دیــدار نانـــەكەلی :بە ڕەخنەیەكی دۆستانە و تەنها قسەیەكی هەقی بزانن ئەگەر بڵێین حاڵی حازر لە بەرامبەر ئەو ئاست و تەكنیك و ئەكادیمیا و ئەنجام و چاڵاكی و هەرچی شتی جوان و شایستە و لەجێی خۆیتی بۆ وەرزش بە ڕووە ڕاستەقینەكەی خۆی بە گشتی لە سەرانسەری جیهان و بە تایبەت لە ووڵاتە پێشكەوتوەكانی وەرزشی وەكو ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكای باشوور ,وەرزش لە كوردستان و ناوچەكە لە پەیژە هەرە سەرەتاییەكانی هەنگاونانە بو نوقورچە سەركەوتنێكی ناوەخۆیی و خۆدەربازكردن لە نغرۆبوون و لەناوچوون..بە بوونی زۆر هۆكار كە ئەوانەی ڕۆژێكیش بۆ سەلامەتی سەحەتی خۆیان بەلای وەرزشدا نەچوون وەكو مانگی چواردە هەستی پێ دەكەن و دەزانن برینەكانی ئەو بوارە لە كوێدایە.
وەرزش جیا لە هەموو جوانی و پاكیەكانی خۆی, كە من ناتوانم ئەو هەقە بەخۆم بدەم تازە پاش چەندین سەدە لەو مێژوو و سەروەری و داهێنان و گەورەیەی وەرزشی وولا َتانی وەكو بەڕازیل و یۆنان و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و چەندانی دیكە ئێستا بێم پێناسەیەكی پوختی وەرزشتان بۆ بكەم , وەرزشێك بەو هەموو بەرائەت و لێیووردەیی و تەباییەوە لە ووڵاتێكیش كە هەموو هەوڵ و هەنگاو و ئەنجامەكان خۆرسكی و تاكە كەسین و بەبێ زانیاری و زانستێكی تازەكاری وەرزشی و خەمخۆرێكی ڕاستەقینە,
ئەوەندەی چاوپۆشیمان لە كەموكوڕی و كەلێنەكان كرد و ترسمان لە ڕەخنەبوو,نا ئەوەی لێرە لە كوردستانێكی ئازاد و پاڵپشت بۆ بەرەوپێشچوونی وەرزش و بوونی گەردەلوولێك لە حەزو و خولیای دۆستایەتی تەواوی گەنج و لاوەكانی ووڵات بۆ ئەو بوارە,
كەوتینە سەر ڕێگایەك كە ئاراستەكەی بۆ كار و هەوڵە بێ بنەما و داڕوخێنەرەكانی دیكتاتۆر و نەزانێكی بواری وەرزشی وەكو عودەی بەچكە لە پەلوپۆكەوتیەكەی سەدام حوسێن ی بەكۆمەڵ نغرۆبوو دەچێت
ئەوەتا نموونە ئاسای ئەوان بە شانازیەوە جەنگ و پۆلیس و سەرباز و تەنانەت ناوی پیرۆز و پڕشكۆی پێشمەرگە تێكەڵ بە وەرزش دەكەین, چونكە جگە لە ڕژێمی عەسكەرتاری پێشووی عیراق و سوریای هاوبیر و هاو سەنگەری زۆر دەگمەنن ئەو ووڵاتانەی ناوی تیپ و یانەیەكی وەرزشی بەناوی هێزەكانی ووشكانی و ئاسمانی و پۆلیس و سەربازی و جەنگەكانەوە بنێن. ئەویش لەبەر دوو هۆكار
1ـ وەرزش خۆی لە خۆیدا بۆ لەیادچوون و سڕینەوەی جەنگ و شەڕ و ناكۆكی و خەم و نەهامەتی خولقاوە و هاتۆتە كایەوە.
2ـ بواری وەرزش وەكو بواری پێشەنگ و لوتكەی پێشڕەوی لە ژیانی مرۆڤایەتی تێكەڵ و ئاوێتەی هەموو بوار و تەنانەت شتە تاریك و مەنگ و لێڵ و پیسەكانی ژیانش دەبێت تەنها جەنگ و كوشتاری و سەربازیەت نەبێت.
