م. عه‌ونی خۆشناو
له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا، له ڕوانگه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی و پێگه‌ی گرنگی سه‌رۆکه‌کان له کۆمه‌ڵگادا، به‌شێک له هاووڵاتیان و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا به بایه‌خ و گرنگی و هه‌ستیارییه‌وه ده‌ڕواننه په‌یام و لێدوانی سه‌رۆکه‌کان له هه‌مبه‌ر پرسه چاره‌نووسسازه‌کاندا، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر په‌یام و لێدوانه‌کان ساده و ساکار و ڕوون و دیاریش بێت،
به‌ڵام هه‌ریه‌که‌و به گوێره‌ی میتۆد و تێڕوانینی خۆی شیکاری و شڕۆڤه‌ی ده‌کات، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قه‌یڕانه‌ی هه‌رێم تیشکی خسته سه‌ر هه‌ردوو پرۆژه یاسای درێژکردنه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی و هه‌رێم و په‌رله‌مان و گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان، منیش له په‌راوێزی په‌یامه‌که‌دا به پێویستمزانی ئاماژه‌یه‌ک به ووشه و ڕسته و بڕگه‌کانی په‌یامه‌که بده‌م..
1. پێشمه‌رگایه‌تی
له ده‌ستپێکی په‌یامه‌که‌ی بارزانیدا خۆشحالی ده‌ربڕین و شانازیکردنبوو، به‌وه‌ی که له ته‌مه‌نی لاوی‌دا پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بووه، دیاره پێشمه‌رگه بوون لای دڵسۆزانی گه‌ل و نیشتمان شانازی و سه‌روه‌رییه‌کی مه‌زن و سه‌رمایه‌کی گران به‌هایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌دیده‌کرێت له ماوه‌ی حوکمڕانی سه‌رۆکایه‌تی به‌ڕێزیاندا، که هه‌شت ساڵ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بوو، وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی سه‌رۆک ئیڕاده‌یه‌کی به‌هێز نه‌بوو بۆ یه‌کخستن و ڕێکخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له سه‌ر بنه‌مای هێزێکی نیشتمانی دوور له بنه‌ما حزبیه‌کان بۆ به‌رز و پیرۆز ڕاگرتنی ناوی پێشمه‌رگه، هه‌روه‌ها چاکسازی و پاکسازی له نێو لیستی خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌دا، که ده‌یان خیانه‌تکار له ڕێگای نووسراوی ئه‌م به‌رپرس و ئه‌و به‌رپرس له نێو لیسته‌کان بوونی هه‌یه، ده‌سته‌به‌رنه‌کردنی ماف و ژیان و گوزه‌رانێکی شایسته به خه‌بات و ماندووبوون و کۆڵنه‌دانی پێشمه‌رگه، به شێوازێکی یه‌کسان و دادپه‌روه‌رانه له نێوان سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه دێرینه‌کانی هێزو لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستان له سه‌رده‌می ڕۆژانی سه‌ختی خه‌باتدا، ده‌کرا له سایه‌ی حوکمڕانی به‌ڕێزتاندا وه‌ک ڕیزلێنان و وه‌فادارییه‌ک بۆ پێشمه‌رگه، ئه‌و ئه‌رکه‌تان جێبه‌جێ کردبا!!
2. دیموکراسی
یه‌کێ له دروشم و په‌یامی هێزو بزاڤه سیاسییه‌کانی کوردستان دیموکراسی بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاکو ئێستا ئه‌و دروشمه وه‌ک خۆی جێبه‌جێ نه‌کراوه، چونکه کوردستان له قۆناغی گوزه‌ری دیموکراسییه، نه‌وه‌ک ووڵات و پێگه‌یه‌کی دیموکراسی، هه‌ندێ له بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی دیموکراسی پێشێلکراوه و وه‌ک یه‌ک له‌سه‌ر سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی کوردستان په‌یڕه‌و ناکرێت، بۆ نموونه هه‌موومان له‌به‌رده‌م یاسادا وه‌ک یه‌ک نین!! ئازادی ڕاده‌ربڕین و ئازادی بیروڕا و ئازادی ئایدیا، ئه‌و چه‌مکانه هێشتا خه‌ڵک له‌سه‌ری ئازار ده‌درێت!! له میانه‌ی ئاخافتنی به‌ڕێزتاندا باسی ده‌ستاوده‌ستکردنی دهسهڵاتانکرد له ڕێگای سندوقه‌کانی ده‌نگداندا، فه‌رمووت نابێت ڕێگه بدرێت سه‌رۆکی هه‌تاهه‌تایی هه‌بێت له کوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌یڤ و ئاخافتنانه بوون به کردار له دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی درێژکراوی سهرۆکایهتیتاندا، ئه‌وه ده‌بێته جێگای ڕه‌زامه‌ندی و خۆشحالی هه‌موو لایه‌ک، هه‌نگاو به هه‌نگاو به هاوکاری پشتیوانی هه‌موو لایه‌ک ده‌توانین ئه‌و به‌ربه‌ستانه ببڕین و کوردستان بکرێته سه‌کۆیه‌کی ئازاد و پێگه‌یه‌کی دیموکراسی فراوان له ڕۆژهه‌لاتی ناوین..
