(فەلەك سەرحەد) خانمەگۆرانیبێژیكی باكووری كوردستانە و لە شاری (وان) لە دایك بووە، ماوەی 12 ساڵە گۆرانی دەچرێت، ئیستایش بە یەكجاری هاتووەتە باشووری كوردستان و لە شاری (سۆران) ژیان بەسەر دەبات. بە گوێرەی گوتەی پسپۆڕانی بواری میووزیك دەنگی (فەلەك) دەنگێكی تەواو كوردییە و لە چریكەكانی شاخەكانی باكووری كوردستانەوە هەڵقوڵاوە. ئەو خۆشەویستیی زۆری بۆ گۆرانی كوردی هەیە و لە كاتی دیمانەكەدا دەیگوت: “لە پێناوی پاراستنی مۆڕكی گۆرانی نەتەوەیی كوردی، ڕێگەیەكی درێژم بڕیوە بۆ ئەوەی ئەوە ڕەسەنەتاتییە بپارێزیم.” لە دیمانەیەكدا لەگەڵ “هەولێر” باسی ئەو گرفتە هونەرییانەی كرد كە ئێستا ڕووبەڕووی گۆرانیبێژی ئافرەتی كوردی بووەتەوە.
* سەرەتای هاتنت بۆ نێو كاری هونەری بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
ـ لە تەمەنی 12 ساڵییەوە ستران دەڵێم، سەرەتای كارە هونەرییەكانم هەر لە شاری (وان)ـەوە دەستی پێ كرد و هەر لەوێشەوە برەوم بە كارەكانم دا.
*بۆچی سترانت هەڵبژارد؟
ـ ئێمە كوردین، وەكوو دەزانرێت ژیانی میللەتی كوردیش هەمووی نەهامەتییە، بۆیە لە ڕێگەی سترانەوە دەمەوێ نەهامەتییەكانی تاكی كوردی بەدەربخەم. من دەمەوێ لە ڕێگەی سترانەوە بڵێم كە كورد نەتەوەیەكە خاوەن كولتووریكی دەوڵەمەندە و هیچی كەمتر نییە لە چاو گەلانی جیهان.
*بنەماڵەكەی ئێوە تا چەند كاریگەربوون لەسەر هاتنت بۆ نێو جیهانی هونەر؟
ـ بە داخەوە زۆر كەم لە بنەماڵەكانی كوردی ڕێگە بە كچەكانیان دەدەن كە بێنە ناو هونەرەوە، منیش یەكێك بووم لەوانەی كە بنەماڵەكەمان حەزیان نەدەكرد بێمە نێو كاری هونەرییەوە، بەڵام خۆشەویستیی من بۆ هونەر وای كرد كە دەبێ بە هەر جۆریك بێت بنەماڵەكەمان ڕازی بكەم تاوەكوو ڕێگەم بدەن گۆرانی بچڕم، هەر بۆیە لەنێو بنەماڵەكەی ئیمەیشدا هەر من بوومە سترانبێژ.
*سەرەتا كاتێك هاتییە نێو هونەر سترانەكانت بە كوردی بوون یان بە توركی؟
ـ من ئەگەر گۆرانیم بە توركی بگوتبایە، ئەوا لە مێژ بوو ناوبانگم دەردەكردبوو، بەڵام من كوردم، دەبێ گۆرانیی كوردی بڵێم نەك توركی. كاتێك لە قوتابخانەكە بووم من یەكێك بووم لەوانەی كە بەردەوام گرنكیم بە زمانی كوردی دەدا و بەردەوام بە دوای ئەو هونەرمەندانە ویڵ بووم كە گۆرانیی كوردییان دەگوت.
*زۆر گۆرانیبێژی كورد هەن گۆرانی بە توركی دەڵین، بۆ ئەمەیان دەڵێی چی؟
ـ خۆی كێشەی هەندێك لە هونەرمەندانی كوردی لەوەدایە كە كە گرنكی بە زمانی دایكیان نادەن، ئیمە ئەگەر بەراوردی نێوان هونەری كوردی لەگەڵ هونەری جیهان بكەین ئەوا هیچمان لەوان كەمتر نییە، بۆیە دەبێ هەموو كات لە خزمەت ئەو هونەرەمان دابین. لە بارەی هونەرمەندانی كوردیشەوە، زۆریان هەبوون كە سەرەتا بە گۆرانیی توركی دەستیان پێ كرد، بەڵام ئیستا دەبینین وردە وردە خەریكن گۆرانی كوردی دەڵێن، ئەمەیش مانای ئەوە دەدا ئەگەر دیموكراسی لە هەر وڵاتیك هەبێت ئەوا هونەرمەندان بە ئازادی دەتوانن بە زمانی جیاجیا گۆرانی بڵێن.
*تاوەكوو ئێستا چەند سترانت هەیە؟
ـ تاوەكوو ئێستا نزیكەی 60 سترانم هەیە، بەڵام تۆمار نەكراون و تەنیا لە ئاهەنگەكاندا گوتوومە، لەنێو ستۆدیۆییشدا تەنیا 3 سترانم هەیە، من زۆر هەوڵم داوە كە گۆرانییەكانم تۆمار بكەم، بەڵام لە ڕووی ماددییەوە ئەو توانایەم نییە كە گۆرانی تۆمار بكەم.
*لە شاری (وان)ـدا، ئێستا گۆرانیبێژی ئافرەت لە چ ئاستێك دایە؟
ـ جێگای خۆشحاڵییە كە ئێستا ژمارەی گۆرانیبیژانی ئافرەت لەو دەڤەرەدا لە چاو پیاواندا زۆر زیاترە، ئەمەیش مانای خۆشحاڵییە بۆ كوردستان، چونكە زیادبوونی ژمارەی ئافرەتی گۆرانبیژ خۆی لە خۆیدا پێشكەوتنی هەر نەتەوەیەك دەگەیەنێت.
