كه‌سێك بێژێت 27 كه‌س و رێكخراو گرفتی شه‌خسی له‌گه‌ڵا من هه‌یه ئه‌بێ چی بێت؟ سه‌دام حوسێن یان ته‌ره‌زان؟
ئه‌ڤین ئیبراهیم فه‌تاح : سه‌ره‌تا، پێم ناخۆش بوو كه‌مپه‌ین بابه‌ته‌كه‌ی له‌راگه‌یاندن بڵاوكردوه‌ته‌وه، من وا تێگه‌یشتبووم له‌رێگه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه كاركه ده‌كرێت، دلنیاش بووم له‌وه‌ی وه‌زیری خۆم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كار ده‌كات، چونكه هه‌م په‌یوه‌ندی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه هه‌یه، هه‌م به‌شانازیه‌وه وه‌زیرمان ژنه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ژنان كار ده‌كات. به‌ڵام، به‌بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌راگه‌یاندن، كار له‌كار ترازاو بابه‌ته‌كه چوه ئاقارێكی دیكه‌وه، خانم خانم بابه‌ته‌كه‌ی بۆ دوو شوێنی چكۆڵه چه‌واشه كردووه: مه‌رامی كه‌سی و سیاسه‌ت. خانم خانم داوای له‌سه‌ر تۆماركردوین و ئه‌مجاره به‌ناوی خۆم قسه‌ده‌كه‌م.
من كه‌وتوومه‌ته بزنه رێیه‌كه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نیه و تاكۆتایی سوور ده‌بم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕێوبه‌ری رێكخراوی ئاسوده له‌رێگه‌ی رێكخراوه‌كه‌وه، ئه‌گه‌رچی خزمه‌تی به‌زۆر ژن كردوه، به‌ڵام، ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌رێكخراوه‌كه بۆبه‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی خۆی به‌كارهێناوه. بۆكاره باشه‌كانی ده ساڵه راگه‌یاندن و دونیا چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌دات، منیش ده‌ڵێم: ده‌ستی خۆش بێت. كه‌چی، بهپێچهوهنهی ئه‌و دونیا، له‌م دونیایه حه‌سه‌نات، سهیئات ناسڕێته‌وه، بۆیه، ده‌بێ بۆ بازرگانیكردنی به‌پرسی ژنان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هێزێك هه‌بێت پێی بڵێ: بوه‌سته!
كچه رۆژنامه‌نووسێك هات بۆ لام گوتی: تۆ واژووت له‌دژی ئاسوده كردووه، ئێمه‌ش هه‌مان رامان هه‌یه ده‌مانه‌وێ به‌دواداچوون بكه‌ین، دۆكیومێنتمان به‌رێ. گوتم، قوربان، ئه‌ز بۆ خۆم دۆكیومێنتم! تۆش ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ به‌دواداچوون بكه‌ی، بڕۆ بۆ سه‌نته‌ری ئاسووده لهعهنكاوا، بزانه مانگانه چه‌ند كرێی ده‌ده‌ن و چه‌ند كه‌س له‌وێ كار ده‌كه‌ن و كاره‌كانیان چیه؟ كه‌له هه‌ولێر شێڵته‌ریان نیه، كۆبوونه‌وه‌كانیان لهشیراتۆن ده‌كه‌ن، بزانه ئه‌و خانووه‌یان بۆ چیه؟
بپرسه، بۆچی هاوڵاتی بۆته پارێزه‌ری خانم خانم و ئاسوده؟ بێژه: بۆچی به‌دریه خانمی NPA نه‌رویجی له‌لێدوانه‌كه‌ی بۆ رووداو پاشگه‌ز بووه‌وه له‌كاتێكدا رووداو ده‌نگی لێدوانه‌كه‌ی تۆمار كردووه؟ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌مه زانیاریه‌كی به‌ربڵاوه‌و رێكخراوه نهرویجیكه نه‌یشاردوه‌ته‌وه، به‌ڵام بۆچی بابه‌ته‌كه‌یان كهبس كردووه‌و لێكۆلینه‌وه‌یان له‌سه‌ری نه‌كردوه؟ تۆ بپرسه: بۆچی وا ترساون له‌لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئاسوده، خۆ ئێمه ته‌نیا داوای لێكۆڵینه‌وه‌مان كردووه! له‌راستیدا، ئه‌گه‌ر خانم خانم گه‌نده‌ڵی كردبێت ئه‌وه به‌ته‌نیا نه‌یتوانیوه بیكات، زۆر رێكخراو‌و كه‌س و لایه‌ن هاوكاری بوونه، ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه ده‌رگایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وانه ده‌كاته‌وه.
