پێشكه‌شه به خۆم له تۆدا كه نازانم تا چه‌ندێك دێت و ئه‌م چامه‌یه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌خوێنێته‌وه ..پێشكه‌شه به تۆ له‌خۆمدا كه له یه‌كه‌مین دڵۆپه‌وه ئه‌م جۆگهلهیهم له خوڕه‌ی نوسیندا چاوساغی ده‌كات !
قه‌سیده‌یه‌ك له ناخمدا كه‌وتۆته جۆلانێ كردن
سه‌ر ئه‌دات له بنمیچی ڕۆحم و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خواره‌وه
سه‌ر ئه‌دات له‌و تهژانهی په‌ڕه‌سێلكه‌كان
له به‌رهه‌یوانی ڕاماندا پێیانه‌وه
به ده‌نوك قوڕیان هێنا بۆ دروست كردنی
هێلانه‌ی به‌چكه‌كانیان .
دوای سه‌رجه‌م هاتن و ماڵئاواییهكان ،
سه‌ر له‌نوێ جیهانم خۆی نیشان ده‌داته‌وه
خۆی له خه‌یاڵدانی زه‌مانه‌وه
بۆ سه‌ر كتێبه‌كانی ڕه‌نگ دا ده‌ڕێژێته‌وه
تارماییه‌كان چه‌پك چه‌پك له ئینجانه‌ی فه‌رامۆشیدا
لێواری په‌نجه‌ره‌كانی وجودیان ڕازاندۆته‌وه
ڕاچڵهكانێكم پێی وایه
ژیان ئه‌و ئاوه‌یه كه هه‌میشه بینی پێوه ده‌نێین و
كه‌چی به‌رده‌وام تینومانه ..
دڵیشم ده‌ڵێت : ژیان ،
ئه‌و ده‌نگی پێی بارانه‌یه له‌سه‌ر شۆسته‌كانی بێئۆقرهیمدا
به‌ر گوێم ده‌كه‌ون و
بیرم دێته‌وه منیش لێره‌م ..
له په‌ناو پهسێوێكهوه ،
هه‌موو دنیامت له‌سه‌ر باڵی په‌پوله‌یی خه‌نده‌یه‌ك هه‌ڵگرتوو
گه‌یاندته ده‌روازه‌یه‌ك
له سه‌ر ده‌رگاكه‌ی نوسراوه :
(به خێر بێن بۆ ده‌ڤه‌ری ئه‌فسانه )
به‌خێربێن بۆ ئه‌و نیشتمانه‌ی هیچ ڕۆژێكی
له‌وی تر ناچێت و
پێكیشه‌وه نه‌بێت .. نوقسانیهكن له جوانی .
له به‌رده‌م سامناكی زستانهكانیشدا،
ڕنوو ڕنوو ڕوانینم له سه‌ر به‌فرێك ده‌نیشێت
له زهقیاتهكانی خۆمدا له ژیان باریوه .
له سوچێكی بههاریشمهوه
من له دوورترین مێرگه‌كانی خۆمه‌وه
ئه‌ی قه‌ره‌جترین په‌نا
جێمانم وه‌ها تووشی خه‌و زڕانێك بووه
به‌سه‌رچوون ، ئه‌و به‌تانیه چڵكنه‌ی كه مناڵیمی داپۆشیوه
ته‌وژمی ئه‌م ههڵكردنهم وا ڕایده‌ماڵێت !!
به پێی په‌تی له جێگاكه‌م ڕاده‌بم و
دێمه ده‌ره‌وه‌ی
ئه‌م ڕۆتینی به‌رده‌وام له فه‌رامۆشی جێمانه ..
بۆڵێك ترێ هه‌ڵده‌گرمه‌وه و
پێی ده‌ڵێم : چۆن بوو نه‌خوراوی ؟
كهشهفهیهك شه‌وچه‌ره له هه‌یوان جێماوه‌و
میوانه‌كانمان ئێستا
هه‌ریه‌كه‌یان و له شوێنێك تۆز ده‌كه‌ن !
ڕه‌نگه هه‌یانبێت ئێستا به كۆشێك منداڵه‌وه
كرێچی دنیا بن
هه‌شیان بێت خۆیان له هه‌موو قه‌رزێكی ژیان
پاك كردبێته‌وه و
پاڵیان لێی دابێته‌وه !
ئه‌وان ، میوانه قۆشمه و هاكهزاییهكانی ئێمه
كه شه‌وگاریان به كڵافه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی قسه ده‌چنی و
ساده‌ییان چڵ به چڵ له تریفه‌ی مانگه‌شه‌و
ده‌كرده‌وه و
سیگارهكانیان دوكه‌ڵی ئه‌و ڕۆژانه‌ی لێ به‌رز ده‌بوه‌وه
كه له گونده نسرمهكهی خۆمانه‌وه
ئاگریان ده‌دان ..
ئه‌وان.. ئێستا ئیتر هاموشۆی ئێمه ناكه‌ن
به شه‌رتێك دڵی خوڕه‌ی ئاوی كۆڵانه‌كه‌مان
له ماڵ ئاوایی شهنگهبییهكانی به‌ر بانیژهكهمان
زویر نه‌بوه و
وه‌ك جاری جاران
به‌ده‌م یه‌كه‌وه ده‌تریقێنه‌وه .
ئه‌زیزم ئه‌ی قه‌ره‌جترین مانا
كه‌وا هه‌میشه نوێ ده‌بیته‌وه و هه‌بوونی تۆ به مانای
هه‌بوونی ژیانێكه به هه‌موو سێبه‌رو و جوڵه و
ڕه‌نگ و ده‌نگێكه‌وه ..
ته‌ماشاكه وا ئێستا ئارامترین هۆگری ئه‌وسای من
له جێگای له مێژه ڕاخراوی فه‌رامۆشی
به‌رزه پێ ڕاست ده‌بێته‌وه و
چاوانی خۆی دهگڵۆفێ و
به هه‌ر چوارلادا دهڕاونێ و له‌وه تێده‌گات ، :
ئیدی كهلهگیه گه‌وره‌كه‌ی جارانمان چۆڵ و هۆڵه ..
نه دایكم زۆپاكه ده‌م ده‌دات تا به‌ربه‌یانه سارده‌كان
ده‌ست و په‌نجه‌ی ته‌زیویان گه‌رم بكه‌نه‌وه و
نه باوكیشم له مزگه‌وته‌وه كۆخه كۆخ به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه
ئێستا ئیتر ئاوایی جێ نزرگه‌ی ئه‌فسوسه ..
به‌ڵام هه‌مووكات من خۆم له ده‌ست مه‌لوولی
ڕادهپسكێنم و
به ناو شه‌وه تاریك و بێده‌نگه‌كانی ناو چاوه‌كانتا
بهبازێك خۆم ده‌گه‌یه‌نمه‌وه لای مناڵی
كه له گوندێكدا بڵاو بۆته‌وه و
ئاسمان بۆ ئه‌و ته‌نها چه‌رچه‌فێكی شین بوو
بۆ داپۆشینی شان و ملی ڕووتهڵهم
نه‌ك ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌ك بۆ تێڕامان له بێسنووری ونبوون !
له‌وێ هه‌ر جارێك سروشت له به‌هاراندا
خۆی له ژێر ڕێژنه‌ی باراندا ده‌ش..ت
ڕۆحی من عاشقانه‌تر خۆی به ئامێزی جوانییه‌وه ده‌نوساند
ڕازی ئه‌و ڕۆژانه به‌هه‌ر كه‌سێك بێت
ژیانی چراخانه
سیحری ئه‌و ساتانه نازانم كه‌وتۆته لای كێ
به‌ڵام ئه‌وه‌م لێ سووره
ته‌مه‌ن نوێنی ئه‌و ڕۆژانه‌ی قه‌د كرد و
جل و به‌رگی ئه‌و هه‌موو ئینتیمایه‌ی
له بۆفیه كۆنه‌كه‌ی خۆمان ئاخنی و
سوار با سه‌رمه‌سته‌كانی خۆی كردین به‌ره‌و ئێره ……
ئێره ، ده‌كه‌وێته قاقای پێكه‌نین
هه‌رجارێك من ده‌ڵێم : بهێڵه با بگه‌ڕێمه‌وه .
ئیتر ده‌بێت بكه‌ومه پڕمه‌ی گریان
هه‌رجارێك ته‌مه‌ن ده‌ڵێت 🙁 من به قسه‌ی ڕه‌وتی ئاو ناكه‌م ) .
ته‌مه‌ن جارجاره
هه‌ندێك ورده زه‌نگیانه‌ی ئه‌و ڕۆژانه
له بنی گیرفانی شڕواڵه كۆنه‌كانی خۆیدا
ده‌دۆزێته‌وه و
به ده‌م بزه‌یه‌كه‌وه ده‌ڵێت :
ئه‌و كاتانه باو باوی هۆنینه‌وه‌ی
شیعر و جوانی و ملوانكه بوو
بۆ گه‌ردنی یار .
ئه‌و كاتانه مزری ڕێواسی هیچ شاخێكی عاسی
هێنده‌ی تامی ماچێك مزر نه‌بوو !
ده‌نكێك زه‌نگیانه‌ی شینم پیشان ده‌دات و ده‌ڵێت :
تۆ كه گهشتویته كه‌ناری ده‌ریاكانی جیهان و
پێت وایه بڵێی ڕه‌نگه
شه‌پۆل وازی له‌گه‌ڵ خه‌یاڵمدا بكات و
شینایی به ده‌ممه‌وه پێبكه‌نێت
به‌ڵام گوێ بگره:
ئه‌وسا ئاسمان له ئاوایی‌دا سه‌روه‌ر بوو له جوانیدا
ده‌ریاكان مشت مشت له‌وێوه خۆیان به‌دیاری وه‌رگرت و
به ناو قاقڕی ئه‌م دنیایه‌دا ،
بۆ سوكنایی دڵی مه‌ردوم بڵاو بونه‌وه ..
ته‌نانه‌ت ڕه‌نگی یه‌ك به یه‌كی په‌نجه‌ره‌كانی ئاواییش
شین بوون – شین !
به‌ڵام ته‌مه‌ن له به‌رزاییه‌كانی خۆیه‌وه
به عاده‌تی ساردی ڕۆحی باو
زلله قایمه‌كانی جارانی مامۆستاوه
من له‌گه‌ڵ خۆی په‌لكێش ده‌كات و
ئه‌مڕۆم بۆ ده‌كاته تاراوگه‌ی دوێنێ و
ئه‌و له هه‌نگاو نانی خۆی هه‌ر ناكه‌وێت
سبه‌ینێم بۆ ده‌كاته قیبله‌ی ئه‌مڕۆ و
خه‌ریكم ده‌كات به داخستنی بهرماڵهوه
بۆ نوێژه‌كانی ئومێده‌وار بوون .
دوێنێم بۆ ده‌كاته سندوقی مه‌حاڵێك
كه ڕه‌ونه‌قه ڕونهكانی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه و
كلیلی هیچ حیكمه‌تێك مناڵی پێ نه‌كرێته‌وه ..
جگه له ڕۆحێك كه به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه
بۆته ئه‌سیری زه‌مانه‌كان .
به‌ڵام من لاساری ده‌كه‌م لاساری
ده‌قیقه‌كانی ئێستام هه‌مووی خه‌رج ده‌كه‌م و
گۆشه‌یه‌ك خه‌یاڵ و
بستێك هێمنی پێ ده‌كڕم بۆ پاڵدانه‌وه‌ی ڕۆح ..
ته‌مه‌ن خۆی ته‌سلیمی زه‌مانه‌كان ده‌كات و
من ده‌مه‌وێت ،
شوێن پشی پشی ڕۆژگاره درۆزنه‌كان نه‌كه‌وم
من ده‌مویست له دڵفراوانی چڵێك ههڵسدا
به ئه‌ندازه‌ی عومری په‌پوله‌یه‌ك
له‌و پێشوازیه‌دا بمێنمه‌وه كه بۆم ڕاخرا و
دڵنیام له‌وێدا عه‌شق هه‌میشه ئاونگی لێ ده‌تكێت ..
عاشق به جوانترین ڕێگادا ده‌گاته مه‌عشوقه‌كه‌ی خۆی ..
له ناو نه‌رمایی بنا گوێی چڵێك ههڵسدا
ڕیوایه‌تێك هێلانه‌ی چێ كردووه و
عه‌شق له سه‌ر هێلكه‌كانی جوانی كڕ كه‌وتوه
له ناو سه‌وزه‌گیای خۆشه‌ویستیدا
ڕاكشان : یانی هێور كردنه‌وه‌ی هه‌موو دنیا له ناڵه و هاوار ..
