مەسعودی مەلا هەمزە : كورتە فیلمی “ئەنتێنا” نوێترین كاری هونەرمەند عەدنان عوسمانەو لە یەكەم بەشداری خۆیدا لە فێستیڤاڵی سینەمای دیاربەكر توانی بڕانامەی رێزلێنان وەربگرێ. ئەم كورتە فیلمە كە ماوەكەی “12,40” خولەكەو بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەمایەو لە سیناریۆ و دەرهێنانی عەدنان عوسمانە، ناوەرۆكی ئەو فیلمە باس لە پیرەژنێك دەكا بە تەنها لە گوندێكدەژی، هەموو هەوڵ و ئامانجی ئەوەیە كاتێكی گونجاو ببینێتەوە بۆ ئەوەی چەند ساتێك بگەڕێتەوە سەردەمی منداڵی.
لەیەكەم بەشداریكردنی خۆیدا ئەو فیلمە لەچوارەمین فێستیڤاڵی دیاربەكرلە باكووری كوردستان كە فێستیڤاڵەكە لە رۆژانی 23تا25/4 بەڕێوەچوو، بەشداری كردو لەدووەم رۆژی فێستیڤاڵەكەدا نمایش كرا، بەوتەی دەرهێنەری فیلمەكە ئەو فیلمە بۆتە جێگای سەرنجی سینەماكارانی باكووری كوردستان و دوای نمایشكردنیشی گفتوگۆیەكی تێروتەسەلی لەسەر كراوە.
هەروەها عەدنان عوسمانی دەرهێنەر گوتی: لەبەرئەوەی ئەو فێستیڤاڵە ئیمكانیەتی داراییان بێ هێزە، هیچ خەڵاتێكیان نییە و بەشی پێشبڕكێیان نییە، بەڵام لەبەرئەوەی فیلمەكەی من “ئەنتێنا” تاكە فیلمی باشووری كوردستان بوو لەو فێستیڤاڵە وەرگیرابوو، تاكە فیلمیش بوو بڕوانامەی رێزلێنانی پێ بەخشرا”.
دەرهێنەر گوتی: دوای نمایشی فیلمەكە سیمینارێكم دەربارەی رەوتی سینەماو چۆنیەتی پێشكەوتن و هاوكارییەكانی حكومەت بۆ سینەما پێشكەش كرد”.
شیاوی گوتنە ئەم كورتە فیلمە لەسەر سنووری ئێران لەگوندی “وێزێ” وێنەی گیراوەو بەڕێوەبەری وێنەگرتن “محەمەد جانۆ” بووەو سیروان گلی و رێكار عەدنان وەكو یاریدەدەری وێنەگر كاریان كردووە، ئیبراهیم رەمەزان وەكو یاریدەدەری دەرهێنەر و بەڕێوەبەری بەرهەم كاری كردووەو رەجەب ئەحمەد كاری مۆنتاژی فیلمەكەی ئەنجام داوە، فیلمەكەش بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەمای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانە.