سەرەتا لەگەڵ كۆمەڵە گەنجێكی شاری سلێمانی دەستیان بە نوێكارییەك كرد لە گۆرانی كوردی كە زیاتر لە ستایلی رۆژئاواییەوە نزیك بوو هەرچەندە ئەو كات وەك پێویست خەڵك ئاشنای نەبوو، بەڵام هونەرمەند كەمال محەمەد بە گۆرانییەكانی توانی ئەم ستایلە رۆژئاواییە لای خەڵك خۆشەویست بێت و تەقەبولی بكەن تا راددەیەك بوو بە یەكێك لە هونەرمەندە ناسراوەكان لە هەموو دەڤەرەكانی كوردستان خۆی و گیتارەكەی ناسراو بوون و خەڵك ئاشنایان بوون، بێگومان گۆرانییەكانی ( وتم نازە رقم لێ هەڵمەگرە، كێ بوو، ئەم شەو جەژنی سەری ساڵە، ئای چ رۆژێكی شوم بوو، تۆ پەپولەی، كوڕی شیرینم مەترسە جێت ناهێڵم، ئاخ شیرینێ) و چەندین گۆرانی دیكە كە ئێستاش دەنگ و سەدایان دەچریكێتەوە لە هزر و بیری گوێگرانی، گۆرانییەكانی بە زیندوویی ماونەتەوە، هونەرمەند كەمال محەمەد دوای راپەڕین رووی لە غەریبی كرد، بەڵام هیچ كاتێك بە دڵ و دەروون لە كوردستان دوور نەكەوتۆتەوە، ئێستا هونەرمەند كەمال محەمەد بۆ چەند كارێكی هونەری لە كوردستانە، رووبەرووی چەند پرسیارێكمان كردەوە.
* ئێوە كاتی خۆی ستایلێكتان هێنایە نێو گۆرانی كوردی كە رۆژئاوایی بوو هەستتان بەچی دەكرد، ئایا دڵنیابوون لەوەی خەڵك پێشوازیتان لێدەكات و سەركەوتوو دەبن؟
– لەسەرەتادا رێز و سڵاو و خۆشەویستیم هەیە بۆ گۆڤاری گوڵان و خوێنەرانی. بۆیەكەم جار ئەو زەمەنە تیپی رۆژئاوایی لە سلێمانی درووست بوو، ئێمە كۆمەڵێك گەنج بووین كەوا سەرنجمان بۆ كارە رۆژئاواییەكان بە دیقەت بوو، ئەوەمان دەزانی كەوا دەكرێت ئێمە بەشێوەیەكی رەسەن كار لەو شێوازە هونەرییەدا بكەین و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بناغەیەك بۆ كاركردن لەو شێوازەی هونەری كوردیدا بدۆزینەوە و هەوڵماندا پاراستنی رەسەنایەتی یەكێك لە خەسڵەتەكانی كاری هونەری ئێمە بێت، بۆ ئەو زەمەنە ئەو شێوازەی ئێمە كارمان تێدادەكرد، ستایلێكی نوێبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی رەسەنایەتی هونەری كوردی بە كارەكانەوە رەنگی دابووەوە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زوو هونەرەكەمان بچێیتە ناو خەڵكەوە و خەڵك بەپەرۆشەوە پێشوازی لە كارەكانی ئێمەی دەكرد.
* ئەو زەمەنە تیپی مۆسیقای سلێمانی كۆمەڵێك بەرهەمی جوانیان پێشكەش كرد و پێوەندی ئێوە لەگەڵ ئەواندا چۆن بوو، ئایا تیپی مۆسیقای سلێمانی لەو زەمەنە دا توانیبووی ببێتە چەترێك بۆ كۆبوونەوەی تەواوی هونەرمەندانی سلێمانی؟
– ئەوان كاری جوانیان كردبوو، بەڵام نەخێر نەبووە چەترێك بۆ كۆبوونەوەی هەموو هونەرمەندان، ئێمە خۆمان بە جوهدو توانای خۆمان خۆمان دروست كرد، بەڵام بەگشتی ئەو زەمەنە تیپی مۆسیقای سلێمانی كاریگەرییەكی جوانی هەبوو.
* كەواتە كاركردنی ئێوە بۆ شكاندنی ئەو رێچكە هونەرییە تەقلیدییە نەبووە كە پێشووتر كاری لەسەر كراوە؟
– نەخێر، بەڵكو ئامانج و هەوڵی ئێمە بۆ ئەوە بوو بەشێوازێكی تر و بە ستایلێكی جیاوازتر خزمەتی هونەری رەسەنی كوردی بكەین.
