زانا دڵشاد دزەیی : بەرپرسی زانکۆ و پەیمانگاکانی سلێمانی لە یەکێتی قوتابیانی کوردستان ئاشکرایکرد، نامەکیان بۆ ھونەرمەند لەیلا فەریقی ناردووە و داوایانکردووە کۆنسێرتێکی گەورە تایبەت بەقوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سلێمانی ئەنجام بدات.
بەھمەن دارویش، بەرپرسی زانکۆ و پەیمانگاکانی سلێمانی لەیەکێتی قوتابیانی کوردستان بە (سڤیل)ـی راگەیاند، ئەوان ھەموو ساڵێک ئاھەنگی یەکترناسینی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان ئەنجام دەدەن، بەڵام بەنیازن ئەمساڵ کۆنسێرتێکی گەورەی ھونەری لەسەری ساڵی نوێدا ئەنجام بدەن و دەڵێت “دەمانەوێت ئەمساڵمان لەگەڵ ساڵەکانی پێشوو زۆر جیاوازتر بێت، کۆنسێرتێکی گەورەی ھونەری پڕۆڤیشناڵ لەھۆڵی تەلاری ھونەر ئەنجام بدەین، بۆ ئەو مەبەستەش نامەیەکمان ئاڕاستەی ھونەرمەند لەیلا فەریقی کردووە، ئەگەر ئەو رازی بێت ئێمە ئامادەین ھەموو پێداویستییەکانی کۆنسێرتەکە بەشێوەیەکی زۆر پڕۆڤیشناڵ بۆ لەیلا فەریقی ئامادە بکەین”. بەھمەن دارویش ئاماژەی بەوەشدا، ماوەیەکی زۆرە لەیلا فەریقی لەجەماوەرەکەی دابڕاوە و گەنجێکی زۆر چاوەڕوانی کۆنسێرتی ئەون و “ئێستاش چاوەڕێی وەڵامی نامەکە دەکەین”.