بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی کارەکانی تازەی ئەلبوومی ھونەرمەندی بە ئەزموون (قادر ئەسعەد) کە بڕیار وایە لەم ھەفتەیەدا بڵاوبکرێتەوە، “ھەولێر” پەیوەندی (قادر ئەسعەد) کرد پیرۆزبایی لێکردو چەند پرسیارێکیشی لە بارەی ئەلبوومەکە تازە لێکرد،
ناوی دووایین ئەلبوومت چییە لە چەند تراک پیکھاتووە ؟
ئەلبومەکە چونکێ تایبەتە بە گۆرانی ھەڵپەرکێ وشایی بۆیە ناوی ئەلبومەکە(شایی)یە ، کە پێک ھاتووە لە ٥ تراک ، بەڵام ھەر تراکە و ٢ گۆرانی لە خۆ دەگرێت کەواتە ١٠ گۆرانییە .
* ئەلبوومەکە نیاز وابوو لەمانگی ئاداردا بڵاوبکرێتەوە بەڵام دوا خرا ھۆکارەکەی جی بوو؟
— بەڵی زۆر ڕاستە ئەم بەرھەمەم بەتایبەتی بوو بۆ یادەکانی نەورۆزو ڕاپەڕین ، بۆ ئەم کاتەش ھەموو شتەکان ئامادە بوون بۆ بڵاوکردنەوە ، بەڵام لە بەر ڕەوشی تایبەتی کوردستان پێم باش بوو کە دوا بخرێ ، ئێستاش لەمە زیاتر نامەوێ داو بخرێ چونکێ من بەڵێنم بە ھەوادارانی خۆم داوا کە ئەم بەرھەمە لەم ساڵەدا بڵاو بێتەوە، ئێستا لە ھەمان کاتدا سەرقاڵی بەرھەمێکی ترم کە لە ئایندەیێکی نزیکدا دەبێت بڵاو بکرێتەوە.
— کێن ئەوانەی کە لەم ئەلبوومەدا ھاریکاری بەڕیزتانیان کردووە لە ڕووی تێکست و ئاوازەوە ؟
* بەڕێزەوە دەمەوێت سوپاسی ئەو کەسە خۆشەویستانە بکەم کە ھاوکارم بوون لەم بەرھەمەدا ئەوانیش ھونەرمەند ئازاد شمسەدین کە ئەرکی دابەشکردن وئامادەکردنی زۆربەی — گۆرانیەکانی کردووە ، ھەروەھا ئەرکی تۆمارکردنیش ، کاک ڕۆستەم جەیلان کە ئاوازو ئامادەکردنی بۆ گۆرانیەک کردووە ، ھونەرمەند خۆشناو کە تێکستێکی بۆ گۆرانێکم نوسیوە، ٨ گۆرانش لە ئاوزو تێکستی خۆمن کە ھیوادارم جێگای ڕەزامەندی گوێگرانم بێت، لەم بەرھەمەم دا تەنھا گۆرانیێکی فۆلکلۆری تێدایە کە تایبەتە بە ناوچەی سۆران بەڵام تێکستەکەی جارێکیتر لە لایەن خۆمەوە بۆ نوسراوە ، کاری ماستێرینگ لەلایەن ستۆدیۆێکی سویدی بۆ ئەنجام دراوە، لێرەدا سوپاسی ھونەرمەندی موزیک ژەن شیخ نەبەز دەکەم کە ھاوکاری کردم لە ئاسان کاری پەیوەندیەکان.
دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە بۆ جاری یەکەم گۆرانێکم لە سەر شێوازی ھەورامی گووتوە بەڵام نەوەک سەدا سەد بەڵکو تێکەڵا بە ئاوازو بە تێکستی شێوەزاری سۆرانی وھەورامی ، ھەروەھا گۆرانییەک بە شێوەزاری بادینی یان کرمانجی سەرو.
* پێت وانییە ئێستا لە جاران ئەلبوومی گۆرانی بە ڕێک وپێکی بڵاو ئەبێتەوە، لە ڕووی سپونسەرەوە؟
بەڵێ تا رادەیەک پێم وایە سپۆنسەرکردن لە لایەن کۆمپانیاکان ئاسان کاریە بۆ کاری ھونەری ، بەڵام من وەکو خۆم داوام لە ھیچ کۆمپانیاێکی نەکردووە. بۆ کاری سپۆنسەرکردنی ئەلبوومەکەم ،بەڵام دەبێت ئەوەش بڵیم کە سپۆنسەرەکان ھێشتا لەو ئاستە نین کە بتوانن تەواوی ھاوکاریەکان بکەن ھیوادارم لە دواڕۆژا باشتە ببێت.
* وەکو دیارە تا ئیستا سی دی گۆرانی کۆپی ئەکریت، وتەی بەڕێزتان چییە تاوەکو بەرھەمی ئێوەیش کوپی نەکریت ؟
— کێشەی کۆپی کردن تەنھا بە دەرچونی یاسایێک کۆتایی نایێت ، بەڵکو پەیوەستە بە ڕادەی ڕۆشنبیری وھۆشیاری کۆمەڵگای کوردی ، پێویستە ھاوڵاتیان لەلایەن خۆیانەوە درک بە ئێش وئازارەکانی ھونەری ھونەرمەندانی گەل ونیشتیمانەکەیان بکەن ، تاکو ئاستی ڕۆشنبیری وھەست بە مەسولیەت کردن لاوز بێت لەی تاکی کورد کێشەی کۆپی و کێشەکانی تری ناو کۆمەڵگاش فەرامۆش دەکرێن و نابین بە خاوەنی ھیچ شتێک کە ناوی بەھا بێت. زۆر بەداخەوەش کە چاوەڕوانی ئەوە بووین کە پەرلەمانەکەمان بتوانێت بە دەرچونی یاسایێک بەرگری لەو مافەمان بکات بەڵام دیارە ئەوانیش لە بەر کارو بەرژەوەندی تر نایەنەوێت باس لەو یاساییە بکەن.
ئاریان دەرگەڵەیی