نوستن : یانی خه‌و بینین به نوری خوداوه ..
من لاساری ده‌كه‌م لاساری
ته‌مه‌ن بۆ هه‌ر كوێم ده‌بات شوێنی ده‌كه‌وم
مادام ئه‌مه قه‌ده‌ری منه
وه‌لێ له هه‌موو دهڤهرهكانهوه من ده‌زانم ده‌بێت
ئاوڕ بۆ كوێ بده‌مه‌وه
ئه‌وه‌ش ده‌زانم
هه‌ڵكه‌ندنی بنهگۆزروانێك ، ئاڵهکۆكێك
چۆن منداڵیمی به چێژاوێك پاراو ده‌كرد
كه سهرچاوهكهییم ئیدی وون كردوه .
ئاوڕدانه‌وه په‌نجه‌ره‌یه‌كی له‌وه بچوكتره
ئه‌ودیو ته‌مه سارده‌كانی ناو ئه‌م حه‌وشه قهبزانهی
گه‌وره بوونی پێ ببینین
به‌ڵام ده‌شێت
هه‌زاران چۆله‌كه‌ی بن گوێسهبانهكانی پێ ببینین و
له‌وه‌حاڵی ببین له‌ناو چ كڕێوهیهكدا ،
ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ین !
ئاوڕدانه‌وه
ڕوخسه‌ت وه‌رگرتنی شۆخێكه له قه‌ره‌باڵغترین ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ
دوای دڵنیا بوون له نه‌هاتنی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و
گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو كۆڵانه جێماوه‌كانی ده‌ره‌وه و
پیس بوونی جله تازه‌كانی به‌ری
به هۆی ڕه‌ته‌ڵ بردنیه‌وه به‌سه‌ر گۆمێكی قوڵ
له بێهوده‌ییدا ..
هه‌ندێك جار ئاوڕ دانه‌وه
گزی كردنه له گه‌شترین پێكه‌نین و
سه‌ردانی كردنی دور ترین قوڵپی گریانێكه له مێژوو .
ئاوڕدانه‌وه
ڕێگای داگهڕانهوهی هه‌ر موسافیرێكه
بۆ لای ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی
بیری چوو له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵی بگرێت و
تازه قه‌ت ناشتوانێت بیهێنێت ..
ڕیگای په‌شیمان بوونه‌وه‌ی هه‌موو جۆره
سه‌ر ههڵگرتنهكانه
له مه‌نفاوه ڕوو به نیشتمان ،
له كاتێكدا ( په‌شیمانی هیچ دادێك نادات !) .
ته‌مه‌ن قوتابخانه‌یه‌ك بوو
هه‌موو ده‌رسه تاڵ و شیرینه‌كانم تیاخوێند و
هه‌موو ساڵه‌كانی خۆم خسته به‌ر خوێندن و
فێری ئه‌وه نه‌بووم چۆن ده‌كرێت
بگه‌ڕێمه‌وه بۆ لای ئارامی
ئارامییه‌ك ، كه به‌رده ورده‌ی ده‌ستی مناڵان
ئه‌گه‌ر بیشیشڵهقاندایه ،
جوانی پێی ده‌كه‌وته شه‌پۆلدان ..
ئارامی سه‌وزایی به‌شدانی ڕوانینم بوو له لایه‌ن گه‌ڵاوه
ئارامی هه‌ڵزنان بوو به دیواری پێكه‌نینا
بۆ لای هێلانه‌ی كۆتره‌كان
ئارامی خواردنه‌وه‌ی ساردیهكی كهللهتهزێن بوو
له پاش نیوه‌ڕۆیه‌كی گه‌رمی چله‌ی ته‌موزدا و
له ژێر كه‌مێك سێبه‌ری ئاشناییدا ..
هه‌ڵپچڕینی پسكیتی هه‌شتی و
هه‌ڵمژینی بۆنی ،
لاپه‌ڕه‌ی كتێبی تازه و
فێڵ كردن بوو له وه‌زیفه بێتامهكانی مامۆستا و
عه‌شق كردنی به دزیه‌وه بوو له‌گه‌ڵ یاریه یاساغه‌كانی كۆڵان !
ئارامی ده‌كه‌وتنی وه‌رزی هاوین بوو ..
كه له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیا
مامۆستاكانی ئیزن ئه‌دان بۆ ماڵه‌وه و
مه‌كته‌بی توڕ ههڵئهدایه ناو بیرچونه‌وه و
ئێمه‌ی داوه‌ت ده‌كرد
بۆ ناو خۆڵه‌په‌تێ ی كۆڵان و
بۆ به‌رده‌م شۆڕ بوونه‌وه‌ی هه‌موو میوه شیرینه‌كانی دڵفراوانی و
بۆ به‌رده‌م تێگه‌یشتن له ماناكانی پێگه‌یشتن و
بۆ بای باڵ دانی زیتهڵهییمان..
بۆ ناساندنی مناڵیمان
به‌و هه‌موو خۆشحاڵیه‌ی له ڕه‌وه‌ز و كانی و
له گه‌رووی باڵندهكانیهوه ،
ده‌هاتنه پێشوازیمان .
ئارامی ، ڕاكردن بوو به توله‌ڕێی به‌هاردا
بۆ ناو قه‌ره‌باڵغی ده‌مه‌و عه‌سرێكی بنار ..
ئاودانی دێبهران بوو
به به‌ردانی ئه‌ستێری تریفه‌ی مانگه‌شه‌وو
تێراو بوونی ڕۆح
به ده‌نگی خوڕه‌ی ئاو و
ده‌نگی ده‌می بێڵ
ک به‌ر ناسكی به‌ربه‌یان ده‌كه‌وتن ..!
شكۆفه‌ی گوڵی چواله بوو
وه‌ك یه‌كه‌م ده‌ست ودیاری به‌هار
بۆ توند پێداگری ژیان له‌سه‌ر خوڵق كردنی خودا..
ئارامی ، دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر سات ناساتهی تاكی پاپوچهكهم بوو
له بن بڕێك ترۆزیدا ،
كه به دهستكیسهی دێراوێكی سۆعبه‌تچی
لێی ده‌شاردمه‌وه .
ئارامی ، ته‌ماشاكردنی خه‌وتنی نه‌نكم بوو
له ژێر سۆزی جاجمێكدا .. دوای دورینهوی كونی گیرفانی شڕواڵهكهم و
بیرچوونی گیرفانی دڵم كه له‌و ساته‌وه تا ئێستا
جوانترین شتی دنیام له‌وێوه لێ كه‌وتوه و
كه‌سێك په‌یدا نه‌بوو بڵێ :
ئه‌رێ كابرا وابزانم
تۆ له‌و ڕێگا عاسیانهی ژیانه‌وه هاتووی
من ئه‌م خه‌ونه ڕژاوانهم دۆزیونه‌ته‌وه ،
هی تۆ نین ؟
ته‌مه‌ن له هه‌موو دووریه‌كانی خۆیه‌وه له‌و ڕۆژانه‌م
خه‌ریكی ڕاوێژه به‌دڵ
خه‌ریكی مشت و مڕی به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ پیاوه ڕهشتاڵهكهی ڕۆحمدا
كه‌چی دواجار هه‌ر مل ده‌نێت و ڕاناوه‌ستێت
به دوو چاوی نوقاوه‌وه
ده‌ڕوات و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریا ده‌ڕۆم دوێنێیه
نه‌ك ڕێگا سه‌خت و دژواره‌كان..
ئه‌وه‌ی له ژێر پێم‌دا ورد و خاش ده‌بێت بیره‌وه‌ریه
نه‌ك فرسه‌ته زێڕینه‌كان ..
كه سه‌ریش هه‌ڵده‌بڕم
وه‌ك به‌ربونه‌وه‌ی كهرتهشاخێك بۆ ناو خه‌ره‌ند
وه‌ك خزینی تاوێرێك سه‌ر به‌ره‌و ژێر
من هه‌میشه له شۆڕ بونهوهدام
به‌ره و مناڵی .
به‌شوێن خه‌نده‌ی جێماوی خۆردا كه بۆ دیده‌نی من هاتبونه ئه‌و ناوه‌ی بوون
كه پێڕانه‌گه‌یشتم هه‌موویان ببه‌مه‌وه بۆ ماڵه‌وه و
به‌دایكم بڵێم : ئه‌مانه ناسیاوی خۆمانن و
هاتوون شه‌وه سارده‌كانی مه‌راقی ئێمه
گه‌رم بكه‌نه‌وه ..
تازه ته‌نها ده‌بێت وه‌ك تنۆكی باران به‌ره‌و لایان
سه‌ر به‌ره‌و خوار ببمه‌وه ..
وه‌ك دڵۆپی شه‌ونم به‌سه‌ر له‌پی گه‌ڵای حیكمه‌تی خۆمه‌وه
چارم نیه جگه له‌وه‌ی سه‌ر به‌ره‌و ژێر به‌ر ببمه‌وه .
من ده‌ڕژێم و
تۆ لۆمه‌م مه‌كه ئه‌ی قه‌ره‌جترین جوانی
ئه‌ی بێ دهڤهرترین موسافیر
ئه‌ی نه‌وه‌ستاو ترین توڕه‌یی
كه ئه‌مه‌ش قه‌ده‌ری منه و
جێ به خۆم ناگرم .
كه چاو له به‌ر بونه‌وه‌ی قۆخێكی پێگه‌یو ده‌كه‌م
بۆ بنی دنیا ..
به‌ر له‌وه‌ی هیچ ده‌ستێك له خۆمم بكاته‌وه
ئه‌ز ده‌خوازم خۆم به‌ر ببمه‌وه
بۆ ناو ئه‌و حه‌وشه‌یه‌ی
كه دواجار مردن بۆ ژیانی گسك ده‌داته‌وه ..
كێ ناڵی به‌ر سه‌ری
كزۆڵهترین چاوه‌ڕوانی ناكه‌وم و
كێ ناڵێ داڵغه‌یه‌كی تۆ ناخه‌مه پێكه‌نین ؟
ته‌مه‌ن هه‌میشه به‌ده‌م هه‌ناسه بڕكێوه
ماوه‌یه‌كی دۆزه‌خیه
هه‌ر خۆی ده‌كات به شاره سیخناخهكاندا
له سه‌رقاڵی و
سێبه‌ری (ژماره…) یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه و
له بن ڕیفرێنسێكدا
ئاره‌ق كردنه‌وه‌كانم به جیا داده‌نێت ..
من هه‌میشه له ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی ته‌مه‌نمه‌وه
هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك ده‌که‌م و
بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ونبوونی خۆم و
تۆزقاڵێك ئارامی بدۆزمه‌وه
هه‌مدیسان جانتای سه‌فه‌رم ده‌كه‌مه‌وه شان و
به‌ره‌و لادێی پڕ باخ و باخاتی شیعر
ماڵ و كۆچم ده‌گوێزمه‌وه .
ته‌مه‌ن هه‌میشه ئه‌وه‌م ده‌داته‌وه به ڕوودا
كه من كه‌لله‌ڕه‌قی دهنوێنم له چوون بۆ هه‌موو شوێنێك و
هه‌میشه له ناو ئه‌و ماڵه سادانهشدا
خه‌ریكی خه‌وبینینم
كه له زه‌وی و زاری ئه‌ودان ..
به‌رده‌وام له سه‌ر ئه‌وه به گژما دێت
خۆمی لێ ئه‌دزمه‌وه و
من ده‌زانم ئه‌و له ناو دژوارترین دنیادا
دێت و ده‌چێت
وه‌لێ ئه‌و نازانێت من ڕۆژانه بۆ كوێ ده‌چم !
ئاه ..ئه‌ی قه‌ره‌جترین جوانیم
من وامده‌زانی ته‌نیا ته‌مه‌نی من ڕه‌زیله
له‌وه‌ته‌ی هاتووم قه‌رزێكی دێرین و كۆنی مردنم لایه
كه ژیانی خۆمه و
هه‌موو جارێك كه ده‌یبینم خۆم له گێلی ده‌ده‌م ..
سه‌ر داده‌خه‌م و
خۆم به كۆ كردنه‌وه‌ی گۆرانیه‌كی ڕژاوه‌وه
خه‌ریك ده‌كه‌م ..
