دیـــــــدار نانــەکەلی: ژیــــان ھاوشێوەی ئینسانەکان، لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەن، بەردەوام روو لە دواوەیە بۆ روانینی جوانیەکان. بەجۆرێک کە ئەو گەردوونەی ئێمە ئێستا لەسەری دەژین بە تێپەڕبوونی کات تەمەنی بەھاری خۆی بەجێھێشتووە و ئێستا لە رووی کۆمەڵایەتی و داب و نەریتی جارانی لە
وەرزی سەرما و سۆڵە و گەڵارێزان و خۆکۆکردنەوەیە بۆ خۆپارێزی لە ھەڵامەتی داھاتووی. ئەمڕۆ نیە کە مرۆڤ ئاوات بە تام و چێژی بەرائەت و موحیبەتی جارانی دەخوازێت. ئەمڕۆ نیە کە بەحەسرەتی راستگۆیی و تەبایی سەردەمی زووین. بۆ ئەو جوانیانەی کە لەساتە وەختی خۆی درکمان پێنەکردوون ئێستا بۆ سۆراغیان حەودال و تامەزرۆین. ھەموو ئەوانەمان لەنێو ئەساڵەت و نەریتی پڕ لەسەروەری خۆمان دەمێکە وون کردووە، دڵنەوایی ئەوە بەخۆمان دەدەینەوە کە بۆ ھەموو ئەو خەوش و کەلێنانەی ئەمڕۆ لە باری کۆمەڵایەتی و خێزانی کوردیدا دروست بوون، ھەموو ئەو لێکترازان و کاڵ کردنەوەی جوانیە دێنە ئاراوە، بە فەیسبوک قەرەبوو دەکرێنەوە.
وەکو چۆن ژیان و ئاکار و جولانەوەمان کران بە کەرەستەیەکی ئەلکترۆنی.
ئاواش موحیبەت و راستگۆیی و پێکەوەژیانمان بوون بەو ئامێرە سارد و سڕانەی کە ئامرازن بۆ لێکترازانی کۆمەڵایەتی.
راستە کە فەیسبووک ھاوشانی ئامێرەکانی دیکەی پەیوەندی و ئاگاداربوون لە کوچە و کەلەبەرەکانی دونیا بوون بە نیشانەی پێشکەوتنی بیری مرۆڤایەتی و گەورەترین خزمەت و کارئاسانی بۆ پێویستی سەردەم. بەڵام نەوەک بۆ سڕینەوەی خەوش و چڵکی کۆمەڵایەتی و سەلوایەک بۆ خۆدزینەوە لەو بەرپرسیارەتە خێزانی و کۆمەڵایەتیەی کە تاک بەتاکی ھەر کۆمەڵگایەکی دروست لەئەستۆیاندایە.
چونکە ئەگەر فەیسبوک تۆری کۆمەڵایەتیبا بۆ کورد، دەیتوانی جێگەی بەرئاگردان و خەمگۆرینەوەی پڕلە راستگۆیی ھاورێیەتی جارانی بگرتباوە. دەیتوانی ببێتە سەلوای رۆح و دڵی بێ خەوش و بوێری و تەنانەت سیفەتی خاکی بوون و روح سوکی. کە ھیچ کات و ھیچ ھێزیک ناتوانێت لەخالێکدا کۆیان کاتەوە و فۆرمێکی تازەیان لەبەردابکات. بەجۆرێک کە بەپێچەوانەی ئامانجەکان، کەرەستە ئەلکترۆنیەکان بوون بە لایەنێکی کۆسپ دروستکەر، بۆ ئەو دەمەی کە ھەر ھەموو ھەڵگیرساندنی شۆڕشێکی فیکری و کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگای کوردی و دووبارە رەنگ کردنەوەی جوانیەکان بە پێویست دەزانن.
چونکە ھەموو ئەوانەی داوایان دەکەین و لە نەریتە جوانەکەی کوردیدا وونمان کردووە، ھەموو ئەو گۆڕانکاریە زۆر خێرایانەی باری کۆمەڵایەتی و خێزانی تەنانەت سایکۆلۆژیەتی تاکی کورد ھاوکات بوونە لەگەڵ تێکەڵبوونمان بە تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلکترۆنیەکان. کەبەر لە ھاتنیان بنەڕەتێک ھەبووە بۆ بۆشاییەکان و بە ھەقیقەت پڕکراونەتەوە.بەڵام ئەمڕۆ سەتەلایت و مۆبایل و فەیسبووک بونەتە شوێنگرەوە ، وەلێ وەکو میوانێکی زۆر سارد و سڕ ، چونکە ھەموو ئەوانە لە ھۆکارێکی سادەی پەیوەندیکردنەوە بۆ ئێمە کران بە ھۆکاری کات بەسەربردن و پڕکردنەوەی کەلێنە رۆحیەکان.بەجۆرێک کە بۆ زۆرینە بوون بە ھەموو ژیان. تەنانەت لەنێو بچوکترین یەکەی کۆمەڵایەتیشدا ئێستا بوون بەھۆی بێ ئاگابوون لە خەم و گرفت و ئاستەنگیەکانی یەکتر.بۆ ھەندێکیش بوون بە ھۆکاری جیابوونەوەی ھاوسەری و ئاژاوەگیری و تەنانەت تا ئاستی کوشتن. رەنگە نەزانینی بەکارھێنانەکە لەبنەڕەتدا ھەر ئەوە بووە کە ئامێرێک توانیویەتی شوێنی خۆی لەو خاڵەدا بکاتەوە کە ئەو ئینسانە بەھەموو ژیانی خۆی زانیووە.بۆیە دەڵێم راستە رۆژئاواییەکان لە لەوتکەی ھەرەمی تەنیایی و داچۆڕان لە نەریتە جوانەکان بە دوای تروسکاییەکن کە کەلێنە رۆحیەکانیان پێ پڕبکەنەوە ،ئەگەرچی لە گیانلەبەرێک یان لە ئامێرێکی ساردو سڕی سەردەم بێت، تا لە دابارینی ھەورە رەشەکانی روخانی ئەسالەت و نەریت بەجۆرێک خۆیان لەبەر سایەی تۆرێکی کۆمەڵایەتی وەکو فەیسبوک ببیننەوە. بەڵام بۆ تاکی کورد ھێشتا زۆری مابوو خۆی بخاتە بەر ئەو سایە و سەیوانەی کە ھیچ کات بیری بۆ ئەوە نەدەچوو بکەوێتە بەر لێزمە بارانێکی پڕ لە تریشقە و بەخوور.چونکە وەرزی پێکەوەژیان و کۆمەڵایەتی ئێمە ھەمیشە ئەو بەھارە جوانە بووە کە ھەمووان بە تاسەی بینین و سەیرانی بوونە.نەوەک ئێمە خۆمان ببینە شایەتی نغرۆبوونی جوانیەکان.