(قادری ئەلیاسی) هونەرمەندێکی ڕەسەنی کوردییەو هەر لە منداڵی یەوە خولیا و شەیدای گۆرانی کوردی بووە، بەڵام لە بەر بارودۆخی ژیانی دوای مێرمنداڵی، نەیتوانیوە بە کردەوە بە هونەرەکەی لەلایەن خەڵکیەوە بناسرێت؛ تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٢ کە هاتۆتە هەندەران و لەوێوە بە کردەوە دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە، ئێستایش لە ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتی نۆروێژ دەژیت. ئەوەی ئەو هونەرمەندە لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە توانی هەیە بە جوار زاراوەی کوردی کۆرانی بلیت
(ئەلیاسی) ئیستا خاوەنی ، ٤ ئالبووم کە ١ کاسیت و ٣ سی دی لە خۆی دەگرێت. ئێستایش مووزیکی ٤ گۆرانیم تەواو بووە. رەنگە تا نەورۆز بەشی سی دی یەک بێتە تۆمارکردن.بە خۆشحاڵییەوە وەلامی جەند برسیاری رۆزنامەی هەولێری دایەوە.
– ئاخۆ هونەرمەندی کورد لە دەرەوی وڵات تا چەند توانیویەتی دەتوانیت ڕەسەنایەتی بپارێزیت؟
* ئەگەر هونەرمەند، هونەرمەند بێ، لە هەر کوێ بێ، دەتوانێ ڕەسەنایەتی هونەری کوردی بپارێزێ. بەڵام ئەگەر لێم بپرسی، لە دەرەوەی وڵات گۆرانی کوردی گەشە دەکا؟ لە وەڵامدا دەڵێم: نە، چوونکە سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوە هەموو کەرەستەیەکی هونەری دەست دەکەوێ، بەڵام زۆر گرانە و بۆ ئێمە بەو داهاتەی هەمانە، دەست نادا.
-بە چەند زاراوەی کوردی دەتوانن کۆرانی بلێن ؟ تا جەند پێویستە هونەرمەندی کوردی بە زاراوەکانی دیکەی کوردیی گۆرانی بڵین ؟
*من بە چوار زاراوە( موکریانی یان سۆرانی، گۆرانی یان کەڵهوڕی، هەورامی و کرمانجی سەروو) گۆرانیم وتووە. دەنگبێژ، بەو مەرجەی شارەزای زاراوەکان بێ و تێکیان نەدا، دەتوانێ بە بە سەرکردنەوەی زاراوەکان خزمەتێکی گەورە بە نەتەوەکەی بکا. لە روانگەی منەوە، بە سەرکردنەوەی هەر زاراوەیەک، ئاوڕدانەوەیە لەو خەڵکەی کە بەو زاراوەیە دەپەیڤن. ئەم کارە زاراوەکانیش لە یەک نزیکتر دەکاتەوە.
گۆرانی بێژانی کوردی لە دەرەوە تا جەند توانیویانە هونەری کوردی بە دەرەوە بناسیًنن ؟
وەڵامی ئەم پرسیارە، ئاسان نییە. هەتا گۆرانیبێژان و مووزیکڤانان بە شێوەی تیپ و کۆنسێرت نەچنە بەردەم خەڵکی ئەم وڵاتانە، ناتوانن لافی ئەوە لێبدەن کە هونەری کوردی یان بە دەرەوە ناساندووە. ئەوە کاری وەزارەتی رۆشنبیری حکوومەتی (هەرێم)ی کوردستانە کە بە ناردنی باڵوێزی هونەری کوردی، دەتوانێ هونەری گۆرانی و لقەکانی دیکەی هونەر بە دنیا بناسێنێ. بۆیە ئەڵێم: بەداخەوە نەیان توانیووە ئەو ئەرکە بە پێی پێویست ئەنجام بدەن.
جەند جار سەردانی کوردستانت کردووە؟ هۆکارەکەی جییە کە وەکو هونەرمەندانی دیکە نییە زۆر سەردانی کوردستان ناکەی یانیش ئەکەر سەردانت کردبیًت کەم بووە ؟
من تا ئێستا ٣ جار هاتوومەتەوە کوردستان و هاتنەوەکانیشم وەک دیداری خێزانی بووە، نەک هونەری. ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیری یان دەزگایەکی هونەری خاوەن جێگە لە هەرێمی کوردستان بانگم بکا، بە شانازییەوە دێمەوە. بەڵام لەوە دەچێ، جارێ نۆبەی هونەرمەندانی فارس بێ!
