چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : گۆرانیبێژی لاو لۆکە زاھیر، لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (سڤیل) باس ئەلبوومە ئاینییەکەی دەکات کە لە حەوت تراک پێکھاتووە، سێ تراک بەدەنگی خۆی و سێ تراک بەدەنگی ھونەرمەند (میرا) و تراکێکیش بە دەنگی گۆرانیبێژێکی لاو بەناوی (ھونەر) گوتراوە،
کە سەرجەم ئاوازەکانی لەلایەن ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر دانراون و لەمانگی رەمەزان بڵاودەکرێتەوە، ئاشکراشی کرد لەبەرنامەیاندایە ھەموو ساڵێک ئەلبوومێکی دینی بکەن، لۆکە دەڵێ “نابێ مرۆڤ بە جلوبەرگ ببەستیەوە، من کەسێکی لە خواترسم و بڕوام بە بەرنامەی ئاینی ئیسلام ھەیە، لەرەمەزاندا نوێژ دەکەم و بەرۆژوو دەبم”.
سڤیل: چۆن بوو بیرۆکەی ئەوە دروست بوو گۆرانی دینی بکەی، کە سەیر دەکەین تەنیا گۆرانییەک نییە، بەڵکو سێ گۆرانی دینیت ئامادە کردووە؟
لۆکە: ھەمیشە پێم خۆشە کارێک بکەم جەماوەرەکەم پێشوازی لێ بکات لەناو کۆمەڵگادا چەندین حەز سەلیقەی جۆراوجۆر ھەیە گۆرانی ئایینیش بەشێکە لە حەزی خەڵکی، منیش بۆ خۆم خاوەنی پەیامی تایبەتیم پێم خۆشە لە ھەموو بوارەکاندا بە ھونەرەکەم کاری جوان پێشکەش بەجەماوەرەکەم بکەم.
سڤیل: بەڵام کە سەیر دەکەین سێ گۆرانی دیکەی دینی بۆ ھونەرمەند “میرا” کراوە، ھەروەھا گۆرانیەکیش بۆ گۆرانیبێژێکی تازەی لاو “ھونەر” کراوە، کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت ئەوە بیرۆکەی ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر بووە بۆ گۆرانیبێژەکانی خۆی بکات نەک بیرۆکەی تۆ.. وایە؟
لۆکە: ھەمیشە باگراوندی ئێمە بریتییە لە داھێنەر مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر ئێمەش بۆخۆمان رامان ھەیە و سەرنجەکانمان وەردەگیری و ھونەرمەند میرا حەزێکی ھەمیشەی ھەیە بۆ گۆرانی دینی وەک پارساڵ بە بەرھەمێکی بەتوانا بۆیەکەمجار لەبەرھەمەکانی مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر لە بواری گۆرانی ئاینی بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی زۆری لێکراو بووە ھەوێنی لەدایکبوونی ئەم ئەلبوومەی من و کاک میرا. ھەروەھا کاک ھونەریش بۆخۆشم حەزم کرد جەماوەرەکەم بەسەر بکەمەوە لەو بوارەدا.
سڤیل: پێش تۆ لەلایەن گۆرانیبێژەکانی دیکەوە گۆرانی دینی زۆر کراوە، ئەمەی تۆ چ جیاوازییەکی دەبێت لەگەڵ ئەوانی دیکە؟
لۆکە: من دەمەوێت قسە لەسەر کاری خۆمان بکەم و مامۆستا ھەڵکەوت بە شێوەیەکی زۆر تایبەت و نزیک لەموزیکی ئاینی توانیویەتی ئەو گۆرانیانەم بۆ دروست بکات پێم وایە ستانداردێکی تایبەت بە گۆرانی ئاینی رەچاو کردووە و بەو شێوەیە بەرھەمەکانمان زۆر پڕۆفشوناڵە، بێگومانم دەتوانم بڵێم گۆڕانکاریمان لە چۆنیەتی گۆرانی ئاینی لە کوردستان کردووە.
سڤیل: ھەر بۆ ئەمساڵ ئەلبوومی ئاینی دەکەن؟
لۆکە: ئێمە ھەوڵدەدەین بۆ ساڵی ئایندەش بەرھەمێکی لەو جۆرە بکەین و ھیوادارم دەرفەت ھەبێت بتوانین ئەو کارە بە ئەنجام بگەێنین.