له ناو ئه‌و ئاپۆڕای ترس و لهرزهدا
ئومێدێكی ئاشنا به قسه‌وه ده‌گرم و
خۆم به‌سه‌یر كردنی چرچه‌كانی ده‌م و چاویه‌وه دهخافتێنم و
پێی ده‌ڵێم : ماشه‌ڵا باش ماویته‌وه !
مردن مۆڕه‌م لێ ده‌كات .. سه‌ر خۆمی ناهێنم و
به‌رده‌وام ده‌ستی ده‌ستی پێ ده‌كه‌م و
به نیازیش نیم وا زوو بیده‌مه‌وه ..
به‌ڵام دڵنیام مردنیش قه‌رزاری تۆیه
چونكه هه‌رجارێك تۆ ده‌گه‌یته لام
مه‌رگ به‌و هه‌موو سام و دهستڕۆیشتوویهی خۆیه‌وه
كه‌س نازانێت چۆن ئه‌وه‌نده‌ی بڵێی یه‌ك و دوو
خۆی وون ده‌كات !
تۆ هه‌ر ساتێك ده‌گه‌یت
من له په‌نای تۆوه ڕوونتر ژیان ده‌بینم و
قوڵتر له خۆم ورد ده‌بمه‌وه
تۆ له ڕۆژه سه‌ره‌تایه‌كانی هاتنمهوه
هه‌رجاره و به سواری تنۆكێك ئاونگه‌وه دێیت
بۆ ناو به‌یانیه خه‌واڵووه‌كانی من .
له خۆره‌وه به‌رده‌وام
به پرشنگدا خۆت دائههێڵیت
بۆ سه‌ر زه‌وی چاوگێڕانم
شه‌وانێكی دانسته هه‌ن خه‌ڵكی پێیان ده‌ڵێن :
شه‌وانی نه‌زیف به‌ربوونی تریفه‌ی مانگ
دنیا خۆی ڕووت ده‌كاته‌وه و
هه‌ریه‌كه و خواخوایه‌تی پڕژهیهكی شادمانی
له‌م ژیانه‌دا پیا بپڕژێ و
هه‌ركه‌سه‌و ده‌یه‌وێت
كه‌مێك عه‌تری شادمانی له بنا گوێی خۆی بدات و
به ئێواره دڵتهڕهكانی خۆیدا بڕوات بۆ كچێنی ..
بڕوات بۆ كوڕێنی ..
تۆ ده‌مێكه له خۆرئاوا ده‌ڕوانیت و
له به‌ر خۆته‌وه پێم ده‌ڵێی
ئاوی ئه‌مڕۆ
تینوێتی دوێنێی پێ ناشكێت ..
هه‌میشه له نزیکه‌وه
ده‌ڕوانیته ڕووگه‌ی به‌فر كه لهسپێتی سیمای‌دا
قوڵ بوونه‌وه‌یه‌كی ئیلاهی تیا خه‌وتوه ..
له دڵی مندا قه‌ت وون نه‌بویت
هه‌ر سه‌رم به‌رز كردبێته‌وه
هه‌ستم به خشپه‌ی ڕه‌ت بوونی سركیت كردووه
كه خه‌ریكی ئاودانی ئه‌و ده‌ورو بهرهم بووه به نوور ..
له سه‌رده‌مێكدا
كه شه‌ڕه گه‌وره‌كان ئاگریان له ئاوه‌دانی و
له نزاری چڕ‌و پڕی ئاسمان به‌ر ده‌دا
من له ته‌نیشت ته‌باره نهدیدهكانی تۆوه
ده‌كه‌وتمه كوژاندنه‌وه‌ی له‌حزه گڕتێبهربوهكانم ..
جه‌نگ هه‌موو یادگاره‌كانی ده‌دزیم و
ده‌ست بهتاڵیمی بۆ ئه‌تك
لای ڕۆژه ئه‌ڵقه له گوێكانی خۆی جێده‌هێڵا
به‌ڵام من ماڵێكی چراخانم له خه‌یاڵی تۆ هه‌بوو
جه‌نگ ئێستا و ئه‌وساش نه‌یدۆزیه‌وه !
شه‌ڕ تا گه‌رمتر بوایه ،
نیشتمان زیاتر توشی دانه‌چۆقه ده‌بوو
له‌رز ده‌چوه گیانی نیشتمانه‌وه و
لێفه‌ی شڕی قه‌ناعه‌ته چڵكنه‌كانی ئێمه
له‌وه كۆن و كورت و دڕاوتر بوون
نیشتمان بێزی بێته‌وه
بێته ژێریان !
ئه‌و ڕۆژانه .. گوێم له ده‌نگی گریانێك بوو
له دڵی تۆوه به‌حاڵ نوزه‌ی ده‌هات
تومه‌ز گریانی نیشتمان بوو
كه‌س نه‌یده‌بیست .
شه‌ڕ ده‌رسی ئه‌وه‌ی دائهداین .. بار و تفاقهكانی
به‌ناوجه‌رگه‌ی ئارامیدا بۆ بگوێزینه‌وه
وه‌ك چهقاوهسووترین كوڕه‌كانی
ده‌یویست ناو كوچه‌و كۆڵانی هێمنی
بكه‌ینه مه‌یدانی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه ..
هه‌قی ئه‌وه‌ی نه‌بوو
باران تك تك سه‌ره‌ی گرتووه
له شه‌قامی به‌هاره‌وه بۆ ناو تینوێتی بپه‌ڕنه‌وه ..
هه‌قی ئه‌وه‌ی نه‌بوو
ئێمه شانازیمان به‌رد به به‌رد
له دیواری لادێ و شارهكانماندا داده‌ڕمێ و
ئه‌وه‌ی ده‌یبه‌ینه‌وه وێرانه و زه‌لیلی یه‌كتریه ..
شه‌ڕ تاده‌هات گه‌وره‌تر ده‌بوو،
ئێمه تا ده‌هات زیاتر بچووك ده‌بوینه‌وه
شه‌ڕ تا ده‌هات خوانی زیاتری ده‌ڕازانده‌وه و
ئاگری گه‌مژه‌یی جۆش ده‌داین و
ئێمه تا ده‌هات ماستاوی زیاترمان سارد ده‌كرده‌وه !
شه‌ڕ هێنده زائید و ناقسی كردین
سه‌ر له جه‌بریه‌تی مێژووشمان تێكچوو
ئێمه نهمانكرده ئه‌و سه‌فته پاره‌یه‌ی
نیشتمان پێویستی پێ بوو
قات و بۆیمباخێكی پێ بكڕێت و
چیتر خۆی به ڕه‌فیق كه‌م نه‌زانێت !
ئێمه شوێن قسه‌ی شه‌ڕ كه‌وتین ،
ڕۆشتین هه‌تا ئه‌وسه‌ری بێڕه‌حمی خۆمان ..
تا هاتینه‌وه نیشتمان نه‌مابوو
له‌سه‌ر كوتێك كاخه‌ز به په‌له به‌ر له ڕۆشتن
ئه‌مه‌ی نوسی بوو :
ئێوه ئیتر ناگه‌ڕێنه‌وه
نایه‌نه‌وه به په‌یسه‌ر مناڵه وردكه‌ی خهمهكانتانهوه
حه‌ماسه‌ی جه‌نگ مه‌شخه‌ڵانی مانای ئهبهدیتانهو
ناگه‌ڕێنه‌وه ..
من تازه سه‌ری خۆم هه‌ڵگرت بۆ ناو خه‌ونی شاعیران
بۆ ناو ئه‌ندێشه‌ی پاكی وونبوی پێشمه‌رگایه‌تی
سه‌ری خۆم هه‌ڵگرت و ڕازی نه‌بووم
مێژوو پۆخڵترین ژوری خۆیم پێ ڕه‌وا ببینێ و
خه‌ریكی گسكدانی زوڵمهتهكانی ئێوه و دنیا بم
ئێوه‌ش كه له شه‌ڕ هاتونه‌ته‌وه
ئه‌وه شه‌ڕه ده‌یه‌وێت كه‌مێك بحه‌سێته‌وه
نه‌ك ئێوه ماندوو.
من بیره‌وه‌ریم به كۆڵمهوهیهو
شوێنێك نیه ئه‌م جانتا قورسه‌ی شانمی تیا دانێم
نیشتمان ڕاستی كرد
شه‌ڕ ئێمه‌ی برد بۆ خۆێی و حیكایه‌تی خوێنی
پێ نوسینه‌وه ..
شه‌ڕ ئێمه‌ی له خۆماندا هه‌ڵكه‌ند و
وه‌ك جهنگهڵیكی پڕ دڕنده له خۆیدا ڕواندینیهوه !
شهر گهردهلولێكه
له بیابانه وشك و برنگهكانی هه‌ڵپه‌وه هه‌ڵده‌كات ..
زریانێكی زه‌ردباوه له لوتكه به‌رزه‌كانی فزوڵیهتهوه
هێرش ده‌هێنێت ..
شه‌ڕ مه‌یدانێكی درۆزنه بۆ كردنه ده‌ره‌وه‌ی
یه‌كێك له‌و دو سمۆرانه‌ی
له‌سه‌ر گوێزێك
به گژ یه‌كدا دێن ..
شه‌ڕ ڕشانه‌وه‌ی زوڵمه به سه‌روچاوی بێده‌ره‌تانیدا
وه‌ك چۆن هه‌ندێک جار شه‌ڕ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی كۆیلایه‌تیه
به گژ بێده‌نگیدا..
ئێمه به فیكه‌ی سه‌ركرده‌یه‌ك
هێنده گوێمان سوك بوو
له قوڵترین خه‌وی خۆشمان‌دا بوایه ،
به‌رزه پێ ڕاست ده‌بوینه‌وه ..
به‌رزه پێ ڕاست ده‌بوینه‌وه و
خێرا خۆمان ده‌به‌ست و
میلی تفه‌نگه‌كانمان ده‌هێنایه‌وه و
چاوێكمان ده‌كرد به سه‌د چاو !
بۆ بینینی خشپه‌یه‌ك كه گومانمان هه‌بوو له‌وه‌ی
له پێی قسه‌یه‌كی به توێكڵه‌وه ده‌هاته به‌ر گوێمان ..
سیاسه‌ت ئه‌و ماڵه بوو
هه‌مومانی پۆشته كردبوه‌وه به هیوا و
له‌ڕو لاوازی ڕوخساری یه‌كتریمان بۆ نه‌ئه‌خوێنرایه‌وه .
سه‌رۆك بیوتایه : ساڵه‌های ده‌وێت
شان بخه‌نه ژێر تراكتۆری ئه‌م نه‌هامه‌تیه‌ی
له ڕاستیدا ئازوقهمان پێی ده‌گواسته‌وه و
ئێستا به‌سه‌ر خه‌باتماندا وه‌رگه‌ڕاوه و
ده‌بێت ڕاست بكرێته‌وه ..
ته‌مه‌نمان له منداڵه‌كانیشمان قه‌رز ده‌كرد و
هه‌میشه ملی ده‌به‌نگیمان
له تاڵه موویه‌كی سه‌ری سه‌رۆك باریكتر بوو
كه به‌ده‌م شنه‌با چارهنوسسازهكانهوه
له جیاتی ئاڵامان
هه‌میشه ده‌شه‌كایه‌وه ..
سه‌رۆك ده‌یگوت :
شه‌ڕ به پیاو ده‌كرێت ،
دواجار ده‌بێت ئه‌م نیشتمانه هه‌ر شوو
به قاره‌مانێتی ئێمه بكاته‌وه . .
ئێمه كه ده‌مێک بوو
ببوینه خهسیوترین پیاوه‌كانی دنیا !
شه‌ڕ ده‌یان وێنه‌ی سه‌رۆكی
له حه‌قیقه‌ت بۆ دهنهخشاندین و
ئێمه دڵمان بۆ ئه‌وه نه‌ده‌چوو
وههم ڕۆژێك بوێرێت بێت و بیانسڕێته‌وه
سه‌رۆكه‌كانی ئێمه ،
چاویان ده‌چوه پشتی سه‌ریان
ده‌چوه پشتی بڕوا به ئازادی و دیموكراسیان
ئه‌گه‌ر تۆزێك سێبه‌ری ئێمه
به‌ر حه‌وشه‌ی
چله‌ی هاوینێكی ئه‌وانی تر بكه‌وتایه ..
شه‌ڕ ، سهركردهكانمانی سواری زۆر ئوتۆمبێلی جۆراوجۆر كرد
هه‌ر له ئوتۆمبێلی حه‌ماسه و بڕوا‌و كوردایه‌تیه‌وه
هه‌تا ئوتۆمبێلی دڵنیایی له گه‌ڕانه‌وه و
هێنانه‌وه‌ی ئاینده‌مان
به سه‌لامه‌تی ..