خاوەنی جەند کلیبی ؟ هۆکاری جییە کلیپەکانت بە کەمی لە کەناڵەکان دەبینری ؟
کلیپم نییە. چوونکە تا ئێستا ٣ سی دی و ١ کاسیتم تۆمارکردووە، لە سەرجەمی هەر چوار بەرهەمەکە، پارەی تێچووی یەک بەرهەمم دەست نەکەوتووە، ئێستاش کلیپ ساز کەم، کام تی ڤی لێم ئەکڕێ؟ تازە وەک بیستوومە، ئەو کلیپانەی لە دەرەوە سازدەکرێن، خاوەنەکانیان دەبێ کەمێک بەرتیلیش بدەن تا بۆیان بڵاو بکەنەوە. بۆیە کلیپم نییە. هەوڵ دەدەم بەرهەمەکانم بە پێی توانا تۆمار بکەم، دەنگەکەش بمێنێتەوە هەر باشە.
لەگەڵ سروودی نەتەوەیی نیوانتان چۆنە ؟ تاوەکو ئیستا جەند سروودی نەتەوەییت هەیە ؟ تا چەند بیویستە هونەرمەندانی ئیستا گرینکی بە سروودی نەتەوەیی بدەن ؟
ئەگەر گوێگر گوێ بۆ گۆرانییەکانم رابگرێ، زۆری گۆرانی شۆڕشگێڕین، بەڵام سروودم کەم تۆمارکردووە. بەوحالەشەوە چەند سروودم ئامادە کردووە، بەڵام تا ئێستا تەنیا یەک سروودم لە سی دی “سلێمانی”دا بە ناوی لەیلازانا تۆمار کردووە. ساڵی٢٠٠٧، سروودێکم بۆ کەرکووک ئامادە کرد و لە خزمەت وەزیری ئەو کاتی رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان”بەڕێز فەلەکەددین کاکەیی” باسم کرد و گەرچی بەڕێزی بەڵێنی دا، بەڵام دەزگا پێوەندیدارەکانی سەر بە وەزارەت، لە نووسراوێکدا رایانگەیاند: “لە کاتی ئێستادا ئەم پرۆژەیە بەڕێوە ناچێ”. واتە وەڵامی “نەرێنی”یان پێدامەوە. هەتا نەتەوەی کورد لە بندەستیدا مابێ، پێویستە سروودمان هەبێ. ئەگەر سترانبێژ توانای سروودی نەبێ، دەتوانێ گۆرانی شۆڕشگێڕی چێ بکا. لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی٢٠٠٩ی ئێران هونەرمەندانی گەورەی وەک شەجەریان و شارامی نەزەری و… سروودیان نەچڕی، بەڵام گۆرانی شۆڕشگێڕی یان وت کە هەڵوێستی تێدا بوو.
رەوەندی کوردی لە دەرەوە تا چەند سەردانی کۆنسیرتە کوردییەکان دەکەن ؟ ئایا بە خواستی ئیوەیە ؟
کاتێک کۆنسێرتمان نەبێ، ناتوانین باس لە بەشداری خەڵک بکەین. لە دەرەوە بە زۆری شەواهەنگە. واتە دەنگبێژێک و کیبوردێک و ئەگەر دەست بکەوێ، ڤیوڵۆنێک پێکەوە شەوەکە گەرم دەکەن. ئەمە کونسێرت نییە. خەڵک هەربەشدار دەبن، چوونکە کۆنسێرت باو نییە. بۆ خۆم تا ئێستا لە ماوەی ١٨ ساڵدا ٤ کۆنسێرتم لە ئورووپا هەبووە، بەڵام لە ساڵدا نزیکەی ١٠ شەواهەنگم هەیە.
جەنابتان وەکو هونەرمەندیکی کەورەی کورد راتان جییە بەرامبەر بە کۆرانبیزە لاوەکانی ئیستا ؟ ئایا داهیًنانیان کردووە ؟ یان کارەکانیان تەنها تەقلیدە ؟
من هێشتا خۆم بە هونەردۆست دەزانم، بۆیە رێگا بە خۆم نادەم، ناوی هونەرمەندم پێ بدرێ. ئەو پلەیە شەرەفێکی گەورەیە، ئەگەر رۆژێک پێی بگەم.
لە سەر ئەو دەنگانەی لاون و تازە دەگەنێ، وابزانم ئەگەر بناغەی کارەکانیان لە سەر رەسەنایەتی بێ، دەتوانن ببن بە دەنگی خەڵکی. ئەوان دەکارن، بەرهەمی نوێ لە سەر شێوازی نوێ بەرهەم بهێنن، بەڵام رەگی بەرهەمەکانیان دەبێ بگەڕێتەوە بۆ هونەری رەسەنی نەتەوەی کورد. وەک چۆن نموونەی کاری نوێ لە کۆندا هۆمەری دزەیی و رەفیق چالاک و دواتر دیاری قەرەداغی مان هەیە. خۆش دەبوو کە وەزارەتی رۆشنبیری کۆڕ یان لیژنەیەکی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بەرهەمانە هەبایە. دنیاش پان و بەرینە، با هەموو کەسێک دەربکەوێ. ئەوەی وەک دەنگ ئەمێنێتەوە، خەڵک هەڵیدەبژێرێ.
ئاریان دەرگەلەَیی