دوو ساڵ پێش ئێستا خانمی یه‌كه‌می ئاسوده په‌یوه‌ندی پێوه كردم، داوای كرد كاریان له‌گه‌ڵ بكه‌م، منیش ئه‌وكات نه‌مده‌زانی ئاسوده ناوی گه‌وره‌و دێی وێرانه. توانیم ته‌نیا چوار مانگ لهئاسوده بم، له‌و چوار مانگه خانمی یه‌كه‌م سێ مانگیان له‌ئه‌مریكا بوو. كاری من نوێنه‌ری په‌یوه‌ندیه‌كانی ئاسوده بوو له‌هه‌ولێر. واتا، ده‌بوو دۆنه‌ر په‌یدا بكه‌م ئه‌وانیش پرۆپۆزه‌ل بنێرن، ئیدی چه‌ندین دۆنهرم په‌یدا كرد‌و ریپۆرتم ده‌نارد: پرۆپۆزهلم بۆ بنێرن، چش! ئه‌م كاره سێ مانگی خایاند، ئه‌وانه‌ی له‌رێكخراوه‌كه كاریان ده‌كرد ده‌یانگوت ناتوانین به‌بێ ئه‌و هیچ بكه‌ین ئه‌ویش، ته‌نانه‌ت وه‌ڵامی ئیمه‌یڵیشی نه‌ده‌دایه‌وه، واته ئه‌و سێ مانگه ئاسوده لهبێكاریا ئاسوده‌بوو!
عه‌رزتان بكه‌م، بۆ مانگی چواره‌م خانم خانم هاته‌وه‌و من له‌هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئه‌وه‌دابووم بیبینم، كه‌چی تا ئه‌م ساته‌ش نه‌متوانی به‌حزووری موباره‌ك و نێوچه‌وانی نوورانیی زاتیان شاد ببمه‌وه. كه من به‌ناو، نوێنه‌ری په‌یوه‌ندیه‌كانی ئاسووده بووم له‌هه‌ولێر، خانم خانم كۆبوونه‌وه‌كانی دهكردو منی ئاگادار نه‌ده‌كرده‌وه. منیش به ته‌له‌فۆن پێم وتبوو فیكره‌ی واو وام هه‌یه بۆ ئاكتیڤ كردنی ئاسوده له‌هه‌ولێر، به‌ڵام باوه‌ڕم به‌ده‌وام نیه، ماده‌م له‌هه‌ولێر شێڵته‌ر نیه ده‌توانین كاری توێژینه‌وه بكه‌ین و پێویستمان به‌و باڵه‌خانه گه‌وره‌یه نیه لهعهنكاوا كه ته‌نیا ژنێك و حهرهسێك تێدا ده‌وام ده‌كه‌ن، بۆچی كرێی ئه‌و خانووه نه‌كه‌ین به‌پڕۆژه‌ی توێژینه‌وه؟ من له‌بواری توێژینه‌وه فیكره‌و شاره‌زایی ئه‌كادیمیم هه‌یه. دیاره ئه‌م قسانه به‌دڵی خانم خانم نه‌بوون، من بۆكاركردن ته‌نیا یه‌ك مه‌رجم له‌گه‌ڵ دانابوو ئه‌وه‌یه ده‌وام نه‌كه‌م به‌ڵكو كار بكه‌م، خه‌به‌ری ناردبوو: به‌ئه‌ڤین بڵێن باچیتر ده‌وام بكات و خۆی تهلهفۆنمی هه‌ڵنه‌ده‌گرت!! به‌دڵسۆزی ئه‌مویست خزمه‌تی خۆم و ژنان له‌ئاسوده‌وه بكه‌م، به‌ڵام له‌وه ده‌چێت ئاسووده واتا: خانم خانم، خانم خانمیش یه‌كسانه به‌خانم خانم، من ئه‌م دیكتاتۆریهتهم پێ قووت نه‌درا، خانم خانم، ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌كارهێناو موچه‌ی دوا مانگی نه‌دامێ!
