كارۆخ مەلائەسعەد: دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو كلیپێكی بە ناوی “شارێكی چۆڵ” بڵاو كردەوە، ئێستا (كریستاڵ) سەرقاڵی بەرهەمهێنانی كلیپێكی دیكەیە و بەم زووانەیش لە كەناڵەكان پەخش دەكرێت.”
(كریستاڵ) لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: “چەند ڕۆژێكە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی دوو كاری تازەم، كە ئەم كارانەیشم ئەنجامدانی گۆرانییەك و كلیپێكە.
ناونیشانی گۆرانییەكەم ناوناوە (چییە) كە لە ئاوازی (هەڵكەوت زاهیر)ـەو، تێكستی (حەمەسەعید ئیبڕاهیم)ـە.”
سەبارەت بە كلیپەكەیش گوتی: “سینارێۆی كلیپەكە هیی خۆمە و لە شاری دهۆكی ڕەنگین لە لایەن دەرهێنەر (خەلیل مەجید) وێنەی گیراوە. هاوكات ئێستا ئەم كلیپە تەواوی كارەكانی ئامادە كراوە و لە قۆناغی مۆنتاژكردن دایە و جەماوەرەكەیشم ئاگادار دەكەمەوە كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا كلیپەكەم دەبینن.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (كریستاڵ) باسی لە بەرهەمی (شارێكی چۆڵ) كرد كە هەفتەی ڕابردوو بە كلیپەوە بڵاوی كردووەتەوە و گوتی: “گۆرانیی شارێكی چۆڵ یەكێك بوو لە تراكەكانی ناو ئەلبوومەكەم و ناونیشنانی ئەلبوومەكەیشم بووە.
هەرەوەها ئەو گۆرانییەم لە ئاوازی مامۆستا (هەڵكەوت زاهیر)ـە و تێكستی شاعیر (حەمەسەعید حەسەن) بوو و بڕیارماندا ئەو گۆرانییە لە شاری هەولێر كلیپ بكەین و كارەكەیشمان هێنایە بوون، كە (زانا عەبدوڵڵا) كاری دەرهێنانی بۆ كردووە و وێنەگرتنیش (وەلید خۆشناو) كردوویەتی و مۆنتاژەكەیش لە لایەن (كارزان كەریم)ـەوە كاری بۆ كراوە.”