وشیار ئەحمەد ئەسوەد : ڕاستیتان دەوێ ئێمەی کەرکووکییان وا ڕاھاتووین لە زۆربەی بوارەکاندا ھەمیشە غەدرلێکراو بووین، لە قۆناخەکانی پێشتر و تا ئێستەش ھەر وا بووە، ئەمە وا دەکات زۆر گەشبین و دڵخۆش نەبین بەچەپڵە درۆزنانەکان، مەبەستم لەو چەپڵانەی بەشانوباڵی ئەو شارە و دانیشتوانەکەیدا ھەڵدەدەن..
بۆ ھونەرمەندانیش بەھەمان شێوەیە.. جیا لەوەی لە سەرەتای ساڵانی ھەشتاکانەوە سەروکارم لەگەڵ ھونەر و نووسیندایە و دیارە ئەو ماوەیەش کەم نییە بۆ کەسێک ڕێز لە ئەزموونی خۆی بگرێ، ھاوکات بەرپرسیاریەتیم بۆ ماوەی ساڵانێک لەناو ڕێکخراوەکانی ھونەرمەندانی کەرکووکدا فێریان کردم ئەو شوێنانە ئاسان بناسمەوە کە کەرکووکییانیان تێدا فەرامۆش دەکرێ، زۆری بەداخەوە ھەرچەندی بڵێی زۆرن، واتە خاوەنی گوێچکەیەکی مشکانەم بۆ ئەوانەی موزایەدە بەسەر کەرکووک و ھونەرمەندانی شارەکەدا دەکەن و بەزوویی دەیانخوێنمەوە.
ئەمە وایکردووە بەدیتنی ویژدانی زیندوو شاگەشکە بین، شاگەشکە تا ئەو ئاستەی بەلامانەوە نامۆ بێ تا ئێستە ئەو جۆرە ویژدانە لە ناوەندەکەدا مابن.. بەڕاست ئەوەی لە فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ شانۆی کوردستان لە ٢٦/٥/٢٠١١ بینیمان، ھەڵوێستێکی دەگمەنە و دەھێنێ لەسەری بوەستین، چونکە تێیدا جووڵە و سەما ھونەرییەکانی کەرکووکییان بەرز ڕاگیران، وێڕای ئەوەش تا ئەم دەمە نەمپرسیوە لێژنەی دادوەرانی ئەو فێستیڤاڵە کێ بوون، ھاوکات بۆ دڵنیایی خۆمان لە بەدواداچوونمدا ئەوەشم بۆ دەرکەوت کە ھونەرمەندە بەشدارەکانی کەرکووکیش چ نزیکایەتییەکیان لەناو ئەو دادوەرانەدا نەبوو، بۆیە دەکرێ بەبوێریی پترەوە بڵێین ئەوەی لەو فێستیڤاڵەدا حوکمی کرد، تەنیا وێژدانی زیندوو بوو.
شانۆیی (کوێرەکان) لە دەرھێنانی نەژاد عەزیز کە لەو فێستیڤاڵەدا لەلایەن تیپی شانۆی سێکانیی کەرکووکەوە پێشان درا، بووە خاوەنی ٣ خەڵاتی گرنگی ئەو فێستیڤاڵە، خەڵاتی یەکەمی باشترین سینۆگرافیا کە سینۆگرافییەکەی پێوەست بەھونەرمەند عەزیز عومەر بوو، ھەروەھا دووەم خەڵاتی باشترین دەرھێنان، بەھەمان شێوە دووەم خەڵاتی باشترین نمایش، ھەموو ئەمانە بەھونەرمەندانی کەرکووک و ئەو تیپە شانۆییە بەخشران.
من قسەم لەسەر ئەوە نییە ھونەرمەندە بەشدارەکان تاچەند شەونخوونییان بەو شانۆگەرییە کردووە و تێیدا ماندوو بوون تا لە فێستیڤاڵدا بەو ئاستە بگەن، قسەم لەسەر ئەوەش نییە کە تا ئەم دەمە زۆر ھەن پێیان وایە تەواوی بوارەکانی ھونەر لە کەرکووکدا نەخۆشن، چونکە ئەو جۆرە بۆچوونانە تەنیا لە دەروونی نەخۆشەوە سەر ھەڵدەدەن، بگرە قسەم لەبارەی ئەو ئەقڵانەیە کە نەیانویست ویژدانیان بکەنە قوربانی موجامەلەی بێسەروبەری شاربازی و ھەوەسبازی و لێخەمەلێخەی پێوەندییە تایبەتەکانەوە، ئەمەبوو وایکرد ئەمجارەیان کەرکووکییەکان خۆیان بەکەوتووی سکەخشکە نەزانن و ئومێدیان بەداھاتوو پتر بێ، بۆیە دەھێنێ لەلایەکەوە ئەو جوانییەی فێستیڤاڵەکە لەبەرچاو بگرین، لەلایەکی تریشەوە گەشبین بین بەوەی تا ئێستەش ھەندێک ویژدانی زیندوومان تێدا ماونەتەوە.
دوای فێستیڤاڵەکە، ھونەرمەندانی تیپی شانۆی ئاشتی لە کەرکووک وەک پیشەی ھەمیشەییان کە بەھەڵوێستە جوانەکان دەناسرێنەوە، کۆڕێکی ڕێزلێنانیان بۆ ستافی شانۆیی (کوێرەکان) لە کەرکووکدا ساز کرد، بەداخەوە دەرفەتم نەبوو لە کۆڕەکە ئامادەبم، مەبەستیشم نییە لە بابەتی کۆڕەکە بدوێم، بەڵام بەپێی زانیاریی من، لە گوتەیەکدا ھونەرمەند سیروان بێلانە سەرۆکی تیپی ئاشتی ئاماژەی بەوە دابوو دوای ٤٠ ساڵ لە پێشاندانی شانۆیی (تەقینەوە) و وەرگرتنی خەڵاتی یەکەم لەناو شارەکانی کوردستاندا، ئێستەش شانۆگەریی (کوێرەکان) ھەمان خەڵات وەردەگرێت.. ھەر ماڵی وێرانم، ئەوە ٤٠ ساڵە ھونەرمەندانی کەرکووک لە زەواقە نراون و لە ھەڵسەنگاندنێکدا نەکوتوونەتە بەر بایەخەوە؟.. بۆیە ئەوەی فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ شانۆی کوردستان بەرامبەر بەھونەرمەندانی کەرکووک کردی، جیا لەوەی شیاوی ڕێزی زۆرە، وا دەزانم لە ویژدانی کەرکووکییاندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە.