زانكؤ پرێس : خاوەنی درێژترین بەرنامەی وەرزشی تەلەفیزیۆنی لە عیراق و ولاتانی عەرەب و سەرکردەی ڕۆژنامەنوسانی وەرزشی عیراق خەڵاتی ڕێزلێنانی عەرەبی پێدەدرێت .
موئەید بەدری کە ماوەیەکی زۆرە نەگەڕاوەتەوە عیراق ژیان لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەسەر دەبات , لە پەیوەندیەكدا وتی ” لە لایەن یەکێتی ڕۆژنامەنوسانی وەرزشی عیراقیەوە کاندید کراوم کە خەڵاتی ڕۆژنامەنوسانی وەرزشی عەرەب وەرگرم لە شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ڕۆژنامەنوسانی وەرزشی عەرەب کە بڕیاری ئەمساڵ لە ١١-١٠ ئەو یادە لە ڕامەڵای سەر بە وڵاتی فەلەستین بکەنەوە .
مامۆستا موئەید وتی , ئەوە بەشێکی گەورەیە کە ئەو فەخرە بە من دراوەو نمونەیەکم لە عیراق بەجێھشتووە لە ژیانی کارکردنمدا بۆیە ئەخوازم کە لە داھاتووشدا ڕۆژنامەوانانی وەرزشی عیراق پێشکەوتوتر ببینم چونکە زەمینە ئێستە لە بارە بۆ پێشکەوتنیان .
ئەو کە باری تەندروستی ئێستە کەمێک باش نیە ئەوەی خستە ڕوو کە لە ئێستادا چۆتە عەمانی پایتەختی ئەردەن و ھەفتەی دەگەڕێتەوە قەتەرو پاشان دەچێتە فەلەستین و لەوێ خەڵاتەکەی وەردەگرێت.
موئەید بەدری کە لە ٢١-١١-١٩٣٤ لە بەغدا لە دایکبووە پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی لە بەغداد تەواوکردووە لە ساڵی ١٩٥٧ و دواتر ڕووی کردۆتە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرای دەستەبەرکردووە .
لە ساڵی ١٩٧٠ەوە بۆ ماوەی حەوت ساڵ سکرتێری یەکێتی یەکێتی تۆپی پێی عیراق بووە , چەندین پۆستی وەرزشی و پەروەردەی وەرگرتووە سەرباری ئەوەی خاوەنی چەندان نوسین و ماوەیەکی زۆریش سەرنوسەری ڕۆژنامەی ( مەلاعیب ) بووە.
بە دووەم ( موعەلیقی وەرزشی ) عیراقی دادەنرێت و خاوەن درێژترین بەرنامەی وەرزشیە لە کەناڵی عیراقیە کە ماوەی ٣٠ ساڵی خایاند لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣-١٩٩٣ بە ناوی ( ڕیازە فی ئەلسبوع).