کاروان زیرەک : وەک ئاشکرایە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق، ھەرێمی کوردستان لەھەموو رووەکانەوە زیاتر بەرووی جیھاندا کرایەوەو ھەلی زیاتر ھاتە پێش کەلەھەموو بوارەکاندا زیاتر بەجیھان بناسرێت، بێ گومان یەکێک لەو بوارانەش وەرزشە کە ئەنجامەکانی چەند ساڵی رابردووی یانەی ھەولێر لەتۆپی پێ و دھۆک لەباسکەو سلێمانی بەتۆپی سەرمێز لەگەڵ چەندین ئەنجامی دیکە لەسەر ئاستی تاک و فیرەقی نموونەی ئەوراستییەن.
لەگەڵ ئەو بەرەو پێش چوونەی وەرزش لەکوردستاندا، رۆژنامەی وەرزشیء رۆژنامەنوسی وەرزشیش رووی لەزیادبوون کردو رۆژ بەڕۆژ دەمووچاوی نوێء رۆژنامەی وەرزشی نوێ کەوتە ناو کایەی وەرزشی کوردستانەوە، بەجۆرێک ھەرکەسێکء ھەر رۆژنامەیەک لای خۆیەوە توانیویەتی سودێک بەوەرزشی کوردستان بگەیەنێت، ئەمەش چ لەرێگەی بڵاوکردنەوەی ھەواڵی پاڵەوانێتیەکان و چ لەرێگەی ناساندنی وەرزشکارەوە بووبێت.
لێرەوە دێمە سەر باسەکەمء دەڵێم: ئەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێکە ھەواڵی راگرتنی دوو بڵاوکراوەی وەرزشی ناو شاری سلێمانی بەرگوێمان کەوتء لەپێَشتریشدا راگرتنء وەستاندنی چەندین رۆژنامەء بەرنامەی وەرزشیء بچووک کردنەوەو کەمکردنەوەی ھەواڵی وەرزشی (tv) کانمان بیست، کەھەریەکەیان کەم تا زۆر دەستی ھەبووە لەپێش خستنی ئەو تیپء یانەء یاریزانانەی کەلەڕێگەی پیشاندانیانەوە بەخوێنەر ء بینەر ھانیان داونء بوونەتە ھۆکارێک بۆئەوەی کەھیچ نەبێت بیان ناسێنن بەناوخۆو تارادەیەک بەدەرەوەی وڵات، کەئەمەش پاڵنەرێک دەبێت بۆ بەرەو پێش بردنی ئاستی وەرزشوانەکە.
ئێستاش کەبەردەوام وەرزشی کوردستان تەواو لەبەرەوپێش چوونەو رۆژ بەرۆژ لەتیپەکانی ھەڵبژاردەی عیراقدا بوونیان زیاد دەکات، راگرتنء کەمکردنەوەو بچووککردنەوەی راگەیاندنە وەرزشییەکان بەتایبەت لەشاری سلێمانی دەستی پێکردوە، کەدواترینیان راگرتنی ھەریەکە (لەئاسۆی وەرزشء ئاوێنە سپۆرت) بوون، کەئەم دووانە ھەریەکەیان لای خۆیانەوە خزمەتیان کردوەء خاوەنی خوێنەری خۆشیان بوون، بۆیە دەپرسینء دەڵێین ئایا راگراتنی ئەم بڵاوکراوە وەرزشییانە بەسودی وەرزشی کوردستان دەبێت؟ یان ئایا راگەیاندنە بیانییەکانء عەرەبییەکان، بەتایبەت عەرەبە عێراقییەکان، جێگەی ئەم رۆژنامە وەرزشییە کوردیانە دەگرنەوەء ھەواڵی یاریزانە کوردەکان بڵاودەکەنەوە؟، بێ گومان نەخێر، ئەی باشە ھەموو کاتێک ئەبێت کەکێشەی مادی رووی لەدەزگاکان کرد یەکەم قوربانی بەشی وەرزش بێت، بۆ وەرزش ئەوەنە لایەنێکی ئاسانە تا ھەموو کەس پێی بوێرێتء بەڕێوەبەرء بەرپرسی دەزگاکە یەکسەر بڕیار لەوەستانی بدات، یان بۆئەوە دەگەڕێتەوە کەئەو کەسانەی لەوجێگایانەدان دڵیان بەوەرزشء وەرزش کاران ناسوتێء باکیان نییە لەوەی کەچینێکی کۆمەڵگاکەی پێویستی بەوەیە کەلەپاڵ ھەواڵە سیاسییەکاندا ھەواڵء گۆڕانکاری وەرزشی لێت دەوێت.
بەداخەوە کەلەکاتێکدا ھەوڵی دەرخستنی توانای وەرزشکارە لاوەکانی کورد دەدرێت و کێبڕکێی لەسەر ئاستی جیھان دەکەین، لەم لاشەوە رۆژ بەرۆژ ھەواڵی داخستنء کەمکردنەوەو بچووککردنەوەی بەشی وەرزش لەدەزگا راگەیاندنەکاندا دەبیستین.
ھیوادارم جارێکی دیکە ھەواڵی راگرتنی ھیچ لەو بڵاوکراوەء رۆژنامەو گۆڤارء بەرنامە وەرزشییانەی دیکە نەبیستینەوە کەبەسودن بۆوەرزشی کوردستانء، رۆژنامەنوسانی وەرزشیش پیشەکەیان خۆش بوێتء بە بەھەموو ئەمرێکی دەزگاء دامەزراوەکانیان رازی نەبن کەفەرزی دەکەن بەسەریاندا.