ڕانانی/ سەدیق سەعید ڕواندزی
بەشێکی زۆر لە خوێنەرانی کورد، ئاشنایەتییەکی باشیان لەبارەی ئەدەبی نەتەوەی ئەفعان ھەیە،بە تایبەتیش لە ڕێگەی خوێنەوەی ڕۆمانەکانی خالید حوسێنی وڕۆماننووسەکانی تر. کە ھەمیشە لە ڕۆمانەکانیاندا، ئازارو مەینەتی ئەو گەلە و ئەونیشتمانە دەخەنە ڕوو، کە شەڕو ئاشووب و خوێن، بەشێکن لە مێژووەکەی.وەلێ ئەمجارەیان لە ڕێگەی شیعرەوە ئازاری ئەفغانییەکان و خەون و ھیواکانیان دەبینین.کتێبی(لاندای شیعرو ژیانی ژنانی پەشتون) بژاردەیەکە لە شیعری پەشتونەکان، لەنێویشیاندا ڕەگەزی مێ. پەشتونەکان، کە زۆربەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدێنن، کولتوورو پاشخانی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی تایبەت بە خۆیان ھەیە و تاڕادەیەکی زۆر نەتەوەیەکی داخراو،نەریتخوازو ئایینین کە پارێزگاریی لە نۆڕمە کۆمەڵایەتی وخێزانی و پەروەردەییەکانی خۆیان دەکەن.ھەمیشەش بە ھۆی شەڕە یەک لە دوای یەکەکانەوە، ڕووبەڕووی کۆچکردن و نەھەماتی و ئازاری زۆر بوونەتەوە. ئەم کتێبە کە لە شێوەی نامیلکەیەکدایە، بژاردەیەکە لە شیعری ژنانی پەشتون کە وێرای ئەوەی لە جەنگدا ژیاون، بەڵام خەونی گەورەیان ھەیە. کاتێ ئەو شیعرانە دەخوێنینەوە، درک بەوە دەکەین کە پەشتونەکان چەند ژیاندۆستانە دەڕواننە ژیان و چەندیش خاک و نیشتمانی خۆیان خۆشدەوێت، ئەگەرچی ھیچ کاتێکیش نەیانتوانیوە بە ئاسوودەیی ھەناسەیەکی ئارامی تیادا ھەڵمژن.ژنانی پەشتون لە شیعرەکانیاندا، ژیان بە جۆرێکی دیکە دەبینن. ئەگەرچی ژنانی پەشتون وەک ھەر ژنانێکی دیکەی خۆرھەڵات، لە ژێر ستەمی پیاوسالاری و نێر سالاری دانەوخۆشەویستی و سەربەستییان نییە، بەڵام لە شیعردا وێنای جیھانێکی دیکە دەنەخشێنن. ئەم شیعرانە بە زمانێکی سادە نووسراون وەلێ لە وێنەی ھونەری و دەربڕینی شیعریدا ، شیعرەکان ھێندە حوان و سەرنج ڕاکێشن کە خوێنەوەیان چێژێکی زۆر بە خوێنەر دەبەخشێت.ئەو شیعرانە بە شێکی زۆریان لە سەروبەندی داگیرکردنی ئەفعانستان لەلایەن سوپای سۆڤیەتەوە لە کۆتایی ھەفتاکانی سەدەی ڕابردوو نووسراون. بۆیە بەشێکییان ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە سیاسییەی ئەو کاتن وژنانی پەشتون بە شیعرھانی ڕۆلەکانیان دەدەن کە بەرگری لە خاک و نیشتمانییان بکەن. تەنانەت ئەوان خۆشەویستی نیشتمان لە ئاست خۆشەویستی کۆرپەکانیان دەبینن و خۆڕاگرن لەوەی کە کوڕەکانیان لە پێناو خاکدا خوێنیان بڕێژن. وەک ئەوەی لە شیعرێکدا دەڵێن:_
کوڕەکەم ئەگەر شەڕەکە جێبێڵی..
نەفرەت لەو شیرەش دەکەم کەلە سینەمدایە..