شتێكم نووسی و پرسم به‌چه‌ند هاوڕێه‌ك له‌ناو رێكخراوه‌كان كرد، گوتیان، خانم خانم له‌وه ده‌سه‌ڵاتدارتره تۆ بیگه‌یتێ، بۆیه ده‌ستی لێمهده باشتره، وازم لێهێنا چونكه ته‌نیا بووم. گرفتی من ئه‌م پرسیاره بوو: كه من له‌خانم خانم مه‌عریفه‌ی ئه‌كادیمی و شه‌هاده‌م زۆر به‌رزترن، ناوبانگ و توانا‌و كار‌و نووسینم له‌و دیارترن، فه‌رمانبه‌ری حكومه‌تم و نامه‌وێ فوول تایم له‌رێكخراو بم، واتا، هه‌رگیز كارم به‌وه نیه شوێنی ئه‌و داگیر بكه‌م، ئاسووده‌م و هیچ گرفتێكم نیه خۆی داوای كاری لێكردووم، به‌وپه‌ڕی نامرۆییانه مامه‌ڵه‌ی كرد‌و به‌وپه‌ڕی لووتبه‌رزیه‌وه وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنی نه‌ده‌دایه‌وه، ئه‌دی ژنێكی داماوی ئاریشهدار بكه‌وێته به‌رده‌ستی ده‌بێ چی لێبكات؟ هه‌ڵبه‌ت رووداوی هه‌فته‌ی رابوردوو پێیی وتین ژنێك كه‌وتوه‌ته سه‌ر قاچی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ری نه‌كات لهشێڵتهر، كه‌چی ئه‌و ده‌ری كردووه. ئه‌مه پێیده‌وترێت بازڕگانیكردن به‌پرسی ژنان. واتا، كه‌سێك یان رێكخراوێك به‌ناوی داكۆكیكردن له‌ژن، ئیمتیاز بۆ خۆی دابین ده‌كات و به‌كاری دێنێت بۆیه‌ش ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژی دیكه‌یه.
له‌نووسینی ئه‌كادیمیدا، نووسینی هه‌ر زانیاریه‌ك پتر له‌دوو وشه، ده‌بێ سه‌رچاوه‌كه‌ی دیار و به‌دۆكیومێنت روون بكرێته‌وه، كێ گوتوویه‌تی، كه‌ی، و له‌كوێ؟ ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا بهپلهیجیاریزم لهقهلهَمدهردرێت كه‌به‌كوردی خۆمان واتا قۆپیه یان دزیی فكر. به‌ڵام هه‌ندێك زانیاری هه‌یه باوه‌و پێویستی بهبهیانكردنی سه‌رچاوه نیه‌و ده‌بێ راسته‌خۆ بنووسرێت. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر بنڤیسیت: كورد بریتیه له‌گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر گۆی زه‌وی، ئیدی ئه‌مه ئاشكرایه‌و پێویست ناكا خۆت به‌به‌یانی سه‌رچاوه سه‌رقاڵ بكه‌ی. ئه‌م جۆره زانیاری پێی ده‌وترێت كۆمۆن ئینفۆرمه‌یشن، واتا، زانیاری به‌ربڵاو. لای كه‌س و رێكخراو‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی رۆژێك خانم خانمیان ناسیبێت لووت به‌رزی خانم خانم و بازڕگانیكردن به‌پرسی ژنان كۆمۆن ئینفۆرمه‌یشنه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سی دیكه زاتی ئه‌وه‌ی نه‌بوو خاڵ له‌سه‌ر پیته‌كان دانێ، ئێمه كردمان.
خانم خانم دوو وه‌ڵامی بۆ بابه‌ته‌كه هه‌یه، یه‌كه‌م گرفتی كه‌سیه گوایه ئێمه حه‌سودی پێده‌به‌ین، دووه‌م، گرفتی سیاسیه كه روونی ناكاته‌وه چیه‌و چۆنه؟
یه‌كه‌م: به‌شه‌خسی كردنی بابه‌ته‌كه زۆر لاوازه‌و خانم خانم لهبهرپرسیاێتی بازڕگانیكردن به‌پرسی ژنان رزگار ناكات. بۆ نموونه، واژووكردنی من له‌دژی ئاسووده كاردانه‌وه‌ی گرفتی كه‌سی نیه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خانم خانم توندوتیژی له‌گه‌ڵ خۆم كردووه(هه‌رچه‌نده منیش ژنم و رێكخراوێك به‌ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ژنان ئه‌م كاره‌ی به‌رامبه‌رم كردووه).
