کارزان کۆیی
بەشی یەکەم
لەم وتارەماندا مەبەستمان تەنها لە بەر پرسە گەندەڵ و کاسەلێ سەرەوەکانە .هەرکەسێ لەدادگا خۆی بەگەندەڵ و کاسەلێ سەرەوە بناسێنێ مافی خۆیەتی داوای یاسایم لەسەر تۆمار بکات .
ئای زەمانە ، جاران دەسەڵات داران و بەرپرسان و سیاسەت مەداران دزەکانیان دەگرت . هەمێستا دزەکان پڕۆفیش ناڵانە کار دەکەن ئەوان بەرپرسان و دەسەڵات داران و سیاسەت مەداران دەگرن ودەیان کەنە گەمەی دەستیان و دزیان پێ دەکەن . ئەمەیە بیرۆکەو پڕۆسەی ئەو پیاوانەی وەک قاچک لەم هەرێمەدا هەڵ تۆقین و نیشتمان و حکومەتیان ناشرێن کرد . ئای دکتۆر….بەڵێ تۆدەڵێم …..دکتۆر … ؟ ئای بەرپرسە کانی شاری سلێمانی . دەزانن ئێوە گوناحن . خەڵکانێک هەن لەژێر سێبەرو ڕکێفی ئێوەدا بوونە خاوەنی فڕۆکەی تایبەت و پاسپۆرتی ئەمریکی تایبەت و هتدد… . کەخۆتان نیتانە . لە وتارەکانی داهاتودا بەووردی بەداتاوە ئاماژەی پێ ئەدەم . بەڵام نابێ ئەوە لەیاد کەن کەسانی برژوا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی زۆر ئاساییە لەژێرسێبەری ئێوەدا کۆسپی بەرژەوەندی خۆی تیرۆر بکا ، کە ئێمەین .
قەیوان سیتی ئەو پڕۆژەیەیە کەچەند بەرپڕسێک بەئاشکراو نهێنی لەپشت و پاش و پێشین . چەندین بەرپرسێکی زەبەلاحیش ئەم لاو ئەو لایان گرتوە .زۆرێکیش لەبەرپرسان کرێچین لەو پڕۆژیەدا. هێندێکیش کاسەلێ سەرەوەن . لەوتارەکانی داهاتودا ئاماژە بەناویان ئەدرێ . هەر ئەم هۆکارەشە بۆتە فاکتەرێ کە ئەم پڕۆژەیە بەئاشکراو بێ سڵەمینەوە و ڕێزگرتن لەهەمو بەها مرۆییەکان. هەموو یاساو ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی بخاتە ژێر پێی بەرژەوەندیەکانیەوە و بێ منەت بێت لەیاساو ڕێساکان . چونکە زۆر کەمن لەبەرپرسان پشکی ئەو خێرو بێرەیان بەرنەکەوتبێ دەنا خێرە ئەو بێدەنگیە لەئاست ئەم هەموو سەرپێچیە . سەرپێچی وسوکایەتی کردن بەدانیشتوانی ئەم پڕۆژەیە ئەوەندە زۆرە لەوتارێک و دواندا جێگەی نابێتەوە لەبەر ئەوە ناچار دەیکەمە چەند وتارێک.
بەڕێزان من ئاماژە بەکێشەی تایبەت و خانوەکەی خۆم نادەم کەبەدووری نازانم لەچەند ساڵی داهاتودا بڕوخێ بەسەرماندا .ئەوە کێشەی خۆمە لەڕێگەی دادگاو داواکاری گشتیەوە کاری لەسەر دەکەم . بەڵکو تەنها باس لە گرفتە گشتیەکان دەکەم و بەشی یەکەمی تایبەت دەکەم بە کێشەی کارەباو سەرپێچیەکانی کارەبا .
1- بەپێی ڕێنماییەکانی پارێزگای سلێمانی وقایم قامیەت و لیژنە تایبەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی وەرشەی مەرکەزی / موەلیداتی ئەهلی نرخی یەک ئەمپێر تەنها 8500هەشت هەزارو پێنج سەد دینارە بەڵام لە قەیوان سیتی بەقودرەتی قادرو بێ دەنگی دەستەی وەبەرهێنان . یەک ئەمپێر بە 15000 پانزە هەزارە و کەسیش لەلیژنەکان فزەی لێوەنایەت .
2- بەپێی ڕێنماییەکان بڕگەی 2 هەر مووەلیدەیەک لەکار بکەوێ دەبێت قەرەبو بکاتەوە . دانیشتوانی قەیوان سیتی شتی وایان نەبینیوە .