له‌و به‌ینه‌دا سه‌رۆكه‌كانمان له‌یلاعه‌له‌وی و مۆنیكا بردنی و
ئێمه‌ش شۆفلێت وپیكابه پڕ له ته‌رمه‌كان
هێنایانینه‌وه ،
بۆ گۆڕستان !
سه‌عاتی ده‌ستی شه‌ڕ به خوێن ئیشی ده‌كرد
ئێمه پڕمان ده‌كرده‌وه
سه‌عاتی ژیانی سه‌رۆك به گه‌مژه‌یی ئێمه ئیش ده‌كات
ئه‌و ده‌زانێت چۆن له ئێمه‌دا
به‌رهه‌می بێنێته‌وه .
شه‌ڕ ناچاری كردین ببینه جه‌نگاوه‌ر
ئاخر ناونیشانی هیچ شه‌ڕێك نیه له‌گه‌ڵ بیستنیا
لیك به‌ده‌می بێدهسهڵاتیماندا نه‌یه‌ته خواره‌وه
به‌ڵام ئه‌وه‌ی شه‌ڕ ده‌یشێلێت ژیانه و
ئه‌وه‌ی شه‌ڕ به‌رزی كرده‌وه
بوو به چه‌پۆك .
ڕه‌نگه ناچار بین ،
هه‌میشه و له هه‌ر له‌حزه‌یه‌كدا دیوی شه‌ڕێك بین
به‌ڵام هه‌رگیز ڕێی تێ ناچێت بڵێین له‌م شه‌ڕه‌دا
ده‌بێت فه‌لسه‌فه‌ی وجودمان ،
كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و به‌رمانه‌وه نه‌بن
كه بۆیان نیه بێنه گوێمانه‌وه ..
وه‌ك چۆن
ئێمه ئه‌و په‌یڤه حهرامزادانهین
ناهێڵن ببینه میوانی ،
گوێچكه كراوه‌كانی ئه‌وان !
شه‌ڕ ڕابوردومی به‌سۆغره گرت
گه‌نجێتیمی كرد به كۆڵكێشی قورسترین پاساو
له بازاڕێكدا
كه ئیتر وه‌ك حه‌ماڵێك
شادمانی له ئارادا نه‌مابوو
له‌وێوه بۆ ماڵه‌وه‌ی بگوێزمه‌وه !
شه‌ڕ هات و ناخی پڕ كردم له ده‌نگی ناپاڵم
بۆ شاردنه‌وه‌ی ده‌نگی دایكم و
سیمفۆنیاكانی تۆ
له خه‌مڵینی هه‌ر رۆژه‌ی جۆرێكی سروشتدا ..
هه‌رچه‌نده شه‌ڕ
هه‌ندێك جار وه‌ڵامی توڕه‌یی ئێمه‌ی لێوه ده‌ڕۆشت
بۆ ده‌ركردنی ژێرده‌سته‌یی
كه‌چی هه‌موو جاره‌كان
خوێن به‌ختی ئێمه‌ی له‌ده‌ست به‌رده‌بوه‌وه و ده‌شكا !
باره‌گاكانی شۆڕش به‌رده‌وام
له سنوره‌كانی شه‌ڕه‌وه
خه‌ونێك دور بوون ..
بۆ ئه‌وه‌ی به‌بۆنی باروت كاستر نه‌بم
من دڵم بۆ بۆنی خۆشت
خۆی ده‌كوتا بۆ نێرگزهجاڕهكانی خوار (چوارتا)* و
بۆلای گوڵ و ڕێحانه‌ی ناو دێراوه‌كانی دایكم
به‌ڵام شه‌ڕ كه به خه‌ستی له بۆردومان كردنی
ژیانم ده‌بوه‌وه و
ده‌یزانی هێشتا خه‌یاڵم هه‌ر برینداره و به‌س
بۆ به‌رگرتن له هه‌ڵاتنی
مه‌زرای به‌هار و جوانیشی ده‌كرده ( ئه‌رزی موحه‌ڕه‌مه ) !
ئه‌زیزم ئه‌ی قه‌ره‌جترین ژن
شه‌ڕ له هه‌موو لایه‌كه‌وه زه‌فه‌ری پێ ده‌هێنام و
ئه‌و كهمهشم كه به برینداری ده‌رباز ده‌بوو
له ئومێدی تۆدا خۆی ده‌شارده‌وه
له خۆزگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی تۆدا خه‌و ده‌یبرده‌وه
ده‌یبرده‌وه بۆ چۆڵه‌وانی و
بۆ ناشتنی ته‌رمی ناسۆریم ..
شه‌ڕ ئاسمانی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تاند
به هه‌ورا بروسكه‌ی هاتنی فڕۆكه جه‌نگیه‌كان نه‌گه‌یه‌نێت
به مناڵانه ڕاكشانی تینوێتی ناخم
له ژێر فێنكترین ساباتی شیناییدا ..
شه‌ڕ ، فیشه‌ك نه‌ماو
نه‌یگرێته په‌نجه‌ره‌ی ماڵی
پڕ ڕۆشنایی عه‌شقم بۆ ژیان ..
ده‌ڕۆشتم بۆ قوتابخانه و
له به‌رده‌م مامۆستادا وه‌ك شۆڕه‌بی ده‌كه‌وتمه له‌رزین
ئه‌وكاته‌ی سه‌یری ده‌فته‌ری سی لاپه‌ڕه‌یی
هه‌ر مانگێكمی ده‌كرد
لاپه‌ڕه نه‌مابوو شه‌ڕ به ئاره‌زووی خۆی
مه‌رگی تیا نهنوسیبێتهوه !
شه‌ڕ یه‌كه‌م شت ده‌یقیژاند به‌سه‌ر لادێكه‌ماندا و
ده‌یگوت ئاگام لێیه نسرمهكانت
داڵغه به‌چیه‌وه لێ ده‌ده‌ن !
ده‌یگوت ئاگام لێیه
كازیوهت چه‌ند ڕوو داماڵراوه
له‌وبه‌ر سهرنهپهرژانی پیاوه‌كانی منه‌وه ..
یه‌كه‌م زلله كه بینیم .. شه‌ڕ كێشای به‌ڕومه‌تی به‌هاردا
یه‌كه‌م قوربانی
بینینی له‌ش و لاری بڵندترین دارچناری سه‌ره‌ڕێ بوو
گه‌وزاو له خوێنی خۆیدا..
ئه‌زیزم شه‌ڕ هه‌تا تخووبی تۆ
منی داوه‌ته به‌ر ڕێژنه‌ی ده‌ستڕێژ
له هه‌ر ساتێك‌دا سه‌رم به‌رز كردبێته‌وه
چه‌پۆكی شه‌ڕ زرمه‌ی لێ هێناوم ..
شه‌ڕ هه‌رساته‌و به قاتێكهوه خۆی نمایش ده‌كات
نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یناسمه‌وه
به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر زیاتر له‌وه دهستڕۆیشتوتره
من بتوانم به ئێجگاری لێی بزر بم ..
شه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ڕێگاكاندا بڕ بكات
هه‌رجاره‌و چاویلكه‌یه‌ك
له ئاونگ وله هه‌تاو وله ئاو بۆ خۆی ده‌سازێنی ..
هیچ شه‌ڕێك له‌م ناوه‌وه ڕه‌ت نه‌بوه و بڵی
من به‌داخی ناڵه‌ی بێبه‌شانه‌وه
ڕێگام نه‌گرته‌به‌ر و
له‌سه‌ر جوانیش ناكه‌مه‌وه ..!
نا.. شه‌ڕه‌كان هه‌مویان قسه‌ی حه‌قیقه‌ت بوون
به زمانی خوێن
به زمانی گوڵ
به زمانی ئاو ..
شه‌ڕ خۆی له‌هه‌موو چركهیهكهوه هه‌ڵده‌قورتێنێت
ده‌ست له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا تێکه‌ڵ ده‌كات
له پێش هه‌موشمانه‌وه
ئاینده ده‌رگای خۆی بۆ سه‌ر گازی پشت ده‌خات ..
شه‌ڕ زمانێكه هه‌تاو سێبه‌ری پێ ڕاو ده‌نێت
شهوگارێكه مێرده‌زمه‌ی مه‌رگی
لێوه ده‌چێته ناو خه‌ونی بێئاگایی ..
ڕێگایه‌كی درێژه شۆڕشی پیا ده‌ڕوات
به‌ره‌و قوربانیدان ..
كارخانهیهكه بێزاری من و
خشه‌خشی سه‌فته پاره‌ی نادیار به‌یه‌كدا ده‌كێشێت ..
شه‌ڕ ڕاوه‌شاندنی به ئه‌نقه‌ستی وهرزهكانه به‌كاڵی
به‌سه‌ر ساڵه ماته‌كانی نیشتماندا ..
شكاندنی ده‌ستنوێژی ئاوه به خوێن
به نوێژی نیوه‌ڕۆ..
شه‌ڕ داركاری كردنی ته‌نهاییم بوو
به ده‌ستی مامۆستا
داهێنانه‌وه‌ی یه‌ك به دوای یه‌كی شه‌ق بوو
به نوكی پۆستاڵ ،
له بێكه‌سی نیشتمان ..
په‌لاماری پۆله كوله‌ی ئافات بوو
بۆ سه‌ر په‌ڵه گه‌نمی خولیا ،
له كاتی خهرمانهیدا ..
شه‌ڕ گه‌رده‌لولی به‌رده‌وامه و
تا دێت به‌هاكانی دنیا به‌سه‌ر یه‌كدا
تێك و پێك ده‌دات ..
ئه‌وه‌ی كه‌وا ژیانیش به ئێجگاری نه‌ڕوخاوه
هی ئه‌وه‌یه عه‌شق شانی به‌رداوه !
ئێی .. قه‌ره‌جترین ئازیز
له‌م قه‌ڕنه ژهنگاویانهی
جوانی له ژێر لیته‌ی زه‌ماندا به كه‌س نادۆزرێته‌وه و
تۆ من به مه‌حاڵدا ده‌په‌ڕێنیته‌وه و
ده‌مبه‌یته سه‌ر كوپهخهزنهكانی دڵت ..
ده‌زانم نازی دواین لق و پۆپی به‌رزی
سورهچنارێك له‌وه‌دا نیه
كه له‌سه‌روو هه‌موو گه‌ڵاكانه‌وه
له حه‌قیقه‌تی ته‌نهایی نزیكتره ..
هێنده‌ی به‌ر له وه‌رین شادمانه به‌وه‌ی
له‌وه‌دایه ده‌ستی به‌ر ئه‌گه‌ری هه‌ڵكشان بكه‌وێت
بۆ مه‌له‌كوت ..
له خهزانوهختێكدا تۆ دڵت گرتۆته‌وه و
ده‌نك ده‌نك ئه‌و گۆیژه ئاڵانه‌م ده‌گریته‌وه
كه‌س په‌لێك تووی ئه‌وی تر له چێشته‌نگاوێكی چاومهستدا
ڕاناوهشێنێت ..
كه‌س تامی میوه‌ی جۆش و خرۆشی ئه‌وی تر ناكات ..
كه‌س ئاوڕ له خه‌می كه‌س ناداته‌وه ..
تۆ به ڕێگاوبانی هه‌موو شهڕهكانا ده‌ڕۆیت و چاو ده‌گێڕیت
ئه‌و هه‌موو حكایه‌ته كوژراوانه‌ی ده‌یانبینی
ده‌تخه‌نه گریان ،
به كورته‌باڵایی ڕۆمانه‌كان ..
به چۆڵه‌وانی كتێبخانه‌كانی سه‌رزه‌مین ..
خودایه ئه‌و ڕۆژانه‌ی گه‌مژه‌یی سور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و
ده‌یكات به نه‌ڕه نه‌ڕ و
خۆی له ده‌ستی چكۆله‌ترین په‌پوله ڕاده‌پسکێنێ
كه هاوسه‌نگی جوانی و سه‌رگه‌ردانی ئێمه‌ی ڕاگرتووه
ئه‌و ڕۆژانه تۆ ،
بۆ خۆتمان لێ ده‌شاریته‌وه !؟
كه‌س ناوبژیوانی ئه‌و جانه‌وه‌ره‌ی پێ ناكرێت
كه له‌بن ته‌پۆڵكه‌ی هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێت
سه‌ر به‌رز ده‌كاته‌وه و
زرم ده‌كێشێت به‌سه‌ر و چاوی نه‌جیبترین هێمنیدا و
ژیان پڕ ده‌كات له ته‌پ و تۆزی خه‌تا …
دڵگیرترین لادێی ئارامی
به چڕترین دوكهڵا
ڕه‌وانه‌ی فه‌نابوون ده‌كات ..