*چۆن بڕیارتدا بە یەكجاری لە كوردستان بمێنیەوە؟
ـ نزیكەی ساڵێكە من لە كوردستاندا دەژیم لە شاری سۆران نیشتەجێم، بۆیە بریارم دا كە بێمە كوردستان، چونكە كوردستان وڵاتیكە تێیدا خزمەتی هونەر دەكرێـت و لە چوار پارچەكەی دیكەی كوردستان زیاتر هونەری تێدا پێش كەوتووە.
* دوای هاتنت بۆ كوردستان توانیت خەونە هونەرییەكان بهێنیتە دی؟
ـ هەر لە منداڵییەوە خەونی گەورەی من ئەوە بوو كە كوردستان ببینم، سوپاس بۆ خواش خەونەكانم هاتە دی و بە خەڵكی باشووری كوردستان شاد بووم، بەڵام بەداخەوە ئەوەی كە چاوەڕوانم نەدەكرد، ئەوە بوو كە هاریكاری نەكرێم، چونكە لە وەتەی 11 مانگە هاتوومەتە كوردستان هیچ دەستگەیەكی هونەری یارمەتی منی نەداوە، چەندین جار سەردانی ناوەندە جیاجیاكانی هونەر و سەنتەرەكانم كردووە، بەڵام بەداخەوە هیچ كامیان ڕەزامەندییان دەرنەبڕیوە لەسەر ئەوەی كە یارمەتی بدرێم، ئیدی ئەمەیش بۆ من شتیكی چاوەرواننەكراو بوو، چونكە بە خەیاڵی ئەوە هاتمە كوردستان كە هونەرەكەم بەرەو پێشەوە ببەم، بەڵام نەمتوانی خەونەكەم بهێنمە دی، بۆیە داوا لە لایەنە پێوەندیدارەكان و دۆستانی هونەر دەكەم كە ئاوڕێكم لێ بدەنەوە بۆ ئەوەی ئەو دەنگە ڕەسەنەم بەردەوام بێت و كاری زیاتری هونەری بكەم.
* هیچ پێوەندیی هونەریت لەگەڵ هونەرمەندانی باشووری كوردستاندا هەیە؟
ـ بە داخەوە تاوەكوو ئێستا هیچ پێوەندییەكی هونەریم لەگەڵ هیچ هونەرمەندێكی باشووری كوردستاندا نییە، ئەمەیش نازانم كە كەمتەرخەمییەكە لە خۆمە یانیش لە هونەرمەندانە.
* بیرت لەوە نەكردووەتەوە لەگەڵ گۆرانیبێژیكی دیكە گۆرانییەك بە شێوازی (دیۆت) بڵێیت؟
ـ هەر گۆرانیبێژیكی كورد داوام لێ بكات گۆرانییەكی لەگەڵ بڵێم، ئەوا ئامادەم كە گۆرانییەكی لەگەڵ بڵیم، هیواخوازم لە داهاتوویشدا كارێكی لەم جۆرانەیش بكەم.
* لە نێو كوردەكاندا، بە دەنگی كام هونەرمەند سەرسامی؟
ـ لەنێو پیاواند زۆر حەز لە دەنگی (عەبدوالقەهار زاخۆیی) و لەنێو ژنانیشدا زۆر حەز لە دەنگی (ئایشەشان) دەكەم، چونكە دەنگی (ئایشەشان) دەنگێكی زۆر بە سۆزە و جۆرە ئاهێكی تێدایە. منیش وەكوو كچە كوردێك كاتێك دەبینم وڵاتەكەم هەمیشە لەنێو دەرد وخەمدا بووە، بۆیە ئەو گۆرانییانەی كە ئاه و كول و كەسەری زۆر تێدایە، زۆر كارم تێ دەكەن.
* تاوەكوو ئێستا توانیوتە ئاهەنگی بووكگواستنەوە ڕابپەڕێنی؟
ـ بە خۆشحاڵییەوە من دەتوانم بڵێم یەكەم كەسم كە توانیومە لە باشووری كوردستان، ئاهەنگی بووكگواستنەوە ڕابپەرینم. من لەگەڵ هەر یەك لە گۆرانیبێژان (سەرباز ناوخۆش و جەبەلی ناوخۆش) چەند ئاهەنگێكی بووكگواستنەوەم ئەنجام داوە. من دەزانم لە باشووری كوردستان تەنیا پیاوان ئەو جۆرە ئاهەنگانە ڕادەپەڕێنن، بەڵام توانیم ئەو تەوقە بشكێنم و وەكوو كچە گۆرانیبێژیك یەكەم كەس بم كە بتوانم ئەو كارە بكەم.
*لە كاتی ئاهەنگەكاندا هیچ گرفتیكت نەهاتووەتە پێش؟
ـ سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەم كە زۆر ڕێزی خەڵكی پارچەكانی دیكە دەگرن، من خۆم زۆر سوپاسی هاووڵاتیانی سۆران دەكەم كە لە كاتی ئاهەنگەكاندا بەڕێزەوە دەڕواننە من و ڕێزی هونەرەكەم دەگرن.
*بیرت لەوە نەكردووەتەوە سترانێك بە زمانی سۆرانی بڵێیت؟
ـ زمانی كوردی زمانێكی دەوڵەمەندە، بۆیە ئەركی گۆرانبیێژانە كە هەموو گۆیگران لە هەموو پارچەكان لە خۆی ڕازی بكات، من وەكوو گۆرانیبێژێك ئاواتمە كە هەموو هەوادارانی دەنگی خۆم لە خۆم ڕازی بكەم.