نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
ئەو ڕاستیەی کە ھەموو سەرکردەی پارت و گروەھەکانی عێراق بە چەپ و ڕاستیانەوە بە ئیسلامی و عیلمانیە وە لەوەتی عێراق بە زۆری زۆرداران لکێنراوە بە یەکەوە کەس دانی پێدا نانێت و خۆیانی لێ گێل دەکەن بەھەر ھۆیەک بێت چ ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان دۆست و ھاوسەنگەر ی کورد بوون و چ ئەوانەشی بە بیانووی ئەنتەرناسیونالیستی و برای ئاینی یەوە قڕوقپ و چاویان لە ئاستدا نووقاندووە .
ئەمجارەیان لە لایەن شێخ قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی ھەق کە ڕێکخراوێکی شیعەیەو خاوەنی میلیشیایەکی بە ھێزەو کاتی خۆی لەڕەوتی سەدر جیابوەتەوە ئەم ڕێکخراوەی پێکھێناو لە دوای سەرکەوتنەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش )لە سوریا و دواتر لە پارێزگا سونە نشینەکانی عێراق لە موسڵ و سەلاحەدین و ڕومادی و دیالە و دەوروپشتی بەغداد و دوای بانگەوازی سەید علی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان بۆ چەک ھەڵگرتن ئەمیش ئەو ھێزەی پێک ھێناو لە بەرەکانی شەڕدایە زۆر بە ئامادەگیەکی باڵاوە .ھەروەھا سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن کە میلیشیاکانی ئەم گروھە لە سەرەتای شەڕی سوریاوە چوونەتە ئەو ووڵاتەو بەشداری شەڕیان کردووەوە بەرگریان لە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد کردووە .
ئیتر من نامەوێت باسی پێشێلکاری و ڕەفتارە تائیفیەکانی ئەم گروھانە بکەم لە گۆرەپانەکانی شەڕدا دەرھەق بە سوونەکان وبە پێچەوانەشەوە چونکە زۆری لەسەر وتراوە و دەچێتە قاڵبی ئەو شەڕە تائیفیەوە کە چەند ساڵێکە عێراق پێوەی دەناڵێنێت .
مەبەستی وتارەکەم وتەکانی قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی ھەقە لە میانی چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ کەناڵی( العھد )و ھەندێ کەناڵی ئاسمانی تریش باسی لێوە کردووە , ھەندێ ڕاستی حاشا ھەڵنەگری ووتوە کە پێشتر کەس دانی پێدا نەناوە ,
ئەو ڕاستیەش دەسەلمێنێت کە کوردکەمینە نیەوە کوردستان وڵاتێکی دابەشکراوو داگیرکراوە و بۆیە حەزدەکەم پوختەیەک لە وتەکانی ناوبراو بخەمە ڕوو :
لەڕووی واقیعیەوە ھەرێمی کوردستان سەربەخۆیە، دەشڵێت:”نە کوردستان بەشێکە لەعیراق و نە نەتەوەی کوردیش عیراقین”. ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەھل حەق لەچاوپێکەوتنێکدا، باسی کێشەکانی نێوان ھەولێرو بەغدای کردووەو ڕایگەیاندووە، ئەو کێشەو ناکۆیانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەزیادبووندان و بەھیچ شێوەیەکیش چارەسەرناکرێن.
ئەمینداری عەسایب ھۆکاری چارەسەر نەبوونی کێشەکانی ھەولێرو بەغدای بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، کە “لەبنەڕەتدا کوردستان بەشێک نییە لەعیراق و نەتەوەی کوردیش عیراقی نین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە خۆیان ئەمە نازانن”.
ئەو بەرپرسە باڵایەی شیعەکانی عیراق جەختی لەوەشکردۆتەوە، نە حکومەتی ھەرێم و نەحکومەتی عیراقیش بەھیچ شێوەیەک دان بەیەکتردا نانێن و ھیچ لایەکیان ئامادەنین تەنھا داواکاریییەکی یەکتریش جێبەجێ بکەن.
خەزعەلی نمونە بۆ قسەکانی خۆی، بەتەحەدای سەرۆک وەزیران عیراق دێنێتەوەو دەڵێت:”ھەرێمی کوردستان سەربەخۆیەو پێویستیشە لەڕووی سەربازیی و داراییشەوە دان بەمەدا بنرێت، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە، کە من تەحەدای سەرۆک وەزیرانی عیراق و حکومەتەکەشی دەکەم ئەگەر بتوانێت جوڵە تەنھا بەیەک سەربازی کورد بکات”.