فیلمی سینەمای (ڤیزەی شنگن) لە کوردستانەوە بۆ ئیسپانیا پەیامێک ئاڕاستەی ھەموو جیھان دەکەن!.
(ھەڵکەوت مستەفا) : “لەگەڵ ھەردوو یانەی (ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە) دانیشتنم ئەنجامداوەو بەشداریی لەفیلمەکە دەکەن!”.
فیلمی سینەمای (ڤیزەی شنگن) ناونیشانی ئەو فیلمە سینەماییە کوردییە، کە لەلایەن ھونەرمەندی دەرھێنەر (ھەڵکەوت مستەفا)ـەوە دەرھێنانی بۆ دەکرێت، ئەو فیلمە جیا لە ھەموو کار و بەرھەمە سینەماییەکان، چیرۆکێکی کوردانەو وەرزشی لەخۆی دەگرێت، ئەو چیرۆکەیش لە کوردستانەوە دەست پێدەکات و بەبەشداریی ھەردوو یانە گەورەکەی جیھان و دوو یاریزانە ناودارەکەی دونیایی ئێستای تۆپی پێ، کە ئەوانیش بریتین لە (ریاڵ و بەرشە)ـو (مێسی و رۆناڵدۆ).
لەدیدارێکی تایبەتدا ھونەرمەند (ھەڵکەوت مستەفا) بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” تیشکی خستە سەر ناوەرۆک چەند لایەنێک لە بەرھەم ھێنانی ئەو فیلمە سینەماییە.
ناوەرۆکی ئەو فیلمە سینەماییە لەچی پێکھاتووە و بۆچی ناوی (ڤیزەی شنگن)ـت بۆ داناوە؟
چیرۆکی فیلمی سینەمای (ڤیزەی شنگن) باسی لە دوو لاوی کوردی کڵاشچنی ناوچەی ھەورامان دەکات، کە دوو جوت کڵاش بە شێوەیەکی تایبەت بۆ ھەردوو (میسی و رۆناڵدۆ) دروست کردووە، دوای ناردنی نامەیەک بانگھێشتێکیان لەلایەن ھەردوو یانەوە بەدەست دەگات، تا کو سەردانی وڵاتی ئیسپانیا بکەن و ئەو دوو جووت کڵاشەیان پێش کەش بکەن، بەڵام بۆ ئەنجمدانی ئەو گەشتە تووشی مل ملانێیەکی بەھێز دەبنەوە بۆ بەدەست ھێنانی (ڤیزەی شنگن) ئەوەیە ھۆکاری ناو لێنانی فیلمەکە لە ژێر ئەو ناویشانە”.
بە گوێرەی چیرۆکی ئەو فیلمە ھەردوو یانەی (بەرشە و ریاڵ) لەگەڵ ھەریەک لە یارزانان (کریستانۆ و مێسی) بەشدارن، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیت کردووە بە ھەردوو یانە و یاریزانەکانەوە ؟
بەڵی ماوەی ساڵێک زیاترە خەریکی پەیوەندیین، لەگەڵ ھەردوو یانەی (بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید)، لەگەڵ ھەردوو یانە دانیشتنمان کردووە و لەرێگەی (لیندا ستاین ھۆف) وەک بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو فیلمە لە ئەوروپا ئەو پەیوەندییە دروست بووە، ھەروەھا لەرێگەی (دابان شەدەڵە) نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ یانەی (ریاڵ مەدرید) دانیشتنی تایبەتیم ئەنجامداوە، خۆشبەختانە ھەردوو یانە پشتکگیری پرۆژەکە دەکەن و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە ھاوکارمان بن”.
لە ئێستادا کارەکان گەیشتۆتە چ قۆناغێک ؟
ھەنگاوی زۆر باشمان ھاویشتووە لە ئیسپانیا، تەنیا ئەو کۆمپانیایەی کە یارییەکانی خولی ئیسپانیا بەناوی کۆمپانیای (میدیا پۆردۆ)ـەوە، ئێمە پێویستمان بەوە ھەیە ستافێکی (٤٢) کەسی لە وێنەگر و کارمەندانی بەشی ھونەریی فیلمەکە بچنە نێو یاریگا بەکامێرای خۆمان و بە ھێلی کۆپتەر وێنەی یاریەکە بگرین، بەڵام ئەوان دەڵێن دبێ وێنە ڤیدیۆکان لە ئێمە بکڕنەوە، ئەوەش بۆ ئێمە ئەستەمە چونکە کارەکە گران دەوستێ ھەروەھا ئێمە خۆمان دەزانین چ جۆرە وێنەیەکی یارییەکەمان پێویستە”.
ئەی لەگەڵ یاریزانان (ڕۆناڵدۆ و میسی) دانیشتنت ئەنجامداوە، ئەوان رەزامەندیان نیشانداوە ؟
پەیوەندی کردن بە ھەردوو یاریزان (میسی و رۆناڵدۆ) زۆر ماندووی کردین، ماوەی نزیکەی ساڵێکی خایاند، دوای ئەوەی پەیوەندییمان کرد بە ھەردوو یاریزان، دڵیان بە پرۆژەکە خۆشبوو، ناوەرۆکی چیرۆکەکەیان خوێندۆتەوەو بەدڵیان بووە، تاکە شتێک کە پێیان خۆش نیە ئەویش بەشداربوونی ھەردووکیانە بەیەکەوە، لەوەیان تۆزێک دڵگرانن”.
بۆچی پێان ناخۆشە بەیەکەوە بەشداری بکەن و گرفتیان لە کارئەکتەرەکانە واتە دەمەوێ بپرسم رۆڵی یەکێک لە یەکێکیان باڵاترە و بەرچاو ترە لە فیلمەکە ؟
نەخێر رۆڵی ھەردووکیان بەیەکەوە دەست پێدەکات و رۆڵی ھیچ کامێکیان لەوەی تر باڵاتر نیە لە فیلمەکە، بەڵام ئەوان جگە لەوەی بەیەکەوە بەشدارن لەیەکێک لە دیمەنەکان بەیەکەوە لە ناو یەک ئوتومبیل دانیشتوون، ئەوەیان زۆر پێناخۆشەو قەبوڵیان نیە، بۆ چارەسەری ئەو کارە پەیوەندییم کردووە بە کۆمپانیایەکی بەریتانی بەناوی (فەیەک فەیس) بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو دیمەنەم بۆ بکەن، بە شێوەیەکی ھونەریی جوان ھەردووکیان لەو ئوتومبیلە دروستی بکەن، بۆ ئەو مەبەستە رەزامەندی تەواویان داوە”.
واتە گرفتەکە لەلایەن خودی (میسی و رۆناڵدۆ)ـیە یان یانەکانیانە ؟
لەلایەن یانەی (ریاڵ مەدرید)ـەوە زیاتر پێیان ناخۆشبوو، پێیان گوتم ئەگەر (کرسیتانۆ رۆناڵدۆ)ـش بریاری بدات لەگەڵ (لوێنێل میسی) ئەو کارە بکات، ئێمەین بڕیار دەدەین نەک (رۆناڵدۆ)، من لەو دانیشتنانەم بۆ دەرکەوتووە، ئەو دوو یارزانە ھەموو کارێکیان ھەموو ژیانیان لەلایەن خودی یانەکانیانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەپێی سیستەمی یانەکانیان دەجولێنەوە مامەڵە لەگەڵ ھەموو بارودۆخێک دەکەن”.
بڕی ئەو پارەیەی بۆ بەرھەم ھێنانی ئەو فیلمە دەگاتە چەند ؟
تا ئێستا ئەوەی کە حیسابمان بۆ کردووە، بوجەی گشتی بەرھەم ھێنانی، پێویستی بە بڕی ئەو پارەیە دەگاتە (٠٠٠ ٤٤٧٠) چوار ملیۆن و چوار سەد و حەفتا ھەزار دۆلار، جگە لەخەرجی ھەردوو یاریزان (رۆناڵدۆ و مێسی) تا ئێستاکە یەکڵایی نەکراوەتەوە، کۆمپانیای (فیلم ھاوسی نەرویجی) بری (٠٠٠ ١٠٠٠) یەک میلۆن دۆلاری داوە بۆ بەشدار بوون لە بەرھەم ھێنانی، کۆمپانیای (واید مانجمێنتی فەرەنسی) بۆ بڵاوکردنەوەی بڕی (٠٠٠ ١٠٠٠) یەک ملیۆن دۆلار بەشداریی کردووە، لەگەڵ دەزگای بەرھەم ھێنانی فیلمی (دەوحە تەربیکا)ـی لە قەتەر قسەمان کردووە، بەڵام ئەوان دەیانەوێ یەکەم مەراسیمی کردنەوەی فیلمەکە لە قەتەر بێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێ لە ئەوروپا بێت بۆیە تا ئێستاکە ریکە نەکەوتوین، بەشێکی پارەکە ماوە دابین بکرێت، کە ھیوادارم ئەوبەشە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە پاڵپشتی لێ بکرێت”.
