کارۆخ مەلا ئەسعەد: هونەرمەندی ناسراو “قادر ئەسعەد” لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی لەبارەی تازەترین کاری خۆی ئاگادار کردەوە و ڕای گەیاند کە لەم ساتە وەختانەدا گۆرانی ” نەم دەکرد”ـی لە وڵاتی سوێد لە شاری ستۆکهۆڵم لەگەڵ دەرهێنەرو وێنەگر “هەردی عومەر” کردووەتە کلیپ.
هەروەها ئاوازو هۆنراوەی ئەم گۆرانیە هی ناوبراو خۆیەتی و دابەشکردنی “شەعبان”ـەو لە وڵاتی تورکیایش تۆماری کردووە، کاری میکس و تۆمار کردنی دەنگیش “بژار دیلان” جێ بە جێ کاری بووە ماستێرنگیش لە تورکیا کراوە. هاوکات ئەم کارەیشی لە ئێستادا لە قۆناغی مونتاژ کردن دایەو هەوڵ دەدات بۆ جەژنی نەورۆزیش بڵاوی بکاتەوە و پێشکەیشی سەرجەم ئاشقانی دەنگی بکات.
قادر ئەسعەد پێشتر ئاماژەی دابوو هەموو چوار مانگ جارێک لەسەر ئەرکی خۆی گۆرانیەک بکاتە کلیپ و بڵاوی بکاتەوە، لە کاتێکیشدا بۆ دروستکردنی هەر کلیپێک خەرجیەکی زۆری پێویست دەبێت، بەڵام ناوبراو سورە لەسەر ئەو بڕیارەی و دەڵێت:” هەموو 4 مانگ جارێک کلیپێک دەکەم.
لەبەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا گوتی:” بۆ ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان تێی کەوتووە لەگەڵ هەندێک هاوڕێ هونەرمەندەکانی تاراوگە پلانمان وەهایە ئەگەر حکوومەتەکەی “مالیکی” سور بێت لەسەر نەهاناردە کردنی موچەی فەرمانبەرانی باشوری کوردستان، ئێمە وەکوو هونەرمەندان هەڵدەستین بەسازدانی چەندین ئاهەنگ لە زۆرینەی شارەکانی وڵاتانی ئەوروپا بۆ کۆمەکی ماددی بۆ بەشێک لە فەرمانبەرانی کوردستان. ئەوەیش وەکوو هاوکاری و هەست کردن بە ئەرکێکی نەتەوەیی.