خودایه خۆ ئێمه تارماییه‌كانی ته‌نهایی خۆتین لێره‌ی ژیان
ئیتر بۆ ده‌هێڵی ،
ده‌ست له نووری پاكت بكه‌ینه‌وه
كه به‌خشیوته به سپێده و زه‌رده‌په‌ڕ و
به ئاسمان و
به شیعر !؟
ڕه‌نگه ئه‌م زه‌لیلیه‌ی ئێمه ده‌وای نه‌بێت
مادام خودامان دڵنه‌وایی نه‌كرد
به‌وه‌ی ئێمه تا سه‌ر مه‌رزه‌كانی مردن
جگه له ڕه‌وێك سه‌رسامی هیچی تر نین
كه هه‌میشه فێڵهكانمان تازه و تازه‌تر ده‌كه‌ینه‌وه
بۆ خۆشاردنه‌وه له هه‌یبه‌تی ڕۆشتنمان و
هه‌ڵنه‌هێنانی مه‌ته‌ڵی هاتنمان ..
ئه‌زیزم ئه‌وه‌ی كه ناشهێڵێ
سام كردنهوهم له‌م وه‌حشه‌ته‌ی ئێره زیڕه‌م پێ بكات
تۆی كه خودا به‌ده‌مته‌وه پێ ده‌كه‌نێت و
جارجاره مشتێكت ،
لێ ده‌خۆمه‌وه ..
تۆی .. كه په‌نایه‌ك بووی به‌ر له‌گه‌شتنی من
خودا ماڵێكی بۆ خۆی تیا دروست كردی و
له ڕۆحتا نیشته‌جێ بوو .
له كاتێكدا هه‌ره قه‌ره‌باڵغترین شاری ئه‌م جیهانه
بستێك ته‌نهایی ڕۆحی ئینسانی ،
پێ پڕ نه‌بۆته‌وه ..
من لهساماڵی ڕۆحته‌وه (قه‌ده‌رێك)
وه‌ك په‌لكه‌زێڕینه دایبهزاندمه ناو باخه‌كانی له‌شته‌وه
بۆیه پیاسه‌یه‌كی كه‌نار زه‌رده‌خه‌نه‌ت
له هه‌موو شتێكی دی زیاتر شیاوی ئه‌وه‌یه
بۆی بكڕوزێمهوه ..
من كه سۆفیه‌ك له په‌نهانترین گۆشه‌ی ته‌نهاییمدا
خواپهرستیهكهی پڕه له ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شه‌وقی تۆ
ئیتر چۆن نورانی نابێت ؟
من ، كه له ڕۆژانێكدا وه‌ك پڕ بهرترین
دارگێلاسی ئه‌م سه‌رزه‌ویه
بۆ یه‌كه‌م جار له‌وه تێگه‌یشتم
بێڕهحـمیهك وا پیامدا هه‌ڵده‌زنێ و
هه‌ر به‌سه‌وزی دهمڕنێت ….
ئه‌و ڕۆژه بوو
تۆ له‌وبه‌ری جوانیه‌وه
زهمیلهت له تریفه‌ی مانگ ده‌چنی و
من دهڕژامه ناو كۆشی هه‌موو وه‌رزه‌كانه‌وه و
تۆ به‌دیت نه‌ده‌كردم تا بمچنیتهوه ..
به‌ڵام تۆ هه‌میشه له مندا بوویت و
ئێوارانیش ده‌گه‌ڕایته‌وه ،
بۆ ناو ژووری قانگ دراوی خه‌یاڵم به دوكه‌ڵی حه‌سره‌ت ..
ئه‌و ڕۆژه‌ی سڵه‌میمه‌وه له بێوه‌یی ژیان ،
ئه‌و ڕۆژه بوو دایكم یه‌كه‌م زلله‌ی توندی پیا كێشام
له سه‌ر هه‌ڵماتێن .
ئه‌و ڕۆژه بوو مامۆستا خۆی لێ گۆڕیم
به جه‌لادترین پیاوی سه‌ر زه‌وی ..
به به‌رچاوی خودا و من و بێده‌سه‌ڵاتی لادێكهمانهوه
ده‌م و لوتی (دڵه…) * و
مناڵیمی پڕ كرد له خوێن ..
ئه‌و ڕۆژانه تۆ
خه‌ریكی چاوشاركێ بووی له گه‌ڵما
له ناو ئاوی حه‌وزه‌كه‌ی مزگه‌وت ..
له ناو گه‌ڵای چڕ‌و پڕی داربیهكانی ته‌نیشت ماڵمان
هه‌زاران چۆله‌كه وروژمیان بۆ ئێوارانی
ناو داربییهكانی كۆڵانمان ده‌هێناو
نه‌مده‌زانی تۆ ،
كامیانیت ؟!
ئه‌و ڕۆژه‌ی به‌ر ده‌رگای مزگه‌وتی گه‌وره
جێگایه‌كی پێ به‌خشیم بۆ سابون فرۆشتن
ئه‌و ڕۆژه بوو كه ده‌ستێك به ئاشكرا خۆی درێژ كرد
بۆ قوڵایی ڕۆحم
گوتی: خۆشحاڵم به ناسینت ڕێباز
گوتم: ناوی جه‌نابت؟
گوتی : كه‌م كه‌س هه‌یه له‌م بازاڕی دنیایه من نه‌ناسێت
من ناوم (بێڕهحمیه ..) !
ئه‌و ڕۆژه‌ی دوكانی شه‌ربه‌تێك پێشوازی له گه‌رم و گوڕیم كرد
ئه‌و ڕۆژه بوو
هاوڕێكه‌م لای ده‌نگ ههڵبڕینهكانی نایه‌كسانیه‌وه به‌دیكرد و
له فێنكترین شه‌ربه‌تی مێوژ و هه‌ناردا
ساڵانێكی خۆمان به خه‌ڵكی فرۆشت …
ئه‌و ڕۆژه‌ی كچێك له ئاواره‌یی كه‌ركوكه‌وه
په‌ڕیه دڵمه‌وه و
خۆی به شیعره‌كانمه‌وه گرته‌وه ، ئه‌و ڕۆژه بوو
نه‌مده‌زانی جگه له موچوڕكی شیرین
ڕه‌نگه كۆتایی خه‌نده‌یه‌ك چه‌ند فراوانیش بێت
دواجار بگاته‌وه داڵانی گریان !
ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه ده‌مگوت :
به‌خته‌وه‌ری ئه‌و هێشوه ترێیانهن
ته‌نها لهڕهزهكانی یه‌كسانیدا ده‌ست ده‌كه‌ون
ئه‌و ڕۆژانه بوون ئایدۆلۆژیا
چاوه‌كانمی بۆ خۆی بردبوو ..
ئه‌و ڕۆژه‌ش سه‌فه‌ر بۆ یه‌كه‌م جار گوتی :
خۆت كۆ بكه‌ره‌وه با بڕۆین
ئه‌و ڕۆژه بوو ئینجا ده‌مویست بمێنمه‌وه !
ئه‌و ڕۆژه بوو جانتاكه‌م جێی
هیچی وای تیا نه‌ئه‌بوه‌وه
له شادییه‌كانم و
له حه‌سره‌ته‌كانم ..
ئه‌و ڕۆژه بوو تێگه‌یشتم كه به‌ڕاستی ئێمه
چه‌ند قایمتر خۆمان به سنگی دایكمانه‌وه بنوسێنین
دواجار هه‌ر ده‌بێت گه‌وره بین ..
چه‌ند قایمتر پێ له سه‌ر زه‌وی مانه‌وه گیر بكه‌ین
هه‌ر ده‌بێت ئۆغر بكه‌ین !
ئه‌و ڕۆژه بوو
كه قه‌ڵه‌م هیچی له ده‌ست نه ده‌هات
قسه هیچی پێ نه ده‌كرا و
ماچ سه‌ری لێ‌شێوا بوو ..
ئه‌و ڕۆژه ئاخ ئه‌و ڕۆژه بوو
كه ئیتر نیشتمانی پێچایه‌وه و
بۆ ئه‌به‌د به قه‌د كراوه‌یی هه‌ڵی گرت..
كه ئیتر ڕه‌ونه‌قی دره‌ختی ئازیزانمی بڕیه‌وه‌و
ماڵی بیره‌وه‌ریه‌كی نوێی پێ داره‌ڕا كرد ..
كه له ژێریا كه‌س ناژیت
جگه له غه‌ریبی خۆم نه‌بێت !
ئه‌و ڕۆژه ئاه .. ئه‌و ڕۆژه بوو
كه فریا نه‌كه‌وتم
چایه‌كی دیژله‌مه‌ی تر به ده‌ستی دایكم بخۆمه‌وه
به ده‌م كێشانی تاڵترین جگه‌ره‌ی ماڵئاوییهوه ..
ئه‌و ڕۆژه بوو فرمێسكێكی سه‌ر ڕیشه سپیه‌كه‌ی باوكم
وای كرد نه‌ك من.. هه‌موو دنیا
خه‌جاڵه‌تی بكێشێت له فیراق !
ئه‌و ڕۆژه بوو
خودا بۆ یه‌که‌م جار موچوڕكێكی سارد
بێت به گیانیدا…..!!!!!!!
ئه‌و ڕۆژه ، ئه‌و ڕۆژه بوو
تێگه‌یشتم قوڵترین برین
ڕه‌نگه به نازی گوڵێک ساڕ‌ێژ بێت
به‌ڵام من تازه له سه‌ر چرپا كۆنه‌كه‌ی نیشتمان هاتبومه خوارێ و
سه‌فه‌ر له سه‌رم ڕاوه‌ستا بوو
تا هه‌موو قسه‌كانی خۆم كۆ بكه‌مه‌وه
كه قسه كردن هیچ زه‌ره‌رێكی نه ئه‌ژمارد و
باوی گوێ گرتنیش به‌سه‌ر چو بوو ..
ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌فه‌ر كردی به ڕاست و
من له به‌ری ئاگره گه‌وره‌كانی دۆزه‌خه‌وه
به‌ره و زه‌مهه‌ریر په‌ڕیمه‌وه …
ئه‌و ڕۆژه بوو
ئیتر ده‌بوو دایكم به فرمێسك ئاوپڕژێنی
باخه‌كانی بیره‌وه‌ریم بكات
بۆ سه‌وز بونه‌وه‌ی جارێكی ترم له زه‌ویه‌كانی زاكیرهیدا ..
ئه‌و ڕۆژه بوو
كه جیهانی من له ژێر خه‌ونی
ساباته شێداره‌كه‌ی مانه‌وه‌دا وه‌ك كۆرپه‌یه‌كی بزۆز
وه‌ك ساوایه‌كی خه‌واڵوو
خۆی كێشایه‌وه و
ده‌ست و قاچی به ئێره‌ی تاراوگه گه‌یشت !
سه‌فه‌ر یانی تل بونه‌وه له به‌رزایی هه‌ر ئۆقرهیهكهوه
بۆ بنی جۆگه‌له جرپنهكان ..
یانی ده‌ست به‌ردان له‌و په‌له داره‌ی له ناو ڕوبارێكی توڕه‌دا
ده‌ستی پێوه ده‌گری ،
به‌ته‌مای لقه دارێكی پته‌و تر له بڕوا به فریادڕه‌سیت ..
یانی وردبونه‌وه له به‌ر پێی له‌حزه هه‌ره ساده‌كان
به‌و مانایه‌ی كه ئیتر دوباره نابنه‌وه و
جێیان ده‌هێڵین ..
سه‌فه‌ر بیرهێنانه‌وه‌ی ڕاستیه‌كه له باره‌ی
ڕانه‌وه‌ستانی ژیانه‌وه ،
له ئاست :
فراوانی كراوه‌یی باوه‌شی حه‌ز و تاسه‌دا ..
سپاردنی ڕاسپارده‌ی جوانیه ،
له سه‌وزی گه‌ڵاكانه‌وه بۆ زه‌ردی وه‌رین و
له‌وێشه‌وه به خه‌ونی ژێر ڕاكشانی به‌فر و
سه‌ر له‌نوێ خاوبونه‌وه‌ی گۆپكهو چرۆكان !