واتە لە کوردستان تا ئێستاکە ھیچ پشتکگیریەکت بۆ فیلمەکە دروست نەبووە ؟
لە کوردستان لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان تا ئێستاکە نەگیشتوینەتە ھیچ ئاکامێک، لەرێگەی (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندەییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ھەفتەی رابردوودا لە وڵاتی نەرویژەوە نامەیەکمان ئاڕاستە کردووە، ھیوادارم ئامادەییان ھەبێت، چونکە ئەم فیلمە سینەماییە پەیامێکی گەورەی کوردستان دەگەینێتە ھەموو سینەماکانی دونیا، پەیامێک دەگەینێتە ھەموو جەماوەری (بەرشلۆنە و ریاڵ) لە ئیسپانیاو ھەموو دونیا، ھەروەھا لەگەڵ حکومەتی عێراقی لەپەیوەندی داین و رەنگە ئەوانیش بەشداربن”.
ئەی بەشداریی کردنی ھەردوو یاریزان (رۆناڵدۆ و میسی) وەک ئەکتەرێکی سینەمایی داوای چەند پارەیان کردووە؟
تا ئێستاکە نازانین، چونکە ئێمە زیاتر بابەتەکمان لە رێگەیەکی مرۆڤانەوە باسکردووە، پێمان گوتون ئێوە ھەوادارێکی زۆرتان ھەیە لەناو کورد، بە شێوەیەکی گشتی ئەو دوو یاریزانە ناکڕێن و بە ئێمەش ھەر ناکرێێن”.
لە ئیسپانیا کە زانیان ئەو بابەتە لە کوردستان و لەکوردەوە سەرچاوی گرتووە، ھیچ بۆچوونێک یا پێشنیارێکیان نەبوو بۆ ئەو بابەتە ؟
من ئەو بابەتەم کە ھەڵبژاردووە باس لە دوو یانە و دوو یاریزان دوو کەسایەتی دەکات، کە لە ئێستادا ھەموو جیھان چاودێریان دەکات، لەلای ئەوان بابەتێکی جوان بوو، ھیچ بۆچوونێکی خراپیان نەبوو کە لە کوردەوە ئەو بابەتە سەرچاوەی گرتووە، بۆ زانیاری خوێنەرن لە ئێستادا (٢٠٠) کۆمپانیا شەڕیانە چۆنە ببن بە سپۆنسەری ئەو دوو یانەیە، من تا نەچووم نەمزانی (ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە) چین، ھەردوو یاریزان (مێسی و رۆناڵدۆ) ژیانێکی ئیپمراتۆرانە بەسەر دەبەن، ئەوە ڕاستیەکە بە بێ ھیچ گومانێک”.
لە نێوان (بەرشە و ریاڵ) کامیان زیاتر ئاسنکارییان بۆ کردووی ؟
دوای ئەوەی یانەی (ریاڵ مەدرید) ئەو چوار قوتابخانەی لە ھەولێر کردەوە، نوێنەریان ھاتە کوردستان و ھەردوو ئەکتەرە کورتە باڵاکەیان بینی، سەفیری ئیسپانیا کڵاشی ھەورامی بەدیاری وەرگرت، بەڵێنی ھاوکاریی و ئاسانکاری زۆری پێداوین، ئەوە بۆخۆی پەیامێکی جوانیان ھەڵگرتووە، زۆریان پێخۆشبوو، دەتوانم بڵێم تا ئێستاکە لەلایەن (ریاڵ مەدرید)ـەوە ئاسنکاریی زیاتر بۆ ئەو پرۆژەیە کراوە، بەشێوەیەکی گشتی ھەردوو لا بەشدارن و ھاوکارن”.
