ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
وانه‌كانی ژیان :
له كۆتایی مانگی نیسانی 1982 باره‌گای حزبمان { حزبی شیوعی عێراق} له دێی دولكان بوو من هاورێ نه‌سره‌دین عابید هه‌ورامی پێكه‌وه بووین و رۆژێكیان نامه‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تی هات و نه‌سره‌دین نامه‌كه‌ی كرده‌وه‌و وتی له سه‌ركردایه‌تی داوات ئه‌كه‌ن به زووترین كات بگه‌ێته پشتاشان و، له پاش یه‌ك دوو رۆژ كه‌وتمه‌رێ به‌ره‌و نۆكان و، له‌وێ له گه‌ڵ هاورێ ابراهیمی سۆفی ( بابی تارا) یه‌كمانگرته‌وه‌و ئه‌ویش داواكرابوو، شه‌و له نۆكان نووستم كه رۆژ بووه‌وه كه‌وتینه‌رێ ، من و سێ چوار هاورێ و دیلێك به پیاده‌و بابی تارا به سواری هێستر له به‌ر ئازاره‌كانی قاچی كه له شه‌ری سنه تووشی بوو، بۆ ئێواره گه‌یشتینه پشتاشان و، له‌وێ هاورێ بابی تارا بوو به لێپرسراوی جوله پێكردنی سه‌ربازی ( حركات عسكریه) و، منیش بۆ راگه‌یاندنی ناوه‌ندی ـ به شی سه‌ربازی { پێشمهركاتی} له گه‌ڵ هاورێیان شاعیری گه‌وره گه‌له‌كه‌مان ئه‌حمه‌د دڵزارو ئه‌فراسیاو سدیق شاوه‌ێس { حه‌مه ره‌شید} و هاوری سه‌لیم ئیسماعیل ( ابو عوطف) ئه‌ندامی كۆمیته ناوه‌ندی بوو به به‌رپرس.
له گه‌رمه‌ی هاویندا له سه‌ره‌تای مانگی ئاب 1982 كۆمه‌ڵێك لاوی هه‌ولێرو ده‌ورو به‌ری هاتن بۆ پێشمه‌رگایه‌تی و، ئه‌و كات هاوری بابی سه‌لام { به‌هادین نوری} به‌رپرسی سیاسی هێزی پێشمه‌رگه بوو هات بۆ لام و وتی : خه‌لكێكی زۆر په‌یوه‌ندییان كردووه‌و پێویسته ببیت به لێپرسراوی سیاسی و، وتم ئه‌ی ئیشه‌كه‌ی راگه‌یاندن یه‌كسه‌ر به‌بێ وه‌ستان وتی ئه‌بێ هه‌ردووكیان ئه‌نجام بدهێت و حاریكی تر وتم ئه‌ی هاورێ ابو عواطف به‌رپرسم رازی ئه‌بێت ؟ وتی خۆم قسه‌ی له گه‌ڵدا ئه‌كه‌م.
سكرتێر‌و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و ناوه‌ندی و به‌شی سه‌ربازی و راگه‌یاندن پێكه‌وه بووین و، خێوه‌تی ئه‌وانه‌ی له هه‌ولێره‌وه هاتبوون زۆر نزیك بوون و ئێمه 3 هاورێ بووین بۆ یارمه‌تیدانیان : ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب { سیروان} به‌رپرسی سیاسی، مولازم حامد به‌رپرسی عه‌سكه‌ری و عبوده ره‌ش به‌رپرسی ئیداری.
له مانگی ئاب ( ئۆگۆستی) كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی كادری حزبیی ( سیاسی و سه‌ربازی) كرا‌و، له كۆتاییدا هاورێیان گه‌رانه‌وه بۆ سه‌ر كاروباری خۆیان و منیش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م قۆسته‌وه‌و داوام له هاوری به‌هاءالدین كرد‌و وتم : گه‌ر بكرێت بۆ یه‌ك مانگ مۆڵه‌ت وه‌ربگرم و برۆم بۆ شارباژێرو هه‌وڵبده‌م هه‌واڵی خێزانه‌كه‌م و كه‌سوكارم بزانم ، هاورێ وتی برۆ به‌ڵام هه‌وڵبده زوو به زوو بگه‌رێته‌وه.
