بڕیار وایە لە چەند مانگی داهاتوودا بە هاوكاریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەنتەری ڕۆشنبیریی فەڕەنسا، خولێكی فێربوونی فیلمی دیكۆمێنتاری بۆ چەند كادیرێكی هونەری بكرێتەوە.
(هەڵگۆرد جوندیانی) بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە ئاخافتنێكیدا بۆ “هەولێر” گوتی: “بە هاوكاریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و سەنتەری ڕۆشنبیری فەڕەنسا، خولێك بۆ 25 كادیری هونەری دەكرێتەوە كە لە ناویاندا ژمارەیەك دەرهێنەر و وێنەگرو مۆنتێر هەن.
ئەم خولە بە هاوكاریی ڕێكخراوەی نێودەوڵەتیی (ئەلتەردۆك)ـە كە بنكەی سەرەكی لە فەڕەنسایە و ڕێكخراوێكی ناودارە لە جیهاندا و لە چەندین شاری جیهاندا خولی تایبەتییان لەبارەی فیلمی دیكۆمێنتاری كردووەتەوە.”
(جوندیانی) ڕوونیشی كردەوە كە ئامانج لە كردنەوەی ئەم خولانە بە پڕۆفیشناڵكردنی كادیری كوردە لە بواری دەرهێنان و وێنەگرتن و مۆنتاژ و كاركردنیان بە شێوازێكی ئەكادیمی و سەردەمییانە.
(هەڵگورد جۆندیانی) گوتیشی: “لەم خولەدا 5 مامۆستای فەڕەنسایی وانەكە دەڵێنەوە و بەشداربووانی خولەكەیش بەسەر چەند گرووپێكدا دابەش دەكرێن كە لە هەر گرووپێكدا 6 كەس بەشداری دەكەن.
هەروەها بڕیاریش وایە لە دوای تەواوبوونی خولەكەیش، بەشیك لە بەشداربووانی خولەكە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بچنە كەناڵی “arte”ـی فەڕەنسایی و لەوێ زیاتر ئاشنای هونەری فیلمی دیكۆمێنتاری دەبن.
ئاریان دەرگەڵەیی