بە پێی ئەو سیناریۆیەی بۆ ناوەرۆکی فیلمەکە دانراوە ماوەی فیلمەکە چەندە و بە چ زمانێک بەرھەم دەھێندرێت؟
ماوەی فیلمەکە بریتیە لە (١٠٠) خولەک و لەسەر ئاستی ھۆلیۆد بەرھەم دەھێندرێت، چەندیین کۆمپانیای ئەوروپی بەشداریی لە وێنەگرتن و مۆنتاژکردنی دەکەن و پرۆژەکە دەبێتەپرۆژەیەکی ھاوبەشی ھەریەک لە وڵاتانی (ئیسپانی، نەورویژی و فەرەنسی)، لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بڵاو دەکرێتەوە، بە زمانی کوردی بە شێوەیەکی سەرەکی بەرھەم دێت، زمانەکانی عەرەبی و ئینگلزی و ئیسپانی بەشدارن”.
باست لەوە کرد دوو کورتە باڵا بەشداریی دەکەن و ئەکتەری سەرەکین بۆچی ئەوانەت دەست نیشان کرد ؟
من ماوەی زیاتر لە یەک ساڵە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم و لەگەڵیان چەندیین رۆژ ژیاوم، سەفەرم لەگەڵ کردوون لەگەڵیان لەماڵەوەیان ژیاوم، کورتە باڵاکان خاوەنی دوینایەکی زۆر تایبەت و جوانن خەونی زۆر گەورەیان ھەیە، ئەو دوو کورتە باڵایەی من دەست نیشانم کردوون یەکێکیان بەڕاستی ھاندەری ریاڵە ئەوەی دیکەیان ھاندەری بەرشەیە، ئەو دوو کورتە باڵایە دەتوانن سەرنجی ھەموو دونیا رابکێشن و بە دوو کلاشی کوردییەوە، دوای نمایشکردنی ئەو فیلمە لە سینەماکانی جیھان دڵنیام کڵاشی ھەورامی لە ھەموو دونیا رەواجێکی زۆر گەورەی دەبێت بە تایبەتی دوای ئەوەی (میسی و رۆنالدۆ) لەپێی دەکەن!”.
ئەی لۆکێشنی دیمەنەکانی فیلمەکە لە کوێ وێنەی بۆ دەگیرێت ؟
لە کوردستانەوە دیمەنەکان دەست پێدەکات، بەشێکی لەناوچەی سەوزی بەغدا دەبێت، ھەروەھا بەشێکی زۆری لە وڵاتی ئیسپانیا وێنەی بۆ دەگیرێت”.
ھیچ پێشنیارێکت نەکردووە ئەو دوو یاریزانە بێنە کوردستان؟
من پێشنیاری ئەوەم کردووەو ئامانجی سەرەکیم ئەوەیە سەردانی کوردستان بکەن، بەتایبەتی لە کاتی مەراسیمی کردنەوەی فیلمەکە لە کوردستان، یەکێک لە ھەردووکیان ئامادەبن، بەڵام ئەوە کارێکی گەورەیە پێویستم بە پاڵپشتی حکومەتی ھەرێم و سیاسیەکانی کوردستان ھەیە، چونکە ئەوە تەنیا فیلمێکی ئاسایی نیە بەڵکو ئەوە پەیامێکی زۆر گەورەیە ھیوادارم ئەو پاڵپشتیە بە ھەنگاوی جددی ببینم و وەڵامی باشیان ھەبێت”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
سپۆت
دوای نمایشکردنی ئەو فیلمە لە سینەماکانی جیھان دڵنیام کڵاشی ھەورامی لە ھەموو دونیا ڕەواجێکی زۆر گەورەی دەبێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی (میسی و رۆنالدۆ) لەپێی دەکەن!”.
ھەردوو یاریزان (میسی و رۆناڵدۆ) دڵیان بە پرۆژەکە خۆشبوو ناوەرۆکی چیرۆکەکەیان خوێندۆتەوەو بەدڵیان بووە، تاکە شتێک کە پێیان خۆش نەبوو بەشداربوونی ھەردووکیانە بەیەکەوە لە فیلمەکە!”.