە لەگەڵ لیۆنکادا بومە ئاشنا ، حەزمدەکرد لەگەڵیدا بەنێو جەنگەڵەکەدا بگەڕێم. ئەو ، تەواوی کون و قوژبن و کوێرەڕێگاکانی نێو ئەو جەنگەڵە چۆڵە ، شارەزابو و ھەمو جۆرە گیایەک و بنەبنچک و ئاشنە و خارچک و گوڵەکان و دەنگی ھەمو باڵندە و دڕندەکانی دەناسی.
لیۆنکا ، یەکەمین کەس بو – لەنێو ئەو سەدان کەسەی کە دەمناسین – کەپێی گوتم : ماسی چۆن و لەکوێ دەخەوێ؟ دار کاژە کۆنەساڵەکان چۆن گوڵ دەکەن و جاڵجاڵۆکە بچوکەکان چۆن ھاوکات لەگەڵ باڵندە کۆچەریەکاندا لەوەرزی پایزدا کۆچ دەکەن؟. ئەو پێی گوتم کە جاڵجاڵۆکەکان خۆیان لە تەونی خۆیانەوە دەپێچن و کاتێکیش بایەکی بەھێز بەرەو باشور ھەڵدەکا ، خۆیان دەدەنە دەم ئەو بایە و سەدان کیلۆ مەتر دەیانبات.
لیۆنکا ، دو بەرگی لە کتێبێکی ( کایگۆردۆف) ی نوسەر ھەبو ، لەئەنجامی خوێندنەوەدا پەڕپوت ببون ، بێھودە ھەوڵی دەدا لەنێویاندا لە نھێنی کۆچی ساڵانەی جاڵجاڵۆکەکان تێبگا.
لیۆنکا دەیگوت: (تەنیا لەشتێک تێناگەم ، جاڵجاڵۆکە خۆی بچوکە ، بەڵام ئەگەر ئەو تەونەی کە دروستی دەکات ، کۆبکرێتەوە چل بەقەد قەبارەی خۆی دەبێت.
لیۆنکا ، بۆئەوەی ھەمو ڕۆژێ بگاتە قوتابخانە ، دەبوایە دە کیلۆمەتر ڕێگا ببڕێ. لەتەواوەی ئەو زستانەشدا تەنیا دو ڕۆژ نەیتوانیبو بچێتە قوتابخانە ، ئەویش لەئەنجامی ئەو بەفر و زریانەدا بو کەھەتا ئاستی سوانەی خانوەکە باری. بۆخۆی ھیچ کات حەزی نەدەکرد ئەمەی وەبیرکەوێتەوە ، شەرمی دەکرد.
لە وەرزی زستاندا کاتێ لیۆنکا لەماڵێ وەدەر دەکەوت ، دنیا تاریک بو ، ئەستێرەکان لەسەرمان دەلەرزین. گەڵای دارکاژەکان خشەخشیان دەھات. بەفر لەژێر پێیدا کرتەکرتی دەکرد و دڵی توند دەبو: نەکا گورگەکان گوێیان لێ بێت. گورگەکان لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستاندا دەھاتنە کەناری دەریاچەکە و لەژێر کۆمای گژ و گیاکاندا دەژیان.
لەھەموشی ناخۆشتر کۆتاییەکانی وەرزی پایز بو ، ئەوکاتانەی بەفر لەئەنجامی بارینی بارانێکی زۆردا نەرم و شل دەبۆوە و سەرجادەکانی دادەپۆشی و بایەکی بەھێز ھەڵیدەکرد و سەرما جەستەی مرۆڤی دەبەست.
لیۆنکا ، ھاوینانیش لەگەڵ دایکیدا زەوی دەکێڵا و بێستانی دەکرد و گیای دەدورییەوە.
سمیۆن کاری پێنەدەکرا ، لێدانی دڵی ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبو ، ڕەنگی دەگۆڕا و کۆخەیەکی وشک و درێژخایەن ، پڕزەی لێَ بڕیبو. ناولەپی دەستی بەسینگی خۆیدا دێنا و دەیگوت: (نەژیانم ھەیە ، نەئەوەشە بمرم ، ئەم ژیانە جاڵجاڵۆکەییە کوشتمی. دەرکەوت کە درەنگ شۆڕِش کرا ، ھەرچیەک بێت گرینگ نیە ، لیۆنکا ھەر کارێک بێت لەبری من دەیانکات).
* * *
لەگەڵ لیۆنکادا پەیمانی دۆستایەتیمان بەست ، زۆر کتێبم لەمۆسکۆوە بۆ دەنارد. ھەمو ساڵێکیش لەوەرزی پایزدا گەشتێکم بۆ ئەو لادێ بچوکە کەناریە ، دەکرد ، ئیدی خوم بەم گەشتە ساڵانەیەوە گرتبو.
ھەمیشە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو خۆم بەماڵیاندا دەکرد ، لەنێو ئەو بێدەنگیەی جەنگەڵدا دەڕۆیشتم ، جگە لەباڵندەی نێو جەنگەڵ ، لەگەڵ ھیچ شتێکی تردا بەرەو ڕو نەدەبومەوە ، مێرگوزارە دڵگیرەکان و پێچ و بادانەوەکانی جادە پڕ لە گژ و گیاکە ، بەتەواوی شارەزا ببوم. ھەمو دار کاژەکانی قەراغ جەنگەڵەکەم دەناسیەوە ، لیۆنکا فێری کردبوم ئەو شتانەم خۆش بوێت.