نموونەی ئەوانەی لە هەوڵدانە بۆ شێواندنی وەرزش بە شێوە ڕاستەقینەكەی خۆی, بەداخەوە لێرە لە كوردستانیش دوو یانەی بەهێز و خاوەن ئەنجام و دەسكەوتی خولەكانی كوردستان و عیراق ناوی پێشمەرگەیان هەڵگرتووە , وەك ئەوەی پێشمەرگە ئەركی تری نەبێت و بۆ مانەوەی ناوەكەی یانەیەكی تۆپی پێ بەناوبكرێت. ئەگەر ڕەخنەیەكیشم هەبێت لەوەدانیە ئەو دوو یانەیە ناویان پێشمەرگەیە,
ڕەخنەی من لە دەمارگیری و شارچیەتی و داشكاندن و لێك پچڕاندنی پیرۆزی , سەروەری , مەزنی , جوانی ناوی پێشمەرگە لەلایەكە و
وەرزشە چەوسێندراوە و زوڵملێكراوەكەیە لەلایەكی تر. چونكە ئەو دوو یانەیە, یەكێكیان ناوی پێشمەرگەی هەولێرە و ئەوەی دیكەش پێشمەرگەی سلێمانی . لە هەرێمێك كە تەنها 3 شاری بچوكی ئازاد و خاوەن دەسەڵاتە, لە نێوان دوو شار, دوو جۆر پێشمەرگە ڕكابەری یەكتر دەكەن, بە بچوككردنەوەی ناوی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگەی شاری هەولێر و سلێمانی.ئەگەر ئەركی پێشمەرگە بە پێناسەی ئەو دوو یانەیە وێنە بكەین, زیاتر لە پاسەوانی ماركێت و باخچەكان دەچێت.
كارەسات لێرەیە كە ئەو دوو یانەیە لە لایەن دەسەڵات و پلە بەرز و پێشمەرگە ئۆرجیناڵ و دێرینەكانەوە بەرێوەدەچێت و ڕازیشن بە پێشمەرگەی شارەكانیان بناسرێن لە شوێنی پێشمەرگەی ووڵات و كوردستان .هەموو جارێك كە گوێم لێ دەبێت لە هەواڵە وەرزشیەكان پێشمەرگەی فلانە شار لە پێشمەرگەی شارەكەی تریانی بردۆتەوە,دەبێ بەگەورەیی خۆتان بمبوورن چونكە خۆم بۆ ناگیرێت و دەكەومە پێكەنینێكی لە ناوەڕۆكدا خەفەت ئامێز, لەبەر ئەوەی
1- بەعس نە بوونی ماوە و نە دەستی تێدا هەیە كاتێك ئێمە قەبوڵمانە و پەیڕەوی كارەكانی دەكەین وەكو ئەوەی لە خۆشەویستیان بووبێت كە گلەییمان لێ دەكردن ئەوەتا لە ڕقی تیپەكانی شورتە و جەیش و قوە جەوی بوو سەیری یاریەكانی خولی عیراق نەدەكرا,كەچی ئەو ڤایرۆسە خۆمان بۆ خۆمان دروست كرد و وادەزانین ڕێز لە ناوی پێشمەرگە دەنێین ئەگەر تیپێكی وەرزشی بەناوبكرێت, لەكاتێك هەموو شتێك لە سروشتی خۆیی و لە جێگای خۆی پێرۆز و مەزن و جوانە..
2- ناوی پێشمەرگە لە نوسینەوەی سەرەتاترین مێژووی وەرزشی كوردستان لاواز دەكرێت بۆ نەوەیەك لە داهاتوو كە هەر وادەزانێت پێشمەرگە تیپێكی فووتبۆڵ بووە , بەڵام نازانێت كامەیان بەهێزترببووە
پێشمەرگەی هەولێر یان پێشمەرگەی سلێمانی؟
دیــدار نانـــەكەلی
dedar_nanakaly@yahoo.com