بۆ به‌ڵگه:پێش و پاش كارم له‌گه‌ڵا ئاسوده بۆ كاركردن په‌كم نه‌كه‌وت و ناشكهوێت.
كاری فێمینیزم بریتیه له دوو به‌ش، به‌شی فكری و به‌شی پراكتیك واتا مه‌یدانی. من نووسه‌رم، كه‌سێكم ئه‌كادیمیانه چوومه‌ته ناو بواره‌كه‌وه، كاره‌كه‌ی خانم خانم له‌بواری من نیه به‌ڵكو له‌بواری كاری مه‌یدانیه. واتا، ئێمه له‌دوو بواری جیا به‌ڵام ته‌واوكه‌ری یه‌كتر ئیش ده‌كه‌ین. به‌مه‌یش ململانێی كه‌سی ناكه‌وێته نێوانمانه‌وه چونكه كه‌سمان نایه‌وێ شوێنی ئه‌ویتر داگیر بكات، كه‌سیشمان ناتوانێ ئه‌ویدیكه بسڕێته‌وه. ململانێی نێوانمان له‌سه‌ر شێوازی كاركردنه. من ده‌ڵێم ئه‌و توندوتیژیه‌ی به‌رامبه‌ر بهمن كردی به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ژنی دیكه‌ش ده‌یكات، و كردووشیه‌تی. كه‌رێكخراوه‌كه بۆبه‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دامه‌زرابێت و ئه‌مه‌حاڵی بێت، ئیدی نابێ من چیتر بێده‌نگ بم. پاشان، كه‌سێك بێژێت 27 كه‌س و رێكخراو گرفتی شه‌خسی له‌گه‌ڵا من هه‌یه ئه‌بێ چی بێت؟ سه‌دام حوسێن یان ته‌ره‌زان؟ خانم خانم زۆر زیاتر له‌خۆی بۆ خۆی داده‌نات ئه‌گه‌ر وابزانێت 27 كه‌س گرفتی شه‌خسیان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه!
دووه‌م: ئه‌و خانم خانمه كه‌كردویانه بهسیمۆن دیبوڤوار گوایه داكۆكی له‌ژنان ده‌كات، ئاگای له‌ئه‌لف و بای فێمینیزم نیه! ئاگاهی له‌وه نیه پرسی ژن و فێمینیزم خۆی له‌خۆیدا پرسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسیه، بۆیه كه‌ده‌فه‌رموێت كێشه‌كه سیاسیه هیچ له‌بابه‌ت ناگۆڕێت. سیاسه‌ت شتێكه‌و حیزبایه‌تی شتی دیكه. بۆ نموونه، هه‌موو كه‌سێك سیاسیه به‌ڵام، مه‌رج نیه هه‌موو كه‌سێك حیزبی بێت، چونكه ژیان هه‌مووی سیاسه‌ته. بۆچی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی سیاسه‌تی ناوێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌یه‌وێ بێژێ ئه‌مه ململانێیی حیزبیه فه‌رموو بڕوانه ناوه‌كانی هه‌ردوو لیستی داكۆكیكارانی خانم خانم، هه‌روه‌ها نه‌یاره‌كانیشی هه‌مان ئینتمای حیزبی و بێلایه‌نیش خه‌لكی ناو حیزبی جیاواز هه‌ن! واتا، ئه‌گه‌ر لیسته‌كان دابه‌شی دوو لایه‌نی حیزبی جیاواز بوونایه ده‌كرا بێژین ململانێكه په‌یوه‌ندی به‌ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌وه هه‌یه كه ئه‌و بێئاگایانه ناوی ده‌نێت سیاسی.
فێمینیزم خۆی سیاسه‌ته و بێئاگایی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ناو لیسته‌كه‌ی خانم خانم ئیمزایان كردووه له‌توندوتیژی رێكخراوه‌كه، پرسیاره سه‌ره‌كیه‌كه ناشارێته‌وه: ئاسوده چی شاردوه‌ته‌وه وادونیا هه‌ژاوه بۆ یه‌ك داواكاری: بێ زه‌حمه‌ت، با لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر رێكخراوه‌كه بكرێت.