كه‌سمان حه‌ز به پیاسه له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ردا ناكه‌ین ،
به‌ڵام سه‌فه‌ر ده‌ستی هه‌ریه‌كه‌مان ده‌گرێت و
به هه‌موو ڕێگا تایبه‌تیه‌كانی ناو
حیكایه‌ته‌كانی خۆماندا ده‌گێڕێت ..
سه‌فه‌ر هه‌رگیز نامانباته‌وه بۆ شوێنانه‌ی ،
پێشتر بردبێتینی ..
به‌ڵام ئێمه زۆر جار
بۆ نایاب ترین نه‌مام ده‌چینه‌وه
بۆ ناوباخهكانی ڕابوردوو
نوێترین خان‌و دروست ده‌كه‌ین و
ده‌رگای سه‌رده‌مه كۆنه‌كانی تێ ده‌خه‌ین ….
سه‌فه‌ر هه‌نگاوێكه ژیان له یه‌كه‌م ڕۆژی خۆیدا
پێی فێری داره داره‌ی ڕۆشتن ده‌بێت ..
گرتنی پاسێكی كۆسته‌ره له ڕۆژی هه‌ینیدا
بۆ ئه‌وه‌ی به خاو و خێزانی بێتاقه‌تیه‌وه
بچین چادرێك له ئه‌زمه‌ڕدا هه‌ڵده‌ین ،
ڕوو به‌ڕووی بیره‌وه‌ری ..
به‌رامبه‌ر داهاتوو ..
ئێمه به هه‌ڵه سه‌فه‌رمان خوێنده‌وه
سه‌فه‌ر جگه له فیراق .. ویساڵیشه
گه‌یاندنی خونچهیهكه به ده‌مكردنه‌وه
گه‌یاندنی گوڵه له جوانیه‌وه به هه‌ڵوه‌رین
ئاسمان له ساماڵه‌وه به هه‌ور
ده‌ریا له هێمنیه‌وه به هه‌ڵچوون.
من له ناو هه‌مو ئومێدێكا به شكست و
له‌وێشه‌وه بۆ ژێر ڕه‌شماڵی تۆ
هۆ قه‌ره‌جترین ئازیزم ..
تۆ كه ماڵێكت نیه .. ده‌بوو زوتر زانیبام
ئافرهتێكیت له سه‌فه‌ر
ده‌بوو زوتر زانیبام هه‌ر چركهیهكت سه‌رده‌مێكه‌و
به‌شی نه‌وه‌یه‌ك به‌سه‌رهاتی من ده‌كات
ده‌بوو زانیبام سه‌فه‌ر
له‌رینه‌وه‌ی مه‌مكه‌كانی تۆن له به‌رده‌م شنه‌بای زه‌مه‌ندا
كه دواجار ده‌بێته گه‌رده‌لولێك و
له داری وجودمان ده‌وه‌رێنێت ..
به‌ڵام به‌ر له‌كه‌وتنه خواره‌وه‌م به لقی قه‌ده‌ری خۆمه‌وه
من لێره‌م چاوه‌كانم بگرمه‌وه و
پڕیان بكه‌م له ڕۆشنایی و سیحری مه‌مكه‌كانت ..
سه‌فه‌ر و تۆ تێك ئاڵانێكن ،
من بشتوانم… نامه‌وێت جیاتان بكه‌مه‌وه
گرێگوێرهیهكن خۆم سه‌رقاڵ ناكه‌م به كردنه‌وه‌ی
به‌ڵام ده‌زانم منتان له نێوانی خۆتاندا
شه‌ته‌ك داوه ..
سه‌فه‌ر له مندا
هه‌موو ده‌نكه وهریوهكانم به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و
هه‌رگیز ده‌ستم لێههڵناگرێ و
ناڵێت ته‌واو بووم ..
ئه‌گه‌ر سه‌فه‌ر نه‌بوایه ،
منداڵی هێنده نازی نه‌ده‌كرد به‌سه‌ر گه‌وره‌ییه‌وه ..
گه‌وره‌ییش هه‌رگیز ئاماده نه‌بوو
منداڵی قه‌ڵاندۆشكانی ڕۆژه سهرقاڵهكانی خۆی بكات ..
له‌وه‌ته‌ی تۆش به خۆت و دوو چاوی ته‌ڕه‌وه
كه بۆ خۆش كردنه‌وه‌ی تاوهتهرزهكانی مه‌راق
دێیته ژێر چه‌تری وێستگه‌ی پاسه‌كانی بوونمه‌وه ..
ده‌زانم تۆ سه‌فه‌ریت به هه‌موو جانتاكان و
به‌هه‌موو دڵهكوتێكانهوه ..
ده‌زانم قسه‌یه‌كی تۆ من له كۆڵ
سه‌ختی ئه‌م بێنیشتمانیه ده‌كاته‌وه ..
لێم سوره به‌ڕێكه‌وتن به ناو دڵی تۆدا
مانای گه‌شت كردنه به هه‌رچوارلای جیهاندا..
په‌ڕینه‌وه له چه‌م و جۆباره هێمنه‌كانی خۆشه‌ویستیت
یانی گه‌یشتنم به ئه‌به‌دیه‌تی شاگه‌شكه بوون
یانی وون بونم
له ناو نزاره چڕ و پڕه‌كانی تریقانه‌وه ..
سه‌فه‌ر دیوێكی خه‌مناكه و دیوێكی ڕوناك
به‌ڵام كه له‌به‌رده‌م پێداگری تۆوه
له‌سه‌ر بردنی ڕۆحم له‌گه‌ڵ خۆتدا ،ده‌ست پێ ده‌كات
ئیتر هاوین به ده‌ست و پلی سوریه‌وه
له شاتوو خواردن دێته‌وه و
دێته ژێر سێبهرێكت و
من جوابی سڵاوی ئه‌ده‌مه‌وه ..!
تۆ سه‌فه‌ر پێش خۆت ئه‌ده‌ی به ئاراسته‌یه‌كدا
كه نهسیاسهت موریده‌كانی نه‌گبه‌تیمان
به‌ره‌و ئه‌وێ ڕێنوێنی ده‌كات
نه مژده‌یه‌كی مهكربازی ئایدۆلۆژیاش به‌وێی زانیوه !
سه‌فه‌ر هه‌میشه به‌ره‌و به‌خته‌وه‌ری به‌ڕێخراوه
به‌ڵام به بارێك مه‌خلوقاتی گوناه و
به قافڵه‌یه‌ك ،
پاسه‌وانی فێڵ و درۆوه !
وه‌ك سه‌فه‌ری ده‌یان جاره‌ی نیشتمان به‌ره‌و ئازادی و
دانیشتنی ئاواره‌یی ئێستای من وه‌ك كوردێك
له ناو ساباتی عه‌شقی تۆدا ..
تۆ ئه‌ی قه‌ره‌جترین كچ له‌سه‌فه‌ر
له سه‌رده‌می ورد و خاش بوونی به‌هاكاندا
ڕاوه‌ستان به دیار چییه‌وه ؟
له هه‌ر گۆشه‌یه‌كی ئه‌م ڕۆژه بڕوانیت
ئه‌وه‌ت بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه
چ لافاێكی فێگرتوو ئاوی كردۆته ژێرمانه‌وه و
به ناو ئه‌و هه‌موو ساڵه‌دا بێ ڕاوه‌ستان
تا ئێره‌ی ڕاماڵیوین ..
من له ناو تۆدا چاوم له خۆمه
چۆن تازه ده‌بمه‌وه و هه‌مو جارێكیش
بۆ پڕ كردنی سه‌به‌ته‌یه‌ك هه‌ناری عه‌شق
وه‌ك ڕیبوارێك خۆم ده‌گه‌یه‌نمه‌وه ناو باخه ئاڵه‌كانی مهندییت
به دوو وشه‌ی گه‌رم كلیلێكی ئه‌فسوناویم خه‌ڵق كردووه و
هه‌میشه له كیلۆنی خه‌یاڵی تۆدا بای ئه‌ده‌م
تا كرانه‌وه‌ی دڵنیایی …
(( خۆشم ده‌وێی ! ))
هه‌موو جارێك له‌به‌رده‌م زرنگانه‌وه‌ی به‌ریه‌ك كه‌وتنی
ئه‌م دوو وشه كریستاڵیهدا
ده‌بمه میقاتێكی نزیك له سه‌ماو
سه‌ر ڕاوهشاندنێكی هێمن له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تۆ به‌سه
بۆ تهقینم وه‌ك نوێترین كانیاو ..
له سه‌فه‌ردا ته‌نها هیوای ڕێبواران دڵنیاییه كه پێی بگه‌ن .
وه‌ك چۆن بازدان له‌مبه‌ری ئاوێکه‌وه
بۆ ئه‌وبه‌ری مێرگێكی خه‌وتوو
پڕاو پڕه له ڕاڕایی له ده‌ستدان
له ڕوو به ڕووبونه‌وه‌ی نه‌ناسیاو ..!
من دڵنیاییم له دیتنه‌وه‌ی هه‌رجاره‌ی تۆدایه
له‌و ساتانه‌ی دیسان ڕێگام پێ ده‌ده‌ی
بێمه ژێر چه‌تری ڕهنگاڵهییتهوه و
به هێمنی ته‌ماشای دڵۆپه‌ی باران بكه‌م ..
ئه‌و ساتانه‌ی تێده‌گه‌م ڕه‌ت بوونی خۆزگه‌م به‌پێخاوسی
به‌سه‌ر جاده شوشه‌ییه‌كانی ڕۆژگاری بوغرادا
چه‌ند گێلانه‌یه و
لادان بۆ ئه‌و توله ڕێگایانه‌ی
تۆ به‌ره‌و حیكایه‌تی دور و درێژی سه‌فه‌ر ده‌بات ،
چه‌ند دڵخوازانه ..
ئه‌و ساتانه ،
من ده‌گه‌مه ئه‌و بڕوایه‌ی شتێك هه‌یه له چاوی منه‌وه
هه‌موو سێبه‌ره‌كانی خودا‌ش پێوه‌ی ده‌نازن و
ده‌ستیان به چمكێكی ئهفسانهتهوه گرتووه
تۆ ئه‌ی قه‌ره‌جترین ژنی ڕووت
له خه‌یاڵدانی مندا..
دڵنیاییم ئاگرێكه و تۆ له ڕۆحمدا ههڵتكرد
شنهبایهكه و
له به‌رزاییه دڵڕفێنه‌كانی جوانی تۆوه هه‌ڵده‌كات .
دڵنیایی ئه‌و ساته فواره ده‌كات
كه عه‌شقم هه‌میشه به‌ڕیوه‌یه و
تۆش ده‌ڵێی عه‌شق نابێت ڕاوه‌ستێت ..
ڕاوه‌ستانی عه‌شق به دیار هه‌ر دیدارێكهوه
گه‌یشتنه جێی مردنه بۆ ئه‌و جێگایه .
پیاسه له عه‌شقه‌وه داهات
ڕێگا عه‌شق دایهێنا
هێشتا كه‌س به‌وه‌ی نه‌ده‌زانی
مانگه‌شه‌و بۆچی له ماخۆلاندایه و
به شه‌و سه‌ربان به سه‌ربانی ماڵه‌كان به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه
هه‌تا عه‌شق په‌یژه‌ی نا به ته‌مه‌نه‌وه و
هه‌تا موچوڕكه پله دوای پله
سه‌ركه‌وت به‌ره‌و خلود..
دڵنیایی هه‌ناسه‌دانی به‌رده‌وامی عه‌شقه
پێگه‌یینی هه‌نجیره به‌ده‌م به نه‌رمی ڕۆیشتنی هاوینه‌وه
بۆ لای هه‌ناره مێخۆشهكانی ناو باخه‌ڵی پایز
دڵنیایی فڕینی باڵنده‌كانه
به‌سه‌ر سه‌ری سروشته‌وه ..
پڕ كردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانی چۆڵه‌وانیه
به وشه شیرینه‌كانی جریوه
دڵنیایی خۆڕازاندنه‌وه‌ی ڕۆحه
ئه‌و كاتانه‌ی جوانی و عه‌شق دێنه دیده‌نی ..
ئه‌و كاته‌ی من له‌به‌رده‌م چاوه‌كانتا
وه‌ك بی قه‌راخ چه‌م ده‌كه‌ومه له‌رزین
دڵنیایی خواردنه‌وه‌ی مشتێك ئاوه
وه‌ك چۆن تینوێتی دیوێكی تری جوانیه ..
دڵنیایی ئه‌و تاڵه دهزوهیه
كڵافه‌ی ئاڵۆزی گومانه‌كانمان به پاساوی مانه‌وه‌وه
گرێ ده‌دات ..
