چاوپێکەوتنى: زانا دڵشاد دزەیى : بەپێچەوانەى ئەو کچانەى لە شوفێرى دەترسن، لۆکە سەیارەى “هەمەر”ى هەیە و شوفێرێکى بێترس و زۆر لێهاتووە، ئەوەى لەگەڵیشى سواربێت هەست بە ترس ناکات. لۆکە زاهیر، کە یەکێک لە گۆرانیبێژە شۆخ و شەنگەکانى کورد ناسراوە، خاوەن دوو ئەلبوومى بڵاوکرایەوەیە، چەند مانێگە بە هۆى سەرقاڵى ئەلبوومى سێیەمى لە شارى هەولێرە، لەو چاوپێکەوتنەى لەگەڵ (سڤیل) ئەوە ئاشکرا دەکات، کە لە کوردستان سەیارەى “هەمەڕ”ى کڕیوە، دەڵێت “من قەت شوفێرێکى ترسنۆک نەبووم، زیاتر بۆ 4 ساڵ دەچێت مۆڵەتى شوفێریم دەرهێناوە”.
سڤیل: سەرەتا پیرۆزبایت لێ دەکەین، وەک دەزانین سەیارەیەکى جۆرە “هەمەڕ”ت کڕیووە، شوفێرێکى لێهاتووى یاخود ترسنۆکى؟
لۆکە: من قەت ترسنۆک نەبووم و ترسنۆکیش نابم، من مۆڵەتی شۆفێری هەیە و زیاتر بۆ 4 ساڵ دەچێت دەرم هێناوە.
سڤیل: رۆژنامەنووس “وشیار ئەحمەد ئەسوەد” لە نووسینێکى خۆیدا، کە لە گۆڤارى (سڤیل) بڵاوکرایەوە، دەڵێت “بە گشتى لۆکە لە ئەلبوومى هەبوونەبوو دەرەقەتى ریتمە خاوەکان نەهاتووە و گۆڕانگارى زۆر کەمى کردووە”. هەروەها دەڵێت “نەدەبوو لۆکە و دکتۆرە بەلقیس بەیەکەوە گۆرانى بڵێن، ئەو دوو دەنگە ئاوێتە یەک نابن”. تۆ لەو بارەیەوە رات چییە؟
لۆکە: من ڕێزم هەیە بۆ هەموو بۆچوونێک، هەموو کەس ئازادە لەڕای خۆی، کاک وشیار کەسێکی شارەزایە، بەڵام پێم وایە دەبوو زیاتر بە وردی گوێبیستی بەرهەمەکان بووایە، من توانیم گۆڕانکاری باش بکەم، لە ریتمە خاوەکان هیچ کێشەیەکم نەبووە، هەروەها دەنگى “دکتۆرە بەلقیس”م زۆر پێخۆشە و جۆری دەنگمان گونجاوە، بۆیە بیرمان لێکردووە، تائێستاش سۆزێکی زۆر خۆش لە دەنگی “دکتۆرە بەلقیس” هەیە.
سڤیل: حەزت لە گۆرانى سلۆیە یاخود هەڵپەرکێ؟ لە کامەیان خۆت بەسەرکەوتوو دەزانى؟
لۆکە: من حەز لە هەموو جۆرەکانی گۆرانییە، سلۆ بەشێکە لە سروشتی من، هەڵپەرکێش خۆشە بۆ دڵخۆشکردنی جەماوەری خۆشەویست، پێم وایە توانیوومە لە هەموو شێوازەکان کار بکەم، خۆشبەختانە بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراوە.
+ بۆچى تەنیا لەگەڵ “میرا” گۆرانى دوێتت کردووە؟
لۆکە: هونەرمەند “میرا” یەکێکە لە دەنگە باشەکانی ئێستا و جۆری دەنگمان زۆر گونجاوە، هەرکات پرۆژەی دوێت بێتەپێشەوە مامۆستا هەڵکەوت زاهیر پێى شیاوبێ و خۆشم پەسەندی بکەم لاریم نابێ.
سڤیل: هەوڵتنەداوە لە کەناڵى رۆتانا رێککەوتن بکەى و کلیپەکانت لەوێوە بەرهەم بێنى؟
لۆکە: هەموو کارێک قۆناغێک و کاتی زەمەنی خۆی هەیە، لە داهاتوودا پرۆژەم دەبێت، پێم خۆشە کاتی تەواوبوونی کارەکە، ئینجا قسەی لەسەر بکەم.