3- پێش ماوەیەک لەهەر ماڵێک لەوپڕۆژەیە کە لەسەدان ماڵ زیاترە بڕی 100$ یان وەر گرت بۆ دانانی سەعات بۆ کارەبا کەبەهاکەی لە 50،000هەزار تێپەڕ ناکات کە دەبوایە لەسەر ئەرکی خۆیان بوایە .چەند رۆژێک کاریان پێ کرد وە پەیرەوی کیلۆ واتیان کرد وەک پڕۆژە سەرکەوتوەکانی پاشاسیتی و گۆیژەو هتدد بەڵام یەکسەر وەستانیان و ئێستا کاری پێ ناکەن. کێ هەیە ئەم ڕابواردنە قبوڵ بکا سەعاتێکی پێ بکڕن بە دوو قات لەبەهاکەی وەکاریشی پێ نەکەن .
4- زۆرێک لەماڵەکان کارەبایان ثری فەیستە ئەگەر 10 ئەمپێر بەکار بێنن ئەوا 30 ئەمپێریان لەسەر دەنوسرێ. نازانم لەهیچ ڕێنماییەکاندا شتی وام بەدی نەکردوە .
لەو پڕۆژە گەورانەدا بەدەر لە ڕێنمایی ، گەر وەک مرۆڤ بیر لە ئاسودەیی خەڵک بکرێتە وە . دەبێت کار بە مولیدەی مۆدێرن و بێ دەنگ بکرێ . بەڵام دەنگی موەلیدەکانی ئەم پڕۆژەیە نەک چەند گەرەکێکی ناو قەیوانی کاس کردوە. بەڵکو بەهای شوقەکانی پاشا سیت یشی بەچەند هەزار دۆڵارێ دابەزاندوە ، لەبەر ئەوەی کەس ناتوانی گوزەربکا لە شوقە تازەکانی بەهۆی نزیکی لە مولیدەکانی قەیوان قەیرانەوە . هەرچەند خزمەت گوزاریەکانی پڕۆژەی پاشا سیتی زۆر مۆدێرنە و بەدەرە لە هەمو کەمو کورتیەک ، هۆکاریش نەبوونی بەرپرسە لەپاش و پێشی ئەو پڕۆژەیە و خاوەنەکانی خەڵکانێکی جوان و خاوەن ویژدانن . مزگەوت ناکەنەوە بۆ ڕیکڵام .
بەڕێزان ئەگەر پێ شەنگایەک بکرێتەوە لە کوردستانە بۆ نمایش کردنی ئامێری کارەبایی سووتاو بەهۆی بەرزو نزمی کارەباوە ئەوە ماڵەکانی قەیوان سیتی پشکی شێریان بەر دەکەوێ ویەکەم دەبن . چونکە ماڵ نیە چەند ئامێرێک و سەدان گڵۆپی نەکردبێتە قوربانی مولیدەکانی قەیوان قەیران. لەهەموی سەیرو سەمەرە تر بەرپرسی ئارامی ناو پرۆژەکە بەیەکێ لە دانیشتوانی پڕۆژەکەی وتوە ئێمە پارەی زیاد وەر دەگرین لەبەر ئەوەی هاوکاری پێشمەرگەدەکەین !!! زۆر بەداخەوە بۆ ئەم لێدوانە چونکە پێشمەرگە زۆر لەوە گەورەترو پیرۆزو سەروەر ترە بەپارەی سەرانە بژی .
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەدوا کاری خزمەت گوزاری قەیوان سیتی بدەین . لەم پرۆژەیەدا گۆڕەپانێکی ( تاتان )ی تیابوو کە دانیشتوانی ئەو پڕۆژەیە بەپارە وەرزشیان تیا دەکرد . پڕۆژەکە هەستا بەگواستنەوەی موەلیدەکان بۆ تەنیشت ئەو گۆڕەپانە کە تەنها چەند مەترێک موەلیدەکان دوورە لەو گۆڕەپانەوە. بەومەبەستەی وەرزش کاران بەرگری پەیدا بکەن بەرامبەر وڕەوڕ و دوکەڵی گاز. لەکۆتایدا دەڵێم ئەمە بۆچونی تەنها من نیە دەیان کەس لەو پڕۆژەیە ئامادەییان پیشان داوە کە بۆ ڕاگەیاندنەکان بدوێن وەکاتی خۆی دێت هەمو ڕاگەیاندنەکان بانگ هێشت دەکەین تا دانیشتوانی ئەو پڕۆژەیە داخی دڵیان هەڵڕێژن . .چاوەڕوانی بەشی دووهەم و سێهەم بن . کە وتارەکانم ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم و داواکاری گشتی دەکەم . لەبەر ئەوەی پێ دەچێ پارێزگاری سلێمانی و لایەنە پەیوەندی دارەکان دەسەڵاتی لێ پرسینەوەیان نەبێ لەم پڕۆژەیەدا .
1/2/2015
awaolives@yahoo.com
facebook/ awaolives15@yahoo.com