3. ده‌ستور و سازانی نیشتمانی..
له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ستور گرێبه‌ست و ڕێکه‌وتنێکی کۆمه‌لایه‌تی نێوان پێکهاته و ئایدیاکانه، ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌کان پێکه‌وه بسازێن له‌سه‌ر سه‌رجه‌م بڕگه و مادده‌کانی نێو ده‌ستور، چونکه ده‌ستور ده‌بێ ببێته هۆکاری کۆکه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێکهاته‌کان، نه‌وه‌ک لێکترازانی گه‌ل، بۆیه ده‌بێت هه‌موو لایه‌ک له ڕه‌هه‌ندی نیشتمانی بڕواننه ده‌ستور، نه‌وه‌ک ده‌سکه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبایه‌تی!! له سۆنگه‌ی گۆڕانکاریه‌کان پێویسته بڕگه و مادده‌کانی ڕه‌شنووسی ده‌ستور هه‌موار بکرێته‌وه له لایه‌ن لیژنه‌یه‌کی پسپۆر به‌و بواره‌و به هه‌ماهه‌نگی و ڕاوێژکردن له‌گه‌ل سه‌رجه‌م فڕاکسیۆنه‌کانی په‌رله‌مان و هێزو لایه‌نه سیاسییه‌کان و پێکهاته‌کانی گه‌ل، دوای هه‌موارکردن و گه‌یشتن به ڕێککه‌وتن، په‌رله‌مان په‌سندی بکات و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان له ڕێگای ڕاپرسییه‌کی ئازاده‌وه ده‌نگ و ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات ..
4. درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان..
دوا بڕگه‌ی په‌یامی به‌ڕێز بارزانی ده‌رباره‌ی په‌سندکردنی یاساکانی په‌رله‌مان، له‌هه‌مبه‌ر درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و درێژکردنه‌وه‌ی خولی سێیه‌می په‌رله‌مان، به گوێره‌ی تێڕوانین و لێکدانه‌وه‌ی من وه‌ک شڕۆڤهکارێک، ئه‌گه‌ر په‌یامه‌که وه‌ک ده‌ربڕینه‌که ڕاڤه‌ی بکه‌ین، درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم کاتییه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان بوو به یاسا و ده‌ستکه‌وتێکی مه‌زن و ستراتیژی بۆ کوردستان، ئه‌و سه‌روه‌رییه بۆ ئه‌وانه تۆمار ده‌کرێت، که هه‌ڵگری ده‌سته‌واژه‌ی سازان و خاوه‌نی چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانه سیاسییه گه‌وره‌ی هه‌رێمی کوردستانن، له کۆتایی بابه‌ته‌که‌دا به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ده‌گه‌ڕیین:..
ئایا په‌یامه‌که‌ی به‌ڕێز بارزانی له گۆشه‌نیگای نه‌ته‌وه‌ییه‌وه به‌ره‌و کام ئاراسته هه‌نگاو ده‌نێت؟ هیچ درز و که‌له‌به‌رێک له په‌یامه‌که به‌دی ده‌کرێت؟ تاکو له‌و گۆشه نیگایه‌وه له ئاینده هه‌رلایه‌نه‌و به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبایه‌تی ڕاڤه‌ی بکات؟ یاخود په‌یامێکی ڕاست و دروسته هیچ شڕۆڤه‌یه‌ک هه‌ڵناگرێت، چونکه به یاسا هه‌موو پرسه‌کان ڕێکخراون وه‌ک پرسی سه‌رۆک و کۆتایی هاتنی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی به‌ڕێز بارزانی له پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمدا و پرسی سیسته‌می حوکمڕانی و پرسی هه‌موارکردنه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستور، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه وه‌ک خۆی جێبه‌جێکرا، ئه‌وه پێویسته هه‌مووان وێڕای ئایدیای جیاواز سوپاس و ستایشی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی بکه‌ین، که ههنگاوێکی بوێرانه‌ی ناوه له چاره‌سه‌رکردنی پرسه چاره‌نووسسازه‌کاندا له پرۆسه‌ی حوکمڕانی کوردستاندا.
م. عه‌ونی خۆشناو
هۆڵه‌ندا / لاهای