له پشتاشان هاورێ سلیمان یوسف ئیستیفان {ئه‌بو عامل} به‌رپرسی سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌كانی حزب وتی ئه‌م دوو هاورێیه له گه‌ڵ خۆت ببه بۆ شارباژێرو له‌وێ بیانده به ده‌ست هاورێیانی به‌رپرسی رێكخراوه‌كانی شاره‌كان ( مه‌ده‌نی) له ناوچهكهداو، به‌یانی زوو دوو هاورێكه ئاماده بوون : عه‌لی عۆده ئه‌لعه‌قابی { ئه‌بو پراڤدا} 1 و، سامی عه‌بدولره‌زاق ئه‌لجبوری { ئه‌بو عادل}2 و، كه‌وتینه‌رێ به‌ره‌و نۆكان و شه‌و له‌وێ لای هاورێیان ماینه‌وه‌و، له رۆژی دواتر به‌ره‌و دولكان رێگامان گرته‌به‌رو ئێوارهگهیشتین و له‌وێ دوو شه‌و ماینه‌وه.
هاوری ئه‌بو پراڤدا بۆ یه‌كه‌مین جار ئه‌و رێگا سه‌ختانه ببێنێت و، زۆر هیلاك بوو ، له پاش دوو رۆژ ئێواره‌یه‌كی درنگ گه‌یشتینه دێی چاڵه خه‌زێنه‌و، خۆشبه‌ختانه تهراكتۆرێك شتومه‌ك و كاڵای ئێرانی باركردبوو به‌ره‌و سنووری چوارتا ئه‌رۆیشت و ئێمه‌ش به سواری ته‌راكتۆر گه‌یشتینه شوێنێك و تراكتۆر په‌كیكه‌وت و، هه‌واڵی هاورێیاانمان پرسی یه‌كێك خه‌ڵكی ناوچه‌كه وتی ژماره‌یه‌كی زۆر له هاورێیانتان به‌ره‌و چنگیان ئه‌رۆیشتن و، ئێمه‌ش نزێك بووین هه‌ر چۆنێك بوو له نیوه شه‌ودا گه‌یشتینه چنگیان و روومان كرده مزگه‌وت و هاورێی پاسه‌وان به‌ده‌نگێكی به‌رز وتی: كێی زه‌لام ؟ منیش وتم هاورێ خۆمانین و ده‌نگی یه‌كترمان ناسی و هه‌ندێ هاورێ هاتن به پیرمانه‌وه‌و، چوون به‌تانیان له ماڵێك بۆ هاورێیان ئه‌بو پراڤداو ئه‌بو عادل هێناو منێش له گه‌ڵ هاوری { مامۆستا خالد) 3 پشتمان نا به پشتی یه‌كتره‌وه‌و نووستین و كه رۆژ بووه‌وه نان و چای پهیانیمان خوارد‌و هه‌ردوو كادریرهكهی حزب ته‌سلیم به هاورێ خالد كرد‌و وتم نامه‌یان پێیه‌و، منیش هه‌واڵی ماڵی هاورێ نه‌سره‌دینم پرسی وتیان له باراوهو پاشان من به‌ره‌و باراو كه‌وتمه‌رێ و هاورێیانم بهحێهێشت و گه‌یشتمه باراوو له‌وێ به یارمه‌تی هاورێیان له پاش دوو رۆژ دایكم هات.