سڤیل: ئەو جەماوەرەى کە لە کۆنسێرتەکەى سلێمانى ئێوە ئامادەبوون، بڕوات وایە ئەگەر لە هەولێر کۆنسێرت بکەن، بە هەمانشێوە جەماوەر کۆبکەنەوە؟
لۆکە: سەرەتا سوپاسی جەماوەری خۆشەویستی سلێمانی دەکەم، کە پێشوازییەکی زۆر گەرمان لێکرا، هیوادارم ئەگەر لە هەولێریش کۆنسێرتێکمان گێڕا بە هەمانشێوە بێت، بێگومانم جەماوەری شاری هەولێری خۆشەویست هونەردۆستن و هەندێ پرۆگرامیشمان کردووە.
سڤیل: ناوى ئەسڵیت چییە، راستە دەڵێن ناوى ئەسڵی تۆ “خەجێ”یە؟
لۆکە: بەپێکەنینەوە، ناوەڵڵا ناوم “خەجێ” نییە، ئەو ناوەت لە کوێ هێناوە، بەڵام “خەجێ” ناوێکی زۆر خۆشە لەلام، من ناوم “لۆکە”یە و هەر لە منداڵیەوە ئەو ناوەم هەیە.
سڤیل: تۆ لەگۆرانییەکت دەڵێى “من لۆکەم گەر نامناسى.. شارپڕە لە دەنگوباسى.. دنیا بۆمن شێت بووە.. چۆن تۆ هەر نامناسى”. باشە چۆن زانیووتە دنیا بۆت شێت بووە؟
لۆکە: بۆ پێت وایە وانەبێ! هێندە جەماوەری خۆشەویستی کوردستان خۆشەویستیمان دەدەنێ بێگومان هەست بە خۆشەویستی خەڵک دەکەم، بۆ هەر کوێ دەچین رێزمان لێ دەگرن.
سڤیل: دەڵێن لۆکە زۆر حەزى لە خەوى بەیانیانە، وایە؟
لۆکە: بەخوا ئەو کەسەی وایى پێگوتى راست دەکات، خەوی بەیانیان زۆر خۆشە و تادرەنگ دەخەوم، بەڵام مامۆستا هەڵکەوت زاهیر پێی ناخۆشە، حەز دەکات لە سەعات 9 هەڵسین و لە سەعات 10 دەست بەپرۆڤەکردن بکەین، هەندێجار لەبەر خەوى بەیانیان خۆمان لە پرۆڤەکردنى مامۆستا هەڵکەوت زاهیر دەشارینەوە.
سڤیل: هەموو هونەرمەندێک لەهەر کلیپێک بە دیزانێک دەردەکەوێت، بەڵام تۆ بۆچى لە هەموو کلیپەکانت هیچ گۆڕانکارییەک لەرەنگى قژت ناکەى، لە کلیپێکت یاخود لە دەرکەوتنێکدا رەنگى قژت نەگۆڕیوە، نابێت ئەگەر جارێک بە قژى زەرد دەربکەوى؟
لۆکە: بڕواناکەم شتی وا رووبدات، مەگەر کارێکی پێویست بە سیناریۆی کلیپەکەوە بێت نەتوانم بیگۆڕم، رەنگی رەشم پێجوانە و پێم خۆشە هەروا بمێنێ، بەڵام کە کارێکی هاتە پێشەوە و پێویستی کرد ئەوکات بڕیاری بۆ دەدەین.
سڤیل: باشە ئەى بۆچى بە جلى کوردى کلیپت نەکردووە؟
لۆکە: من حەزم لە جلی کوردی هەیە، دیزانی ئەلبومی سێەیەمم بە جلی کوردیەوە وێنەم گرتووە.
سڤیل: لەو سێ ساڵەى رابردووى کارى هونەریت، چ شتێک عاجزى کردووى؟
لۆکە: ماندووبوونێکی ئێجگار زۆر هەندێجار گۆڤار و رۆژنامە سایتەکان ماندوویان کردووین بە نووسین و بڵاوکردنەوەی وێنەى دەستکارى کراوى ئێمە، زۆر دڵگران بووین، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا بوونی مامۆستا هەڵکەوت زاهیر، هەموو رووداوە ناخۆشییەکانی لەبیر بردووینەتەوە و زۆر خەم خۆری ئێمەیە.
سڤیل: خەڵک زۆر دەپرسن لۆکە لە نزیکەوەش هەر وا جوانە؟
لۆکە: ئەی تۆ وا سەیرم ناکەی؟ باشە خۆت بڕیاربدە کاک زانا لەنزیکەوەش جوانم یان نا؟