* هونەرمەندەكان ئەو كات چۆن پێشوازییان لەو نوێكارییە كرد كە ئێوە لە سلێمانی كردتان؟
– ئەو زەمەنە خەڵك بە پەرۆشەوە پێشوازی لەكارەكانی من دەكرد، چونكە دەیزانی هونەرێك و ستایلێكی نوێییە و هونەری ئێمە هونەرێكی ناوچەیی نەبوو، بەڵكو هونەرێك بوو كەوا خزمەتی هەموو هونەری كوردی دەكرد، هونەرەكەم پێشكەشی هەرچوار ناوچەكەی كوردستان دەكەم، بەڵام بەداخەوە هەندێك جار ئەنانییەت هەبوو لەلایەن خەڵكانێكەوە، بەڵام ئێمە بیرمان لەوانە نەكردۆتەوە هەمیشە بیرمان لەوە كردۆتەوە كاری داهێنەرانە بكەین و كارێك بكەین جەماوەر پێشوازی لێبكات و هونەرێكی نەمر پێشكەش بكەین.
* سلێمانی ئەوكات چ جیاوازییەكی هەبوو لەگەڵ ئێستا لەرووی كاری هونەرییەوە؟
– سلێمانی جیاوازییەكی گەورەی هەیە لەبواری هونەردا، ناتوانم بە دوو دێر باسی سلێمانی بكەم، سلێمانی لە زۆر رووەوە پێشەنگ بووە، سلێمانی لەهونەردا پێشەنگ بووە، هونەر لەسلێمانی دا گەشە دەكات، سلێمانی مەدرەسەی پێشكەوتنی ئەدەب و هونەر و رۆشنبیرییە.
* گۆرانی (شیرینێ) ئێستا لەلایەن كچە هونەرمەندێكەوە دووبارە وتراوەتەوە، تۆ تا چەند ئاگاداری، ئایا راوێژی بەتۆ كردووە؟
– مەریۆێ خان دانیشتووی وڵاتی سویدەو هات داوای لە من كرد كەوا گۆرانییەكە جارێكی تر بڵێتەوە، هەرچەند گۆرانییەكە یەكەم جار هی من نییە، هونەرمەند سالار سەلمان وتوویەتی، بەڵام هونەرمەندی خۆشەویست كاك سالار سەلمان منی ئازاد كردووە لە وتنەوەی ئەو گۆرانییە و منیش ئەو كچە هونەرمەندەم ئازاد كرد لە وتنەوەی ئەو گۆرانییە، بێگومان ناتوانم رای خۆم بڵێم لەسەر گۆرانییەكە، بەڵام ئەوە بینەر و بیسەرە دەتوانن ئەو شایەتییە بدەن بۆ بەرهەمەكە، پێمخۆشە ئەو گۆرانییەی وتووەتەوە.
* تێكستەكە لە كوڕێكەوەیە بۆ كچ، ئایا كە پێچەوانە كراوەتەوە تاموچێژی خۆی ماوە؟
– ئەوە بیسەر و بینەر دەتوانن شایەتی ئەو بدەن، بەڵام پێموایە كارێكی باشی كردووە لەرووی دەنگ و ئەداوە.
* چ هونەرمەندێك هەیە كە كاتی خۆی قسەیەكی كردووە سەبارەت بەتۆ و تا ئێستا شانازی پێوە دەكەی؟
– شانازی بەهەموو هونەرمەندانەوە دەكەم، هەمووشیانم خۆش دەوێت. ئەوانە دەیانەوێت خزمەتی وڵات و نەتەوەكەی خۆیان بكەن. هەمیشە شانازی بەو قسانەی هونەرمەندی ئازیز و خۆشەویستم كاك عەتا ئەحمەد دەكەم، ئەو حەقێكی جوانی داوەتەوە من و سوپاسی دەكەم.
* كەمال محەمەد لە ئەوروپا چۆن كاتی خۆی بەسەر دەبات و كە دەگەڕێتەوە كوردستان چۆن بەسەری دەبات؟
– هەموو ئاوات و هیوامان ئەوەیە بگەڕێینەوە باوەشی خاك و وڵاتەكەمان، لەهەر جێگەیەكی ئەم دنیاییەبم لەخزمەتی هونەری كوردیدا كار دەكەم و وجوودم هەیە. جارێ بوار بۆ ئەوە نەڕەخساوە بە یەكجاری بڕیاری گەڕانەوە بۆ كوردستان بدەم.