دڵنیایی یاری كردنی عه‌شقه
له ناو قوڕوچڵپاوی ئۆردوگای به‌هاكاندا
دوای هه‌زاران كاره‌سات و كۆڕهوو
هێشتا شه‌وقدانه‌وه‌ی
زه‌رده‌خه‌نه‌كانی سه‌ر لێوی ئومێد ..
عه‌شق سوار تراكتۆریش ده‌بێت ،ئه‌گه‌ر بیه‌وێت
ڕێگای لادێیه‌كی دڵفراوان له شارێكی لێقه‌وماوه‌وه
كه‌مێك زووتر ببڕێت ،
به‌ر له قه‌تڵ و عامی یه‌كجاری ..
عه‌شق به‌رده‌وام ژماردنه‌وه‌ی دڵۆپه بارانهكانه
دوای ئه‌وه‌ی هه‌رجاره و بای هۆیه‌ك لێی تێك ئه‌دات و
ناچار له هه‌وه‌ڵه‌وه ده‌ست پێده‌كاته‌وه ..
دانیشتنی چوار مشقیه بۆ خوێندنه‌وه‌ی كتێبی دڵ و
به‌ردگرتنه له په‌نجه‌ره‌ی خه‌یاڵ به سۆعبه‌ته‌وه
بۆ ڕاچڵه‌كاندنی تامه‌زرۆیی و
ماندوو بونمه له كۆتایی كۆڵانی هه‌ر ڕسته‌یه‌كدا
كه هه‌واڵی تۆی لا نیه‌و
داگهڕانهوهمه بۆ سه‌ری دێڕ ..
كه ده‌تبینم ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی بۆنی ئاشناییت
كۆڵانی ته‌نهاییم پڕ ده‌كات له چرپه چرپی غایه‌ڵه‌ی خۆش
وه‌لێ هه‌میشه خۆم له سه‌ره‌تای تۆدا ده‌بینمه‌وه ..
هه‌موو جارێك ده‌ركه‌وتنی تۆ ئاوسه
به له‌دایك بونێكی نوێم و
عه‌شق مامانێكی حازره
له دایك ده‌بم و
عه‌شق ناوكم ده‌بڕێت و
له قۆزاخه‌ی دڵنیاییهوهم ده‌پێچێت ..!
تۆ ئه‌ی قه‌ره‌جترین سه‌فه‌ر
كه شوێنێك به شیاو نازانیت بیكه‌یته ئۆقرهگای ئه‌م دوو شێتیهمان
(هه‌رگیز ڕانه‌وه‌ستانی تۆ .. و ..هه‌میشه وێڵگه‌ردی من به شوێنی‌دا )
دواجار منیش خۆم سپارد به سه‌فه‌ر
سه‌فه‌رێك ، كه بیره‌وه‌ری تیایدا جوانتر نیه له ئومێد
دوێنێ .. هیچ ڕێگایه‌كی ناچێته‌وه سه‌ر .
منداڵیش له ئێستادایه نه‌ك ڕابوردو..
سه‌فه‌ر و عه‌شق و دڵنیایی
گه‌واهی له‌سه‌ر ئه‌وه ئه‌ده‌ن كه هێشتا شتهایهك ماون
شیاوی ئه‌وه‌ن ژیان بۆیان بمێنێته‌وه
ته‌نها له په‌نجه‌ره‌كانیشه‌وه چاویان بۆ نه‌گێڕدرێت ..
من ده‌مێكه یه‌كێك له‌و شتانه‌ی بۆی ده‌گه‌ڕێم و
یاقووتی ماناكه‌یم خستۆته ناو جانتاكه‌ی شانی سهفهرمهوه
تۆی قه‌ره‌جترین ئافره‌تی جێماوی ده‌ستی ڕۆمانسیه‌تی ..
به‌ناو هه‌موو قرچه‌ی گهرماكانی به‌دبه‌ختیدا
دڵۆپ دڵۆپ عاره‌قه‌م بۆ ڕشتی و
په‌یڤم بۆ داچاندی و
دارتووی عه‌شقم بۆ وه‌راندی و
تۆ له سمۆره‌یه‌ك سركتر و
له سوێسكهیهك تیژباڵتر بووی
له‌گه‌ڵ شه‌قه‌ی باڵ لێكدانهكانتدا
توێ توێ ئاسمانت ڕشته ناو چه‌م و ڕوباره‌كانه‌وه و
من شه‌پۆل ده‌ده‌م له سه‌رسامی !
هه‌موو به‌هاكان به‌به‌رچاومه‌وه هاڕه‌یان كرد
ناشیرینی ده‌مامكه‌كانی جوانی له سه‌ر ڕوخساری
خۆی لادا و
مه‌مله‌كه‌ت له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌كانی خوداشدا عار نانێت
له كه‌لی شه‌یتانه‌كانی غه‌در و فێڵ دانابه‌زێت و
به‌ره‌و ئه‌نگوسته‌چاوترین مێژوو
لێمان ده‌خوڕێت !
ئه‌ی قه‌ره‌جترین به‌ها
كه هه‌میشه ده‌ڵێی له‌سه‌ر ئاگری و
تاوێك چیه له‌ژێر ساباتی به‌ڵێنه نارنجیه‌كانی
پیاوه ڕۆبۆته‌كانی نیشتماندا ماتڵ نابیت و
من خه‌نی ده‌بم
به‌و هه‌موو یاخی بونه‌ی به‌رزترین چیای تیا ده‌بینمه‌وه
بۆ ڕۆیشتنم له‌گه‌ڵ تۆ !
دڵنیایی ئاسمانێكه تۆ به منی ده‌به‌خشیت
سه‌فه‌ر ئاماژه جوانه‌كانی خۆی
له تۆ وه‌ر ده‌گرێت ..
ئیتر كه نیشتمانێك نیه تیایدا ماڵم هه‌بێت
سه‌فه‌ر جوانترین گه‌ڕانه به دوای بینینی ئه‌و په‌لكه زێڕینانه‌ی
نیشتمانی هیچ كه‌سێك به خه‌ونیش نایانبینێ و
سه‌فه‌ر پڕاو پڕیه‌تی !
سه‌فه‌ر یانی تۆ
تۆ یانی دڵنیایی و
من زائید عه‌شق یهكسانم به ئێستایه‌ك
كه گۆرانیه‌كی كۆچهریه بۆ تۆ ..
یهكسانم به به‌رچنه‌یه‌ك ترێ له ژێر سێبه‌ری ڕه‌زێكی تۆدا !
ئاه .. ئه‌ی قه‌ره‌جترین شیعر
چۆن به‌رزه فڕ نابیت به‌سه‌ر سه‌رده‌م و دوكه‌ڵ و
له ناو دڵی مندا
له ده‌ور و زه‌مانێكدا
كه نوسینه‌كان پڕن له تانك و ده‌بابه‌ی
هێرش كردنه سه‌ر ده‌ڤه‌ره ساده و پاك و خه‌واڵووه‌كان ..
كه نوسینه‌كان جاده‌ی قیرتاوی ناو قه‌دی كه‌ژ و كێوه‌كانی سه‌رسه‌ختین
بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌زاران جه‌ندرمه‌ی دڕ و بۆ قڕ كردنی میله‌تێك
كه ده‌یه‌وێت بێت و بڵێت 🙁 منیش هه‌م !)
كه نوسینه‌كان ئاسمانێكی ڕوونن
بۆ ڕه‌ت بوون و به گژدا چوونی فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كان ،
له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆتره شینكانهی زاده‌ی شینایی ئاسمانن و
له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌یر و تهواڵانهی ،
خوێنی شاده‌ماری مانای كه‌ژ و كێون ..
له‌گه‌ڵ ئه‌و گژو گیا و قه‌رسیلانه‌ی
به‌ڕاستی و به‌بێده‌نگی جوانن و
خودا بۆ پشوو دان
به‌رده‌وام له‌وێیه ..!
كه نوسینه‌كان مه‌یدانی
به‌ردبارانكردنی ڕه‌ت بوونی كچێکی گوڵ فرۆشه
به خۆیی و زه‌میله‌یه‌ك خه‌یاڵی ته‌ڕ و بڕی تازه‌وه
به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی
گوڵه‌كان وردیله‌ن و .. زه‌وقی مه‌قامی عالیان باڵا !!
ئه‌ی قه‌ره‌جترین به‌ها
ئه‌ی سهفهریترین گڕوگاڵ ،
له هه‌موو ڕۆژێك تازه كردنه‌وه‌ی مندا ..
نیشتمان كه تازه له لایه‌ن ناپاكیه‌وه ماره‌كرا ،
من و تۆ سه‌فه‌ر و ڕه‌وتی ئه‌به‌دیمان ئاوه‌دان ..!!
ئه‌فسووس نیشتمان ئه‌و هه‌مو نازه‌ی من و تۆی
له ناوچه‌وانی خۆی به‌ستووه و
له شه‌وی سووری ڕۆبۆتهكاندا خه‌ریكی شه‌راب نۆشینه ..
هه‌رشه‌وه و ئاهه‌نگێك بانگی ده‌كات و
هه‌ر ڕۆژه‌ی سواڵێكی تازه فێر ده‌بێت . .
نیشتمان گوێی له من و تۆ نه‌گرت ،
كه ده‌مانگوت :
مه‌هێڵه هه‌موو كه‌س ئه‌سپت زین بكا‌و
بگه‌ره ئه‌و بڕوایه‌ی
(هه‌ركه‌س سمێڵی زه‌رد بوو شۆڕه‌سوار نیه )
(هه‌ركه‌س زمانی لوس بوو خهمخۆرت نیه )
(هه‌ركه‌س سوێندی پێخواردی خزمه‌تكار نیه .. )
نیشتمان ئێمه‌ی شاربه‌ده‌ر كرد
تازه ڕه‌نگه خودا‌ش ده‌ستی له نیشتمان شۆریبێت
تۆ هه‌موو جارێك ده‌ست ده‌گریت به‌ده‌می شیعرمهوه و
ناهێڵی هاوار بكه‌م (نیشتمان هه‌ر شه‌وه و له باخه‌ڵی خهتایهكدایه)
تۆ هه‌موو ڕه‌نگه جوانه‌كانی نیشتمانت ڕشتۆته ناو چاهكانتهوه و
منی وێڵگه‌رد تیایدا وچان ده‌ده‌م ..
وه‌لێ له‌م سه‌فه‌ره‌دا
بنی پێمان ده‌چێت به نوكی به‌رده تیژه‌كانی
سه‌ر ڕێگای دژواری و
سه‌ركۆنه‌ی نیشتمان ده‌كه‌ین ..
نیشتمان و خه‌تام بۆ لێک جیا ناكرێته‌وه
نیشتمان كه هه‌ر ڕۆژه‌و جه‌سته‌ی (دوعا)یه‌كی خولیای
هه‌نجن هه‌نجن ده‌كه‌ن و
بیره‌وه‌ری پڕ ده‌كه‌ن له خوێن
كه‌چی مته‌ق له ده‌میه‌وه نایه‌ت ..
(عه‌یبترین شت ئه‌وه‌یه به‌شێك له ئاسمان به سیاج بگریت و
بڵێی ئه‌مه هی منه
ته‌یری به‌ڵه‌د و نابه‌ڵه‌دی هیچ كه‌سێك بۆی نیه پیایدا بفڕێت )
به‌ڵام هه‌ر ڕۆژه‌و زرتهبۆرێك سوارسه‌ری نیشتمان ده‌بێت و
ده‌یداته ده‌م ئه‌شكه‌وتی بیركردنه‌وه‌ی خۆی و
لهسهرچاوچنۆكی خۆی تاپۆی ده‌كات ..
نیشتمان تاقه‌تی چوو هێنده ناكه‌س به‌چه
له خۆی دوور بخاته‌وه
مێشكوژهكهی فڕێ داوه‌ته ئه‌ولاوه و
ئامانه‌ته‌كانی خۆی داوه به كتێبه‌كان و
وه‌سێتی دواینی خۆی بۆ بێزاری نه‌وه‌كانی
له بێده‌نگیدا نوسیه‌وه ..
ئێستا نیشتمان له شه‌وێك ده‌چێت
گڵۆپی هیواكانی كوژاندبێته‌وه و
له قوژبنێكی بێكه‌سیدا سه‌ری نابێته‌وه ..
له به‌ر به‌یانێك ده‌چێت
كه له بێڕه‌حمی له‌شكری عه‌جه‌م جێمابێت .