ھەمیشە سەروەختی تاریک و ڕونی ئێوارێ ، ئەو کاتانەی ئەستێرە ڕەنگ پەڕیوەکان ، پێشبینی شەوێکی ساردیان دەکرد و پێدەچو بۆنی دوکەڵ خۆشترین بۆنی دونیا بێت ، خۆم بەماڵیاندا دەکرد.
بۆنی دوکەڵ ، لەنزیک دەریاچەکە و لەنێو کوختێکی گەرم و پڕ لەباس و خواسی گەرم و شادی بەخش و گلەییە شیرنەکانی دایکی لیۆنکا و جێگا خەوێکی لە پوش و پەڵاش سازکراو و دەنگی جیڕجیڕە و شەوانی بێ کۆتایی ، کە من لەو شەوانەدا لەغەوغای تارەکان ، لە موزیکە دڵگیرەکانی (بتھۆڤن و ( ڤێردی) – کە لورەی لەرزۆکی گورە برسیەکانی کپ دەکرد – لەخەو ھەڵدەستام.
ھەرجارێ لیۆنکا لەکوختەکە دەھاتە دەرێ وپێشوازی لە من دەکرد ، شەرمی دەکرد خۆشحاڵی خۆی دەربڕێ ، تەنیا بەتوندی دەستی دەگوشیم.
دواتریش پێکەوە ماوەیەکی باش لەبارەی ئەو کتێبانەی کە خوێندبومانەوە و لەبارەی بەرھەم و داھاتی ساڵانە و ئەو کەسانەی کە زستان لەجەمسەری باکور گیریان خواردبو و لەبارەی خۆرگیران و ڕاوی مارماسیەوە ، دەکەوتینە گفتوگۆ. ئێمە بابەتی زۆَرمان ھەبو بۆ قسە کردن.
سمیۆن ، دوبارە لەبارەی گەنجێتی خۆی و ئەو خوێندکارانەی کە بڵاو کراوە نھێنیەکانیان دەبردە ڕیازان ، دەکەوتە قسە کردن.
بەم شێوەیە دۆستایەتی ئێمە پتەو تر دەبو. من لەھەر شوێنێک بوایەم ، دەمزانی سەرەتای پایز دەبێ بەرەو ئەو سەرزەمینە جەنگەڵیە بگەڕێمەوە. دەگەڕێمەوە و لیۆنکا و سمیۆن دەبینم و بەم شێوەیە و بەژیان کردن لەگەڵ ئەم خەڵکانەدا زیاتر و زیاتر ھەست دەکەم کە ژیان ساڵ بە ساڵ باشتر دەبێ.
ھەرچی زیاتر ھەست دەکەم کەڕۆژانێک بەڕێگاوەن کە تیایدا نائاگا دەبیستم چۆن جەنگەڵ لەژێر گڤەی ڕەشەبادا دەنگی ھاشە ھاشی دێتە بەرگوێ ، چۆن کانیاوە ساردەکان لەژێر چڵە ئاشنەکان دەیکەنە زەمزەمە ، لە نرخ و بایەخی ڕاستەقینەی کتێبەکان و بیرکردنەوە و ھاوڕێیەتی کوڕیژگەیەکی دێھاتی – کە سێ ساڵە ئارەزوی لەوەیە بێتە مۆسکۆ و میترۆ و کرملین و فیلی زیندوی نێو باخچەی گیانلەبەران ببینێ – تێدەگەم.
ھەمو ساڵێک ، کاتی گەڕانەوە ، لیۆنکا بەڕێمدەکا. ئەمساڵیش ھەر بەو شێوەیە بو. ترێنێکی باریک ، کەخەڵکی ناوچەکە ناویان لێناوە ( پیرە بارگیر) ، بەنێو جەنگەڵەکەدا دەخشێ.
باریکەڕێیەکان و دیمەنە ڕازاوە و ئەرخەوانیەکانی جەنگەڵە چڕەکە ، لەبەردەمماندا دەکاتەوە. لەیەکێک لەم باریکە ڕێیانەدا ، دروست بەتەنیشت ڕێگا ئاسنەکەوە ، لیۆنکا ڕاوەستاوە و کڵاوە لێواردارەکەی باوکی بەدەستەوەیە و ڕایدەوەشێنێ.
لۆکۆمۆتیڤ ، ھاوارێکی توڕەی لێ بەرزبۆوە. بەڵام لیۆنکا پێکەنی و ھاوارێکی بۆ کردم و گوتی: چاوەڕوانت دەبم ، من لەبارەی ھەموشتێکە نامەت بۆ دەنوسم و تۆش لەبیرت نەچێ کتێبەکەی (براھام) م بۆ بنێرە.
تاماوەیەکی زۆر ھەر لێمەوە دیاربو ، بەڕوخسارێکی جوانەوە ، بەنێو جەنگەڵە چڕ و شێدار و (گەس) ە پایزیەکاندا ، بەدوای شەمەندەفەرەکەدا ڕایدەکرد. ئەو ڕایدەکرد و جانتا پڕ لەکتێبەکەی ڕادەوەشاند و زەردەخەنەیەکی بێگەرد و شەرمنانەی دەدا بەڕوی من و خۆر جەنگەڵەکان و تەواوی دونیادا.
(ورچی گەورە*) یەکێک لەوێنە فەلەکیەکانی باکور.
(لاک*) شلەیەکی ڕەنگ سورە ، لە ھیندستان لە ھەندێک دارەوە دەستیان دەکەوێ.
سەرچاوە / نامە / نولھای معاسر شوروی / ترجمە / گامایون / بنگاە نشریات پروگرس / موسکو.