سڤیل: بیروباوەرت لەسەر ئایین چۆنە؟
لۆکە: زۆر باشە و ئایین بە شێکی گرنگی ژیانمانە و و من بەڕێزەوە دەڕوانمە بەرنامەکانی
سڤیل: لەگەڵ نوێژ و رۆژوو چۆنی؟ ئەی لەگەڵ قورئان خوێندن چۆنی؟
لۆکە: سوپاس بۆ خوای گەورە و نیازم ھەیە بۆ ئایندە، بەڵام ھێشتا زووە قسەی لەسەر بکەم.
سڤیل: لۆکە خان رەنگە خەڵکانێک ھەبن وا بڵێن کە ئەگەر لۆکە گۆرانی ئاینیش بڵێ و حیجابیش مانای ئەوە نییە لۆکە کەسێکی نوێژکەر و رۆژووگر و قورئان خوێن بێت، بەڵکو لەسەر داوای خەڵک گۆرانی دینیت کردووە و حیجابەکەش ھەر بۆ تەمسیل و کلیپە؟
لۆکە: نابێ مرۆڤ جلوبەرگ ببەستێتەوە بە بڕیاردان لەسەر ژیانی و مەبدەئی ئاینی من ھەر جلێک لەبەرکەم ڕێزو خۆشەویستم بۆ ئاین ھەیە و بۆ ھەمیشە دەڵێم من کەسێکی لە خواترسم و بڕوام بە بەرنامەی ئاینی ئیسلام ھەیە، نوێژ دەکەم و بەرۆژوو دەبم، لەوانەیە چەند ساڵی دیکە بەیەکجاری حیجاب بکەم، ھەرکارێکی ھونەر دەکەم بۆ ھونەرە، بۆ مرۆڤایەتییە.
سڤیل: جگە لە دەنگخۆشیت، بەڵام بەھۆی جوانیەکەشتەوە کلیپەکانت بینەرێکی زۆریان ھەیە، تۆ لەو بڕوایەدای ئەگەر حیجاب بکەی بە ھێندەی کلیپەکانی پێشووت بینەرت ھەبێت و سەیرت بکەن، چونکە حیجاب جوانییەکەت دەشارێتەوە؟
لۆکە: من وای دەبینم پێشوازی باش دەکرێت لەو کلیپانەشم.
سڤیل: حیزبە ئیسلامییەکان بۆ ئەلبوومە ئاینییە ھاوکاریان کردوون؟
لۆکە: نەخێر ھیچ کەس و ھیچ لایەنێک و ھیچ کۆمپانیایەک ھاوکاری نەکردووین، تەنیا مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر ھاوکاری تەواوی ئەم پڕۆژەیەی کردووە بە کارەکان و ھەموو پێداویستییەکانی.
سڤیل: ئەگەر بێینە سەر گۆرانییە فارسیەکەت، کە دەنگدانەوەیەکی باشی ھەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەخنەی ئەوە گیرا کە ئاوازەکەتان لە گۆرانییەکەی فارسی وەرگرتووە؟ وەڵامت بۆ ئەوە چییە؟
لۆکە: جا چ کارێک رەخنەی لێ نەگیراوە، با بێن نۆتەی ھەر دوو گۆرانییەکە بنوسنەوە ئەگەر لەیەکچوو ئامادەم واز لە گۆرانی بێنم، خۆناکرێت لەبەر ئەوەی مەقامی سێگایە و رتمی شەشە لەسەر ھەشتە ئەوا بەکار نەھێنرێت ھەموو جۆرە لەیەکچوونی مەقام و رتم ئەو ھەستە بە لەیەکچوونی دوو گۆرانی دەبینرێ، نەک بەو واتایەی ئاوازەکەی ھێنرا بیچت مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر زۆر لەوە بەتواناترە کە ئەو رەخنەی لێ بگیرێ، لەلایەن زۆر لە ھونەمەندانی فارس دەست خۆشی لێ کرا کەسێکیان نەھات ئەو قسەیە بکات، جگە لەدەستخۆشی لە مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر و من .وەکاری تۆمارکردنیش لە وڵاتی ئێران کراوە بۆ ئەوان ئەوشتانە ناڵێن.