تا غه‌در حه‌ز بكات نیشتمان مه‌لول
ده‌ڵێی خۆڵی مردووی پیا كراوه .
ئێستا ئیتر نیشتمان وه‌ك جاران له سوێی بانیژه‌وه
چاو بۆ هاتنه‌وه‌ی كوڕه‌كانی ناگێڕێت له قۆڵی شۆڕشه‌وه ..
چاو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆتره سپیه‌كانی ناگێڕێت
به‌سه‌ر له‌پی وه‌رزه‌كانی به‌ڵێنه‌وه
به‌ڵێنی كوڕه‌كانیه‌وه ..
ئێستا نیشتمان ناوێرێت سه‌رژمێری كچه‌كانی بكات و
وه‌ك جاران بڵێت :
(كاڵێ) دیار نیه .. كێتان له‌سه‌ر كانی بوون ،
ئه‌وتان له‌وێ نه‌دی؟
ڕه‌نگه پێی له خه‌یاڵی (كورده) گیر بوبێت و
گۆزه‌ی له‌سه‌ر شان بهربوبێتهوه ..
نیشتمان ڕووی نایه‌ت بڵێت : كوا شه‌وبۆ م
كوا مهاباد و كوا دوعا و
كوان ، كچه شیرینه‌كانی ترم كوان ؟
نیشتمان كه ڕۆژی جومعه‌ی لێ دێت
ڕووی نایه‌ت له ماڵ بێته ده‌ر و بچێت بۆ زیاره‌تان ..
ڕووشی نایه‌ت له‌گه‌ڵ كچه قهیرهكانیدا بێته به‌رده‌رگا و
له دڵی خۆیدا بڵێت ئه‌ی شاسواری به‌ختی من
حه‌یف دره‌نگی كرد و تۆ نه‌هاتی !!
نیشتمان ئێمه‌شی ئیزندا و
گوتی بڕۆن سوار سه‌فه‌ری خۆتان بن و
ئامان نه‌گه‌ڕێنه‌وه !
نه‌گه‌ڕێنه‌وه .. كه من حهوسهڵهوی ئه‌وه‌م نه‌ماوه وه‌ك جاران
هه‌یوانه گچكه‌كه‌ی خۆمتان بۆ گسك بده‌م
كه من شوێنێكم نه‌ماوه له به‌ر فڕكان فڕكانی كۆشك و ڤێلاكان
ساباتێكی فێنك له سۆزی دایكایه‌تی ته‌رخان بكه‌م بۆ ئێوه و
بڵێم : وه‌رن جانتا ڕهشهكانتانی تیا دابنێن و
خه‌یاڵم لای ئه‌وه‌ش بێت
بزانم چیتان به‌دیاری بۆ هێناوم !
ئه‌زیزم ئه‌ی قه‌شه‌نگترین متمانه
له به‌رده‌م ته‌ڵخ بوونی سه‌رجه‌م ئاوێنه‌ی
ڕۆژگاره ڕوونه‌كانی هاودڵی
له مندا تۆ هه‌تا خوا حه‌ز بكات پیامدا بڕۆ
به‌ره‌و به‌رزاییه سه‌ر بهتهمهكانی سكاڵا ..
به‌ره‌و لوتكه‌ی چیا سه‌ر بهبهفرهكانی تێڕامان
كه ئیتر نیشتمان كهپرێكیشی پێ نه‌ماوه
بۆ ئۆقره گرتنی ئینتیما..
ئه‌زیزم منیش له‌به‌رده‌م ئه‌م هه‌موو خه‌زانه‌ی
هه‌موو جارێك سۆزه پێگهیوهكانم ده‌وه‌رێنێت و
ده‌مكات به نامورادترین فه‌ڕشی دنیا له ئاست
ده‌رنه‌كه‌وتنی ئازیزانم به‌سه‌ر وه‌ختی خهمۆكیما
به‌ختی خۆم له دۆزینه‌وه‌ی
هه‌نگوینی ترین پێكه‌نینی تۆدا تاقی ده‌كه‌مه‌وه
كه ناو ده‌می ژیان زۆربه‌ی جار ده‌ڵێی ژاری ماره !
وه‌ك كهمدووترین پیاوی دنیا
به‌لای ژاوه‌ژاوی ڕۆژگاره زۆربڵێكاندا ،
له‌گه‌ڵ بادا ده‌ڕۆم و .. ڕێگایه‌كی تۆ ده‌گرمه به‌رو
پرس ناكه‌م له‌وه‌ی كه‌ی ده‌گه‌مه به‌رده‌م پرشنگدانه‌وه‌ی
خشڵی پڕ به‌های ناسكیت
كه خۆره‌تاو به شانازیه‌وه ،
هه‌میشه شیعری پێ ده‌نوسێته‌وه ..
ده‌ڕۆم و به‌ده‌م ڕێگاوه
له به‌رده ورده ڕژاوه‌كانی ئه‌و ناوه ورد ده‌بمه‌وه و
ده‌گه‌مه ئه‌و بڕوایه‌ی هه‌ر به‌ردێك و قسه‌یه‌كی مه‌ییوی
ئه‌و دوو ڕێبوارانهن كه ڕۆژێك له ڕۆژاندا
به دوای چاره‌نوسی خۆیاندا لێره‌وه ڕه‌ت بوون ..
هه‌رچی به‌ردێكی ڕه‌شی دنیایه
نائومێدی ئه‌و كه‌سانه‌ن له به‌رده‌م كابوسی شه‌وه یهڵداكانی خۆیاندا
له تاوێری لوتكه به‌رزه‌كانی سه‌بره‌وه هاڕه‌یان كرد و
ڕژانه ئه‌م ناوه ..
ئه‌م به‌رده لوس و پولهكهییانهش
ئه‌و ماسیه ڕه‌نگاوڕه‌نگ و جرپنانهی خه‌یاڵی منن
كه له حه‌وزی نهشمیلهیی تۆوه خزان ..
بیره‌وه‌ری به‌رد له گێڕانه‌وه نایه‌ت
له ناو بیره‌وه‌ری به‌ردا به‌ر له‌هه‌ر شت
چاوت به خۆ مه‌ڵاسدانی من ده‌كه‌وێت ڕوو به گه‌رده‌لوول
كه له‌وه‌ته‌ی هه‌م هه‌وارم لێك هه‌ڵده‌وه‌شێنێت
به‌رد و كورد
دوانه‌ی مانایه‌كن .. سانا نیه لێك جیا كردنه‌وه‌یان
به‌رد نه‌بێت ئێستاش كورد پشتیوانێكی نیه
كه كورد پێی له نه‌گبه‌تیه‌كانی خۆی گیر ده‌بێت و
هه‌ڵده‌خلیسكێت وده‌كه‌وێته كهندهڵانهكانی مێژوه‌وه
بۆ هه‌ستانه‌وه ده‌بێت هه‌ر ده‌ست
به به‌رده‌وه بگرێته‌وه ..
ئه‌ی قه‌ره‌جترین مه‌ئوا
له دوره ده‌ستترین خۆزگه‌ی منه‌وه ،
له نزیكترین داڵغه‌ی به‌رده‌وامی ڕۆحم
كوا شوێنێك ماوه ناشیرینی نهیخستبێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی
قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیه‌وه و شیاوی ئه‌وه بێت
تۆ ده‌واری تیا هه‌ڵده‌یت ..
به‌ردێك له په‌نجه‌ره‌ی ته‌نهاییم بگره و
ده‌رگام سه‌رگازی پشت بخه‌م ..
چوون ده‌زانم هه‌میشه له‌ناو كه‌مدوویی مندا
ده‌چیته پشت په‌رده‌ی ئاڵ و واڵای خه‌یاڵم و
ده‌ڵێی وای چ گه‌رمایه‌كی نه‌خۆش به‌ربۆته گیانی ده‌ره‌وه و
كه‌م سێبه‌ر ماوه ته‌ڵه‌یه‌ك نه‌بێت له لایه‌ن دۆزه‌خی ڕۆژگاره‌وه
بێدودڵی خۆت داده‌كه‌نی و
به جله‌كانی ژێرهوهتهوه ڕاده‌کشێیت و
پشوو ده‌ده‌یت و
سهرخهوهكانت ده‌شكێنیت ..!
ده‌زانم دوایش هه‌رچۆنێك و بۆ هه‌ر كوێ ده‌چیت
ئه‌وناوه پڕ ده‌بێت له پوله‌كه‌ی زێڕینی شیعر
كه لهزهردهخهنهكانتهوه و له چاوانته‌وه ده‌وه‌رێن ..
من ده‌مێكه خۆم به كۆكردنه‌وه‌ی ،
عیشوهكانتهوه خه‌ریك كردووه ..
ئه‌ی ته‌ڕترین مانای وجودم
ده‌ترسم ڕۆژێك له تینوێتی تۆدا بخنكێم
ئاو به خۆیدا بشكێته‌وه و
هیچیشی له ده‌ست نه‌یه‌ت !
ده‌ترسم مردن نامه‌ردانه ده‌ستی خۆیم لێبوهشێنێت و
هێشتا ئاوڕم له گرینۆكترین مناڵیم نه‌دابێته‌وه ،
تا چۆڕێك ئومێدی نزیك بونه‌وه‌ت
به سواری فێنكترین شیوباوه
بكه‌م به‌ده‌میه‌وه و
ژیر بێته‌وه !
ده‌ترسم مردن به‌ر له هاتنی خۆی
به سه‌ڵیه نائومێدی بگرێته توانا و بڕستی هه‌نگاوه‌كانم و
پڕم بكات له ته‌رمی شێواوی هه‌وڵ و
هه‌ر ڕۆژه و له پرسه‌ی موچوڕكێكی خوێن شیرینما
ڕیشی حوزنم پێ بهێڵێته‌وه ..
ده‌ترسم تۆ له‌به‌رده‌ممدا هێنده دوور بیت
دڵم پێ به‌سه‌ر ناسكترین ئاوێنه‌ی بڕیارمدا بكێشێ و
چاوم له‌وه نه‌بێت نزیكیت ورد‌و خاش ده‌بێت ..
ئێی قه‌ره‌جترین موسافیر
به‌ناو ده‌ڤه‌ری پان و پۆڕی خه‌وبینینی مندا
كه هه‌رده‌مه‌و كازیوه‌ی بهیانێكمی و
فریشته‌كانی جوانی واق وڕماوانه باست ده‌كه‌ن و
ده‌ڵێن : ئه‌مڕۆ بینیمان لێره‌وه ڕه‌ت بوو
سڵاوێكی لێ كردین و
خۆره‌تاو له خۆشی‌دا ده‌ستی كرد به لێسانه‌وه‌ی
شوێن پێكانی ..
ئه‌ی قه‌ره‌جترین په‌نا
به‌رله‌وه‌ی ناهه‌قی له‌مه زیاتر پیامدا هه‌ڵشاخێت
به‌رله‌وه‌ی دنیا به هه‌ردوو پێی زهبهلاحیهوه
بێته سه‌ر سه‌ری خه‌وبینینم
به‌رله‌وه‌ی مه‌رگ بێت و له ژیانم بڕفێنێ
من توندتر چنگ له عه‌شقت گیر ده‌كه‌م
وه‌لێ به‌رله‌وه‌ی ئومێدم بكه‌وێت به‌ده‌ما
بهێڵه دواجار دڵم ،
خۆی به تۆوه بگرێته‌وه .
چونكه ئێستا له‌سه‌ر لوتكه‌ی شاخی ئه‌م شیعره‌وه
ڕاوه‌ستاوم و
ده‌زانم ئێستا نا تاوێكیتر
زه‌مه‌ن پاڵێكم پێوه ده‌نێت و ده‌كه‌ومه خوار
له هه‌موو حاڵه‌تێكدا مه‌رگی خۆمم لێوه دیاره
ته‌نها مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ،
بكه‌ومه ناو
ڕوباری په‌مه‌یی ماچتهوه …….
………………………………
* چوارتا : مه‌به‌ست له قه‌زای چوارتایه له ناوچه‌ی شارباژێڕ .
* دڵه : مه‌به‌ستم (دڵشاد ئه‌حمه‌د) ی ئامۆزامه كه له پۆله‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تاییدا پێكه‌وه بوین و حاڵه‌تی خوێنپژانی لوتی ئه‌و به هۆی لێدانی مامۆستاوه بۆ هه‌میشه له بیره‌وه‌ریمدایه
ڕێباز مه‌حمود – هۆڵه‌ندا
كۆتایی 2007
rebazmahmud@hotmail.com