كارۆخ مەلائەسعەد: گۆرانیبێژ (كوردە) دوای ئەوەی، كە بۆ گۆرانییەكانی چەند ئاواز و هۆنراوەی هونەرمەند (زیاد ئەسعەد)ـی بەكار هێنا و بەم هۆیەیشەوە ناوبانگێكی باشی دەركرد و گۆرانییەكانی چوونە ناو خەڵكەوە، جەماوەرەكەیشی ئاماژە دەدەن، كە ئەو
توانیویەتی بەو گۆرانییانە ناوبانگ دەر بكات و باشی چڕیون، بەڵام ئەو لە دیمانەیەكی كورتی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـدا دەڵێت:” ئێستا وەك ئەوەی بیری لێ دەكەمەوە، هەرچەند كە كارەكەت پێرفێكت بن، كەس نییە پێی بزانێت تەنانەت دەستخۆشییەكیش وەرناگریت.”
(كوردە) لە دەستپێكی ئەو دیمانەیەدا گوتی: “ئەگەرچی من چەند بەرهەمێكی بەرچاوم هەیە و سەرجەم ئەو خەرجی و تێچووەی لە كارەكانمم سەرف كردووە بە ئارەقە و ڕەنجی شانی خۆم پەیدام كردووە و ئەو گۆرانییانەم پێ بەرهەم هێناوە، بەڵام لە سەرووی ئەمەیشەوە كەسێك یان لایەنێك نییە تەنیا بۆ جارێك كە ئەركی ئەو كارانەت لەسەركەم بكاتەوە، تەنانەت شوێنێك نییە دستخۆشییەكیشت لێ بكات، بۆیە وەك ئەوەی كە خۆم بیرێكی قووڵم لێی كردووەتەوە، هەرچەند ئیشی باشیش بكەی لەو وڵاتەی ئێمەدا كەس پێی نازانێت، ئەوەیش تەنیا لە كولتووری ئێمەدا ئەو دیاردەیە هەیە و بەم شێوەیە هەنگاو دەنێت، ئەوە ڕا و بۆچوونی خۆمە.”
لە بارەی نەبوونی بەرهەمی نوێیشیەوە دەڵێت: “بەرنامەم هەیە بۆ ئەوەی چەند بەرهەمێكی دیكە بچڕم، بەڵام دڵنیا نیم كەی ئەو كارە تازەیە بەرهەم دێنم، بۆیە ناتوانم هیچ ڕێكەوتێك لەو بارەیەوە دیاری بكەم.”
ناوبراو كە بۆچەندین ساڵە لە دەرەوەی كوردستانە و لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بووە گوتیشی: “ئاوەتەخوازم ڕۆژێك بێت و بەچاوەكانی خۆم بیبینم كە هونەر لە هەرێمی كوردستان هەر بەم شێوەی ئێستا ئاوا بە چاوێكی لاوەكیانە سەیر نەكرێت.”
كارۆخ مەلائەسعەد