نووسینی : بورھان شێخ ڕەئوف
پێش ئەوەی بچمە ناو قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستانەوە پێمباشە پێناسەیەکی ((قەیران )) بکەم دواتر ھەڵوەستەیەکی خێرا لە سەر قەیرانە زۆر سەخت و نەخوازراوەکانی وڵات بکەم ئەگەر بە کورتیش بێت .
ئەگەرچی زۆر پێناسە بۆ قەیران کراوە بەڵام کورتترین و پڕ مانا ترینیان ئەو پێناسەیە کە (scher mehorn) کردوویەتی کە دەڵێت قەیران و قەیرانی کارگێڕی ئەو کێشە چاوەڕوان نەکراوەیە ئەگەر چارەسەر خێرای بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوە کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە .
ھەروەھا فەرھەنگی ڕندام قەیران وا پێناسە دەکات کە دۆخێکی ڕاگوزەر و ناھاوسەنگە کە دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان کە لەبەر ڕۆشناییەکەیدا ڕووداوەکانی ئایندە دەستنیشان دەکرێت کە گۆڕانکاری گەورە بە دوای خۆیدا دەھێنێت .
ھەروەھا فەرھەنگی وێبستریش وا پێناسەی دەکات دەڵێت قەیران خاڵی وەرچەرخانە بەرەو باشتر یان خراپتر ھەروەھا ئەو چرکەساتە یەکلاکەرەوەیە ئەو کاتە تەنگانەیە واتە دۆخەکە گەیوەتە قۆناغێکی نەخوازراو.
لەبەر ڕووناکی ئەو پێناسانەی سەرەوەدا دەتوانین ئاماژە بە قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی ھەرێمی کوردستان بکەین ھەرچەندە زۆرێک لەو قەیرانانە ڕەگ و ڕیشەی مێژووییان ھەیە و لە ڕابردوویشدا زۆرمان لە سەر ووتوە و بە پێویستی نازانم لێرەدا دووبارەیان بکەمەوە .
بەڵام قەیرانەکانی یەک ساڵی ڕابردوو سەرەتا لە قەیرانە داراییە کانی ھەرێمەوە دەست پێدەکات کە لە ناکۆکیەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر پێنەدانی پارەی کۆمپانیا وەبەر ھێنەرەکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی ناوەندیەوە دەستی پێکردو دواتر دابەزینی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی بەشە بوودجەی ھەرێم و دواکەوتنی مووچەی کارمەندانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ , کێشەو ناکۆکیەکان لە سەر دۆسیەی نەوت و غاز و فرۆشتنی لە ڕێگەی سۆمۆ و دواتر شکستھێنانی ئەو پرۆسەیە لە ڕێگەی سۆمۆەوە دواتر فرۆشتنی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە و شکسھێنانی ئەو وەزارەتە لە دابین کردنی مووچەی کارمەندانی حکومەت و خستنەوە گەڕی پرۆژەو خزمەتگوزاریەکان .
لایەکی تری قەیرانەکە قەیرانی سیاسی یەو و پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمە لە دوای ئەوەی لە ١٩ / ٨ / ٢٠١٥ ولایەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تەواو بوو ھەر پێنج لایەنەکەی بەشدار بووی حکومەتی بنکە فراوان نەیان توانی لە دوای نۆ کۆبوونەوەی دوورو درێژ بگەنە ڕێگە چارەیەک بۆ قەیرانەکە ناکۆکی و ململانێکان لە پەرلەمان و کۆبونەوەی نێوان حزبەکانەوە گوێزرایەوە بۆ سەر شەقامەکان و توندوتیژی لێکەوتەوە لە ٨/١٠/ ٢٠١٥ کە بە لە گیان لە دەستدانی پێنج کەس و بریندار بوونی زیاتر لە ١٠٠ کەسی لێکەوتەوە .
بەڵێ لە ئاوا بارو دۆخێکدا کە قەیرانەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیاد بوون و تەشەنە کردندان بێکاری و داڕووخانی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و بۆ زیلتر لە ٣ مانگ و نەبوونی ھیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنیان ھەموو ئەمانە و سەرەڕای سەرھەڵدانی کێشەی سیاسی وکە خۆی لە پرسی ولایەتی سەرۆکی ھەرێمدا دەبینێتەوە خۆ بەستنەوە بە کورسی دەستەڵات و پێشێلکردنی ھەموو یاساو ڕێساکان لەلایەن تۆێژی باڵادەستی فەرمانڕەواوە ,
زۆر ئاساییە لە دوای ھەموو ئەو فاکتەرانە ئەگەر تاقمێکی زۆر لە گەنجان و دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکان سەری خۆیان ھەڵگرت و وڵاتیان بە جێھێشت دواتر ناڕەزایەتی و خۆپیشاندا ن و میتینگ و بایکۆتی دەوامی لێبکەوێتەوە وبەڵام بە شێوەی مەدەنی و ئاشتیانەو دوور لە توندوتیژی ئیتر پێویست ناکات ئەو جۆرە کاردانەوانەی کۆمەڵانی بەرینی خەڵک بە دەستی دەرەکی و ئاژاوەو و پیلانگێڕی و ھاندانی فڵان و فیسار حزب ناوەزەد بکرێت وەکو ھەموو ڕژێمە دکتاتۆر و تۆتالیتارەکانی دونیا .
ئیتر نامەوێت باسی ڕووداوە کانی دواتر بکەم چونکە پێناسەکان پێمان دەڵێن کە ئەگەر قەیرانەکان چارەیان بۆ نەدۆرێتەوە ئەوە کارەساتی نەخوازراوو گەورەیان لێدەکەوێتەوە .