مەسعودى مەلا هەمزە : دواى 3 ساڵ لە هەوڵدان و کۆششی بەردەوام لە ئایندەیەکى نزیکدا وەفدێکى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان سەردانى وڵاتى فەڕەنسا دەکەن بە مەبەستى کردنەوەى لقی پەیمانگاى شانۆی جیهانى (I.T.I) لە هەولێری پایتەختى هەرێمى کوردستان.
لە لێدوانێکى تایبەتدا هیوا سوعاد سەرۆکى لقی هەولێری سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان گوتى”دواى 3 ساڵ لە هەوڵ و کۆششی بەردەوام لە ئایندەیەکى نزیکدا وەفدێکى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان سەردانى وڵاتى فەڕەنسا دەکەن بەمەبەستى تاوتوێکردن و بەئەنجامگەیاندنى پرسی کردنەوەى پەیمانگاى شانۆی جیهانى لە هەولێری پایتەختى هەرێمى کوردستان”.
هیوا سوعاد گوتیشى”لەسەر داوەتى فەرمى سکرتێری گشتى (I.T.I) لە کۆتایی مانگى تشرینى دووەم (11) وەفدێکى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان کە نوێنەرى شارەکانى کوردستانى تیایە سەردانى فەرەنسا دەکەین بە مەبەستى بەجێگەیاندنى پرسی کردنەوەى لقی ئەو پەیمانگایە لە کوردستان، کە ماوەى 3 ساڵە لقی هەولێری سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان هەوڵی بۆ دەدا.
شایانى باسە (I.T.I) پەیمانگایەکى جیهانى شانۆیی بەناوبانگەو لە زۆربەى وڵاتانى دنیا لقی هەیە، ئەم هەنگاوەی کردنەوەى لقیان لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەبێتە دەروازەیەکى گرنگ بۆ شانۆی کوردی لە کوردستان و جیهان.