زانا دزەیی: ھونەرمەندی بە ئەزموون محەمەد قەدری بانگەوازی ئەوە بۆ ھونەرمەندان دەکات کە شیعر و ئاواز دەبەخشێتەوە.
ھونەرمەند محەمەد قەدری، کە چەندین ساڵ لە بەغدا لەگەڵ ھونەرمەندانی دێرینی کورد گۆرانی گوتووە و شیعر و ئاوازی بۆ زۆربەی ھونەرمەندانی ئەوکات لە بەغدا داناوە، ئێستا لە ھەولێر نیشتەجێیە و رایگەیاند، دەیەوێت شیعر و ئاواز بۆ ھونەرمەندانی گەنج دابنێت.
ئەو بە(سڤیل)ـی راگەیاند “زیاتر لە ١٠٠ شیعر و ئاوازم ئامادەیە، رۆژانە گۆرانی نوێ دادەنێم و شیعر دەنووسمەوە، بەڵام من توانای ئەوەم نییە وەکو جاران ھەموو ئەوانە خۆم بیکەم بە گۆرانی بڵاویان بکەمەوە، پێم خۆشە بیدەم بە ھونەرمەندانی گەنج و بابەتی زۆر جوانی گەنجانەم ھەیە، ئامادەم بە خۆرایی پێیان ببەخشم”. ھەروەھا قەدری گوتیشی “من زۆر حەز بە ھاوکاری ھونەرمەندان دەکەم، جاران لە بەغدا ھاوکاری ھەموو ھونەرمەندانی کوردم کردووە، وەکو تاھیر تۆفیق و تەحسین تەھا، فوئاد ئەحمەد، گوڵبەھار، دکتۆرە بەلقیس، ئەوانی تریش”.
فۆتۆ: زانا دڵشاد دزەیی