* ئەمجارە لە گەڕانەوەتدا هەگبەی هونەریتان چی تێدایە؟
– پێش هاتنەوەم هاوڕێی خۆشەویستم كاك عەتا ئەحمەد جوابی بۆ ناردم كەوا كۆمەڵێك بەرهەمی نۆیی بۆ ئامادە كردووم تاوەكو بیكەینە سیدییەك و پێشكەشی هەوادارانی هونەری كوردی بكەین. ئێستا سەرقاڵی هەنگاونانین بۆ ئامادەكردنی ئەلبومێكی هونەری نوێ و وا گۆرانییەكان لە تەواو بووندایە، سیدییەكە بریتی دەبێت لە هەشت گۆرانی نوێ، دوو گۆرانیان من هونەرمەندی هاوڕێم كاك عەتا پێشكەشی دەكەین، شێوازی كاركردنمان بەو ئاراستەیەیە كەوا پێشووتر كارمان بۆ كردووە، واتە هەمان ستایلی پێشووتر رەنگدانەوەی بەسەر كارەكانمانەوە هەیە.
* بە راشكاوی پێت دەڵێم زۆربەی دەزگاكانی راگەیاندن گلەیی ئەوەیان هەیە كەوا تۆ لێدوان و دیمانەی تایبەتیان لەگەڵدا ناكەیت، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
– سوپاسی هەموو دەزگاكانی راگەیاندن دەكەم، بەڵام ئەوكاتە گرنگە لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە دەربكەوم كە پەیامێكی هونەری نوێم هەبێت، ئەوەی من دەمەوێت بەقسە بیڵێم زۆر جوانترە بەكاری هونەری بێت. هەندێك جاریش ئەو پرسیارانەی ئاراستەی ئێمە دەكرێت زۆر تەقلیدن و زۆرجار ئەو پرسیارانەمان لێكراوەتەوە.
*زۆربەی بەرهەمە هونەرییەكانی كە پێشكەش دەكرێن زوو دەچنە ناو خەڵكەوە، كەچی زوو دەمرن تۆ ئەمە بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
– بەرهەمی هونەری كوردی ئەگەر لە روحێكی هونەریی رەسەنەوە هاتبێتە بوون، ئەوا مردنی زەحمەتەو بە پێچەوانەشەوە ئەوەی لەناو كوردا بمێنیتەوە، ئەو بەرهەمانەن كەوا هونەری بێخەوش و رەسەنن. هەمیشە كاتێ لەگەڵ موزیك ژەنێك بڕیاری كارێكی هونەری دەدەم پێیان دەڵێم دەبێت رۆحی بەرهەمەكە بەرهەمێكی رەسەن بێت.
* تا چەند لەگەڵ نوێكردنەوەی بەرهەمە هونەرییە رەسەنەكانیت؟
– بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ نوێكردنەوەی بەرهەمە رەسەنەكان نیم، لەبەر ئەوەی پێموانییە هەرگیز بتوانین لەوان كارەكان جوانتر بكەین. ئەو هونەرمەندە رەسەنانەی ئێمە رەنگە بە جەستە مردبن، بەڵام پێموایە هەمیشە لەبەر چاوی ئێمە زیندوون و بەرهەمەكانیان لەناو هەست و ئیحساسی ئێمەدا وجودی هەیە. ئەوان زۆر بەزیندوویی ماونەتەوە و لە رۆحی ئێمەدا دەژین.
* هەندێك جار هونەرمەندان خۆیان لە خەڵكی ئاسایی جیا دەكەنەوە، بەڵام كەمال محمەد لای خەڵكی شارەكەی خۆی بە كەسێكی سادەو ساكار ناسراوە، ئەمە سرووشتی تۆیە یان چی؟
– رێزم بۆ هەموو لایەك هەیە منداڵی كابرایەكی هەژار بووم و بەهەژاری گەورە بووم، لە بنەماڵەیەكی سادە و ساكار هاتوومەتە دنیاوە، ئەوە سرووشتی منە. چا خواردنەوەی لاكۆڵانێكی شارەكەی خۆمم پێخۆشترە لە چا خواردنەوەی كافتریای باڵەخانە گەورەكان، هەمیشە حەزم بە تێكەڵاوی خەڵكە و هەمیشە حەزم لەو كۆڵانانەیە كە كاتی خۆی تیایدا ژیاوم .
* بە راشكاوی پێمان بڵێ جیاوازی خۆشەویستی لەكوردستان و ئەوروپا لە چیدایە؟
– ژیان بە خۆشەویستیەوە جوانەو عەشق و خۆشەویستی كاریگەری خۆی بەسەر بەرهەمەكانمەوە هەبووە. خوشەویستی لە هەر شوێنێكی ئەم دنیایە بێت بەهاو نرخی خۆی هەیە.