ژنانی پەشتون، کوڕەکانیان دەخەنە ژێر بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقی و مێژوویی گەورە، کە ئەویش خۆبەختکارییە لە پێناو ئازادی و سەربەستیدا.دایکێک ئامادەیە نەفرەت لەو شیرەش بکات کە کوڕەکەی پێ گۆشکراوە ئەگەر ھاتوو شەڕەکە جێبێڵێت. بەڵکو دەبێ تا دوا چرکە لە سەنگەردابێت. ناکرێ نیشتمان لە ژێر چەپۆکی داگیر کەران دابێت و ڕۆلەکانی ئەوانیش بەرگری نەکەن. ژنانی پەشتون، شیعر دەکەنە ھاندەرێک بۆ بەرزکردنەوەی گیانی بەرگری و خۆڕاگری نەوەکانیان.ئەوان چونکە ھەمیشە ھاوشێوەی ئێمەی کورد لە ژێر ستەمی داگیرکاری و چەوسانەوەی سیاسیدا ژیاون، ئیدی لە بەھاو نرخی ئازادی دەگەن. بۆیە ژیانی بێ ئازادییان بەلاوە، ژیانێکی بێ نرخە لەو سۆنگەیەشەوە، ھانی کوڕەکانیان دەدەن کە لە پێناو ئازادیدا گیانی خۆیان بەخت بکەن. ژنێکی دیکەی پەشتون لە شیعرێکی دیکەدا، بەھەمان شێوەی ئەوانی تر لەبارەی بەرگریکردن لە خاکەوە دەڵێت:_
ئەگەر برینەکەت لە سینگت نەبوو.
گرنگیت پێ نادەم..
تەنانەت ئەگەر پشتت ببێت بە بێژینگ…
بێگومان لە شەڕو بەرگریدا، ڕێسایەک ھەیە کە پێکانی سینگ دەکەنە نیشانە و گەواھی شەڕکردنەکە. بەومانایەی ئەگەر گوللەکە بەرسینگی کەوتبوو، ئەوا لە سەنگەری پێشەوە و ڕووی لە دوژمنەکەی بووە، بەڵام ئەگەر پێکانەکە لە پشتی بوو، ئەوا مانای وایە ھەڵاتووە و بەرگری نەکردووە.بۆیە شاعیر دەبێ دڵنیا بێت لەوەی کە برینەکە و پێکانەکە لە سنگییەتی.بەوشێوەیە ژنانی پەشتون، گیانی خۆڕاگری و بەرگری لە ڕێگەی شیعرەوە دەڕوێنن و شیعر دەکەن چەکێکی دیکەی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکانیان. بێگومان وە نەبێت کە ژنانی پەشتون خەیاڵی شیعرییان ھەر تەنھا لای چەک و بەرگری و سەنگەرەکانی شەڕ بێت، بە پێچەوانەوە بەڵکو لەنێو ئەو ھەموو نەھامەتی و مالوێرانییەشدا، ھێشتا خەیالییان لای عشق و خۆشەویستیشە. ئەگەرچی بۆ ئەوان قەدەغەیە و لەڕوانگەی پەشتونەکانەوە ژنان مافێکی ئەو تۆیان نییە، چونکە پێکھاتەیەکی نەریتخوازن. وەلێ کاتێ سەرنج لەو شیعرانەدەدەین، ئەوا وەک خوێنەرێک دەیان وێنەی شیعری جوان ودەربڕینی ڕۆمانسییانە دەبینین کە گوزارشت لە خەیاڵی شیعری ژنانی پەشتون دەکات.بۆنموونە لەشیعرێکدا ژنێکی پەشتون دەڵێت:_
خودایە دەتوانی لە ئێستاوە کوێرم بکەی…
خۆشەویستەکەم ڕۆیشتووەو نامەوێ..
ڕوخساری کەسی تر ببینم..