سڤیل: دوای سەرکەوتن لە گۆرانییە فارسیەکەت، لەبەرنامەتدا ھەیە گۆرانییەکی دیکە بە فارسی بکەیتەوە؟
لۆکە: کات و زەمەن دەزانێ و بە پێ بەرنامەی کە خۆمان دامان ناوە.
سڤیل: بەردەوام ھونەرمەندان باس لەوە دەکەن لە ئەنجامی نەبوونی ھاوکاری و پشتگیری حکومەت و کۆمپانیاکان ناتوانن ئەلبووم بکەن، تەنانەت بە دوو ساڵ ئەلبوومێک ناکەن، بەڵام تۆ ساڵی پار دوو ئەلبوومت بڵاوکردەوە و ئەمساڵیش سێ ئەلبووم بڵاودەکەیتەوە، کە ئەلبوومێکی گۆرانی سۆرانی و ئەلبوومێکی بادینی و ئەلبوومێکی دینییە، چۆن خەرجی بەرھەم ھێنانی ئەو ئەلبوومانە دابین دەکەی؟
لۆکە: من سەرجەم داھاتی رکلام و کۆنسێرتەکانم بۆ کاری ھونەری دادەنێم و ئێستاش دەڵێم بە ھیچ شێوەیەک نە حکومەت و نەوەزارەتی رۆشنبیری ھیچ ھاوکاریەکی منی نەکردووە، تەنیا دەمەوێ ئەوە بڵێم لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی کوردستان بەھۆی چالاکی ھەمەڕەنگە زۆرتر دەرفەت ھەبوو بۆ ھاتنە پێشەوەی ئافرەت لە بوارە جیا جیاکاندا و ھەندێ پشتگیری و سپۆنسەر دەھاتە پێشەوە بۆ کارەکانمان و وەمن چەندین کۆمپانیا ھەیە ھاوکاری منیان کردووە بۆ بەرھەم ھێنانی بەرھەمەمانم سوپاسیان دەکەم.
سڤیل: دەڵێن لۆکە لە کلیپ و لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنەکاندا بەجوانی خۆی زۆر ناز دەکات؟
لۆکە: وانییە من زۆر سادەم ھەڵسوکەوت و کەسایەتم زۆر ئارامە، ئەی خۆت کاک زانا ئەمە نابینی بۆ چەند جارێک چاوپێکەوتنت لەگەڵم کردووە.
سڤیل: ھیوادارم تەندروست باش بی، بەڵام وەک پرسیار دەپرسم ئایا ھیچ نەخۆشییەک ھەیە، وەک ددانئیشان یاخود پشتئیشان یاخود ھەر نەخۆشییەکی دی؟
لۆکە: وەڵا ھەندێ جار سەر ئێشەم ھەیە زۆر ناخۆشییشە.
سڤیل: لەو بارودۆخە سیاسیەی کە کوردستانی گرتۆتەوە، ئایا لەگەڵ بیروبۆچوونەکانی دەسەڵاتی یاخود ئۆپۆزسیۆن؟
لۆکە: من ھەرئەوەندە دەڵێم خەونی من بوونی ئاشتیە بۆ کوردستان گونجاندنی ھەموو لایەنەکەنە پێکەوە، تەنھا دەمەوێت بڵێم ھیوادارم زۆرتر بیر لە خواستەکانی گەنج بکرێتەوە و داواش دەکەم ھەموو لایەنەکان بیر بکەنەوە لە میدیای پاک، قەت لە میدیا حیزبیەکان رازی نیم، ھیوادارم ھەنگاوی چاکسازی بۆ ئەم میدیایەنەش بنێ کە کەوتوونەتە دژایەتی نەوەی نۆی و کەسانی بەتوانا و داھێنەر… ماڵەکەنمان ئەوکات یەکگرتوو دەبێت کە وشەی جوان راستگۆی و میدیای ھاوچەرخ و بێنە ناو ماڵەکانمانەوە، چیتر مۆدێلی ئەو تەلەفزیۆنە ھەمەجۆرانە نەماوە، سوپاس بۆ تۆ و سوپاس بۆ گۆڤاری (سڤیل) و خوێنەرانی، لێرەوە پیرۆزبایی ھاتنی مانگی رەمەزان لەھەموو لایەک خەڵکی کوردستان پیرۆز دەکەم.