دوای دوو رۆژ من و هاورێ شیخ ره‌سول له باراو به‌ره‌و دێی بهزێنان كه‌وتینه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی فریای ئۆتۆمبیل بكه‌وین و دایكم بگه‌رێته‌وه بۆ سلێمانی ، له نزیك دێی شوكێ دوو هه‌لیكۆپته‌ر ده‌ركه‌وتن زوو من و شیخ ره‌سوڵ چووینه بن دارێكی بچوك و به دایكم وت تۆ به‌رده‌وام به‌و برۆ ناو دێ و خۆت بكه به ماڵێكداو به‌ڵی دایكی پێشمه‌رگه‌م و،هه‌لیكۆپته‌ره‌كان دوو سێ ده‌سترێژی له ده‌وروبه‌ری دێی وه‌ندرێنه كرد‌و ناوچه‌كه‌یان به جێهێشت و ئێمه‌ش { من و دایكم و شێخ} به سه‌لامه‌تی گه‌یشتینه دێی بزه‌ینان و له‌وێ ناچار بووم و به پیكاپێكی پر له بار دایكم نارده‌وه بۆ سلێمانی و خۆشم له گه‌ل شیخ ره‌سوڵ به‌ره‌و دێی گورگه‌یه‌ر رۆیشتین و له‌وێ مامه‌وه و كاكه شیخ ژورێكی له مالێك به كرێ گرتبوو، له پاش هه‌فته‌یه‌ك چوومه دێی سیته‌ك به یارمه‌تی و چاوساغی هاورێیان ئارام عه‌لی و شه‌هید ئاسو نایب و مه‌فره‌زه‌یه‌ك له پێشمه‌رگه‌كانی حزب به سه‌لامه‌تی له جاده‌ی سلێمانی ـ چوارتا په‌رینه‌وه‌و شه‌و له دێی خه‌مزه نووستین و دوای خواردنی نان وچای به‌یانی كوتینهری به‌ره‌و گاپیڵون و دۆڵی جافایه‌تی و شه‌و له مالومه ماینه‌وه‌و له پاش نیوه‌رۆ له دێ ده‌رچووین و بۆ ئێواره گه‌یشتینه ولاغ لوو شه‌و له‌وێ ماینه‌وه‌و له پاش خواردنی قاوه‌ڵتی به چه‌می سه‌فره‌و زه‌رون شۆربووینه‌وه و گه‌یشتینه سه‌ر ئاوی زێی بچوك و په‌رینه‌وه بۆ دێی هه‌رزنه‌و چووینه دێی ئه‌شكان وله پاشان دێی بێتۆش و من له مه‌فره‌زه‌كه جیابوومه‌وه چووم بۆ باره‌گای حزب له دێی دولكان.
له دولكان بیستم هێزی پێشمه‌رگه‌ی حزب دابه‌ش كراوه به سه‌ر سێ مه‌ڵبه‌ند { بادینان ، هه‌ولێر ، سلێمانی و كه‌ركوك و هاورێ به‌هاءالدین نورێ بووه‌ته به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك و، هاورێ به‌ها وتی لێره‌به‌و مه‌رۆ بۆ پشتاشان و وتم حه‌ز ئه‌كه‌م لیره بمێنمه‌وه به‌ڵام ئایا هاورێیان له‌وێ رازی ئه‌بن و، هاورێ وتی خۆم چاره‌سه‌ری ئه‌كه‌م. { ماویه‌تی}.
تیبینی :
1 ــ عه‌لی عۆده ئه‌لعه‌قابی { ئه‌بو پراڤدا} كادرێكی لێهاتوو ، بوو به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی حزبی شیوعی عێراق. هاورێیه‌كی ئازا‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی چاونه‌ترس جوامێر‌و له‌خۆبوردو هه‌میشه ئاماده بوو خزمه‌تی خه‌ڵك بكات و له رووی ئه‌كادیمییه‌وه به‌ڵگه‌نامه‌ی دكتۆرای هه‌بوو مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان بوو له كۆلیجی زانست له زانكۆی موسته‌نسرییه و، له پاش نه‌خشییه‌كی سه‌خت كۆچی دوایی كرد.
2 ـ سامی عه‌بدولره‌زاق ئه‌لجبوری { ئه‌بو عادل} كادرێكی پێشكه‌وتوو لێهاتوو قسه‌خۆش و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا‌و یه ساڵی 1978 چه‌كی مه‌ردایه‌تی دژ به رژێمی دیكتاتری سه‌دام حسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی هه‌ڵگرت و له سوید كۆچی دوایی كرد.
3 ـ مامۆستا خالد { سلاح ا‌لدین حه‌سه‌ن} ئه‌ندامی مه‌كتبی محه‌لی پاریزگای سلێمانی و كادری به توانا‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا‌و چالاك و یه‌كێك بوو له قاره‌مانه‌كانی داستانی قزله‌رو، له پاش پرۆسه‌كانی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵ و بۆ راپهرندنی ئه‌ركه‌كانی حزب له ناو شاری سلێمانی گیراو شه‌هید كرا.