شاعیر،وێنەی ھەموو دنیا لە ڕوخساری خۆشەویستەکەی دەبینێت. ئەو بە ئەندازەیەک عاشقی خۆشەویستەکەی بووە، کە دنیا تەنھا لە بوونی ئەودا ببینێت. ڕۆشنایی چاوەکانی ئەو، گلێنەکانی نین، بەڵکو ڕوخساری خۆشەویستەکەیەتی، خۆشەویستیی لێرەدا سەرچاوەی ڕووناکی و بینینە، کاتێکیش بەھەر ھۆکارێکەوە بێت خۆشەویستەکەی لە دەست دەدات، ئیدی بە بڕوای ئەو دنیا کۆتایی ھاتووە، بۆیە نایەوێت ڕوخساری کەسی تر ببینێت.بەدەربڕینێکی تر، لای شاعیر کوێربوون ئەوە نییە چاوەکانت لە دەست بدەی، بەڵکو ئەوەیە ئیدی خۆشەویستەکەت نەبینیتەوە، بۆیە شاعیر بێ باکانە نزا دەکات خودا کوێری بکات. چونکە ئەو چیتر ئامادە نییە بە چاوانێک دنیا ببینێت کە ئیدی ڕوخساری خۆشەویستەکەی پێ نابینێت. زۆر نموونەی دیکەی وێنەی جوانی شیعری لەو نامیلەکەیەدا ھەن. بۆنموونە شاعیرێکی تر دەڵێت:_
ڕوخسارت گوڵێکە..چاوەکانیشت دوومۆم..
دووچار ماوم..ببم بە پەپوولە..یان ببم بە کرمی ئاوریشم..
لەڕاستیدا، کاتێ خوێنەر شیعری ژنانی پەشتون دەخوێنێتەوە، سەرسام دەبێت لەو ھەموو جوانییەی لە شیعرەکانیاندا ھەیە. زمانێک سادە وەلێ پڕ لە قوڵایی. خەیاڵی ژنانی پەشتون لە شیعردا، خەیاڵێکی ھێندە جوانە، ھەموو ناشرینییەکانی ژیان و شەڕو ئاشوبی ئەفعانییەکان لە بیر دەباتەوە. خوێنەر کە ئەو شیعرانە دەبینێت، دەگاتە ئەو ڕاستییەی کە ئەگەر شەڕ تا بەر دەرگای ماڵەکانیشمان بێت، ھێشتا دەشێ لە کلاوە ڕۆژنەیەکی بچووکەوە جوانییەکانی ژیان ببینین. ژنانی پەشتون لەنێو ئەو ھەموو شەڕو ناشرینییەدا، شیعرێک دەنووسن، لێوان لێو لە جوانی و ئومێد.ئەو ژنانە چەند خەمەکانیان گەورە بێت، چەند ژیان نائومێدییان بکات و تەنگییان پێ ھەڵچنێ، چەند ڕۆڵەکانیان لە شەڕدا لەدەست بدەن، ھێشتا بە ئاواتەوە دەژین و ژیان بە جۆرێکی دیکە دەبینن.ئەوان سوھراپ وتەنی لەدوای ھەر کارەساتێک، چاوەکانیان دەشۆن بۆ ئەوەی بە جۆرێکی دیکە ژیان ببینن. ئەگەر وانەکەن، بێگومان ناتوانن ئەو شیعرانە بنووسن. زۆر شیعری دیکەی جوانتریش لەنێو ئەو کتێبەدا ھەن، کە ھیوادارم خوێنەران بیخوێننەوە و چێژی لێ وەربگرن.دواجار کاتێ بەراوردی دنیابینی ژنانی پەشتون،بەدنیابینی بە شێکی زۆر لە ژنی کورد دەکەی،تێدەگەی کە شیعر لای ژنانی پەشتون، چ پەیامێک و مانایەکی جوانی ھەیە. بەپێچەوانەی بەشێکی زۆری ئەو ژنانەی لە نێو ئێمەدا شیعر دەنووسن کە بەداخەوە ھەر تەنھا کروزانەوە و نوزانەوەیە.لە داھاتوودا بەدرێژی ئەو بەراوردکارییە دەکەین. لەکۆتاییدا دەست خۆشانە لەناوەندی ئەندێشە و وەرگێڕی شیعرەکانیش دەکەم، کە بە ڕاستی کتێبێکییان ھەڵبژاردووە بۆ وەرگێڕان، شایەنی خوێنەوە و چێژ لێوەرگرتنە..
*پەراوێز:ناوی کتێب/ لاندای ژیان و شیعری ژنانی پەشتون/ نووسینی(سەعید بەھوەدین مەجروح)/وەرگێڕانی(توانا حەمە نوری) /بڵاوکراوەی ناوەندی ئەندێشە ٢٠١٨….